داوا دەكرێت لە رووی پەروەردە و فێركردنەوە بایەخی زیاتر بە منداڵانی بێ سەرپەرشت بدرێت
June 9, 2019
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئیراد منوچر، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «بایەخدان بە منداڵانی بێ دایك و باوك لە رووی پەروەردە و خوێندنەوە بابەتێكی زۆر هەستیارە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی لە ئاستیكی لاوازدایە و منداڵانی بێ سەرپەرشت هیچ ئیمتیازێكیان نییە و زۆر جار بە بێ جیاوازیی رەگەزی رووبەڕووی وازهینان لە خوێندن دەبنەوە.» گوتیشی: «هەرچەندە خوێندن تا پۆلی نۆ ئیلیزامییە لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، بەڵام رێكارەكان بۆ وازنەهینانی قوتابی زۆ لاوازە و میكانیزمی جددی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە ناگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. سەرەڕای ئەوەی منداڵ و مێرمنداڵانی بێ سەرپەرشت زۆر جار ئەركی بەخیۆكردنی خیزانیان دەكەوێتە ئەستۆ و لە بازاڕی كار بە بێ گرنگیدان بە تەمەنیان كاریان پێدەكەن و هان دەدرێن واز لە خوێندن بهێنن.» سەبارەت بە چارەسەری ئەو كێشەیەش گوتی: «پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی وەزارەتی كار وكاروباری كۆمەڵایەتی رەچاوی باری بژێوی خێزانە بێ سەرپەرشتەكان بكەن، هەروەها بەدواداچوون بكەن بۆ وازهێنانی قوتابیان و بە پاڵپشتیی یاسا كاری جددی بۆ پشتگیری لە قوتابیانی بێ سەرپەرشت بكەن، لە لایەن رێنماییكارانی پەروەردەی قوتابخانەكان ئاراستەی تەندروست بكرێن و خێزانەكانیان پەیوەندیی توندوتوڵیان لەگەڵ قوتابخانەكان هەبێت.».
گوتیشی «هەندێ رێكخراو و ناوەندی خێرخوازی لە هەولی ئەوەدان منداڵانی بێ سەرپەرشت بگرنە خۆیان و بە بێ بەرامبەر خزمەتگوزاریی پەروەردە و فێركردنیان لە ئەستۆ بگرن»، وێڕای دەستخۆشیكردن لەو كارە پڕبەهایە، گوتی: «لەخۆگرتنی منداڵی بێ سەرپەرشت گشتگیر نییە و سەرجەم منداڵانی بێسەرپەرشت ئەم خزمەتگوزارییە نایانگرێتەوە، چونكە كوالیتیی خزمەتگوزارییەكان سنووردارە لە ئاستی لۆكاڵی و ناوچەییدایە، بۆیە دەبێت دەوڵەت ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ كە دیاریكردنی چارەنووسی توێژێكە كە زۆر لەبارن بۆ ئەوەی لە ناوكۆمەڵگەدا پەراوێز بخرێن.»
چالاكی مافناس باران محەمەد، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەردەبرێت: «پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت نەك هەر پێویستە بەڵكو واجبێكی مرۆڤایەتییە و پێویستە لە یاسادا دەرچەیەكی بۆ بكرێتەوە و ئەم خزمەتگوزارییە بە یاسا بچەسپێندرێت، چونكە نەك بە تەنیا كاریگەری بۆ سەر منداڵ و دواڕۆژی دەبێت، بەڵكو كاریگەرییەكی ئەكتیڤ و ئەرێنی بۆ دەوڵەت و بەهاكانی دروست دەكات. بەتایبەتی كە دەبینین لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا گرنگییەكی زۆر بەم بابەتە دراوەو پەڕاوی تایبەتی بۆ كراوەتەوە، بێگومان ئەمەش ئامانجی دیاریكراوی لەپشتە، كە مەبەست لێی بێبەشنەكردنی منداڵە لەپەروەردەی تایبەت وەك دابینكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژیانیان بەتایبەت لە رووی پەروەردەیی و پێگەیاندنی منداڵێكی پەروەردەكراوی دروست، تا لە داهاتوو كۆمەڵگەیەكی پڕ لە بەهای ئەخلاقی و تەندروستمان هەبێت.» گوتیشی: «هەبوونی جێگایەكی پەروەردەیی دروست زۆر ئیجابییە، چونكە ئەم جێگا پەروەردەییانە بەرپرسن بەشێوازێكی راستەوخۆ لە دیاریكردنی داهاتوی منداڵ، سەرەڕای ئەوەی دووریان دەخاتەوە لەوەی كە منداڵان بەرەو ئاقارێكی خراپ ببردرێن و لەسەرجادەكان بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك بمێننەوە، كە ئەمەش دواجار دەبێتە مایەی مەترسی بۆ داهاتووی كۆمەڵگە، لەبری ئەوەی ببنە یارمەتیدەر و دەستێكی كار لە بنیاتنانی كۆمەڵگەدا.»
