خانمان یكوردستان بۆ دەستەبەری زیاتری مافەكانیان پشتیوانیی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی دەكەن

خانمان یكوردستان بۆ دەستەبەری زیاتری مافەكانیان پشتیوانیی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی دەكەن
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، دوای ئەزموونی سەركەوتووی چوار كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، لە ئێستادا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و ئەركێكی قورستر لە قۆناخێكی نوێی پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستاندا پیادە دەكات. پشتیوانیی بەهێزی سەرۆك بارزانی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی حوكمڕانانی بەغدا و نوێنەرانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا جێی تێڕامانە و بێگومان هۆكاری سەرەكیشی بۆ ئەزموونی سەركەوتووی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، كە بە بەكارهێنانی هێزی نەرم لە ناوخۆدا كوردستانی لە دژوارترین قەیرانەكان رزگار كردو بە سیاسەتی حەكیمانە وەرچەرخانی لە دیپلۆماسیی گرژی دژی حكومەتی هەرێمدا دروست كردووە. هەروەها هەوڵەكانیان بۆ چەسپاندنی یەكسانی و دیموكراسی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و دەستەبەری مافەكانی ئافرەتان، بەشێك لە كارنامەی درەوشاوەی دەوڵەمەتدار نێچیرڤان بارزانی پێكدەهێنن، خانمانی كوردستانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن و بەمجۆرە راو سەرنجی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.

سەرەتا د. ئەشواق جاف ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی ئەوە دەكات: «پرسی یەكسانی و پاراستنی مافەكانی ئافرەتان بە یاسا قسەی زۆری لەسەر كراوە، تەنانەت رێكخراوەكانی ئافرەتانیش كاری زۆریان لەسەر ئەم مەسەلەیە كردووە. بۆیە ئەو یاسا و بڕیارانەی لە پەرلەمانی كوردستان كە لە بەرژەوەندیی ئافرەتان دەرچوون، یان هەمواركراونەتەوە، مایەی شانازین بۆ تەواوی ئافرەتانی كوردستان.» هاوكات دەڵێت: «ئێمە كاتێك لە پەرلەمانی عێراق لەسەر یاساكانی تایبەت بە ئافرەت كارمان دەكرد، بەردەوام یاساكانی هەرێمی كوردستانمان وەكو نموونەیەكی باش دەخستەڕوو و پیشانی ئەوانمان دەدا، هەروەها داوامان لە پەرلەمانی عێراق دەكرد، ئەو یاسایانە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كاری پێ بكرێت و یاساكان بەم شێوەیە هەموار بكرێنەوە، نموونەی یاسای كوشتن بە بیانووی شەرەف، لە كوردستان ئەنجامدەرانی بە تاوانبار هەژمار دەكرێن، بەڵام لە یاسای عێراقی ئەو كەسە تاوانبار نییە و كەیسەكە بە پاككردنەوەی شەرەف دادەندرێت، ئەو یاسایە و تەواوی یاساكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی گەورەی خانمانی كوردستانە». گوتیشی: «ئەو خزمەتانەی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی لە رابردوودا پێشكەشی ئافرەتانی كردووە بۆ دەستەبەری مافەكانیان، كەم نین و جێگەی دەستخۆشییە،بەتایبەتی كە بەڕێزیان پشتیوانێكی گەورەی چەسپاندنی مافەكانی ئافرەت بوون. لەلایەكی دیكەوە داواكارم لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو پێشمەرگانەی كە كرێچین، لە رابردوودا پێشكەشم كرد، ئەنجومەنی وەزیرانیش پەسەندی كرد، وەكو قۆناغی یەكەم بۆ شەهیدانی شەڕی داعش یەكەی نیشتەجێبوون دابین كرا، هیوادارم پڕۆژەكە بە تەواوی بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، كە ئەوەش دواجار خزمەتێكە بۆ ئافرەتان، چونكە كاتێك خێزان پێداویستییەكانی دەستەبەر دەبێت، كاتێك خێزان بەهێز و دامەزراو دەبێت، ئافرەتیش ئاسوودە و پارێزراو دەبێت.»
فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە دەستپێكی وتەكانیدا جەت لەوە دەكاتەوە كە «چەندین ساڵ سەرۆكایەتیی هەرێم لەلایەن رابەر و مەرجەع و سەرۆكی كورد سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكایەتی كراوە و لە ئاستی ناوخۆ و جیهانیدا رۆڵی جەنابیان زۆر بەرچاو و سەركەوتوو بووە. سەرۆك بارزانی هەرێمی كوردستانی بە ئاراستەی سەربەخۆیی و كوردستانێكی بەهێز و نێودەوڵەتی برد. كوردستان لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی بەڕێزیان سەروەری و سەركەوتن و دەستكەوتی زۆری بەخۆوە دیت. هەروەها بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەو ساڵانەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، خاوەنی ژمارەیەك دەستپێشخەریی گرنگ و ستراتیژی بوون، دامەزرانی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتمەند بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان یەكێكە لەو دەستپێشخەرییانەی بەڕێزیان و كۆی كار و بەرنامەكانیشیان لە بواری پرۆژەكانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و زاڵبوون بەسەر قەیرانی داراییدا جێی دەستخۆشین، بەتایبەتی چارەسەری قەیرانی دارایی كە هەرێمی كورستان لە سالی ٢٠١٤وە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە شێوەیەكی دوور لە بەهاكانی مرۆڤایەتی رووبەڕووی بووەوە.» هاوكات دەڵێت: «بە بۆنەی دەستبەكاربوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی بەڕێزیان و هەموو گەلی كوردستان دەكەم و دڵنیام كوردستان لە چوارساڵی داهاتوودا پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ و بەرەو یەكڕیزی و تەبایی زیاتر و پێشكەوتنی بەرچاو دەڕوات، بێگومان یەكڕیزی و تەبایی زەمینەیەكی زۆر لەبار دروست دەكات بۆ خولقاندنی تاك و كۆمەڵگەیەكی كارا و نیشتمان لە توندوتیژی و ناتەبایی دوور دەخاتەوە. بێ شك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك هەمیشە پشتیوانێكی گەورە دەبن بۆ بەشداریی ئافرەت لە كاروباری سیاسی و زەمینەی زیاتر بۆ دروستبوونی ئافرەتی سەركردە دەڕەخسێنن. هەروەها لە ماوەی رابردووش شاهیدی ئەوە بووین، هەوڵەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی بە ئاراستەیەك بووە كە بە شێوەیەكی فعلی پێگەی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا بەهێزتر بێت. بۆیە گەشبینین كە دەرفەتی زیاتریش بە هاتنە پێشەوەی ئافرەتان دەدرێت و مافەكانیان پارێزراو دەبێت و فەرامۆش ناكرێن. دڵنیان لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لە بەرژەوەندیی ئافرەتان هەموار كراون، یان دەرچوون. هەروەها لە نوێكردنەوە و داڕشتنی ئەو یاسایانەش كە خزمەتی یەكسانی و جێندەر دەكەن، گومانمان نییە. بۆیە وەك ئافرەتانی كورد چ لە كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ رێزدار سەرۆكی هەرێم و بەرنامەكانیان بۆ پێشخستن و سەرخستنی كوردستان چەند بارە دەكەینەوە.»
