كاریگەرییە نەرێنییەكانی ناتەبایی باوان لەسەر منداڵ
February 26, 2017
کۆمەڵایەتی
جوان سەلمان مامۆستای زانكۆی سلێمانییە لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی، سەرەتا هێما بۆ وتەیەكی (ئێدلیسۆن ١٩٩٩) دەكات كە دەڵێت: لەمێژە ئەوە سەلمێندراوە كە منداڵ یەكەم شاهیدحاڵی كێشەو شەڕی «باوانە»، هاوكات رەخنە لەوە دەگرێت كە سەبارەت بەم شایەدحاڵە بێتاوانە كەمجار لە میدیاكان، یان گۆڤارەكان باسی ئاریشەكانیان كراوەو زۆربەی جار ئەگەر دەزگایەكیش هەوڵی یارمەتی دابێت، زیاتر یارمەتییەكە بەلای باواندا شكاوەتەوە، تا منداڵەكەی، گومانیشی تێدا نییە كە لە ماوەیەكی كورت، یان درێژدا دەرئەنجامی ئەو كێشانەی دایك و باوك لە رەوشت، یان سایكۆلۆژیی منداڵەكەدا رەنگدانەوەی دەبێت.
جوان سەلمان لەم بابەتەدا زیاتر تیشك دەخاتەسەر كێشەی فیزیكی، واتە لێدانی دایك لەلایەن باوكی منداڵەكە كە ئەوە بە مەترسییەكی گەورەی بۆ باری دەروونی منداڵەكە هەژمار دەكات و دەڵێت: «توێژینەوەكان ئەوەیان سەلماندووە كە ٨٠%ی منداڵان تەنانەت ئەگەر لە نێو جێگەی نووستن و لە خەودا بن، یان ئەگەر یارییش بكەن، ئاگاداری ئەو شەڕانەی دایك و باوكیانن. شەڕی فیزیكییش پێكهاتوە لە شەپازلە، پاڵپێوەنان، شەق تێهەڵدان، هەڵدانی شتومەك، یان لە كاتی زۆر ترسناكدا چەك بەكارهێنان. كە زۆرجار لە دەرئەنجامی ئەو جۆرە شەڕە كەسێك دەكوژرێت. لە هەمووی ئەو كێشانەشدا رۆڵی منداڵ قوربانیبوونە، لەكاتی جیابوونەوەشدا زۆربەی جار لە نێوان دوو ئەگەردان و نازانن كامیان هەڵبژێرن.»
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا دووپاتی كردەوە كە دەرئەنجامی ئەو كارەساتانە «سەدمە و كێشەی پێوندی لەلای منداڵان دروست دەكات، كە لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی دی و لە كێشەیەكەوە بۆ كێشەیەكی دیكە دەگۆڕدرێت. ئەوەشی بە دوو خاڵ دەستنیشان كرد:
یەكەم سۆشیال: واتە ئەو رەوشت و رەفتارە شەڕەنگێزییانەی باوان دەینوێنن، لەلای منداڵەكان دەبێت بە شتێكی سروشتی و بەبەردەوامی ئەو رەوشتانە لەلایەن منداڵەوە لاسایی دەكرێتەوە، تاوەكو دەبێت بە شتێكی خوویی. لەم كاتەدا منداڵ وا هەست دەكات كە ئەنجامدانی ئەو رەوشتە دەبێت وا بێت، بۆ نموونە: كە تووڕە بوویت، دەبێت لە كەسێك بدەیت، یان جنێوی پێبدەیت. یاخود لە كۆمەڵگای ئێمە كە نەریتەكە پیاوسالارییە، پیاو لە بواری فیزیكی خۆی دەنوێنێت، تا ئەم پەیامە بە ژن بگەیەنێت كە پیاو بەهێزترە، بۆیە دەبێت زاڵ بێت بە سەر ژندا.
