چاوەڕێی ئەزموونێكی دیكەیسەركەوتووین . . . ( د. ڤیان سلێمان )
June 16, 2019
کۆمەڵایەتی
لە ئێستاشدا كە بەڕێزیان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان متمانەی پێدراوە، جێی خۆیەتی وەك ئەركێكی سەرشانمان تیشك بخەینە سەر لاپەڕە زێڕینەكانی ئەزمونی دەوڵەتداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، لەم هەرێمە دەورەدراوە بە نەیاری مێژوویی و لە نێو ولاتێك (عێراق) كە هەرگیز ماڵێكی سیاسی و نیشتمانی نەبووە بۆ كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی. ئەگەر لە چەندین وێستگەی جیاواز و لە هەندێك بواری جۆراوجۆر لە ئەزموونی دەوڵەتداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕوانین و بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ناوخۆیی و كاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەبەرچاو بگرین؛ دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، نەوەك هەر سەركەوتوو بووە لە ئەركەكەی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم؛ بەڵكو دیاردەیەكی جیاواز بووە لە پێشكەشكردنی ئەزموونی دەوڵەتداری لە ناوچەكەدا، ئەمەش كە دەیڵێین بەرچاو و سەلمێنراوە. حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی بەڕێزیان ئەزموونێكی سەركەوتوو بووە بە زۆربەی پێوەرەكان، حكومەت هەندێك جار هەنگاوی بنەڕەتی و هەندێك كاتیش هەنگاوێك كە پێشتر لە وێنەی نەبووە لەم ناوچەیەدا ناوە، بۆ نموونە كاركردن لەسەر پرسی ئافرەت.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەركەوتوو بوو لە سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان-ی دوای شەڕی ناوخۆ، كە سەختترین و قورسترین هەلومەرجە لەهەر وڵاتێكدا. بەڕێزیان سەركەوتوو بوو لە دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی هەرەمەترسیدار كە قۆناغی دوای خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر بوو. كاتێك پانۆرامای تەنگژە سیاسییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان دەهێنینە پێش چاوی خۆمان، ڕۆڵی ئاشتیخوازیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-مان بە ڕوونی بۆ دەردەكەوێت. كاتێك پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان دەبینین، دیپلۆماسیەتی سەركەوتووی نێچیرڤان بارزانی وەك خۆر دەدرەوشێتەوە. كە بینیمان زۆرینەی لایەن و هێزە ناوخۆییەكان پشتیان لە حكومەتی هەرێم كرد، ئەمە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان تەنراوە بە وڵاتانێك كە هەمووكات لە هەوڵدا بوون بۆ لاوازكردن و نەهێشتنی قەوارە سیاسییەكەی، دەبینین كە پەیڕەوكردنی میتۆدی سیاسەتی نەرم و دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی فاكتەری سەرەكیی مانەوەی هەرێمی كوردستان بووە.
هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بە ئاراستەی ئەو بنەما سەرەكییانەی كە لە جیهانی ئازاد پێوەرن بۆ حكومەتی هاووڵاتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی. برەودان بە فرەیی و لێبوردەیی و هاوسەنگی لە نێوان چین و توێژ و پێكهاتە ئایینی و ئیتنییەكان. پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و دانانی پلانی ستراتیژی و ئامانجی دوورمەودا لە پشت سیاسەتی دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت لە پێناو باشتركردنی بژێوی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی كوردستانیان. بونیاتنانەوە و ئاوەدانی و گەشەسەندنی هەمەلایەنە، لە هەمووی گرنگتر كاركردن لەسەر پرسی ئافرەت و ئەو بەرەوپێشچوونانەی كە لەم پرسە هەستیارەدا بەدیهاتوون. بە بیركراوەیی و ئازایەتی گرتنەبەری قورسترین هەنگاو بە ئاراستەی ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتی و گۆڕینی ئەو بیر و تێگەیشتنە دواكەوتووانەی كە هۆكار بوون بۆ پەراوێزخستن و ستەمكردن لە ئافرەت، هەموویان خاڵە درەوشاوەكانی ئەزموونی دەوڵەتداریی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-ن.
ئەو پێشوازییە گەرمە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەی، كە لە هەڵبژاردنی بەڕێزیان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا، پیشانی دەدات تا چەند سیاسەتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە بەڕێوەبردنی پێشهات و قەیرانە سیاسییەكان و گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان، جێێ دڵنیایی و پەسەندی وڵاتانی جیهان و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە بەوپەڕی گەشبینییەوە چاوەڕێی ئەزموونێكی دیكەی سەركەوتووی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-ن وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغێكی پڕ ئالەنگاری سیاسی و كراوە بەرەوڕووی ئەگەرەكانی پێشكەوتن و گەشەسەندن و سەقامگیری بۆ بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز.