كارم خاوێنكردنەوەی منداڵی خەڵكە وكارەكەشم لاپیرۆزە و هەست بەدایكایەتی دەكەم

كارم خاوێنكردنەوەی منداڵی خەڵكە وكارەكەشم لاپیرۆزە و هەست بەدایكایەتی دەكەم
ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە ناو كۆمەڵگەدا شانیان داوەتە ژێر باری قورسی ژیان و بوونەتە خاوەن داهاتی خۆیان كەم نییە. زۆربەی ئەوانەی خاوەن بڕوانامەن یان لە كەرتی گشتی و حكوومی كاردەكەن، بەوە دڵخۆشن كە سەرەڕای ئەوەی داهاتەكەیان رۆڵی كاریگەری لە ئیدارەی ئابووریی خێزانەكەیاندا هەیە، ئەوا لە دواڕۆژیشدا بۆ تەمەنی پیری و پەككەوتەیی مووچەیەكیان هەیە كە دەتوانن پێی بژین و بە بێ منەتباریی كەسوكار قووتی ژیانی خۆیانی پێ دابین بكەن، بەڵام ئەو ئافرەتە كرێكارانەی كە بە گرێبەست لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، تەنیا تا ئەو كاتەی خاوەن مووچە و داهاتن كە توانای كاریان هەبێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا كە بیمە و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بوونی نییە(بە كوردستانیشە)، بۆیە ئەو كەسانە بە نیگەرانییەوە لە دواڕۆژ و ئایندەی خۆیان دەڕوانن. خۆ ئەگەر لە رەگەزی مێ بن، ئەوا كێشەكەیان گەلێ گەورەترە، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە تەمەنی گەنجیی خۆیان لە كاركردنی ئازاد و پچڕپچڕ تێپەڕاندووە. یەكێ لەو ئافرەتانەش بەسەرهاتی خۆی بۆ خوینەرانی گوڵان دەگێڕێتەوە.

«زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە كاری خزمەتگوزاری دەكەم. لە كاری ماڵانەوە بیگرە تا خاوێنكردنەوەی قوتابخانە و باخچەی ساوایان، پێنج ساڵیشە لە دایەنگەیەك كارم خاوێنكردنەوەی منداڵی خەڵكە و ئەو كارەشم لا پیرۆزە و هەست بە دایكایەتی دەكەم، خوای گەورە لە سۆزی دایكایەتی بێبەشی كردم، هەڵبەت سەبەبكارەكەی تەنیا باوكم بوو. ئەو غەدرێكی گەورەی لێ كردم.»
ئەوە قسەی شاناز عومەر بوو، وەك خۆی باسیكرد تەمەنی (53) ساڵە و ئێستا لە دایەنگەیەكی ئەهلی كاری خزمەتگوزاری دەكات. ئەو خاتوونە بە رۆژی جیهانیی كرێكاران ئاشنا نییە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كە «هەر كرێكارێك (چ ئافرەت، چ پیاو)، دەبێت ئەركەكانی بە جوانی جێبەجێ بكات، ئەو كات داوای مافەكانی بكات.» هاوكات دەڵێت: «هێشتا گەنج بووم، ناچار بووم بۆ دابینكردنی ژیانم كار بكەم. ئەوا بیست و قسوور ساڵیشە كار دەكەم و كاری ماڵانیشم كردووە و كەسیش غەدری لێ نەكردووم. كاری خۆم بە جوانی كردووە و حەقدەستی خۆم وەرگرتووە.»
كاتێك پرسیار لە شاناز دەكەین، بۆچی لە تەمەنی گەنجییەوە ناچار بوویت شان بدەیتە ژێر باری قورسی كاركردن لە دەرەوی ماڵ، لە وەڵامدا ئاهێكی قووڵ هەڵدەكێشێت و دەڵێت: «بە تەمەنی منداڵی باوكم بە مێردی دام، مێردەكەشم كەڵكی نەمابوو، زۆر بە تەمەن لە من گەورەتر بوو. هێشتا من تەمەنم مابووی بۆ سی ساڵ، مێردم بە هۆی پیری و نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، لە دوو ژنی دیكەی منداڵی هەبوو. تەنیا موڵكی ئەویش خانوویەك بوو، كوڕەكانی فرۆشتیان و كەسیشیان لە منیان نەپرسییەوە. چەند ساڵ لە ماڵی برام بووم. ئەویش كەمئەندام بوو. توانای كاری نەبوو. منیش هەندێك زێڕ و زیوم بوو، بۆم فرۆشتن. كە پارەم نەما، ناچار بووم بە نانكردن بۆ ماڵان و خاوێنكردنەوەی ماڵی خەڵك پارەیەك بۆ خۆم پەیدا بكەم، هەتا لەژێر منەتی براژن دەرچم.»
ئەو خاتوونە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بووەتە قوربانیی دەستی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «جاران ئەو جۆرە بەشوودانە باو بوو، كوڕ و كچ لەلایەن باوكییەوە دەبوایە هاوسەری بۆ دەستنیشان بكرێ، واتە هەموو جۆرە بڕیارێك لای باوك بوو، خۆم كەسێك هاتە داوام، هەر نەمبینیبوو، مارەبڕ كرام، شەوی بووكێنی چاوم پێكەوت، بەڕاستی نەچووە دڵمەوە، زۆر دڵم خەمبار بوو، لە بەر ئەوەی تەمەنی زۆر لە من زیاتر بوو، ئەوكات تەمەنی نزیكەی شەست ساڵان دەبوو، هەموو رۆژێك دوعام لە باوكە تاوانبارەكەم دەكرد، ئەمە تاوانێكە باوكان دەرهەق بە منداڵی خۆیان دەیكەن، كەسێك بەدڵی خۆت نەبێ، منداڵیشی نەبێ، دەبێ چ ئایندەیەك چاوەڕێی بكات؟ ئەگەر پیاوەكە كێشەی نەبوایە، دەمێك بوو ژنێكی دیكەی هێنابوو، بەڵام ئێمەی ئافرەت لەبەر توانج و قسەی خەڵك دەبێ هەموو شتێ قبووڵ بكەین».
سەبارەت بەوەش كە دوای كۆچی هاوسەرەكەی بۆچی ژیانی هاوبەشی پێكنەهێناوە، دەڵێت: «دوای ئەوەی چوومە ماڵی برام، چەند جار خوازبێنیم بۆ هات، چونكە هێشتا زۆر گەنج بووم، بەڵام بڕیارم دابوو، خزمەتی براكەم و خێزانی بكەم، ئەوان لە ماڵی باوكم بوون. كرێچی نەبوون، بەڵام هیچ داهاتیان نەبوو. هەر تەنیا ئەو برایەشمان هەیە، بۆیە من و خوشكەكانیشم لە میراتی خۆمان خۆش بووین و خانووەكەمان نەفرۆشت، بەڵام براكەم هیچ داهاتێكی نەبوو. منیش لەوەتی لە بیرم دێت، هەرگیز دەستم لە كەس پان نەكردووەتەوە، هەر بۆیە بڕیارم دا، كار بكەم، كاریشم كرد و تا ئێستاش بەردەوامم، ئیتر گەنجی نەما و منیش دڵم بە منداڵەكانی ناو دایەنگە خۆش كردووە. مووچەیەكم هەیە و هەر لە ماڵی براشم ژوورێكم بۆ خۆم بە جیا دروست كردووە، منداڵەكانی براشم زیاتر لە دایكیان منیان خۆش دەوێت و رێزم دەگرن.»
Top