دووەم شڵەژاندنی پێوەندی: بەهۆی دووبارەبوونەوەی ئەم رەوشت و رەفتارانەوە، پێوەندی منداڵ و باوانی تووشی شڵەژان دەبێت، واتە ترس، ئاسایش، خۆشەویستی و رق، ئەمانە تێكەڵییەك لە زەینی منداڵەكە دروست دەكەن كە دەبێتە هۆی شڵەژاندنی باری دەرونیی منداڵەكە، كە رۆڵی ئاسایشی باوان دەگۆڕدرێت بۆ ترس، كەواتە لێرەدا دایك و باوك ئەو كەسە نین كە پەنایان بۆ بەرن لە كاتی كێشەدا، چونكە هەست بە ئاسایش ناكەن.
سەبارەت بە دەرئەنجامەكانی كێشەی باوانیش لەسەر منداڵ گوتی: «لە قوتابخانە، یان لە دەرەوەی ماڵدا بەبەردەوامی رەوشتی شەڕەنگێزی لە منداڵەكە دەردەكەوێت، تووڕەبوون و لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی بە بەردەوامی دەبیندرێت. لە ماڵەوەش منداڵێكی خەمبار، بە بەردەوامی ترساو دەبێت، خەوی كەم، فۆبیا، خۆتەڕكردن، كەمی تەركیز، كەمی هەست بەخۆ و بێ متمانەیی بە خۆی تووشی دەبێت. بۆیە بە گرنگی دەزانم كە توێژینەوە لەسەر ناكۆیی و شەڕی باوان لەسەر منداڵ ببێت بە دەستپێكێك بۆ دامەزراندنی چەندەها دەزگا كە ببنە رێگەپێشاندەرێك بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لە كۆمەڵگەكەمانداو بە هۆیە كۆمەڵگەیەكی تەندروست بونیاد بنیرێت.»
هاوڕاز شێخ ئەحمەد خۆشناو راوێژكاری ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبواری خوشكان، سەرەتا بە پێویستی دەزانێت پێناسەیەكی خێزان بكات كە بە «پێكهاتە و موئەسەسە و ئارامگەیەك لەنێو كۆمەڵگە» لە قەڵەمی دەدات و دەڵێت: «خێزان دەبێتە هۆی سوكنایی و جێی حەوانەوەی تاك، دوو هاوسەریش لەسەر ئەساسی مەحەبەت و رێز لەیەك گرتن، ئەم پرۆسەیە پێكدەهێنن. تاكی ناو خێزانیش لەناو ئەم بازنەیە بە پەروەردەی بەهاباڵاكان دەبێ پێبگەیەندرێت و ژیانی بۆ فەراهەم بكرێت، گەورەترین و بەبایەخترین شتیش لەناو خێزاندا لەدوای پێوەندیی خودی هاوسەرەكان، منداڵە كە دیاری و بەخشینی خودایەو ئەمانەتێكە بە هاوسەرەكان رادەسپێردرێ، بێگومان شك لەوەدا نییە كە هاوسەرەكان بەهۆی بەریەككەوتن و پێكەوەژیانیان كۆمەڵێك حاڵەت و گرفت دێتەپێشیان، كە لەوانەیە هەندێ لەو كێشەو گرفتانە دەنگەدەنگی لێبكەوێتەوە، بەڵام هاوسەری تێگەیشتوو و تەندروست دەبێ ژیانی خێزانییان ئامانجدار بێ، تێگەیشتووانە و كامڵانە مامەڵە لەگەڵ رۆژگار و كێشەكان بكەن و بە ئەندازەی توانای خۆیان بەسەریدا زاڵ بن، بەتایبەت ئەو هاوسەرانەی كە خاوەنی منداڵان.» گوتیشی: «كێشەی نێوان هاوسەران و ناتەبایی و لەیەكدی حاڵی نەبوونیان و دەمەقاڵێكردنیان لەپێش چاوی منداڵەكانیان كاریگەری و ئاسەواری خراپی دەروونی دەبێت، لەوانە:
1-ئەم جۆرە رەفتارانە وادەكات كە وێنای كەسایەتیی دایك و باوك لەبەرچاوی منداڵ بشكێت و ئەو وێنایەیان لێ بگیرێت كە ئەوان یەكدی دەشكێنن و رێز لە یەكدی ناگرن.
