منداڵبوون بە رێگەی نەشتەرگەری لە پەرەسەندندایە

منداڵبوون بە رێگەی نەشتەرگەری لە پەرەسەندندایە
بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە چوار ئافرەت یەكێكیان بە نەشتەرگەری و ئەوانی دیكە بە رێگەی سروشتی منداڵیان دەبێت. ئەگەرچی پزیشكان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر شێوازی منداڵبوون هەیە، لەسەر هەندێك لە خاڵە باش و خراپەكانی هەردوو شێوازەكەش كۆكن، بەڵام بەگشتی زانستی پزیشكی جەخت لەوە دەكاتەوە كە منداڵبوون بە رێگەی نەشتەرگەری زیانەكانی لە سوودەكانی زۆرترە، چونكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی چیتر ژنان نەتوانن بە رێگەی سروشتی منداڵیان ببێت، لە كاتێكدا ئافرەتان بەگشتی دەتوانن بەشێوازی سروشتی منداڵیان ببێت، بێجگە لە هەندێك حاڵەتی تایبەت نەبێت، كە تێیدا پزیشكان بڕیاردەدەن بۆ سەلامەتی كۆرپەلە و دایك بەشێوازی نەشتەرگەری منداڵەكە لەدایك ببێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بابەتەكە هەیە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«خواستی هاوسەرەكەم وابوو، لە كاتی منداڵبوون نەشتەرگەری ئەنجام بدەم، خۆمیش لەبەر ئازار دەمویست بە رێگەی نەشتەرگەری بێت، بەڵام كە هاوسەرەكەمیش داوایكرد، بێ دودڵی نەشتەرگەریم بۆ لە دایكبوونی منداڵەكەمان كرد.» ئەوە قسەی باخان كەمال بوو. ئەو خاتوونە وەك خۆی باسیكرد لەو نەشتەرگەرییەی ئەنجامی داوە، پەشیمانەو لەبارەی هۆكارەكەشی دەڵێت: «چونكە لە كوردستان كەرتی تەندروستی و بەتایبەتی بەشی لەدایكبوون لەوپەڕی خراپیدایەو بەشێوەیەكە تەنانەت بەڕێوەبەرەكانیشیان باوەڕیان بە نەخۆشخانەكانی خۆیان و حكومەت نییە، نموونەی ئەوەش گیان لەدەستدانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەولێر بوو، كە تەنانەت لە نەخۆشخانەی تایبەتیش رزگاری نەبوو.»
شیوەن شێرزاد چالاكی بواری كۆمەڵگەی مەدەنییە و وەك خۆی باسیكرد سێ جار نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامدراوەو هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: «ئەگەر ژنێك بە سروشتی منداڵی نەبێت، بێگومان ئەو ژنە كێشەیەكی فیزیكی هەیە، بۆیە ناتوانێ بە سروشتی منداڵ بێنێتەدنیا، بەڵام تاوەكو ئێستا ژنان ئەو پرسیارە ناكەن كە ئایا نەشتەرگەری ئەگەرێكی حەتمییە، یان نا، دكتۆرەكانیش بۆ ناوبانگ و زیاتركردنی ئەزموونەكانیان ژنان دەخەنە ژێر نەشتەرگەری، بەڵگەش ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ژنان لە نەخۆشخانە تایبەتەكان نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێ، نەك لە نەخۆشخانە حكوومییەكان. خۆم یەكەم منداڵم لەدەست دا، پاش ئەوەی نەشتەرگەریم بۆ كرا. دكتۆرێكی شارەزا و پسپۆڕیش جەختی لەوە كردەوە كە منداڵكەم سییەكانی پاك نەكراوەتەوە، بۆیە نەژیاوە، بەڵام بەڵگەی تەواومان نەبوو بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی بگرینەبەر.» گوتیشی: «بەنج كردن و بەنج وەرگرتن هەرخۆی زەرەری زۆرە، هەم بۆ دایك و هەم بۆ منداڵیش، تێكچوونی باری دەروونیی ژن لەكاتی چوونی بۆ ژووری نەشتەرگەری كاریگەرییەكی زۆر خراپ لەسەر خۆی و كۆرپەلەكەی جێدەهێڵێت، هەروەها نەجووڵانەوی