خانمان پێشوازی لەمانگی رەمەزان وبەجێهێنانی ئەركی ئایینی وخێزانییان دەكەن
May 12, 2019
کۆمەڵایەتی
«مانگی رەمەزان لە هەموو مانگەكانی دیكەی ساڵ جیایە و لەم مانگەدا عیبادەت و خواپەرستیی موسڵمانان زیاترە و خۆیان رۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر لە خواردن و خواردنەوە بێبەش دەكەن، ئەوەش كاریگەریی دەروونی و تەندروستییان دەبێت، بەتایبەتی لەسەر ئافرەتان كە ئەركیان زۆر قورستر دەبێت.» ئەوە قسەی دیمەن مەحموود بوو. ئەو خاتوونە وەك توێژەرێكی دەروونی هێما بۆ ئەوە دەكات كە «باری دەروونیی ئافرەتان لەو مانگەدا زۆر هەستیارە، ئەویش بە هۆی سەرقاڵبوونیان بە ئامادەكردنی خوانێكی شیاو جۆراوجۆر بۆ خانەوادەكەیان كە زۆریان ماندوو دەكات.» هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئەندامانی خێزان لەو مانگەدا ئارەزووی جیاوازیان بۆ خواردن هەیە، ئەوەش زیاتر كابانی ماڵەوە ماندوو دەكات. بێگومان ئافرەتانی فەرمانبەر كار و ئەركیان گەلێك قورسترە، چونكە كاری ئیداری و ناوماڵیشیان هەیە و ئەو ماندوویی و برسێتی و تینوویەتییەش كاریگەریی دەروونییان لەسەر دروست دەكات.» گوتیشی: «پێویستە پیاوان نەك هەر لە مانگی رەمەزان، بەڵكوو لە هەموو كاتێكدا رێزی ماندووبوونی كابانی ماڵەوە بگرن، تەنیا ئەو رێزگرتنەش بەسە بۆ ئەوەی هەست بە هیلاكی نەكات.»
ئافرەتان تایبەتمەندیی جەستەیی خۆیان هەیە، بۆیە تەنانەت پزیشكان و مامۆستایانی ئایینی ئامۆژگارییان دەكەن كە بۆ نموونە: لە كاتی سووڕی مانگانە و سەرەتای دووگیانی كە تووشی دڵهەڵچوون و رشانەوە دەبن، یان لەكاتی شیردان كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوی شیری دایك بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، بەڕۆژوو نەبن و دەتوانن لە كاتێكی دیكەدا رۆژووەكەیان قەرەبوو بكەنەوە. یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی خۆیانەوە بڕیاری بەڕۆژووبوون وەربگرن.
زارا فەرهاد كە دەرچووی بەشی دەرمانسازییە، سەرەتا هاتنی مانگی رەمەزان لە هەموو موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی كوردستان بەتایبەتی پیرۆز دەكات، هاوكات دەڵێت: «رۆژووگرتن جگە لەوەی ئەركێكی ئایینییە، هاوكات رێنماییەكی تەندروستییە بۆ پشوودان بە گەدە و ریخۆڵەكان، بە مەرجێك لەكاتی بەربانگ و پارشێوان زێدەڕۆیی لە خورادن و خوردنەوەكان نەكرێت.» پێشنیاری ئەوەش دەكات: «پێویستە رۆژووشكاندن بە ئاوێكی كەم و چەند دەنكە خورما بكرێتەوە و دوای نوێژكردن ژەمە سەرەكییەكەت بخۆن، ئەویش خواردنێكی قورس و چەور و سووركراوە و تیژ نەبێت و بە هێورییش خواردنەكەت بخۆن. پاشان تاكو نووستن هەوڵ بدەن میوە و شلەی زۆر بخۆن، لە كاتی پارشێویش خواردنی قورس و چەور مەخۆن، بڕێكی زۆر شلە و سەوزە و میوە بخۆن، بۆ ئەوەی ریخۆڵەكان ئەزیەت نەبن و پێویستە ئاوێكی زۆریش بخۆنەوە.»
