کرێکاران سەرمایەو وزەو ھێزی کارن بۆ وڵات پێویستە ڕێز لەماندوو بوونیان بگیرێ . . . ((سندس حسێن ))

کرێکاران سەرمایەو وزەو ھێزی کارن بۆ وڵات پێویستە ڕێز لەماندوو بوونیان بگیرێ  . . . ((سندس حسێن ))
سەرەتا لە ئێستاوە پیرۆزبایی لەسەرجەم کرێکارانی کوردستان دەکەم و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم و لە یەزدان داواکارین ھەمیشە تەندروست باش و سەلامەت بن، بەتایبەت ئەو ئافرەتە سەربەرزانەی بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی ماڵ و منداڵەکانیان ھاتوونەتە مەیدان و بووەنەتە ھاوکاری ھاوسەرەکانیان تا پێکەوە ژیانێکی شایستە دابین بۆ خێزانەکەیان بکەن، خزمەتکارو ھێزێکی مرۆیی گەورەشن بۆ بەرەو پێشچوون و گەشەکردنی ئابووری وڵات. وەک دیارە بەرەو ڕۆژی ١ی ئایار ھەنگاو دەنێین کە بە جەژنی کرێکاران لە جیھاندا ناسراوە، لە کوردستانیش ئەم ڕۆژە کراوەتە پشووی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان و کەرتی گشتیدا، بەڵام لە زۆربەی کەرتە تایبەتەکان بەداخەوە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژانی ئاسایی تێدا بەڕێدەکرێت و ناکرێتە پشوو. کرێکار بەو کەسە ماندوونەناسە دەگوترێت کە ڕۆژانە ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئیشێک بەرامبەر بە بڕێک داھات بۆ دابین کردنی ژیانی ڕۆژانە، جا کارەکەی لە چ بوارێکدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوە کەوتۆتە سەر لێھاتووی و ئەزموون و سەلیقەی تاکەکان، بۆنموونە ھەر لە جوتیار و ئاسنگەر و شۆفێر و قەساب و بیناسازی و ژینگە پارێز و فرۆشیارو ..ھتد، ئەمانە ھەمووی پێویستیان بە ھێز و بازوی کرێکارە بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچونی ژیان. بەداخەوە لەکوردستان ئەم چینە ماندووە تا ئێستا مافەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو ڕێکنەخراوە، لەگەڵ ئەوەی چەندین سەندیکاو ڕێکخراوی داکۆکیکار لەمافی کرێکاران ھەیە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو بەڵێنانە ببەنە سەر کە پێیان دەدەن، بۆ دەستەبەرکردن و پێشێل نەکردنی مافیان، چ لەڕووی نەخواردنی کرێی کارکردنیان بێ یان لەڕووی بیمەی تەندروستی و بوونی مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنی گیانی کرێکاران لە شوێنی کارو رێکخستنی کاتژمێرەکانی کارکردن ودیاری کردنی کرێیەکی گونجاو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر، ھەوڵدان بۆ بەخشینی کار بە کرێکاران بەشێوەیەکی دادپەرورانە لەسەر ئاستی لێھاتوی و شارەزای وەک دەبینرێت جیاوازی زۆر ھەیە. بە داخەوە ڕۆژانە چەندین دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی کرێکاران دەبیستین بەتایبەت ژینگە پارێزەران و کرێکارانی کەرتی تایبەت کە مووچەکانیان لە لایەن خاوەن کارەکانیان وەک خۆی پێ نادرێت، بەرامبەر بە کرێی مانگانەی کارکردنیان مووچەی چەند مانگێکیان دەخورێ و سەرەڕای شکات کردن و بەدواداچوون، دواجار خاوەن کارەکان بێ منەتانە لێی دەرچوون. ئەوەی من زیاتر دەمەوێت تیشک بخەمە سەری بەرز نرخاندنی ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستانە کە بوێرانەو سەربەزانە ھاتونەتە مەیدان و ھاوشانی پیاو ھێز و بازووی خۆیان بۆ خزمەتکردن وەک تاکێکی سوودمەند وزەی خۆیان خستۆتەگەڕ، بۆ بوژاندنەوەو بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگە چ لەکەرتی گشتی بێت یان کەرتی تایبەت، ئەویش بەھۆی ئەو کرانەوە ئابووریەی کوردستان بە خۆیەوە بینیویەتی بەتایبەت لە شارە گەورەکان، ئومێدەوارم ئەم چینەی کۆمەڵگا زیاتر ڕێزی لێ بگێرێت و لەلایەن حکومەتەوە ئاوڕی زیاتریان لێ بدرێتەوە و ھەوڵبدرێت کرێکارانیش پاش چەندین ساڵی کارکردنیان و یان لەکاتی پەککەوتەبونیان بەھۆی کارەکانیانەوە یان مردنیان لەکاتی کارکردن، مووچەی خانەنشینی و شەھیدان بیانگرێتەوە ..
Top