پێویست دوای نەشتەرگەری و بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت بۆ پاككردنەوەی برین و ئەستووربوونی سك و پشت ئێشە و هەستكردنی ژن بە كەموكورتی كەوا ناتوانێت وەك ژنانی دیكە بەسروشتی منداڵ بێنێتە دونیا، لە زیانەكانی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانەن، وێڕای ئەوەی كە هاوسەر و ئەندامانی خێزان زۆر نیگەران و ماندوو دەبن، سەرباری ئەوەی خەرجییەكی یەكجار زۆریش دەكەوێتە سەر میزانییەی ماڵ، هەموو ئەوانە ژن بێتاقەت دەكەن، خۆم سێ جار نەشتەرگەریم بۆكراوەو هەر سێ جارەكەش تووشی ئەو حاڵەتانە بووم. دكتۆرەكان پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە نەشتەرگەری یەكەمین جارم هەڵەی دكتۆر بووە، بۆیە هیچ كات ناتوانم بەسروشتی منداڵ بێنمە دنیا، هەروەها بە نەشتەرگەری ئافرەت شانسی ئەوە ی كەم دەكاتەوە كە زیاتر لە سێ منداڵ بێنێتە دنیا. بۆیە پێویستە بەدواداچوونی جددی بكرێت كە ئەم هەموو نەشتەرگەرییە بۆ چییە و دكتۆرەكان بخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵ و نەشتەرگەری زیاتر لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بكرێ، بۆ ئەوەی لە قاڵبی بازرگانی دەربچێت، ئەوكات دكتۆرەكانیش ژنان ناترسێنن بەوەی كە دەبێ و پێویستە نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت.»
د. كەژاڵ حامید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون، سەرەتا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە «منداڵبوونی سروشتی سوودی هەم بۆ دایك و هەم بۆ كۆرپەلە هەیە و منداڵەكە لە كات و ساتی خۆیدا لە دایك دەبێت، بەڵام ئەگەر بە نەشتەرگەری بێت، پێویست دەكات یەك دوو هەفتە پێش كاتی خۆی دەربهێنرێت، ئەوكات ئەگەری ئەوە هەیە، منداڵەكە تووشی ناكامی یان تووشی گرفتی هەناسەدان ببێت بەهۆی باش دروست نەبوونی سییەكانی.» گوتیشی: «لەكاتی منداڵبوونی سروشتی لەشی دایك جۆرە بەكتریایەك دەردەدات كە سوودێكی زۆری بۆ كۆرپەلەكە هەیە و مەناعەی بەهێز دەكات، هەروەها هۆڕمۆنێك لە ناو وێلداش و ناوكە پەتك هەیە كە پێی دەڵێن هۆڕمۆنی هەستكردن بە خۆشی لەكاتی منداڵبوونی سروشتی كە جەستەی دایكەكە دەریدەدات، وادەكات منداڵەكە لەگەڵ دۆخی دەوروبەری بە باشترین شێوە بگونجێت، ئەوانەش لەكاتی لەدایكبوون بە نەشتەرگەری روونادەن. تەنانەت بەپێی توێژینەوەیەكی ئەوروپی دەركەوتووە كە ئەو منداڵانەی بە رێگەی سروشتی لەدایك دەبوون بە رێژەی 20% ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە كەمترە لەو منداڵانەی كە بە نەشتەرگەری لەدایك دەبن. هەروەها منداڵبوون بە نەشتەرگەری برینی گەورە لەسەر سك دروست دەكات كە ئاسەواری بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، ئێمە ئەو قسانە هەموو بە نەخۆش دەڵێین، بەڵام بەداخەوە نەشتەرگەری بۆتە عادەت و چاولێكەری، زۆربەی ئەو ژنانەش كە نەشتەرگەری بۆ منداڵبوون ئەنجام دەدەن، هۆكارەكەی ئەوە بووە، كە دووربكەونەوە لە ئازار، بەڵام ئازاری نەشتەرگەری دوای منداڵبوون هیچی لە ئازاری منداڵبوون بە سرووشتی كەمتر نییە، هەندێك لە پیاوانیش بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەكەنەوە.»
