كۆنفرانسی پرسی ئافرەت لەمیدیای كوردیدا
April 28, 2019
کۆمەڵایەتی
د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە بەشێكی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك رێكخراوێكی داكۆكیكار لە مافی ئافرەت، هەوڵ دەدات لە هەر بوارێكدا كاریگەری هەبێت لەسەر پێشكەوتن و كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگە رۆڵی جدی هەبێت، لەم نێوەندەشدا راگەیاندن نەك تەنیا وەك ئامرازێكی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و گوزارە كردن لە بیربۆچوون، بەڵكو وەك یەكێك لە هەرە گرنگترین ئامرازە كاریگەرەكان لەسەر كۆمەڵگە و دروستكردنی رای گشتی فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە.
لەم سۆنگەیەوە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە راگەیاندن دەدات و لەرێگەی چەندین ئامراز هەوڵدەدات رای گشتی لەبارەی پرسی ئافرەت هۆشیار بكاتەوە، لەسۆنگەی هەستكردن بەو كەموكوتیانەی كە لە میدیای كوردیدا بەدی دەكرێت، لە چۆنیەتی مامەڵ كردن لەگەڵ پرسی ئافرەت و ئاستی بەشداری كەناڵەكانی راگەیاندن، سەرەڕای پێشكەوتنە بەرچاوەكانی خانمان، سەرەڕای بوونی هەندێك خاڵی ئەرێنی و بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری ئافرەت لە میدیای كوردی بەراورد بەساڵانی پێشتر، بەڵام تائێستا زۆربەی هەرە زۆری بەڕێوەبەری دەزگاكانی راگەیاندن پیاوانن، زۆرجار كەناڵەكانی راگەیاندن سەرەڕای بانگەشەكانیان بۆ دیموكراسی و پێشكەوتن بەرپرسیارانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵ لەگەڵ پرسی ئافرەت ناكەن و بوار نادەن عەقڵ و دنیابینی ئافرەت بەشدارییەكی كارا لە رەوتی بەڕێوەبردنی كەناڵكە بكات، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەم كۆنفڕانسەدا ئامانجی دروستكردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان رێكخراوەكان، بزووتنەوەی ئافرەتان بە تایبەتی و دەزگاكانی راگەیاندن بە گشتی، بۆ داڕشتنی گوتارێكی هاوسەنگ بۆ پشتیوانی پرسی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا.
هەر لەم كۆنفڕانسەدا ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمجۆرە پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەری كوردی ئاراستەی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران دەكات:
بە بۆنەی ٢٢ی نیسان، ١٢١مین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی، بە ناوی دەستەی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و بە تایبەتیش ڕۆژنامەنووسانی ڕێكخراوەكان دەكەین. هیوادارین ئەم یادە، هاندەری زیاتری سەرجەم میدیاكار و ڕۆژنامە نووسان بێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر و داكۆكی كردن لە ماف و ئازادیەكان و لە پیرۆزی كاری ڕۆژنامەگەری و پاراستنی بەها بەرزەكانی پیشەی ڕۆژنامە نووسیی.
ئاشكرایە كە ڕۆل و بەشداری ڕێكخراو و یەكێتییەكان لە بزاڤی ڕۆژنامەگەری كوردیدا، لە ئاستێكی باڵا بووە و بەشدار بوویەكی كارای بەرەو پێشبردنی بزاڤی ڕۆژنامەگەری كوردستان بوونە و هەردەم ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەكان مینبەری داكۆكیكردن بوونە لە پرسە گشتیەكان و پرسە تایبەتەكانی توێژ و كەرتە جیاجیاكان.
هەرلەم بۆنەیە، دەستخۆشی لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەكەین، كە لە یادی ڕۆژنامەگەری كوردی، ئەم چالاكیە جیاوازەیان ڕێكخستووە بۆ یادكردنەوەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی و بەتایبەتیش قسەكردن لەسەر پرسەكانی پەیوەندار بە ئافرەتان لەناو میدیای كوردستاندا، كە پرسێكی گرنگ و مژاڕێكە، پێویستی بە ڕامان و بەدواداچوونی زانستیانە هەیە.
ئێمە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، تەنها وەك ڕێكخراوێكی سنووردار، تایبەت بە توێژێكی دیاریكراوی ناو حزبێكی سیاسی نابینین و هەژماری ناكەین.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان یەكەم ڕێكخراو و پێشەنگی كاری ڕێكخراوەیی ئافرەتانە، لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا. هەم دێرینی خەباتی و هەم جۆر و چۆنیەتی كاركردنی، بەردەوام ئەم پەیامانەی گەیاندووە كە داكۆكیكاری پرسی ئازادی و یەكسانی و دادخوازی هەموو ئافرەتانی كوردستانە بێ جیاوازی و ئەم راستیەشی بەراستگۆیی، بەكردار سەلماندووە و ئومێدمان وایە بەردەوام بێـت.
بەڵام ڕەزامەندی بەو مانایە نایەت كە ئیتر جۆڕێك لە لەخۆبایی بوون یان ڕاوەستان و گۆشەگیری بە كارەكانی ئەم ڕێكخراوە لە خزمەتی ئافرەتان دیاربێت، بەڵكو ئێستا، ئەم سەردەمە تازە و دەرهاویشتە تازەكانی، لەسەر هەموو ئاستە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسیەكاندا، وا دەخوازێت كە یەكێتی ئافرەتان و دەزگاكانی، چالاكەكانی، ڕێكخراوەكانی تری ئافرەتان، تەنانەت ئەو ئافرەتانەش كە ئینتیمای ڕێكخراوەیی و سیاسیان نیە، لەگەڵ یەكتری هاوكاربن، هەماهەنگ بن، ئەم كێشە و پرس و دەرهاویشتە تازانە شیبكەنەوە و لە دیدگای جۆرا و جۆرەوە كاردانەوەكانی لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر خێزان و ئافرەتان بزانن.
بەشێوەیەكی تایبەت دەمانەوێت لە دوو پرسدا زیاتر چالاك بن لە كاری هۆشیاری ئافرەتان بە گشتی لە میدیای دیجیتاڵ و كۆمەڵایەتی، هەروەها بایەخدانی زیاتر بە هۆشیاری تەندروستی، نەوەك تەنها هۆشیاری سەبارەت بە نەخۆشیە باوەكانی ئافرەتان، بەڵكو ئەو كاریگەریە تەندروستیانەی كە زۆرجار لە بێ زانیاری و نەزانینی هۆشیاری پێویستی تەندروستی و لێكدانەوەی زیانە دوور مەوداكانی هەندێ كەرەسە و بابەتی تر كە لەسەر تەندروستی ئافرەت دروستی دەكەن و بوونی میدیا بە ئامرازێك (بە بێ چاودێری دەزگا فەرمیە تەندروستیەكان) بۆ كردنە كاڵای ئافرەت و دەستكەوتنی زۆرترین قازانج لەسەر حیسابی تەندروستی ئافرەت، كارێكی جدی و هەرە گرنگتانە، كە دلێرانە هەڵوێستتان وەك تاك وەك ئافرەت وەك بەشە كاریگەرەكی كۆمەڵەگە بیكەن و جێبەجێی بكەن.
ئێمەش وەكو پارتی دێموكراتی كوردستان، وەك حزبە گەورەكەی كە قەناعەتەكانمان كردارەكانمانن، بە ڕێبەریی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، لەو بڕوایانەی كە لەسەری ڕاهێنراوین، لە ئازادی، لە مافی تاك، لە فرەیی و پێكەوەژیان، لە دیموكراتی و لێبووردەیی، لە قبوڵكردنی بەرامبەر و كرانەوە، لە دژ بوون لەگەڵ توندڕەوی و گۆشە گیری، لە پیادەكردنی مافەكانی ئافرەت، لە بڕوامان بە ڕۆڵبینینی ئافرەتان و كردنەوەی هەموو بوار و دەرگاكان لە بەردەمیان، لە پێناوی شكۆ و بەرزی كوردستان و میللەتەكەمان، لە پێناوی كوردستانێكی بەهێز، لەسەری بەردەوام دەبین و پشتگیری ئێوە، هاوكاربوون لەگەڵ ئێوە، بەرگریكردن لە مافەكانتان، بە ئەركە لە پێشینەكانمان دەزانین و لەسەری بەردەوام دەبین.
هیواش دەخوازین ئەم بەرنامەی ئەمڕۆتان، هەنگاوی كرداری لەگەڵ بێت و بیروڕا و بۆچونەكانی مامۆستایان بكڕێتە ئەو سیاسەت و ڕێنمایەی لە خزمەت ئافرەتان بەكاری بهێنن.