ھاووڵاتیان خوێندنەوەی تایبەتیان بۆ کاریگەرییەکانی ریکلام لەسەر خانمان ھەیە

ھاووڵاتیان خوێندنەوەی تایبەتیان بۆ کاریگەرییەکانی ریکلام لەسەر خانمان ھەیە
گوڵان - کۆمەڵایەتی

ریکلامە بازرگانییەکان سەرلەبەری وڵاتانی جیھانی تەنیوە، زیاتریش خانمان لەو بوارەدا کاردەکەن، جۆری کارەکە و روانگەی ھاووڵاتیانیش لەو بوارەدا جیاوازە، بەڵام پتر جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا (بە کوردستانیشەوە) ھەم ھونەری ریکلام بە باشی جێنەکەوتووە، ھەم روانگەی کۆمەڵگە بۆ خانمانی ریکلامکار کێشەسازە و کۆسپی گەورە لە بەردەم پێشکەوتن و بەردەوابوونیان دروست دەکات، ھەر لەو بارەیەوە سێ کەسایەتی وەک: نووسەر، کۆمەڵناس و توێژەری دەروونی راو سەرنجی خۆیان بۆ گۆڵان دەخەنەڕوو.

سەرەتا عەبدولڕەحمان سدیق، وەک رووناکبیر و نووسەرێکی ناسراوی کورد، ئاماژە بە توێژینەوەیەکی ناجی محەمەد ئەلسەعیدی، ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری میدیا دەکات، کە لە توێژینەوە کۆنەکانیدا بەمجۆرە باسی ریکلامی بازرگانی کردووە: "ریکلامی بازرگانی وێنەی ئافرەت لە بوارێکی بچووکی ژیاندا قەتیس دەکات، کە دەرخستنی جوانییەکانی جەستە و کاری نێوماڵە." بۆیە بەردەوام گواستنەوەی ئەم وێنەیەی ئافرەت و چەند بارەکردنەوەی بە درێژایی رۆژانی ساڵ، ئەوە لە ھزری کۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت.
عەبدولڕەحمان سدیق زیانە کۆمەڵاتییەکانی ریکلام لەسەر توێژی ئافرەتان لەم چەند خاڵەدا دەستنیشان دەکات: "*پیشاندانی ئافرەت وەک کچێکی ھەمیشە جوان و خاوەنی ھەموو پێوەرەکانی جوانیی بەردەوام. *ھەستکردنی ئافرەتانی ئاسایی و تەمەن ناوەڕاست و گەورەتر بە شەرم و خۆبەکەمزانین بە ھۆی خۆبەراوردکردن لەگەڵ کچانی ھەمیشە جوانی ریکلامەکاندا.*ئالوودەکردنی ئافرەتان بەو وێنە دەستکردەی جوانی کە تەنیا بە کەرەستە و ئامێری جوانکاری دروست دەکرێت.*سەرفکردنی سەدان دۆلار لە کڕینی کەرەستەی ماکیاژ و جوانکاری بۆ گەیشتن بە ئاستی کچانی ھەمیشە جوانی ریکلامەکان.* ئافرەت وای لێدێت کە روخساری خۆی وەک ماسکێک تەماشا بکات و، خۆی تەنیا لە جەستەدا ببینێت و، کەلێنێک لە نێوان روخساری دەرەکی و خودی راستەقینەی خۆیدا دروست بکات.*ریکلام جەستەی ئافرەت دابەش دەکات بۆ پارچەی بچووک بچووکی وەک چاو و برۆ و لێو و قژ و سنگ و لاق و دەست و مەچەک و پەنجە، واشی فێردەکات کە ھەر پارچەیەکی ھەمیشە پێویستی بە گۆڕین و چاککردنەوە ھەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام کۆمەڵگە رێزی لێ بگرێت.* پشتگوێخستنی تەندروستیی راستەقینە لە ریکلامەکاندا و بایەخدان بە خواردنی خێرا و ئامادەکراو و خواردنەوە گازییەکان و جگەرە، کە زیانی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنن.* ھاندانی کچانی نەوجەوان بۆ پێشبڕکێی بەردەوام لەگەڵ ھاوتەمەنەکانیاندا و، ترساندنیان لە ئایندە و لە پیری و لە لەدەستدانی جوانیی جەستەیان. * قەتیسکردنی ئافرەت لە چێشتخانە و قسەکردن لەبارەی ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوەی نوێ و بەکارھێنانی تاید و سابوون و شامپۆی قاپشۆردنی نوێ. * کۆکردنەوەی ئەرکی زۆر لەسەر شانی ئافرەت وەک ئەوەی کەسایەتییەکی سەرکەوتوو بێت، ھەمیشە رازاوە بێت، چێشتلێنەرێکی کارامە بێت، منداڵ بەخێو بکات و پاک رایان بگرێت و جلوبەرگیان بشوات، دڵی منداڵەکانی و مێردەکەی و ھاوڕێکانی و کۆمەڵگە لە خۆی رازی بکات." بە پێویستیشی دەزانێت دەزگاکانی راگەیاندن و پەخشکردنی بەرھەمەکانی ریکلام بەو رێنماییانە پابەند بن: رەچاوکردنی ناسنامەی مرۆڤبوونی ئافرەت، نەک تەماشاکردنی تەنیا وەک جەستە. دانانی پێوەر و ستانداری زانستیی گونجاو بۆ کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی ریکلام، بە مەبەستی رێزگرتن لە پێگەی ئافرەتان. نەسپاردنی ریکلامکردن بۆ خواردنەوە کحوولییەکان و جگەرە بە ئافرەتی ریکلامکار. دوورخستنەوەی ئافرەتی ریکلامکار لە بینینی رۆڵی ورووژێنەر و قسە و جووڵەی نەشیاو.

