کتێب پەیژەی سەرکەوتنە .. (( ھێمن شێخ زادە))
May 15, 2019
کۆمەڵایەتی
خوێندنەوە توانای ھزری مرۆڤ بەھێز دەکات، ھاوکات بەرەو سەرکەوتن رایدەکێشێت و بوونی خۆی دەدۆزێتەوە، لەچوارچێوەی ژیان و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی رۆژانە و گەیشتن بە روئیایەکی ھزری بەھێزو جیاوازتر لەو لایەنەی کە خوێنەری کتێب نییە، زانای میسری (یوسف زێدان) لەوتەیەکدا دەڵێت: ئەو گەلەی دەخوێنێتەوە، دەمێنێتەوە، واتا گەلێکی خوێندەوار و رۆشەنبیر و مێشک فراوان، ھەتا ھەتایە دەمێنێت و لەناو ناچێت، رۆژنامەوانێک زیاتر وتەی زانای میسری (یوسف زێدان) روندەکاتەوە و دەڵێ: گەلێک یان میللەتێک، ئەگەر کتێب نەخوێنێتەوە وەکو ژمارە و بوونی مرۆیی دەمێنێت، بەڵام وەکو ئامادەیی و ھێز و خۆسەلماندن لەنێو کۆمەڵگەی مرۆییدا، ئەو میللەتە بە (نەبوو) ھەژمار دەکرێت.
کتێب بۆ ھەر گەلێک ئامرازی گەیشتنە بە تێگەیشتن و فێرگەیەکی بەھێزی مرۆیی ئەخلاقی مرۆڤەکانە، کتێب یەکێکە لەدروستکراو یان داھێنراوەکانی مرۆڤ، کە تاکە دروستکراو یان داھێنانە مرۆڤی تووشی شەرمەزاری نەکردووە بەڵکو سوودو ھێزی بەخوێنەرانی بەخشیوە، مێشکی خوێنەرو نەخوێنەری کتێب دوو فاکتەری جیاوازی بیرکردنەوەن، بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنی، لایەنی خوێنەر ھەمیشە وەڵام و پێشبینی و دەستپێشخەری ھەیەو دەتوانێت شیکاریەکی وردی بۆ بکات، تاوکو دەگاتە ئەنجامی راست، بەڵام لایەنی نەخوێنەر ھەر زوو تەسلیم دەبێت، چونکە ھیچ پاشەکەوتێکی نەکردووەو ئامادەیی تێدا نییە، نە لەوەڵامدا نە لە دەسپێشخەری و شیکاریدا، ھەوڵدان بۆ زیاتر خوێندنەوە ھەنگاونانە بەرەو ئامانجێکی دیاری کراو، کە کرانەوەی دەرگەی بیرکردنەوەی مێشکە بەدونیای فەلسەفەو زانست و زانیاری، ھەروەھا خۆدۆزینەوەیە لەجیھانێکی جیاوازتر لەسەردەمی نەخوێنەری و ئاشنابوونە بەکلتورو فەرھەنگی جیاوازتر.
کتێب چییە ؟
کتێب ناوێکە بەکاردێت بۆ گرنگترین کاڵا (شمەک) کە لەدروستکراو و داھێنراوی مرۆڤەکانە بەبێ جیاوازی ئایین و رەگەز، گەلانی دونیا خۆشیان دەوێت و وەک ناو رقیان لێی نییە، بەڵام لە بابەت و ناوەرۆک لەھەندێک کاتدا وا لەخوێنەر دەکات رقیان لێ بنیشێت و لەخوێندنەوەشی دووربکەونەوە، ئەم حالەتەش بە نێگەتیڤی سەیر ناکرێت، چونکە دەگەڕێتەوە سەر ھەڵبژاردنی بابەت کەخوێنەر خۆی بەدوایدا دەگەڕێت، تەنانەت ھەوڵی بۆ دەدات و دەیکات بەسەرچاوەی فێربوون و سوود وەرگرتن لەتواناو ناوەرۆکی کتێبەکە.
دیارە کۆمەڵگەی کوردی لەتێکڕای ساڵانی پێشوو بەرەو پێشچوونێکی بەخۆیەوە بینیوە بەشێوەی تاک (فەرد) لەخوێندنەوەی کتێب، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە نیوەی کورد خوێنەرە بەڵکو رێژەیەکی کەمن کەھەلوەدایی زانیاری و خوێنەری کتێبن، بۆ بەھێزکردنی زاخاوی مێشک و بیرکردنەوە لەداھاتوو بونیادنانی کارو بەرجەستە کردنی ئەرکی شایستە، کتێب سوودێکی یەکجار گەورەی بەمرۆڤایەتی گەیاندووە لەھەموو بوارەکانی ژیان و گوزەرانیدا بەردەوامیشە لەخزمەتکردن، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی گرنگییەکی ئەوتۆیان بەلایەنی خوێندنەوەی کتێب نەداوە.
لەکاتێکدا خوێندنەوەی کتێب سوود بەمێشک و باری دەرونی دەگەیەنێت، دەستی نووسین باشتر دەکات و شیکردنەوە چالاک دەکات، جگە لە زیادکردنی زانیاری و دڵەراوکێ کەم دەکات و رێگەیەکی ئاسانە بۆ فێربوونی زمان و توانای بیرکردنەوەو تەرکیزکردن بەھێز دەکات.
بەھیوای سەرکەوتن بۆ خوێنەران، ھیوادارم نەخوێنەرانیش رێچکەی خوێنەری بگرنەبەر.