2-منداڵ كە بێ ئەزموون و ناحاڵییە لەو گرفت و كێشانەی روودەدەن و كە دەشزانێ هیچی لەدەست نایەت، لایەنی دەروونیی پڕ دەبێت و ناڕەحەت دەبێت و هەستی خەتاو خۆتاوانباركردنی بۆ دروست دەبێت كە دەستەوەستانە و هیچ بەو ناكرێت.
3- سروشت و كەسایەتی منداڵ دەخوازێت لەناوخێزانێكی ئارام و ئاسوودە گەشە بكات، خێزان ئەگەر كەش و هەوای نەگونجاو بێ، كاریگەری نەرێنی لەسەر كەسایەتی منداڵ دەبێت. ئەگەر كێشەكەش بە تەڵاق كۆتایی هات، بەداخەوە لەوانەیە داڕمانێكی كەسایەتی لەمنداڵ دروست بكات، لەبارەی خوێندن و لایەنی دەروونی و متمانە بەخۆ نەبوون و هەڵچوون و گوێ لەبەرامبەر نەگرتن و هەندێ جار بەلاڕێداچوونیشی لێ بكەوێتەوە. بۆیە كاتێ دەگوترێ خێزان لانەو هێلانەیە، بێگومان دەبێت ئارامترین شوێنی مرۆڤەكان بێت، پر بێ لە مەحەبەت و لێوانلێو بێت لە لێبووردەیی و یەكتری خوێندنەوە و هاوكاری یەكتری كردن و یەكتری تەواوكردن».
هێمن ساڵح رۆژنامەنووس و توێژەری كۆمەڵایەتییە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ناتەبایی هاوسەران تاچەند كاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی منداڵان دەبێت؟ دەڵێت: «خێزان یەكەم دامەزراوەی كۆمەڵایەتی هەر تاكێكە لە كۆمەڵگە، ئەگەر خێزانەكە خۆی لەسەر بنەمایەكی ناتەباو ناڕێكخراو و دوور لە خۆشەویستی پێكهاتبوو، ئەوە هەر خۆی كاریگەری نەرێنی بۆ سەر هەردوو هاوسەرەكە خۆیان هەیە، ئەوەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر منداڵ و هەموو تاكەكانی ئەو خێزانەدا دەبێ. زۆربەی زانایانی بواری كۆمەڵناسی پێیانوایە كاریگەری خێزان لە پڕۆسەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی لە هەموو دامەزراوەكانی دیكەی كۆمەڵایەتی و ناوەندەكانی خوێندن زیاترە، چونكە بناغەی تاكە لە پڕۆسەكەدا، ئەگەر بناغەكە پتەو بوو، ئەوە تاكەكە خۆی بۆ هەموو دامەزراوەكانی دیكە ئامادە دەكات و بەسەركەوتوویی دەیانبڕێت، بە پێچەوانە ئەگەر ئامادەكراو نەبوو، ئەوە لە دامەزراوەكانی دیكەشدا دەورو رۆڵی نابێت و ناتوانێ وەكو تاكێكی ئامادەكراو سوودیان لێ وەربگرێت، بەوەش كۆی پڕۆسەی دروستبوونی كەسایەتی مرۆڤەكە دەكەوێتە بەر كاریگەری خراپی دامەزراوەی خێزانێكی ناتەبا.» گوتیشی: «زۆربەی زانایانی كۆمەڵناسی پێیانوایە تەمەنی منداڵی تەمەنی دروستبوونی تاكە، بەوەش ئەگەر تاكێك گەورەترین دامەزراوەی كۆمەڵایەتی تەبا نەبوو، بێگومان ئەوەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر كۆی ئاكارو رەفتاری تاكەكە لە پێوەندیە كۆمەڵایەتییەكانی تاوەكو دەگاتە ئاستی مومارەسەی لە كۆی دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا، لەبەر ئەوە گرنگە ئەو دامەزراوەیە خۆی سەرەتا لەسەر بنەمایەكی پتەو بونیاد بنرێت، تاوەكو خێزانێكی تەباو تاكێكی سەركەوتوو بخاتە ناو كۆمەڵگە».