ئیبراھیم حاجی زەڵمی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کۆمەڵناسی و سەرتا باسی ئەوە دەکات کە "پرسی ئافرەت بە درێژایی مێژوو پرسێکی مرۆیی و ئاکاری بووە، ھەر بە درێژایی مێژووش بیرمەندانی نێو ئایین و فەلسەفە ئاوڕی جددییان لەم بابەتە ئینسانییە داوەتەوە." ھاوکات دەڵێت: "کاتێک باس لە بابەتی راگەیاندن و کاریگەرییەکانی لەسەر ئافرەت (چ وەک مرۆڤ و چ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی ئامادەی نێو ھەموو کایە کۆمەڵایەتییەکان) دەکەین، دەبێت ئەوە بزانین کە سەرەتا دیدی کۆمەڵگە و ھەروەھا مۆدێرنە بۆ ئافرەت چییە؟ من لە کتیببکی خۆمدا (ئافرەت و کولتوور و ئایین) باسم لەوە کردووە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەپێی ئەو دەرکەوتانەی کە لە بیرو پاشان شێوازی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا ھەن و دەبینرێت، سێ جۆر روانین یان سێ دیدگایان ھەیە بۆ تەماشەکردن و جۆری مامەڵە لەگەڵ ئافرەت، لەوێشەوە راگەیاندنیش دواجار دەرکەوتەیەکی نێو ھزرو ئەو مامەڵەیەی کۆمەڵگەییانەیە سەبارەت بەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییە. ئەو سێ دیدگایەش: دیدگای مرۆیی..دیدگای کۆمەڵایەتی و دیدگای سرووشتین.. کە دیدگای یەکەم زۆر کەم دەبینرێت و دووەمیش تەنیا ئایین و کۆمەڵێک بەھای کۆمەڵایەتی ئەویش بە کرچوکاڵی پشتگیری لە مانی دەکەن، دیدگای سێیەم و زاڵیش سرووشتییەکەیە کە ئێمە تەنیا لەسەر ئەوەیان دەوەستین کە بە کورتی دیدگایەکی فیزیکی و سرووشتییە بۆ ئافرەت، کە بە رای من باوترینە و مۆدیرنە و کەرەستەکانی جیھانگیری و بەتایبەتی میدیاو ماس میدیا کار لەسەر ئەمە دەکەن و جیھانی سەرمایەداری و سەرمایەدارەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەگشتی رەواج پێدەرین، چونکە ئەم تەماشا و دیدگەیەیان پێ باشترە و لەوێوە تەماشەی ئافرەت دەکەن، کە دەتوانین خەسڵەتەکانی ئەم دیدگەیە بۆ ئافرەت زۆر بە کورتی چەند خاڵێکی بخەینە روو.. یەکەم: ئافرەت لێرەدا بوونەوەرێکی سرووشتی و فیزیکییە و جەستەو لەش و لاری نرخی پێ دەرێت و بەھاپێبەخشن بۆی، بەھا و نرخی ئافرەت لێرەدا بەشە فیزیکییەکەی (جەستەو لەشولاری) دەبنە پێوەر بۆ لاکردنەوەو جۆری پەیوەندیگرتنی کۆمەڵگە لەگەڵیدا و دواجار پێگە بەخشین و رۆڵ پێ بەخشینیەتی. دووەم: ئافرەت وەک کەرەستەو شمەکێک