سنۆبەر لوقمان ئافرەتی ماڵەوەیە و وەك خۆی باسیكرد دایكی پێنج منداڵە، ئەو خاتوونە لە بارەی كاروباری ئافرەتان لە مانگی رەمەزاندا دەڵێت: «لە مانگی پیرۆزی رەمەزان ئافرەتان ئەركیان گەلێك زیاتر دەبێت، چونكە جگە لەوەی بەڕۆژوو دەبن، ئەركی روژانەی ماڵەوەشیان گرانتر و زیاتر دەبێت، چەندین جۆر خۆراك ئامادە دەكەن. لێرەشدا باوك و مێرد و برا و كوڕی ئافرەت پێویستە بە روویەكی خۆش و بە رەفتاری جوان مامەڵەی لەگەڵ بكەن، بە شێوەیەك لانیكەم دەستخۆشیی لێ بكەن و ناوبەناو هاوكاریی بكەن لە ئامادەكردنی خۆراك و رازاندنەوەی خوان، چونكە ئەو هاوكارییانە دەبێتە هۆی حەسانەوەی و لە كۆتاییدا كۆی خێزانەكە دڵخۆش دەبن.»
نەزیرە ئەحمەد فەرمانبەرە و یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتەی كە رایانوایە پیاوان لە مانگی رەمەزاندا رەچاوی ماندووبوونی خانمان ناكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە مانگی رەمەزان ئافرەتان زیاتر هیلاك دەبن، بەتایبەتی ئافرەتی كارمەند، كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی هیلاك و بەڕۆژووە، یەكسەر جلی كاركردن و مەتبەخ لەبەر دەكات، چونكە ئافرەتی كارمەند ئەو كاتەی هەیەتی، بەشی ئیسراحەت و پاڵدانەوە ناكات، دەبێت كە لە كارەكەی گەڕاوە بۆ ماڵەوە، بەپەلە خوانێك بە ئارەزووی تاكەكانی خێزانەكەی ئامادە بكات، بۆیشی نییە باسی ماندووبوون و شەكەتیی خۆی بكات، دوای خواردنیش ئەمجارە نۆرەی خاوێنكردنەوەی مەتبەخ و قاپشووشتن دێت، دوای ئەوە شیرینی و میوە دێنێتە بەردەست ئەندامانی خێزان، سەڕای ئەوەی لە شەوانی رەمەزان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو خێزانەكان زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەی و تێكڕای ئەندامەكانی خێزان هەست بەوە ناكەن كە ژنەكەش وەكو ئەوان بەڕۆژووە، هێشتا لە كارەكانی بەربانگكردنیش نەبۆتەوە، سفرە رازاندنەوەی پارشێو دەست پێدەكات. كەچی هاوسەرەكەی یان دەخەوێت، یان كاتەكانی بە خوێندنی قوڕئان، یان سەیركردنی تەلەفزیۆن بەسەر دەبات، منداڵەكانیش هەر یەكەو سەرقاڵی مومارەسەكردنی ئارەزووەكانیان دەبن».
رازیە حوسێن قوتابیی زانكۆیە و سەبارەت بە هاوكاریی خێزانی بەگشتی و لە مانگی رەمەزاندا بەتایبەتی دەڵێت: «ئەگەر پیاوان هاوكاریی ئافرەتی ماڵەوە ناكەن، ئەوە بە هۆی نەریتێكی كۆنە كە وای لە پیاو كردووە، ئافرەت تەنیا وەك چێشتلێنەر و بەخێوكەری منداڵ ببینن، بەڵام بەپێی دین و یاسا و نەریتە شیاوەكانی مرۆڤایەتی پێویستە كاری ناوماڵ لە نێوان ئافرەت و پیاو دابەش بكرێت، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان كە ئافرەتان بەڕۆژوو دەبن و كارەكانی ناوماڵیشیان چەند بەرامبەر دەبێت.»
