میللەت مەهدی خەلیل : كاتێك سەرۆكێك كە گلێنەی چاو و ترپەی دڵی گەلەكەیەتی لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگدا بێت و خۆی بخاتە مەترسییەوە لە پێناوی میللەتەكەی، گەنج دەبێت شەرم بكات لە ماڵەوە دابنیشێت
March 25, 2017
کۆمەڵایەتی
گەنجانی كوردستان پێویستە خۆیان بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان ئامادە بكەن، نەك خاك و نیشتمانی خۆیان بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتانی بیانی بگۆڕنەوە
وەك خۆبەخشێك بەشداریم لە زۆر داستانی گەورە كردووە، لەوانە: لە میحوەرەكانی تلسقۆف، ناوەران، باشیك، خازر و جیا زەرتك، لەلایەن زۆربەی فەرماندەكانیش دەستخۆشیم ئاراستەكراوە
كاتێك ئافرەتی كوردم لە ریزەكانی پێشمەرگەدا دەبینی، جگە لەوەی هەستم بە سەربەرزی دەكرد، شەرمم لەوەش دەكرد كە خۆم لە شەڕەكە بدزمەوە، یان بەشداری نەكەم
گوڵان – كۆمەڵایەتی
پێشمەرگە نەبەردو چاونەترسەكان بەفیداكاری و گیانبازی و قوربانیدان، توانییان هێزەكانی دەوڵەتێكی تیرۆریست و سەرەڕۆی وەك داعش لەسەر خاكی كوردستان رابماڵن. سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو تێكشكاندنی تیرۆریستان و پابەندبوون بە بەهاكانی مرۆڤایەتی و بەچۆكدانەهاتن لەبەرامبەر ستەمكاری و پووچەڵكردنەوەی خەونی چاوچنۆكان بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان، ناو و توانای پێشمەرگەی لەئاستی جیهانیدا خۆشەویست و بەرجەستە كرد، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەش كە خۆبەخشانە بوونە یاوەری پێشمەرگە لە نەبەرد و جەنگەكانی دژ بە داعشدا، كەم نین كە بە درێژایی پتر لە هەزار كیلۆمەتر بە حیماسەوە رووبەڕووی ئەو هێزە دڕندەیە بوونەوە. یەكێك لەو گەنجە خۆبەخشانەش باسی ژیانی خۆی بۆ گوڵان دەكات.
میللەت مەهدی خەلیل، ساڵی١٩٩٠ لە شارەدێی دارەتووی سەربە بەردەڕەش لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر لەدایك بووە، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی بەشی روپێوانەو لە بەڕێوبەرایەتی كارەبای بەردەڕەش دەوام دەكات. وەك خۆی باسیكرد، سەرەڕای ئەوەش كە فەرمانبەرە، بەڵام لە هەموو رۆژانێك كە دەوامی نەبووە، چووەتە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ئەو رایوایە "پاراستنی خاكی نیشتمان ئەركی سەرشانی تاك بە تاكی هاووڵاتییانە بەهەر دوو رەگەزەوە"، هێما بۆ ئەوەش دەكات كە راستە زۆربەی زۆری پێشمەرگەكانی كورد پیاون، بەڵام ژمارەی ئافرەتانی پێشمەرگەش كەم نییە، كە جگە لەوەی بەشداری لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەن، هاوكات لە ماڵەوە پاراستنی ماڵ و منداڵیان لەئەستۆ گرتووە." هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەسەرهەڵدانی مێژووی كوردەوە ئافرەتانی كورد سمبولی ئاشتی و ئارامی و ئازایەتی بوون و لە زیندان و سەنگەر و رێكخستنەكاندا كۆڵەكەیەكی خەبات و تێكۆشان بوون، منيش كاتێك ئافرەتی كوردم لە ریزەكانی پێشمەرگەدا دەبینی، جگە لەوەی هەستم بە سەربەرزی دەكرد، شەرمم لەوەش دەكرد كە خۆم لە شەڕەكە بدزمەوە، یان بەشداری نەكەم."
دڕندەیی داعشییەكان وایكرد سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاریان دا پێشمەرگە لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و تیرۆریستانی چاوچنۆك لە سەر خاكی كوردان رابماڵن. هاوكات لەگەڵ ئەو فەرمانە مێژووییەدا، پیاوان و ئافرەتانی كوردستان لە هەر رێگەیەكەوە كە بۆیان لوا بێ، چ بە خوێنبەخشین و چ بە پشتیوانی و گەیاندنی هاوكاری بە بەرەكانی شەڕ و داڵدەدانی ئاوارەكان، چ بە ناونووسین و دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان، ورەی زیاتریان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەخشی، هەتا برووسكەئاسا رووبەڕووی هەر هێزێكی داگیركەر و پیلانگێڕ ببنەوە كە بیانەوێ ئاسایش و هێمنی و ئاوەدانی كوردستان تێكبدەن. لەو هەڵمەتانەشدا ئامادەیی و رۆڵی هاووڵاتییانی خۆبەخش ناكرێت لەبەرچاو نەگرین.