تەماشا دەکرێت و ئەو شمەکەیە کە ئەوانی تر بەو چاوەوە تەماشەی دەکەن، کە کاڵا و بابەتەکانیان لە نێو کایە ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکەش دەیخەنە بەر رەحمەتی مامەڵەوە. سێیەم: ئافرەت بوونەوەرێکی عەریزی و شوێنگەیەک بۆ خاڵیکردنەوەی رەمەکان و چێژوەرگرتن لەو بوارەوە، بەمانا مرۆڤ چێژ لە بەش و ئەندامەکانی دەبینێت، غەریزە و حەز و رەمەکە سێکسییەکانی خۆی تیا خاڵی دەکاتەوە، لێرەوە بە پێی زیادی و کەمیی بەشەکانی حەزی پیاو بۆ ھەر بەشێکی جەستەی دابەش دەکرێت، تا ئەوکاتەی گشتی، یان ھەر بەشێکی دارای چێژ بێت، نزیکی و خزمەتکردنی و نرخی ھەیە، بە کەمبوونەوە، یان لەدەستدانی ئیتر وەک کاڵایەکی بێ چێژ و ئەوەلاکەوتە بەرکەنار دەکرێت و مامەڵەی ئەوانی دی لەگەڵ ئەم بوونەوەرە بەکۆتا دەگات. تەنیا بە گوێگرتن لە بەیت و بەند و بالۆرەی گۆرانیبێژەکان تێدەگەین کۆمەڵگەی کوردەواریش تا چەندە لەنێو ئەم بازنەی بیرکردنەوەدا ئافرەتمان قەتیس کردووە. نموونەی ئەو بەیت و بەندانەی گۆرانییەکانیش ئەوەیە کە دەڵێت: (کراس رەشە..وەک سوپەری ھەشتاوشەشە کراس رەش... مەمکت سێوە بە دارەوە.. خوا پێی داوی مەیشارەوە و...ھتد. چوارەم: ئافرەت وەک کەسی خزمەتکارو بەردەست و پلەدوو لە پلەی مرۆیی تەماشا دەکرێت و دەبێت ئەم بوونەوەرە بەردەوام لە خزمەت و شوێنکەوتنی ئەوانی دیکەدا بێت و ئازادی و مرۆڤبوونیشی داشۆراوە بەم تەماشەکردنەی. پێنجەم: وەک کەرەستەیەکی جەمالی و رازێنەرەوە و چێژبەخش تەماشا دەکرێت، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە مۆدیرنەو سەرمایەداری کار لەسەر ئەمە دەکات و راگەیاندن لەم پێناوەدا دەخەنەکار.. تەماشەیەکی وردی ریکلام و ڤیدیۆ کلیپ و بەرگی کالاکان بکەین، ئەم راستییەمان جوانتر بۆ رۆشن دەبێتەوە. دەیان خاڵی تریش کە ئێرە بواری ئەوەی نییە ھەمووی بخرێتەڕوو. لێرەوە بیرکردنەوەی راستەقینە لای مرۆڤ بۆ ئافرەت کاتێک دروست دەبێت کە بتوانێت حەزە مرۆیی و غەریزەییەکانی تێپەڕێنێت و کولتوور و خواست و بەرژەوەندییە کەسی و پاڵنەرە نەرێنییەکانی وەکەنار بخات. ئیتر ئەو کەسە خۆی دەگات، یان گەیشتووەتە پلەی ئازادی و ئازادە، مرۆڤی ئازادیش تەماشەی مرۆڤ وەک مرۆڤ دەکات و رەگەز (نێر و مێ و خەسڵەتەکانیان) نابنە پێوەری مامەڵەی بەڵکو کردەو وتە و نووسینەکانی داھێنان و ئەخلاقی بە بنەما وەردەگرێت."

