ئافرەتانی میدیاكاری كورد بوێری و كارامەیی خۆیان سەلماند

ئافرەتانی میدیاكاری كورد  بوێری و كارامەیی خۆیان سەلماند
ئافرەتانی رۆژنامەنووس و میدیاكار جگە لەوەی بە قەڵەم و هزری ژیرانەیان رێگربوون لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی و هەمیشە بەرگریكارێكی بەهێز بوون بۆ قووڵكردنەوەی ئازادی بیروڕاو دیموكراتی و گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان، هاوكات لە شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش-دا پاڵپشتێكی بەهێزی هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمان بوون و لە رووماڵكردنی سەروەری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا رۆڵی بەرچاویان بینی و لەو پێناوەدا قوربانیشیان دا. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان ئەو پرسە زیاتر تاوتوێ دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەرەتا رۆژنامەنووس و میدیاكار نیاز عەبدوڵڵا هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەی كە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی دەگوزەرێ، بەتایبەت بە هۆی هاتنەئارای شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێوەگلاندنی كوردستان لە شەڕێكی نەخوازراو ئەركی میدیاكاران (ژن و پیاو)ی قورستر كردووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كاتێكدا سنوورەكانمان ناوچەی شەڕن لە ئێستادا، بە دڵنیایی ئەو ژنە میدیاكارانەی كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو كاریان دەكرد لە دۆخێكدا كە شەڕی سەربازی تێدا نەبوو، لە ئێستادا مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شێوازە لە رووماڵكردنی شەڕی سەربازی كارێكی قورسترە، لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان سەرباری بوونی شەڕی سەربازی، قەیرانی دارایی كارەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی سەختتر كردووە، بەڵام لە ئەركەكانیان دانەبڕان، ژنانیش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان لە كارەكانیان بەردەوام بوون، خاڵێكی تر كە دەمەوێ تیشكی بخەمەسەر ئەویش ئەوەیە كە بەشێك لەو ململانێ سیاسی و ئابوورییانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیەو تەنانەت دەزگا راگەیاندنەكانیش بەگشتی پێیدا تێپەڕ دەبن، بە دڵنیاییەوە ئەوە كاردانەوەی لەسەر دۆخی كاری رۆژنامەوانیی ژنانیش بووە. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین دەبینین بەشێكی زۆر لە دەزگا راگەیاندنەكان بەسەر ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە دابەشبوون، بۆیە میدیاكاران بە گشتی لەبەردەم كۆمەڵێ بەربەستی كاری رۆژنامەوانین لە كاركردن، بەربەستی دووەم ئەوەیە كە هەلومەرجی كۆی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێ دۆخی نوێی هێناوەتەئاراوە كە كاری رۆژنامەوانی بە گشتی بۆ ژن و پیاوان قورستر كردووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ دان بەوەدا بنێین كە تائێستا دەزگا راگەیاندنە كوردییەكان ئەقڵییەتی پیاوسالارانە بەڕێوەیان دەبات و رێبەرایەتییان دەكات، لەبەرئەوەی چ ئەوەی پێوەندی بە بابەتی سەرمایەدارییەوە هەیە لە دەزگا ئەهلییەكان و چ حزبییەكان زۆربەیان پیاوان رێبەرایەتی دەكەن.» نیاز رایوایە: «بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەركەوتووە كە ژنانی راگەیاندنكاریش چوونەتە ژێرباڵی چەندین ململانێی حزبی و سیاسییەوە، بەڵام ئەگەر بێتو ئەمە بەراورد بكەین دەتوانین بڵێین كاری راگەیاندنكاری بە تێكڕا لە هەرێمی كوردستان كارێكی سەختە، چونكە هێشتا ژینگەی كاری رۆژنامەوانی نەك هەر بۆ ژنان، بەڵكو بۆ پیاوانیش لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە. ئەگەر بڕوانینە ژینگەی كاری رۆژنامەوانی لە بەرەكانی شەڕ چەندین رۆژنامەنووس لە كاتی رووماڵكردن و گواستنەوەی هەواڵەكان بریندار و شەهید بوون، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە دەزگا راگەیاندنەكان میكانیزم و رێكارێك بگرنەبەر كە بتوانن گیانی رۆژنامەنووسەكان بپارێزن و موجازەفە بە رۆژنامەنووسەكان نەكەن، بەداخەوە هەندێك جار بۆ هەواڵێكی ئاسایی گیانی رۆژنامەنووسەكانیان بە ژن و پیاوەوە خستۆتە مەترسی، سەرباری هەموو ئەوانەش ئەوەی ئەمڕۆ ژنانی میدیاكار دەیكەن، كارێكی زۆر گەورەیە و جێگەی بایەخە و شایانی ئەوەیە بە گەورەیی هەڵبەسەنگێندرێت، چ ئەوانەی كە لە بەرەكانی شەڕن، چ ئەوانەی لە شێوازەكانی رووماڵكردنی هەواڵەكانی ئاسایی ناو شارن، یان ئەوانەی لەناو ستۆدیۆكانن، یاخود ئەوانەی كە نووسەرن و لە بەشی هەواڵن، یان وەكو بەرنامەساز، یان لە هەر شوێنێكی دیكەی ناوەندەكانی بەدواداچوونی رۆژنامەوانی كاردەكەن».
هێرۆ مەولوودی میدیاكاری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵانێكە لە باشووری كوردستان دەژی و لە بواری پەیامنێری و پێشكەشكاری و دوبلاژ كاری كردووەو تا ئێستاش بەردەوامە. وەك خۆی باسیكرد یەكەم كچی پەیامنێری كوردستان بووە كە رووماڵی راستەوخۆی بەرەی شەڕی كردووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «زۆر دوای من كچانی دیكە رووماڵی راستەوخۆی بەرەی شەڕیان كردووە و ئەو ئەركەش بۆ هەر مرۆڤێك ئەركێكی ئاسان نییە، بەڵام بەر لە هەموو شتێك ئەوە رۆڵی دەزگای میدیاییە كە چۆن و لە چ ئاستێكدا دەتوانێ پەیامی خۆی لە روانگەی گەیاندنی زانیاری و گواستنەوەی هەواڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك نیشان بدات. لەم ناوەندەدا رەنگە روخساری میدیاكاری ژن تا رادەیەك وا بكات بینەر و بیسەر بە تامەزرۆیی زیاترەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەكان بكات. ژنی میدیاكاریش دەتوانێ بەپێی پرەنسیپە رۆژنامەوانییەكان هەنگاو بنێ و بەتایبەتی لە كاتی رووماڵی راستەوخۆی بەرەی شەڕ، سەرەڕای بوونی مەترسی، یاخود هەستیار بوونی ناخی خۆی، جۆرێك لە ورە بە كۆمەڵگە و وڵاتپارێزانی بەشداربووی شەڕەكە ببەخشێت، بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا كە هیچ سنوورێكیان بۆ تاوان نییە.» گوتیشی: «جیاكردنەوەی ژن لە پیاوی ناو مەیدانی میدیا و تەنانەت لە بەرەكانی شەڕیش كارێكی شیاو نییە. ناكرێ رۆڵی ژنی میدیكار نەدیدە بگرین، بگرە هەندێ جار لەوانەیە ژنی میدیاكار وردەكاری زیاتریش بخاتەڕوو، هۆشیارتریش بجووڵێتەوە بەتایبەت لە كاتی رووماڵی راستەوخۆ لە بەرەیەكی شەڕ. لە كوردستان لە كاتی شەڕ ژنانی میدیاكار كەم بینران و نەگەیشتنە ژمارەی پەنجەكانی دەستێك، بەڵام ژن دەتوانێ و نیشانیشی دا كە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ پیاوی هاوپیشەی و ئەو متمانەیەشی بە بینەر دا كە دەتوانێ هاوشانی پیاو زانیاری شەڕ بگوازێتەوە.»