میللەت مەهدی كە جیلی دوای راپەڕینە و ساڵیك دوای لەدایكبوونی هەوای كوردستانی ئازادی هەڵمژیوە، گەورەترین ئاواتی دامەزرانی دەوڵەتی كوردستانەو هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە ئێستادا كە خەریكە خەونی شەهیدان و قوربانییانی خەباتی گەلەكەمان لە سەر دەستی سەرۆك بارزانی دێتەدی و دەبین بە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، پێویستە گەنجانی كوردستان لە بری ئەوەی خاك و نیشتمانی خۆیان بەجێبهێڵن، خۆیان بۆ پاراستنی ئامادە بكەن." سەبارەت بە بەشداریكردنیشی لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش وەك هاووڵاتی خۆبەخش دەڵێت: "هەر لە كاتی هاتنی تاریكیپەرستان و هێرشی گورگە دڕندەكانی داعش كە وەك عاجوج و باجوجی بیابان و ئەنفالكەرانی بەعسی بۆ سەر كوردستان، من وەك خۆبەخشێك ئارەزووم كردووە شان بەشانی برا پێشمەرگەكان چەك لەشان بكەم و بچمە بەرەكانی جەنگ، بۆ ئەوەی بەرگری لەخاك و وڵات و نیشتمانی خۆم بكەم."
میللەت هێما بۆ ئەوە دەكات كە "سەرۆكی هیچ وڵاتێك لەكاتی جەنگەكاندا راستەوخۆ ناچێتە بەرەكانی شەڕ و زیاتر لە دوورەوە ئیدارەی دەكەن، بەڵام سە رۆكی ئێمە لە ناو بەرەكانی شەڕدا ئیدارەی ئەو جەنگە سەختەی كردووە." هەر لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەوەی زۆر هانیدام بۆ ئەوەی وەك خۆبەخشێك بەشداریی شەڕەكە بكەم، بەشداریكردنەكانی بەڕێز كاك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بووە، لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگدا، بۆیە كاتێك سەرۆكێك كە گلێنەی چاو و ترپەی دڵی گەلەكەیەتی، لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگدا بێت و خۆی بخاتە مەترسییەوە لە پێناوی میللەتەكەی ."
میللەت بەشێكی زۆری ئەو ئینتیما نیشتمانییەی بۆ پاڵپشتییەكانی باوكی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "باوكی ئازیزم هەمیشە پاڵپشت و هاندەرم بووە و هەردەم منی وا پەروەردە كردووە كە بەرگریكردن لە كوردستانی ئازیزمان ئەركی سەرەكیمانە، زۆرجار باوكم پێمی وتووە شەهیدبوون لە رێگای ئازادی و سەربەخۆیی و پاراستنی نیشتمان، گەورەترین بڕوانامەیە لەسەر زەوی، ئەو ئامۆژگارییە وەك چاوی خۆم دەپارێزم و لەسەری دەڕۆم." گوتیشی: "من خۆم بە پەروەردەی رێبازی بارزانی نەمر دەزانم، كە ژیانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان دانا، ئەو سەرۆكەی كە وەك ژەنەڕاڵیك لە كۆماری كوردستانیش رووبەڕووی سوپای داگیركەر بووەوە، كەسێكیش قوتابیی ئەو قوتابخانەیە بێت، حەتمەن پڕ دەبێ لە حەماس و غیرەتی پاراستنی وڵاتەكەی و هیچ شتێ بەخەیاڵیدا نایەت، نە ماڵ، نە سەروەت و سامان، جگە لە فیداكاری بۆ خاكی وڵاتەكەی، منیش وەك خۆبەخشێك بەشداریم لە زۆر داستانی گەورە كردووە، لەوانە: لە میحوەرەكانی تلسقۆف، ناوەران، باشیك، خازر و جیا زەرتك، لەلایەن زۆربەی فەرماندەكانیش دەستخۆشیم ئاراستەكراوە."ئەوەی من كردوومە بۆ پاراستنی شەرەف و نامووسی خۆم و تەواوی كوردستانییان بووە، لە كۆتاییدا جارێكی دیكەش داوادەكەم گەنجانی كوردستان خۆیان بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان ئامادە بكەن، نەك خاك و نیشتمانی خۆیان بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتانی بیانی بگۆڕنەوە."