د. كەژاڵ حامید ئەوەشی دووپات كردەوە كە «لەگەڵ ئەوەی منداڵبوونی سروشتی ئازاربەخشترە بۆ دایكان، بەڵام بەگشتی دایكەكە كەمتر لە نەخۆشخانە دەمێنێتـەوەو ماوەی چاكبوونەوەی تەواویشی كورتترە بە بەراورد بە نەشتەرگەری. هەروەها بەدوور دەبێت لە زیانە لاوەكییەكانی نەشتەرگەری، وەك خوێنبەربوون، هەوكردن و وەڵامی جەستەیان بۆ سڕكردن و ئازارە زۆرەكەی كە دواتر دوچاری دەبنەوە.» گوتیشی: «ئەو ئافرەتانەی كە نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی دەبێت بۆ ماوەی نزیكەی هەفتەیەك لە نێو جێگەدا بمێننەوە، هەروەها ماوەی چاكبوونەوەی تەواویشیان درێژخایەنترە لەو دایكانەی كە بەسروشتی منداڵیان دەبێت، بەو هۆیەشەوە زۆركات ئەگەری درەنگتر شیردانیان زیاتر دەبیت، ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لەدایك دەبن لە خواردنی شیری دایكیان كە پێی دەوترێت ژەك بێبەش دەبن، بەهۆی ئەوەی دایكەكە نەشتەرگەری بۆكراوە و ناتوانێ شیری پێ بدات .»
گوڵاڵە پشدەری پەرستار و شارەزا لە بواری پزیشكی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «نەشتەرگەری لە یەك حاڵەتدا چارەسەرییەكی باشە كە ئەگەر منداڵ بە رێگەی سروشتی نەتوانرێت بهێنرێتە دنیا، ئەو ڕێگەیەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە كۆرپەكە باش گەشە نەكات. جاران ئەگەر كۆرپەلە سەرێكی گەورەی هەبووایە، ئەوە منداڵەكەش و دایكەكەش دەكەوتنە مەرسییەوە و زۆر جاریش هەردووكیان دەمردن، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو پێشكەوتنە پزیشكییانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری سیزاریان، گیان لەدەستدانی دایك لەكاتی منداڵبوون بە رادەیەكی بەرچاو كەم بۆتەوە، ئەم دەستكەوتەش لە وڵاتانی پێشكەوتوو لە رووی زانستی پزیشكییەوە بە باشی تەماشا دەكرێت. ئێستا، بە رێگەی كردنەوەی سك منداڵبوون ئاسانتر بووە، رێژەكەشی لە زیادبووندایە. لە توێژینەوەیەك كە لە لایەن زانكۆی ڤییەنا كراوە، هێما بۆ ئەوە كراوە كە ئەو رێگەیە بۆ رزگاركردنی كۆرپەلە و دایك باشە، بەڵام كاریگەریشی هەیە لەسەر توخمەگەشەو لەوانەیە لەسەر كێشەی قەڵەویی منداڵەكەو سستكاری مێشكی كاریگەر نەرێنی هەبێت، بۆیە دەزگای تەندروستی جیهانی لەوبارەوە نیگەرانەو دەیەوێ رێژەكەی كەمتر لە ١٥٪ بێت. هەروەها لە زانكۆی هارڤارد توێژینیەوەی زانستی لەوبارەوە كراوە، لە لایەن ٢٢ هەزار كەسی پسپۆر لە ماوەی ١٦ ساڵدا و دەركەوتووە كە ئەو منداڵانەی كە بە رێگەی كردنەوەی سك لەدایك دەبن، ئەگەری قەڵەوییان زۆرە. ئەو ژنانەی كە بە سككردنەوە منداڵیان دەبێت، ئەگەری ئەوەیان هەیە كە تووشی نەشتەرگەری گەورەی سك ببن، واتە لەوانەشە منداڵدانیان تووشی گرفت بێت و لەدەستی بدەن. ئەوە یەكێكە لە نیشانەكانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری، یان بە كردنەوەی سك، زانكۆی UMC Leiden
بە توێژینەوەی زانستی ئەوەی خستۆتەڕوو كە لەوانەیە كاتی دەرهێنانی منداڵ بە نەشتەرگەری، منداڵدانی دایكەكە بتەقێ، یان دواتر تووشی خوێنبەربوون، یاخود خوێنبەربوونی ناوەكی ببێت. توێژینەوەكەش بەمجۆرە مەترسییەكان بۆ دایك و كۆرپەكەی دەخاتەڕوو، كاتی دایك بە نەشتەرگەری منداڵی دەبێت.
بۆ كۆرپەلە:
١- كێشەی قەڵەوی.
٢- دواكەوتەیی لە گەشەی مێشكدا.