رۆژگار موحسین وەك چالاكی مەدەنی و سەرۆكی رێكخراوی رۆژگاری كورد بۆ هاوكاریی مرۆیی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «مانگی رەمەزان پیرۆزترین مانگی ساڵە و پێویستە لە هەموو پەیامەكانی ئەو مانگە تێبگەین.» هێما بۆ ئەوەش دەكات كە مانگی رەمەزان جگە لە عیبادەت و بەرۆژووبوون، هەڵگری پەیامی رێزگرتن لە یەكتر و هاوكاریكردنی خەڵكی هەژار و كاری خێرخوازییە.» سەبارەت بە ئەركی خانمانیش لەو مانگەدا گوتی: «مانگی رەمەزان زۆر تایبەتە و ئەوەی زیاتر جیای دەکاتەوە لە مانگەکانی دیكە، ئامادەكردنی جۆرەها خواردنە لەسەر سفرە کە هەموو خانەوادە و تەنانەت خزمان و دۆستان کۆدەکاتەوە، لەو مانگەشدا ئەركەكان لەسەر ئافرەت قورستر دەبێت، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن، هەوڵدەدەن لە نێوان کاری دەرەوەو ماڵەوە هاوسەنگی دروست بکەن، بەوەش زۆر زیاتر لە خانمانی كابانی ماڵەوە هەست بە ماندووبون دەکەن، لە رەمەزانیش دەبێت بۆ موراعاتکردنی دڵی ئەندامانی خێزانەکەیان رۆژانە چەندین جۆر خواردن دروست بکەن و میوانداری بكەن و كاری ماڵەوەشیان زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە داوا لە هاوسەر و باوك و برا و کوڕە بەڕێزەکان دەکەم، ئەوانیش هەوڵ بدەن هاوکارییان بکەن و ماندووبوونی جەستەیی و زەختی دەروونییان لە بەرچاو بگرن.»
مامۆستا سەید عەلی قوتابی دكتۆرا و ئیمام و خەتیبی مزگەوتی مەلا ساڵح، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «بە ناوی خوای گەورە. سڵاوات و سەلام بۆ گیانی پێغەمبەر(د.خ)، سەرەتا لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان لە موسڵمانان دەكەم، خوای گەورە رۆژووی هەموو لایەك قبووڵ بكات، ئینشائەڵڵا. ئافرەت هەمیشە لە بەڕێوەبردنی خێزان رۆڵی كارای هەیە، لەم مانگەشدا جیاواز لە مانگەكانی دیكەی ساڵ ئەركی قورستر دەبێت، ئەویش بە خزمەتكردنی ئەندامانی خێزانەكەی و زۆربەی كاتەكانی بۆ خزمەتكردن و دڵخۆشكردنی ئەندامانی خێزانەكەی تەرخان دەكات، لە كاتێكدا ئەویش وەك تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەی بەڕۆژووە و تەنانەت لە ئێستادا زۆربەی خانمان شان بە شانی پیاوان لە دەرەوەی ماڵیش ئەركیان لەسەر شانە و كاردەكەن، بۆیە پێغەمبەری نازدار (د.خ)، كاتێك هەست بەوە دەكات، ئەركی سەرشانی ئافرەت زۆر قورسە عیبادەت و خواپەرستیی ئافرەتان سنووردار دەكات و دەفەرمووێت:(إذا صلت المرأة خمسها وصامت شهرها وحفظت فرجها وأطاعت زوجها قيل لها ادخلي الجنة من أي أبواب الجنة شئت.)، واتا ئافرەت ئەگەر پێنج فەرزە نوێژەكانی كرد، مانگی رەمەزان بەڕۆژوو بوو، خۆی لە گوناح و حەرام پاراست و گوێڕایەڵیی هاوسەرەكەی كرد، ئەوا لە رۆژی دواییدا سەرپشكە لە كام دەرگای بەهەشت بچێتە ژوورەوە.»
ئەو مامۆستا ئایینییە بە پێویستی دەزانێت «هەموومان لە بری ئەوەی عەیب لە خواردنەكان ببینینەوە و هەستی كابانەكەی بریندار بكەین، ماندووبوون و شەنخوونی ئافرەتمان لەبەرچاو بێت و بەشێك لە ئەركەكانی لەگەڵ دابەش بكەین، یان هەر هیچ نەبێ، رۆژانە سوپاسی بكەین و دەستخۆشی لی بكەین.»
سەبارەت بە رۆژووگرتنی منداڵانیش گوتی: «پێداگریی منداڵ بۆ رۆژووگرتن شتێكی ئاساییە، بەڵام بەپێی شەرع منداڵ تا تەمەنی باڵغبوون رۆژووی لەسەر واجب نییە، دەكرێ ئەو منداڵانەی كە سوورن لەسەر رۆژووگرتن و توانای رۆژووگرتنیشیان هەیە، رۆژێك نا، رۆژێك، یان دوو رۆژ جارێك بەڕۆژوو بن.»