رۆژنامەنووس لانە ئامانج سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە زۆربەی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا ئافرەت رۆڵێكی كارا و كاریگەری هەیە لە گشت بوارەكانی بەڕێوەبردن و كاركردندا، بەتایبەت لە بواری راگەیاندن و گواستنەوەی هەواڵەكان، لە كۆمەڵگەی كوردیشدا وەك دەبینین ئافرەت رۆڵێكی كارا دەگێڕێت لە بواری كاری میدیایی و بەشدارییەكی بەرچاوی لەو بوارەدا هەیە.» گوتیشی: «دوای پەلاماردانی كوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ئافرەتی رۆژنامەنووس رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە گواستنەوەی هەواڵەكان و نیشاندانی قارەمانیەتی پێشمەرگەی ورە پۆڵایین و وەك پێشمەرگەیەك شان بەشانی پیاوە رۆژنامەنووسەكان بوێرانە لە گواستنەوی ئازایەتی و نەبەردیی برا پێشمەرگەكانمان بەشدار بوون. وەك بینیمان ئافرەتی رۆژنامەنووس گیانی بەخت كرد و شەهید بوو لەكاتی گواستنەوەی هەواڵ و گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە كاولكارییەكانی داعش، لە ماوەی ساڵانی رابردووش گرنگترین هەواڵەكانی شەڕ لەسەر زاری ئافرەتە رۆژنامەنووسەكان بوو. هەروەها ئافرەت بوو بە پێشمەرگەی خۆبەخش و لە دژی تیرۆریستان جەنگا. لە سەنگەرەكان خوانی ئامادە كرد بۆ پیشمەرگەكان و شان بەشانی مەترسییەكان رۆژیان كردەوە. ئافرەتانی كورد رۆڵە و پیاوەكانی خانەوادەكانیان نارد بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان و پشتگیریان بوون. واتا دەتوانین بڵێین ئافرەتانی كوردستان لە گشت بوارەكان رۆڵێكی كاراو جوامێرانەیان گێڕاوە بۆ بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان، هەروەها پێویستە ئاوڕێكی جددی لەو ئافرەتە رۆژنامەنووسانە بدرێتەوە كە ئامادەن سەرەڕای بارقورسییەكانی ژیانیان، گیانی خۆیان بخەنە مەترسی و خزمەت بە پێشمەرگە و وڵاتی خۆیان بكەن.»