٣- كێشەی كۆئەندامی هەناسە.
4- كاریگەری نەرێنی بێهۆشی.
بۆ دایك:
١- لەدەستدانی منداڵدان.
٢-خوێنبەربوون و مردن.
٣- نەزۆكی دوای سككردنەوەی، بە هۆی ئەوەی كاتێ نەشتەرگەری لەوانەیە زیان بە هێڵكەدانەكان و بۆڕییەكانیشی بگات .
٤- دەبێت دوو تا 4 ساڵ دووگیان نەبێتەوە.
5- منداڵی داهاتووشی، لەوانەیە نەكرێ بە رێگەی سروشتی بیت.
شیلان بیبانی شرۆڤەكاری ئابووری و ماستەر لە كارگێڕی كار، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لەم وڵاتەدا كاتێك تەكنەلۆژیا بەرەوپێش چوو، بەمەش دەرفەتی جیاواز سەری هەڵدا، واتە پێشتر بەهۆی كەمیی نەخۆشخانەی تایبەت و سادەیی بیرو بۆچوون، ئافرەتان زیاتر روویان لە نەخۆشخانەی حكوومی دەكرد، بەڵام لە ئێستادا هەڵبژاردەكان زۆرن و منداڵبوون بووەتە شتێكی ئیختیاری، واتە لە رووی تەندروستی هیچ لێكدانەوەی بۆ ناكرێت، تەنیا لە رووی ئەوەیە كە ئافرەتەكە دەڵێت نەشتەرگەری هەڵدەبژێرم، هۆكاری ئابووری و زۆریی نەخوشخانە تایبەتەكان و رێكەوتنی دكتۆرەكان لەگەڵ ئەو نەخوشخانانە، هەروەها زۆرجار بە قۆرخكردنی سەربەخۆیی داهاتی ئافرەتان، هانیان دەدەن نەشتەرگەری بكەن، لەو حاڵەتانەشدا باری دەروونیی ئافرەت ناجێگیرە و ئەوەش پاڵنەرێكە بۆ ئەوەی پەنا بۆ نەشتەرگەری ببات.
دكتۆرەكان لە پێشوودا تەنیا لە كاتی زۆر مەترسیدار روویان لە نەشتەرگەری دەكرد، ئێستا بووەتە مۆدیل و وەك هەموو كاڵا و كڕینێك مامەڵەی پێوە دەكرێت، كەواتە ئەمانە جگە لە كێشەی تەندروستی بەهەدەردانی داهاتە، لە رووی ئابوورییەوە كاتێك تاك لە بیرۆكەی بە هەدەردانی لاواز بێت، ئەوا دوچاری زیانی مادی دەبێت، منداڵبوون لە مەسەلەی مرۆڤایەتی دەرچووە بۆ قاڵبی بازرگانی .
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی پزیشكی مردنی ژنان بەهۆی نەشتەرگەری 1،8 جار زیاترە لە مردنی دایك لەكاتی منداڵبووندا بەشێوەی ئاسایی، بەشێوەیەك لە 737 ئافرەت، نۆ ئافرەتیان لە كاتی نەشتەرگەریدا مردوون، بەڵام لەكۆی 9133 ئافرەت كە بەشێوەی سروشتی منداڵیان بووە 49 ئافرەتیان مردوون.
لە 60 ساڵ پێش ئێستادا، لە ناو ١٠٠٠ منداڵ كە لە دایك دەبوون، ٣٠ منداڵیان قەباری سەریان گەورەتربووە لە قەبارەی ئاسایی، بەڵام بەپێی نوێترین لێكۆلینەوەكان لە ئێستادا لە ١٠٠٠ منداڵی لە دایك بوو، ٣٦ منداڵیان قەباری سەری گەورەترە لە قەبارەی ئێسقانی حەوزی دایكی و پێویست دەكات لە رێگەی نەشتەرگەری منداڵەكە بهێنرێتە ژیانەوە. بەپێی توێژینەوەیەكی فەڕەنسیش، ئەو دایكانەی كە بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، سێجار زیاتر ئەگەری مردنیان هەیە وەك لەو دایكانەی كە بەسروشتی منداڵیان دەبێت، ئەمەش بەهۆی مەینی خوێن و توشبوون بە نەخۆشی و زیانەكانی مادە سڕكەرەكەی كە لە دایكەكە دەدرێت.
Top