لە رۆژی(ڤاڵانتاین)دا گەنجانی كوردستان خۆشەویستیی خۆیان بۆ پێشمەرگە دەردەبڕن
February 14, 2017
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
رۆژی 14/2ی هەموو ساڵێك كە بە (ڤاڵانتاین) ناسراوە، وەك رۆژی خۆشەویستی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان یادی دەكرێتەوەو لەم رۆژەدا هاوسەران و بەتایبەتی توێژی لاو بەكڕینی دیاری بۆ خوشەویستەكانیان هێمایەك لە عەشق و خۆشەویستیی بێخەوشی خۆیان پێشكەش بە یەكتری دەكەن و پەیمانی وەفاداری هەتاهەتایی بۆ یەكتری نوێ دەكەنەوە، بەڵام لە باشووری كوردستان ئەم رۆژە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئەو خۆشەویستییە سنووری دڵی دوو خۆشەویست دەبەزێنێ و ئەو خۆشەویستییە لەگەڵ خاك و ئاڵا و ناوی پێشمەرگەدا تێكەڵ دەكرێ. ئەوەتا عەلی فەرهاد كە قوتابی قۆناخی شەشی دواناوەندییە دەڵێت: «من بە هۆی خوێندنەوە زۆر سەرقاڵم و خۆشەویستم نییە، بەڵام ئەگەر خۆشەویستیشم بووایە، ئەوا بەر لەوەی گوڵێكی سوور بە خۆشەویستەكەم پێشكەش بكەم، چەپكە گوڵێك بە پێشمەرگەكانی كوردستان پێشكەش دەكەم، كە لە رۆژانی سەختی نیشتماندا، هەموو ئەو خۆشەویستییەی شكیان دەبرد، بە خاك و نیشتمانیان بەخشی و بە گیانی خۆیان كەرامەتی نەتەوەیی و خاكی كوردستانیان پاراست و داعشیان لە ژیانی ئێمە دوور خستەوە. ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئێستا كوردستان و عێراق لە ژێر دەستی دەوڵەتی داگیركەری خەلافەتی داعشیدا دەبوو.»
شەیدا جاف خاتوونێكی میدیاكارەو ئەویش سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «شتێكی قورسە بتوانیت بە چەند وشەیەك ئاستی خۆشەویستیی خۆت بۆ كەسانێك دەرببڕیت، كە ژیانی خۆیان خستووەتە سەردەستیان و مەرگیان خستووەتە پیش ژیانیان بۆ ئەوەی ئێمە بەسەربەرزی بژین. ئێمە ناتوانین قەرزی ئەوانە بدەینەوە كە دەمانپارێزن و ژیانی ئاسوودەمان پێدەبەخشن. پێویستە هەموو گەلی كورد ئەوەی لەبەر چاو بێت، پێشمەرگە لە رابردووەوە هەتا ئێستاش لە چینە هەرە هەژارەكانی كۆمەڵگەی ئێمەن و كەسانێكن كەمترین بەرژەوەندیی ماددییان هەیە، ئەوەی پێشمەرگەكان خۆی بە قوربان دەكەن، ماڵ و سامان نییە، بەڵكوو خۆشەویستیی گەل و خاك و نیشتمانە.» وتیشی: «لە رۆژی خۆشەویستی و ڤاڵانتاین لانیكەم ئەوەمان پێ دەكرێت كە خۆشەویستی خۆمان بۆ برا پێشمەرگەكانمان دووپات بكەینەوەو دەستی ماندوونەبوونیان بگوشین و سڵاوی پڕخۆشەویستییان بۆ بنێرین».
ستار چوچانی، پێشمەرگەو ئەفسەرێكی پلەبەرزەو سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمەی پێشمەرگە دژی تاریكی و لە پێناوی خۆشەویستیدا شەڕدەكەین. بەڵام لەوەتەی شەڕی داعش دەكەین، ئەم رۆژە جیهانییە لە كوردستان جێی گرنگیی تەواو نییە، چونكە هەزاران گەنجی كورد پێشمەرگەن و بەبێ گوێدانە هیچ قەیرانێك و سەختییەكانی ژیان، لە بەرەكانی جەنگدا بەرگری لە خاك و وڵات دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی خۆیەتی گرنگی بە خۆشەویستی و رۆژە جیهانییەكەشی بدرێت، ئێمە بەرگری لە ئاشتی و خۆشەویستی دەكەین و دژی تاریكی و رق و ستەمكاری و داگیركاری و لە پێناوی پاراستنی وڵات شەڕدەكەین». گوتیشی: «هەزاران كوڕ وكچی ئەم وڵاتە، لە پشتی سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە رۆژی ڤاڵانتاین لەیەكتر پیرۆز دەكەن و مانای تەواوی پێ دەدەن، بەبێ هەستكردن بە ترس ودڵەڕاوكێ لەو دوژمنەی كە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی لەلا نییە و خۆشەویستی لای ئەوتیرۆریستانە كوفری گەورەیە. بەڵام جێگەی خۆیەتی ئەمساڵ لە رۆژی جیهانیی خۆشەویستیدا هەمووان ئەو رۆژە بە تەواوی مانا بەرجەستە بكەن و خۆشەویستیی خۆشیان بۆ پێشمەرگە دەرببڕن.»