توێژەری دەروونی پاوان کۆیی، سەبارەت بە ھەمان پرس رایوایە: "بە شێوەیەکی گشتی تەکنەلۆژیا کاریگەریی زۆری لەسەر تاکەکان ھەیە، بەتایبەتی تەلەفزیۆن و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و ریکلام کە لە ئێستادا لە راگەیاندنەکان گرینگییەکی زۆری پێ دەدرێت، ریکلامەکان وادەکات، فرۆشی ئەو کەلوپەلانەی کە ریکلامی بۆ دەکرێت، زیاد بکات، تەنانەت ئەگەر کوالیتیی باشیشیان نەبێت، بەداخەوە زۆرجاریش لەو بوارەدا ئافرەت بۆ ریکلامکردن بەکاردەھێنن. ھەروەھا دەبینین لە بواری کارە ھونەرییەکانیش بەداخەوە زۆر جار کلیپی گۆرانییەک دەکەن، کە لە رووی ھونەرییەوە زۆر لاوازە، واتە لە رووی تێکست و ئاواز و دەنگیشەوە گۆرانییەکەی نەک باش نییە، زۆریش خراپە، بەڵام ئافرەتێکی تێدا بەشدار دەکەن، بێ رەچاوکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی رۆشنبیریی تاک کەوا دەکات بە چاوی کەم سەیری ئەو ئافرەتە بکرێت. لە زۆربەی ریکلامەکانیش زیاتر گرینگی بە جەستەو جلوبەرگی ئافرەتان دەدرێت بۆ ئەوەی سەرنجی بینەران رابکێشن. واتە وەک کاڵایەک سەیری ئافرەت دەکەن. ئەو ریکلامانە لە رووی دەروونی و کۆمەڵاتییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئافرەتانی بینەریش بەجێ دەھێڵێت، بەتایبەتی ئەوەی کە دەیەوێ لە مۆدەکاندا لاسایی ئەو خانمە ریکلامکارە بکاتەوە، یان پیاو ھەیە ئەوەندە گرینگی بە سەیرکردنی ئەو ئافرەتانەی ریکلام دەدات، نیوە ئەوەندە گرینگی بە ھاوسەرەکەی خۆی نادات، ئەوەش کێشە لە نێوانیان دروست دەکات. ھەروەھا لە ریکلام ئەوەندە گرینگی بە لایەنی رووکار و جەستەی ئافرەت دەدرێت، ئەوەندە گرینگی بە لێھاتوویی و و زیرەکی و بەھرەکانی نادرێت، بۆیە زۆر کات ئافرەتان دەبنە قوربانیی سۆشیال میدیا و زیاتر تووشی رەخنە و توانجی بینەر و کۆمەڵگە دەبنەوە. بۆیە پێویستە چیتر ئافرەت وەک کالایەک سەیر نەکرێت و ، رێزی لێ بگیرێت و وەک مرۆڤێک سەیر بکرێت."

 سپۆت:
 پێویستە ئافرەتی ریکلامکار لە بینینی رۆڵی ورووژێنەر و قسە و جووڵەی نەشیاو دوور بخرێتەوە
 تەنیا بە گوێگرتن لە بەیت و بەند و بالۆرەی گۆرانیبێژەکان تێدەگەین کۆمەڵگەی کوردەواریش تا چەندە لەنێو بازنەی فیزیکی و جەستەیی ئافرەتمان قەتیس کردووە
 ریکلامی بازرگانی وێنەی ئافرەت لە بوارێکی بچووکی ژیاندا قەتیس دەکات، کە دەرخستنی جوانییەکانی جەستە و کاری نێوماڵە
 بیرکردنەوەی راستەقینە لای مرۆڤ بۆ ئافرەت کاتێک دروست دەبێت کە بتوانێت حەزە مرۆیی و غەریزەییەکانی تێپەڕێنێت و کولتوور و خواست و بەرژەوەندییە کەسی و پاڵنەرە نەرێنییەکانی وەکەنار بخات
 مرۆڤی ئازادیش تەماشەی مرۆڤ وەک مرۆڤ دەکات و رەگەز (نێر و مێ و خەسڵەتەکانیان) نابنە پێوەری مامەڵەی بەڵکو کردەو وتە و نووسینەکانی داھێنان و ئەخلاقی بە بنەما وەردەگرێت
 زۆر جار کلیپی گۆرانییەک دەکەن، کە لە رووی ھونەرییەوە زۆر لاوازە، بەڵام ئافرەتێکی تێدا بەشدار دەکەن، بێ رەچاوکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی رۆشنبیریی تاک کەوا دەکات بە چاوی کەم سەیری ئەو ئافرەتە بکرێت
 لە زۆربەی ریکلامەکان زیاتر گرینگی بە جەستەو جلوبەرگی ئافرەتان دەدرێت بۆ ئەوەی سەرنجی بینەران رابکێشن. واتە وەک کاڵایەک سەیری ئافرەت دەکەن
 ئەو ریکلامانە لە رووی دەروونی و کۆمەڵاتییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئافرەتانی بینەریش بەجێ دەھێڵێت، بەتایبەتی ئەوەی کە دەیەوێ لە مۆدەکاندا لاسایی ئەو خانمە ریکلامکارە بکاتەوە
 پیاو ھەیە ئەوەندە گرینگی بە سەیرکردنی ئەو ئافرەتانەی ریکلام دەدات، نیوە ئەوەندە گرینگی بە ھاوسەرەکەی خۆی نادات، ئەوەش کێشە لە نێوانیان دروست دەکات
 زۆر کات ئافرەتان دەبنە قوربانیی سۆشیال میدیا و زیاتر تووشی رەخنە و توانجی بینەر و کۆمەڵگە دەبنەوە
Top