نەرمین سندی ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی ئەكادیمیای پارتی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «وەك كوردستانییەك پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لەم بەرپرسیاریەتییە هەستیارەدا. رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگەی هیوان بۆ گەلی كوردستان و قۆناغی داهاتووی كوردستان و تەواوكەری رێبازی جەنابی سەرۆك بارزانی دەبن ئایندەیەكی گەش بۆ كوردستان مسۆگەر دەكەن، پشتیوانێكی گەورەش دەبن بۆ دامەزرانی حكومەتێكی بەهێز كە رێزدار مسرور بارزانی بە ئەزموونی سەركەوتوویان سەرۆكایەتی ئەو حكومەتە دەكەن.» گوتیشی: «وەك ئافرەتێك ئومێد و چاوەڕوانییەكی پڕهیوام هەیە كە لەم پێگە باڵایەی هەرێمەكەماندا كارامەیی خۆیان دەكەنە پاڵپشتی گەورە بۆ پرسی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان و لە پرسە پڕ بایەخەكانیان دەبێت. رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە ئەزموونی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پرسی ئافرەت لە بابەتە بایەخدارەكانیان بووە، لەم پێگەیەشیاندا لێیان دەخوازین كە بەهەمان ستراتیژ و هزری گەش و رووناكیان دەربارەی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ئافرەت و منداڵ بە تایبەتی كاری لەسەر بكەن.» جەختی لەوەش كردەوە كە «ئافرەتی كوردستانی هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی و ژیاندۆستییە و هەڵگری زانست و زانینە لە بوارە جیاكاندا و توانیویەتی خۆی پێبگەیەنێت، بۆیە جێگەی خۆیەتی لە شوێنی شیاو سوود لە تواناكانی ببیندرێ و باڵانسی جێندەری لە گشت پێگەكاندا رەچاو بكرێ و وێنایەكی گەش و سەردەمییانە پیشانی دەوروبەرمان بدەین.»
حەیات مەجید ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت لە كابینەی هەشت و كابینەكانی رابردوودا بەرامبەر بە دۆخی ئافرەتان و مافەكانیان رۆڵێكی جددی و بەرچاویان هەبووە و هەمیشە وتە و بڕیارەكانیان لای ئافرەتانی كوردستان جێگەی دەستخۆشی بوون.» گوتیشی: «پێویستە ئێمەی ئافرەتان بەرامبەر بەو هەڵوێست و كارە گەورانەی كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێشكەشی چینی خانمانی كردووە، پێزانینمان هەبێت، سوپاسگوزاری ئەو گەورەمرۆڤە بین كە بەردەوام و لە هەموو بارودۆخێكدا پشتیوانی گەورەی دەستەبەری مافەكانی ئافرەت بوون، ئێستاش چاوەڕوانی زیاتریان لێدەكەین، وەك چۆن لە رابردوودا ئەزموونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەلماندوویەتی كە هەمیشە لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا پاڵپشت و پشتیوانی ئافرەتان بووە، ئەمڕۆش هیوادارین ئەزموونی رابردوویان دووبارە بكەنەوە و ببنە هیوایەك بۆ ئافرەتانی كوردستان، بەتایبەتی لە كاری دیپلۆماسی، سیاسی، حوكمڕانی و ئیداری. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا چاوەڕێی زیاتریان لێ دەكەین و دڵنیاشین هاوكار و پشتیوانمان دەبێت.»
ئەو قەیرانانەی لە دوو ساڵی رابردوو روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، یەكێك لە قۆناغە هەرە سەختەكانی بۆ حكومەتی هەرێم و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان دروست كرد. لەلایەك سزای قورسی ئابووری لە لایەن بەغداوە بە بڕینی بودجە و مووچە بە سەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندرا، هاوكات تیرۆریستانی دڕندەی داعش پەلاماری خاك و خەڵكی كوردستانیان دا، لەلایەكی دیكەوە ئەو هێرشە ناڕەوایانەی كە لە هەموو لایەكەوە كرانە سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو پەرتەوازەییەی نێوان هێزە سیاسییەكان كە زۆربەیان بەرگەی ئەو دۆخەیان نەگرت و بەرپرسیاریەتییەكان لە خۆیان داماڵی، ئەمانە بە تێكڕا هۆكارگەلێك بوون بۆ سەرهەڵدانی قەیرانەكان، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، چەند هەنگاوێكی دوور لە هەر عورفێكی دیموكراسی و هەر سیستەمێكی دیموكراسی لەلایەن عێراق بەرامبەر حكومەتی هەرێم گیرانەبەر و هانی دراوسێكانیان دا سنوورەكان