شێوە محەمەد تەمەنی 21ساڵە و لە كەرتی تایبەت كار دەكات، ئەو سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «لە ڤاڵانتاین، یان رۆژی خۆشەویستیدا ئەوینداران و خۆشەویستان بە بەخشینی گوڵی سوور و سێوی مێخەك رێژ و شیرینی ئەو یادە دەكەنەوە، بەگشتی خۆشەویستی زۆر لەوە گەورەترە كە تەنیا رۆژێكی بۆ دابنێین، پێویستە هەموو رۆژێكمان خۆشەویستی تێدابێت بۆ ئەوەی مانایەكی جوانتر بە ژیان بدات. بەڵام ئێمە دەتوانین بێجگە لەو مانایەی كە پەیوەستە بە خۆشەویستی بۆ رەگەزی بەرامبەر، هاوكات بیكەین بە دەرفەتێك بۆ خۆشەویستیی خاك و ئاڵای نەتەوەكەمان و بۆ خۆشویستنی پێشمەرگە و هەموو ئەو كەسانەی كە بەردەوام لە خەباتدان بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان. ئێمە دەتوانین خۆشەویستیمان بكەین بە پشتگیریكردن لەو ئامانجەی كە پێشمەرگە خەباتی بۆ دەكات و گیانی لەسەر دادەنێت، بەتایبەتی لەم دۆخەكەدا كە سەرۆك بارزانی هەڵگری پەیامی سەربەخۆیی كوردستانە و دەیەوەی نەتەوەكەی لە ژێردەستی و زەلیلی رزگار بكات. هەروەها لەم رۆژەدا پێویستە بەڵێن تازە بكەینەوە بۆ خۆشەویستیمان بەرامبەر بە خاك و نیشتمان و شەهیدەكانمان. ئێمەی كورد دەبێ لە هەر یاد و بۆنەیەكدا خۆشەویستیمان بۆ پێشمەرگە و شەهیدان و خاكەكەمان دووبارە بكەینەوە. لە كۆتاییدا منیش وەك تاكێكی كورد بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو ئاشقانی كوردستان و جیهان دەكەم.»
رێزان حاجی رەشید فەرمانبەرە و ئەویش لە دەستپێكی قسەكانیدا داوا دەكات كە «لە بەرامبەر دڵسۆزی و فیداكاری برا پێشمەرگەكان با رۆژی خۆشەویستی بكەین بە رۆژی سۆز و وەفا بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و رۆحیان شەهیدانمان شاد بكەینەوە». گوتیشی: «رێزگرتن لە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بەرپەرچدانەوەی ئەو خراپەكارییانەیە كە لەم دواییەدا خەڵكانێكی گێرەشێوێن بە ئامانجی تێكدانی ناوماڵی كورد ئەنجامی دەدەن. زۆر پێویستە بۆ هەموو جیهان ئیسپاتی بكەین كە ئێمە خاوەن هەڵوێست و نیشتمان و خاك و پیشمەرگە و قوربانین و هەموومان رۆژی خۆشەویستی دەكەین بە رۆژی وڵاتپارێزی و رۆژی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و پشتیوانی لە بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی ئێمەش بە دەوڵەتی خۆمان شاد ببینەوە.»
لە كۆتایی ئەم راپۆرتەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە لە سەدەی سێیەمی زایینی ئیمپراتۆری رۆمانی كلۆدیۆسی دووەم حوكمڕانی رۆمانییەكانی دەكردو بە هۆی سەرقاڵبوونی بە جەنگەوە، ژنهێنانی لە سەربازەكانی قەدەخە كرد، بۆ ئەوەی بەشداری جەنگەكان بكەن و بە ژنهێنانەوە سەرگەرم نەبن، بەڵام ڤاڵانتاینی قەدیس كە رەبەن بوو، رووبەڕووی بڕیارەكەی ئیمپڕاتۆر بووەوە و بەنهێنی گرێبەستی ژنهێنانی بۆ سەربازەكان ئەنجامدەدا، پاش ئەوەی ئیمپڕاتۆر بەوەی زانی، بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند و لە رۆژی(14/2/270)ی زایینی لەسێدارە درا. دواتر پاپا رۆژی كوژرانی (ڤاڵانتاین)ی كە بانگەوازی بۆ خۆشەویستی و ئاشتی دەكرد بە جەژنی خۆشەویستی لە قەڵەم دا.