هەندرێن ئەحمەد سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سەرەتا
سەبارەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەپێی ململانێ سیاسییەكانی رۆژ لە هەرێمی كوردستان رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە بەرزی و نزمیدایە و بازنەكەی گەورە و بچووك دەبێتەوە، بەڵام بەگشتی بەپێی راپۆرتەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان رەوشەكە جۆرێك لە دامەزراوەیی وەرگرتووە، جۆرێك لە پانتایی ئازادییەكان وەكو خۆیان ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ململانێ سیاسییەكان رێگری لە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن و جیاكاری لەنێوان دەزگاكان و جۆرێك لە ناڕێكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیدا هەیە».

سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسان ئاشكرای دەكات كە «بەپێی داتاكانی سەندیكا، نزیكەی 7000 ئەندامیان هەیە، بەڵام 2500یان ئەندامی راستەقینەن». دەشڵێت: «ئەوەی پێوەندیی بەژیان و گوزەرانی رۆژنامەنووسان هەیە پێویستە گرێبەستی شایستەو ستاندارد هەبێت، پێویستە بیمە و تەندروستی و مۆڵەتی ساڵانە لە گرێبەستێكدا لەنێوان رۆژنامەنووسان و دەزگاكانیان بكرێت كە لانیكەمی ژیانی رۆژنامەنووس دابین بكات، بەڵام تا ئێستا نە رۆژنامەنووسان و نەدەزگاكانیش ئەمە ناكەن و پێشمان وایە دەزگاكان تا رادەیەك كەمتەرخەمن، یان دەیانەوێت لەگرێبەستكردن و باشتركردنی رەوشی ژیانی رۆژنامەنووسان خۆیان بدزنەوە».

هەندرێن ئەحمەد لەدرێژەی قسەكانیدا باسی جیاوازیی رەوشی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی عێراق دەكات و دەڵێت: «هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق جیاوازە، یەكەم ئێمە یاسایەكی تایبەت بەخۆمان هەیە بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامەنووسی، بەڵام هێشتا لە بەغدا بەیاساكانی حزبی بەعس كاردەكرێت، راستە هەندێك رێنمایی دەرچوون، بەڵام هێشتا وەكو پێویست نین، هەروەها لە بەغدا راستە دادگایەكی تایبەت بە رۆژنامەنووسی و كەیسەكانی هەیە، بەڵام هێشتا وەكو پێویست كارناكات. لە عێراق رۆژنامەنووسی زیاتر دەكوژرێن، پێشێلكارییەكان زیاترە. لە هەرێمی كوردستان راستە رووماڵكردن بۆ چەند كەناڵێكی دیاریكراو نییە، بەڵام لە عێراق بەپێچەوانەیە تەنیا رووماڵكردن بۆ چەند كەناڵێكی كەم هەیە، ئەوەش جیاكارییە.» دەشڵێت: «حزب لە كوردستاندا هەموو شتێكی بەدەستەوەیە، ململانێیەكانیشیان، لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە ئاڕاستە دەكرێن و بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندنیان بۆ ئەو مەبەستە دروستكردووە، سەرباری ئەوەش رۆژنامەنووسی نەبووەتە پیشەیەك، رۆژنامەنووسەكانیش لەناو دەزگاكانیاندا وەكو كەسی حزبی مامەڵە دەكەن و شت دەنووسن و لێدوان دەدەن، ئەمەش خراپە».
Top