لای ھەمووان ئاشکرایە ئافرەتانی کەرکووک تا ساڵی ٢٠٠٣ لەژێر دەستی رژێمی داگیرکەری بەعس چەوساونەتەوە و سەرکوت کراون، لە دوای ئازادیی کەرکووکیش شەڕ و ماڵوێرانی بەرۆکی ئەو شارەی بەرنەداوە، لە ئێستاشدا و لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە رەوشەکە زۆر خراپتر بووە و منداڵان و ئافرەتانی کەرکووک پتر دەچەوسێندرێنەوەو مافە سەرەتاییەکانیان زیاتر پێشێل دەکرێت. پێویستە ھەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت، کە ئافرەت لە سەرەتای پەیدا بوونی مرۆڤ تا دەگاتە ئەم رۆژگارە لە ھەموو بوارەکانی ژیان رۆڵ و شوێنی خۆی ھەبووە و ھەیە، بەڵام بەھۆی کۆمەڵێ داب و نەریتی بۆماوەیی لە نێو کۆمەڵگەدا زۆر کات ھەوڵی پەراوێز خستنی دراوە و رۆڵی نادیدە گیراوە، تەنانەت زۆرجاریش ئازادییەکانی لی زەوت کراوە، ھەمیشە ئافرەتان لە شەڕ و شۆڕ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە قوربانی، دەکرێ بڵێین ھەمیشە پشکی شێر بەر ئافرەتان کەوتووە، باری شانی ئافرەتانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم زۆر لە ئافرەتانی دیکە قوڕسترە، چ بە لە دەستدانی ھاوسەرەکانیان یاخود کوڕ و کچەکانیان، ناکرێ ئەوەمان لە بیربچێت منداڵانیش لەم کارەساتانە بێ بەش نەبوون، ئەویش لەبوارەکانی نەبوونی بارودۆخێکی ئارام و گونجاو لە رووی تەندروستی و دەروونی و پەروەردەیی و خۆشییەکانی ژیان کە شایستەی منداڵان بێت، بە پێچەوانەوە منداڵانی کەرکووک ھەمیشە لە دۆخێکی ناجێگر و نا ئارام ژیاون، جگە لەوەی سەردەمانێک تەنانەت لە کووچە و کۆڵانەکان و بەردەرگەی ماڵەکانی خۆشیان نەیان دەتوانی بۆنی ژیانی منداڵی خۆیان بکەن، زۆربەیان بەھۆی مەعیشەت و باری ئابووری وازیان لە خوێندن ھێناوە، بەشێکیشیان بەھۆی ناسەقامگیری باری ئەمنی و دووربوونی قوتابخانەکانیان ئەوانیش دەستبەرداری خوێندن بوون، بەشێکی دیکەی منداڵان بە ھۆی بارودۆخی قوڕسی ژیان و کەم دەرامەتی ھاوشانی گەورەکان لە سەر جادە و شەقامەکان خەریکی کارکردنن، رۆلی ریکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان زۆر بێ کاریگەرە، بۆ ئەو پرسە و باشتر کردنی رەوشی ئافرەتان و منداڵان. ئەوەی لێرەدا بەدی دەکرێت، ھیچ رێکخراوێکی کارا و چالاک نابینرێ کە کاریگەری ئەوتۆی ھەبێت، چونکە دەسەلاتی سیاسی لەم وڵاتەدا ھیچ گرنگی بە مافی مرۆڤ و منداڵان نادات وھیچ بەرنامەیەکی نییە تا ئەو گۆڕانکاریە گرنگ و پێویستە بۆ خزمەتی ئافرەتان و منداڵان بێنیتە دی، ھەربۆیە خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بڕوایان بە رێکخراوەکان نەماوە، بە ھۆی چەندین ھۆکاری دوور لە مرۆڤایەتی کە لەلای بەشێکی زۆری خەڵکی روون وئاشکرایە.