سیستمی خوێندنی ئینگلیزی لەقوتابخانە حكوومییەكان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت

سیستمی خوێندنی ئینگلیزی لەقوتابخانە حكوومییەكان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
ماوەی چوار ساڵە سیستەمی خوێندنی ئینگلیزی لە زۆربەی قوتابخانە حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم پەیڕەو دەكرێت، سەرەتا لە سنووری شاری هەولێر 100 قوتابخانە وەكو نموونە تێستی لەسەر كرا، ئێستاش قۆناغ بە قۆناغ ساڵانە چەند قوتابخانەیەك دەكرێتە هەمان سیستەم، ئەگەرچی ئەم سیستمە بە بۆچوونی وەزارەتی پەروەردە لە تێستكردندا سەركەوتوو بووە، بەڵام لە هەندێك قوتابخانە بەهۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ و تایبەتمەند شكستی هێناوە. تەنانەت لە هەندێك لەو قوتابخانانە ئەو سیستمە هەڵپەسێردراوە، مامۆستایەكی زانكۆش رایوایە ئەگەرچی زمانی ئینگلیزی زمانی زانستە و سەرچاوەی زۆرە، بەڵام لە پاڵ ئەودا پێویستە بەهایەكی تەواو بدرێتە زمانی كوردی و كۆمەڵێك وانەی دیكە بە زمانی كوردی بخوێندرێن، مامۆستایەكی قۆناغی بنەڕەتیش بەپێویستی دەزانێت منداڵی كورد نەبێت بە ئامێر و تاقیكردنەوەی لەسەر بكرێت.

«ئەم سیستەمە ئینگلیزییە لە قوتابخانەی حكوومی زۆر باشە بۆ هەژاران و هیوادارم حكومەت هاوكاریی زیاتریان بكات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر ئەم سیستەمە و منداڵەكانی ئێمەش وەك منداڵی دەوڵەمەندەكان فێری ئینگلیزی بن.»
ئەوە قسەی تریسكە سەلام بوو. وەك خۆی باسیكرد دایكی دوو قوتابییە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە :منداڵی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت زۆرینەیان لە قوتابخانە حكوومیەكان دەخوێنن و ناتوانن بڕۆنە قوتابخانەی ئەهلی، بۆیە سیستمی ئینگلیزی لە قوتابخانەی حكوومی سوودی زۆری هەیە.» گوتیشی: «دوو منداڵم قوتابین و ئەگەرچی من زۆر لەگەڵیان ماندووم، بەڵام تا ئاستێكی باش سوودیان لەم سیستەمە وەرگرتووە.»
روان نازم دایكێكی دیكەیە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كچەكەم لە قوتابخانەی ئینگلیزی بوو، پۆلی یەكی زۆر بە زەحمەت بڕی، چونكە مامۆستاكانیان لە ئاستی فێركردنیان نەبوون، كە بووە پۆلی دوو بە ناچاری گواستمەوە قوتابخانەیەكی كوردی، بەداخەوە لە كوردستان سیستەمی باش هاوردە دەكرێت، بێ ئەوەی پێشتر زەمینەسازی بۆ كرابێت و ژینگەیەكی لەبار بۆ ئەو سیستەمە رەخسابێت، واتا پەیڕە و پڕۆگرامی پێشكەوتوو دێننە كوردستان و بێئاگان لەوەی ئێمە هێشتا نەگەیشتووینە ئەو ئاستە، یان راهێنەرەكان لەو ئاستەدا نین.»
بەهزاد تاهیر، مامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات: «تایبەتمەندیی سیستەمی پەروەردەیی كارامە لە هەر وڵاتێك بریتییە لە بەكارهێنانی پڕۆگرام و بەرنامەیەكی ستراتیژی وەكو پرۆسەیەكی بەردەوام و بە لەبەرچاوگرتنی واقیع و بارودۆخ و هەلومەرجی كۆمەڵایەتی، هەروەها بەكارهێنانی رێگا و تەكنیكی كارامە بۆ گەیشتن بە ئایندەیەكی باشتر. لەو جۆرە بەرنامەڕێژییەدا پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەوانەی كە دەتوانن رۆڵی كاریگەریان هەبێت لە داڕشتنی بەرنامەكە، دەبێ بەشدار بن بۆ دۆزینەوەی كەموكورتییەكان و گونجاندن و چاكتركردنی ئەو سیستەمە پەروەردەییەی كە بۆ ئەو كۆمەڵگەیە دادەڕێژدرێت.» هاوكات دەڵێت: «ئەو سیستەمەی كە ئێستا لە قوتابخانە حكوومییە نموونەیییەكان دەخوێندرێت و جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر بێت و راوێژی تەواوی بۆ كرابێت و كۆمەڵێ پێداچوونەوە و گۆڕانكاری تێدا بكرێت بە گوێرەی كولتوور و دابونەریتی كوردەواری ئەوا بە رای من شتێكی باشە و سوودی زۆری دەبێت، چونكە خوێندنی وانە سەرەكییەكانی وەكو بیركاری و زانست بە زمانی ئینگلیزی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی قوتابیان و زانستخوازانی ئێمە هەردەم لەگەڵ پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژی بن و بێئاگا نەبن لەوەی كە لە جیهانی زانستی ئەمڕۆدا دەگوزەرێت، بەتایبەتی ئێمەی كورد كە گەلێكی ژێردەست بووین و تاكو ئێستاش نەبووینەتە خاوەنی كتێبخانەیەكی تەواو نەك لە بوارە زانستییەكان، بگرە تاكو ئێستا خاوەنی زمانێكی یەكگرتووش نین. تا ئەو كاتەی كە ببین بە خاوەنی كتێبخانەیەكی تا راددەیەك گونجاو بۆ لایەنی پەروەردەیی منداڵ ئەوا گونجاوە و دەبێت كە گرنگی بدرێت بە زمانی ئینگلیزی وەكو زمانی زانست لە قوتابخانەكان و ئەمە لە هەموو وڵاتێك هەیە، چونكە زمانی ئینگلیزی بریتییە لە زمانی زانست و سەرچاوەی زۆرە. بەڵام لە پاڵ ئەمەدا دەبێ بەهایەكی تەواو بدرێتە زمانی كوردی و كۆمەڵێك وانەی دیكە بە زمانی كوردی بخوێندرێن. لەم سەردەمەدا زمانی خوێندن و پەروەردە زمانێكی جیهانییە و جیهان بچووك بۆتەوە بە هۆی ئامێرەكانی پەیوەندی و تەكنەلۆژیا، لەم جیهانەدا ئەو كەسە براوەیە و دەتوانێت زۆرترین زانیاری بە دەست بێنێت كە زۆرترین زمان بزانێت. لەو سەردەمەدا قوتابی پێویستی بە مامۆستا نییە ئەگەر زمانێكی بیانی و بە تایبەت ئینگلیزی بزانێت و دەتوانێت بە گەڕانێك لە ئەنتەرنێتدا وەلامی هەر پرسیارێكی دەست بكەوێت. بە نموونە ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بكەین كە زۆر گرنگییان نەداوە بە زمانە بیانییەكان، دەبینین نەیانتوانیوە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی جیهانی دەرەوەی خۆیان بڕۆن و چەند هەنگاوێك لە دواوەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهانن و ئەگەریش لە چەند بوارێكدا باش بن، ئەوا لە زۆر بواری دیكەدا لە دواوەن.»
خەلیل پاڵانی، مامۆستایە لە مەخموور و ئاماژە بەوە دەكات كە «بازنەی یەك كە هەریەكە لە پۆلی یەكەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە، ئەو قۆناغەی خوێندن بناغەیەكە بۆ لێڕاهێنانی منداڵان لە ناسین و نووسین و خوێندنەوەی پیت و دواتریش لێكدانی پیتەكان و دروستكردنی وشە و رستە، بەمەش لەم تەمەنەدا مێشكی منداڵ هەر ئەوەندە وەردەگرێت و ئەویش بە زمانی دایك بخوێنێ. بەئینگلیزیكردنی بیركاری و زانست، زیاتر مێشكی منداڵ ئاڵۆز دەكات، نەك فێری ئینگلیزییەكە نابێ، بەڵكو نووسین و خوێندنی كوردی و تێگەیشتنی لە بیركاری و زانستەكەش لای ئەستەم دەبێ. گۆڕینی سیستەمی پەروەردە لە بارێكەوە بۆ بارێكی تر ئامادەكاری پێویستە، كەلوپەل و شوێن و هۆكارەكانی فێركردن و راهێنانی مامۆستای پێویستە، واتە ناكرێت بە بڕیارێكی خێرا و لە ناكاو لە شەو و رۆژێكدا سیستمێك لابدرێت و یەكێكیتر دابندرێ و ئامادەكاری بۆ نەكرێت . ئەنجامەكانی ئەمساڵی خوێندن بەپێی ئەو سیستمە ئەوەی بەندە تێبینیم كردووە لە قوتابخانەكانی مەخموور، لەبەر نەبوونی ئامادەكاریی پێویست و نەگونجاوی لە پەیڕەوكردنی بەئینگلیزیكردنی بازنەی یەكی قۆناغی خوێندن، ئەنجامەكان مژدەبەخش نین و قوتابیش سوودی لێ نەبینیوە. بۆیە دەكرێت لیژنەیەك پێكبهێندرێت هەڵسەنگاندنێك بكات لە نێو قوتابییەكان و بگرە مامۆستای بابەتەكانیش، ئینجا لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەكان بەدەر دەكەوێت كە گەڕانەوە بۆ سیستمی پێشوو و خوێندنی تەواوی وانەكان لە بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتی بە زمانی دایك زۆر كاریگەرتر و باشتر و گونجاوترە.» گوتیشی: «پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی داهاتوو ئەم سیستمە هەڵبوەشێنێتەوە و بە هەمان سیستمی پێشوو بە زمانی كوردی وانەكان بخوێندرێن و ئەگەر زمانی ئینگلیزیش وەك وانەیەك دانرا، بە شێوەیەك بێت كورت و پوخت بێت و رەچاوی تەمەنی منداڵان بكرێ و وانەیەكی لاوەكی و هەڵبژاردەیی بێت، نەك چەسپاو.»