لەسەر ئێمە دابخەن، تەنانەت ئاسمانی هەرێمی كوردستانیشیان داخست و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیشیان راگرت، بەكارهێنانی هەڕەشەی چەك و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و لێدان و لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەوانە هاتنەئارا و تاكە جیهەت كە بەرپرسیارێتی یەكەمی بەرامبەر بە بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، لە رێزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتانە بوو، كە حكومەتی هەرێم بوو، ئەوەی كە سەنگ و پێگەی حوكمڕانی لە كوردستان پاراست، ئەو سیاسەتە نەرمە بوو كە حكومەت گرتیەبەر كە جەنابی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی كرد، وێڕای هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی دروست و سەرەتاكانی بە ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ مامەڵەكردن بە شێوازی گفتوگۆ دەستی پێكرد، ئەوەش سیاسەتی نەرم بوو، كە لەلایەن هەموو دنیا پشتگیری لێ كرا، ئەوە بووە دەستپێكێك و هەنگاوەكانی حكومەت لە رێكخستنەوەی باری دارایی و دابینكردن و باشتركردنی مووچە و دواجار لابردنی پاشەكەوتی مووچە و باشتركردنی بژێوی هاووڵاتییان، ئەوانە كۆمەڵێ خاڵی گەشن، ئەگەر نەفەسدرێژی و مڕونەتی نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، وڵات زۆر بە ئەستەم لەم قەیرانە دەرباز دەبوو و لەوانەیە قەیرانی لەوە گەورەتری بەدوای خۆیدا بهێنایە،
نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی پێشوو و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بووە كلیلی كردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانەی كە بە هەوڵێكی زۆر گەورەی حكومەتی عێراقی و پاڵپشتیكردنی چەندین لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی وەك گوشاری سیاسی لەسەر هەرێم دانران. ئەگەر رۆڵ و هەوڵەكانی دەولەتمەدار نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، بە هیچ شێوەیەك ئەو دیپلۆماسییە گرژ و ئاڵۆزە دەرگای بۆ نەدەكرایەوە. نێچیرڤان بارزانی وەكو كەسایەتی خۆی و پێگە بەهێزەكەی لەناو پارتی و پشتئەستوور بە حزبێكی گەورەی وەكو پارتی و بە پاڵپشتی جەنابی سەرۆك بارزانی لە تێپەڕاندنی ئەزمەكان زۆر سەركەوتوو بوو. ئەو سیاسەتە نەرم و سەردەمییانەی نێچیرڤان بارزانی لای هاووڵاتی و كۆمەڵگەی جیهانی جێی پەسند بووە، هەروەها وەكو ئەزموونێكی تازە لە مامەڵەكردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیری كارنامەی ئەو دەوڵەتمەدارە دەكرێت، كە توانی ئەو پیلانانە پووچەڵ بكاتەوە كە ئامانجی سەرەكییان نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بوو.
پاش ئەوەی لە شوباتی ٢٠١٦، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بڕیاری پاشەكەوتی مووچە درا، رۆژی ٨ی ٣ی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی دەركرد كە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی ئافرەتان.
ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم هەموو فەرمانبەرانی كوردستانی دڵخۆش كرد، بەتایبەتی ئافرەتان كە خەمی گەورەیان پەروەردەی منداڵ و دابینكردنی پێداویستییەكانی خێزانە، لابردنی پاشەكەوتی مووچە بەرهەمی سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیپلۆماسیەتی نەرم و كارامەی نێچیرڤان بارزانی بووە، ئەو شانازییەش تەنیا بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە كە خۆڕاگر بوون و بەرگرییان لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان كرد و گەلەكۆمە و ئابڵوقەكانیان شكاند و نەیانهێشت كوردستان داگیر بكرێتەوە.
لە ئێستاشدا كە مسرور بارزانی وەك كەسایەتییەكی كاریزمای سیاسی و ئەمنیی كورد پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێ سپێردراوە، هەمووان بەوە دڵخۆشن كە مسرور بارزانی چۆن تیرۆریستانی داعشی تێكشكاند و سەركەوتوو بوو، لە بنبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیانیش سەركەوتوو دەبێت.
Top