لەلای خۆیەوە دەروونناس كۆسرەت فاروق، سەرەتا هێمای بۆ ئەوە كرد كە حەز و خولیاو جووڵانەوەی منداڵ لە قۆناغی گەشەكردندا شتێكی زۆر گرینگەو لەو تەمەنەدا چەندین شت فێر دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە هەوڵبدرێت كە وا لە منداڵەكە بكرێ، بتوانێت بەسەر شتەكانی دەوروبەریدا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی دووور بێت لە خۆپەرستی و دوورەپەرێزی، بەڵام ئەگەر لەماڵەوە كێشەی خێزانیی هەبێت، ئەو منداڵە خۆی لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی دیكە دەدۆزێتەوە، ئەو هەستە منداڵییانەی نامێنێت، بەردەوام لەگەڵ خۆی لە گفتوگۆ و قسەكردندا دەبێت، بەردەوام ئەو شتانەی دەبینێت، هەوڵدەدات لەدەرەوە لەگەڵ منداڵ و لەگەڵ ناخی خۆی دووبارەی بكاتەوە، كەواتە منداڵێكی نەخۆشی لێدەردەچێت، ئەو منداڵە لە دەروونەوە نەخۆش دەبێت و كەسێكی بلیمەت و بەتوانای لێدەرناچێت، بەڵام ئەو منداڵەی بەردەوام خۆشی و كەیف ببینێت لەماڵەوە و لێبووردەیی ببینێت، ئەویش منداڵێكی دی فێر دەكات، نەرمونیان بێت، واتە منداڵ وەك ئاوێنە وایە، چی ببینێت، ئەوە پیشان دەداتەوە». گوتیشی: «چەند ژینگەیەكی لەبار بۆ منداڵ دابنرێت و پڕ لەخۆشی و شتی منداڵانە بێت، ئەوا ئەوەندە منداڵێكی تەندروست دەبێت و داهاتوویەكی باش چاوەڕێی دەكات . بەپێچەوانەوە ئەگەر دایك و باوك ناتەبا بن و لە خێزاندا توندوتیژی هەبێت، ئەوا ئەم جۆرە مامەڵەیە زۆر هەڵەیەو كاریگەری خراپی لەسەر منداڵان دەبێت لە رووی دەرونی و كۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەت لە كاتی گەورەبونیاندا. هەروەها پزیشكە دەرونییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم شێوازی مامەڵەكردنە تا كاتێكی زۆر لە مێشكی منداڵەكەدا دەمێنێتەوە و رەنگە كێشەی دەروونی بۆ دروست بكات و وادەكات منداڵ متمانەی بە خۆی نەمێنێت. تەنانەت پسپۆڕەكان داوا لە دایك و باوكان دەكەن كە لە بابەتە جۆر بەجۆرەكاندا رای منداڵەكانیان وەرگرن و راوێژیان پێبكەن، تەنانەت ئەگەر بە قسەی منداڵەكەشیان نەكەن، چونكە ئەوە كاریگەری لەسەر منداڵ دەبێت وادەكات متمانەی بە خۆی زیاتر بێت و هەست بكات كە كەسێكە سەنگی خۆی هەیە و گرنگی پێدەدرێت.»