مامۆستا و توێژەری كۆمەڵایەتی لەتیف حوسێن، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە بڕوای من هەوڵدان بۆ بە نموونەییكردنی قوتابخانەكان، بۆ ئەوەی بتوانرێت باشترین خزمەتگوزاری لە بواری پەروەردە و فێركردن پێشكەش بكرێت لە كوردستان، هەولێكی گرنگە، ئەوەی ئێستا و چەند ساڵێكە هەوڵی بۆ دەدرێت كە هەندێ لە قوتابخانەكان بكرێتە نموونەیی، یان ئینگلیزی و خوێندكاری نموونەیی پێ بگەیەنێت، ئەویش هەوڵێكی گرنگە، بەڵام ئەمە بۆ خۆی جیاكاری لە نێوان قوتابخانەكان و خوێندكارانیشدا دروست دەكات، ئەمە جگە لەوەی سیستمی پەروەردەو فێركردن لە كوردستان بە شێوەیەكی تەواو یارمەتیدەر نەیتوانیوە هاوكار بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستمی بەنموونەییكردن و بەئینگلیزیكردندا خۆی بگونجێنێت و زۆرجار كێشەی دروست كردووە، چونكە تا ئێستا هەوڵی ئەوە هەیە ساڵانە چەند خوێندنگەیەك بكرێتە نموونەیی، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین كە لەگەڵ ئەو هەوڵەدا دەبێت سیستم و ژینگەی قوتابخانەكانیش هاوكار بن بۆ ئەوەی ئەم سیستمە بە تەواوی لەگەڵ سیستمی پەروەردەی وڵاتی ئێمە یەك بگرێتەوە.».
هێمن عومەر، مامۆستایە و رایوایە: «سیستمی بەنموونەییكردن، یان بەئینگلیزیكردنی خوێندن سیستەمێكی زۆر خراپە، چونكە منداڵی كورد لە زمانی دایكی دادەبڕێنێت، جگە لەوەش منداڵەكە نازانێت خۆی فێری وانەكە بكات، كە زمانی ئینگلیزییە.» گوتیشی: «من یەكێكم لەوانەی منداڵی خۆم نەبردووەتە بەر ئەو خوێندنە و دڵنیاشم لەوەی ئەوانەی بردوویانە زەرەریانە. دەكرێت لە زانكۆ یان ئامادەیی بە خواستی قوتابی خوێندن بە تەواوی بگۆڕێت بۆ زمانی دووەم، بەڵام لە قۆناخی بنەڕەتی غەدرێكی گەورەیە. چونكە ئەگەر وا بڕوات دوای چەند ساڵی دیكە نەوەیەك لە كوردستان پێ دەگات كە زمانی كوردی نازانێت، ئەوەش ئەگەر زۆر بێت، داهاتووی میللەت و زمانەكە دەخاتە مەترسیەوە، هیچ میللەتێكیش خۆی وا بە ئاسانی نادۆڕێنێت. زۆرێك لەو دایك و باوكانەی منداڵیان بردووەتە ئەهلی هۆشیارییان لاوازەو تەنیا پارەیان هەیە، ئەوانەشی هۆشیارن ئاگاداری ئەوەم زۆربەیان منداڵەكانیان لە خوێندنی ئینگلیزی دەردەهێناوە. چارەسەری ئەو كێشەیەش لای وەزارەتی پەروەردەیە، كە رێكی بخاتەوە و پێویستە منداڵی كورد نەبێت بە ئامێر و تاقیكردنەوەی لەسەر بكرێت، دەبێت بڕیارەكان زانستی بن و راوێژ بە خەڵكی پسپۆڕ بكرێت».
Top