دكتۆر عەبدولفەتاح حەمە رەحیم هەورامی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەكۆلێژی پزیشكی هەڵگری بروانامەی ماستەر و دكتۆرا لە تەندروستیی كۆمەڵ، پڕۆژەیەكی بە ناوی (پرۆژەی تیم بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵی (بێ باوك و دایك) بۆ خزمەتكردن پێشكەش بەم توێژە بێ نازە كردووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵانی بێ باوك و دایك بەرپرسیاریەتی هەموومانە و روانینی پرۆژە پەروەردەكــردن و پێگەیاندنــی منداڵانــی بــێ بــاوك و دایــك بەبنەمــا سـەردەمییەكانی پـەروەردەو فێربـوون، گەرەنتـی دابینكردنـی داهاتوویەكـی پرشــنگدار و بەرهەمــدار دەكات بــۆ فێرخوازانــی پرۆگــرام. ئامانجمان پەروەردەكردن و پێگەیاندنی منداڵانی بێ باوك و دایك لەم رووانە 1: پەروەردە، پەرەپێدان، سەركەوتن لەخوێندن. 2: هاوكاریكردنی خێزانەكانیان لە پڕۆسەی فێربوون و پەروەردە. 3: ئا ماددەكردنـی منداڵـەكان بـۆ داهاتـوو، بـۆ ئـەوەی ببنـە تاكێكـی سـوودبەخش و بەرهەمـدار بـۆ خۆیـان و خێـزان و كۆمەڵگەكەیـان.
لەدەسـتدانی بـاوك یـان دایـك دەبێتـە هـۆی بەجێهێشـتنی كەلێنێكی گـەورە لـە پەروەردەكردنـی منداڵـدا، كـە زۆرجـار دوورنییـە ببێتـە هـۆكاری دابڕینـی تەواوەتـی منداڵەكـە لـە پرۆسـەی پـەروەردە و فێربوونـدا، بەتایبـەت لـە خێزانـە هەژارەكاندا. لـەم پێنـاوەدا بیرۆكەی (پـڕۆژەی تیم) هاتـەئـاراوە، كە پرۆژەیەكـی تایبەتـی پەیمانگای تیمە بـۆ پەروەردەكـردن و پەرەپێدانـی توانـای منداڵانـی بـێ بـاوك و دایـك، كـە تەمەنـی لەنێـوان (7-15 )سـاڵدا بێـت.»
ڕێكخراوی (یونسێف)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە ئامارێكیدا ئاماژە بەوە دەكات لە كۆی 140 ملیۆن منداڵی بێ سەرپەرشت لەجیهاندا، پێنج ملیۆنیان عێراقین لە ئەفغانستان دوو ملیۆن منداڵ و لە سووریاش نزكەی یەك ملیۆن منداڵ بێ سەرپەرشت بوون. یونسێف ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە هەموو رۆژێك لەسەرئاستی جیهان دە هەزارمنداڵ رەوانەی خانەكانی بێ سەرپەرشتان دەكرێن.