تا ئێستاش رێگری لە كاركردنی ئافرەت دەكرێت
February 6, 2017
کۆمەڵایەتی
«سروشتی ئافرەت وایە دەبێ ماڵداری بكات و ئەركی بەخێوكردنی منداڵ بگرێتەئەستۆ، چونكە ئەو خێزانەی هاوسەرەكەی لە دەرەوە كار دەكات، ماڵەكەیان دوچاری پەرتەوازەیی دەبن و منداڵەكانیان ئاوارەی دایانگەكان دەبن، بۆیە هیچ پێویست ناكات ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ كار بكات».
ئەوە قسەی نەریمان ئەحمەدی تەمەن (49) ساڵ بوو. ئەو پیاوێكی كاسبكارە و دووكانی خۆی هەیە و وەك خوی باسیكرد، باری ئابووری و داهاتی «زۆرباشە»و چوار منداڵیشی هەیە. نەریمان دەڵێت: «پیاو دەبێ بژێوی ژیان بۆ خێزانەكەی دابین بكات، ئافرەتیش پێویستە چاودێری منداڵەكانی بكات، فێری پەروەردەیان بكات، ئەوانەی ژن وپیاو لە دەرەوە كار دەكەن، منداڵەكانیان لە زۆر شت بێبەشن.» گوتیشی: «دایكی منداڵان ئامادەیی تەواو كردووە و زۆر جار داوای كردووە، دابمەزرێت، یان لەدەرەوەی ماڵ كار بكات، بەڵام ن رەتم كردووەتە، بەهیچ شێوەیەك بەوە رازی نەبووم و نابم».
ئەو پیاوانەی رازی نابن هاوسەریان لە دەرەوەی ماڵ كار بكات، ژمارەیان كەم نین. ئەوەتا رێزان عەبدوڵڵای تەمەنی (31)ساڵ كە مامۆستای قۆناغی سەرەتاییە، دەڵێت «ئەوانەی دەژنە بەر دەخوێنن، ئامانجیان ئەوەیە دواڕۆژێكی باش بۆ خۆیان دابین بكەین، جا چ كچ بن، چ كوڕ، مانای نییە كەسێك بۆ ماوەی (16) سالأ بخوێنێت، دواتر رێگری لە كاركردنی بكرێ، ئەوە ئەو پەڕی ستەمكارییە. منیش هاوسەرەكەم بەردەوام داوام لێدەكات دەستبەرداری مامۆستایەتی بم، بەڵام هەمیشە رەتم كردووەتەوە، دەمەوێ لەسەر پێی خۆم بژیم و بەئارەزووی خۆم كەلوپەل بكڕم، ئەگینا دەبێ چاوم لەدەستی هاوسەرەكەم بێت، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی گرانی بازاڕو سەختبوونی ژیانی ئێستای خێزانەكان و كرانەوەی دونیا بە رووی جیهان و یەكسانی نێوان تاكەكان لە ئەرك و مافەكانیان، ئافرەتانیش دەبێت شانبە شانی پیاوان كاربكەن، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە پیاوان پێیان ناخۆشە هاوسەر یان كچیان لە دەرەوەی ماڵ كاربكەن و رێگەیان پێنادەن.» ئەو مامۆستایە جەختی لەوەش كردەوە كە «لەم رۆژگارە بژێوی خێزان زۆر سەخت بووە، پیاو بە تەنیا باڵ بەهیچ راناگات، لەوانەشە بە هۆی نەبوونی كێشەو گرفت بكەوێتە ناوخێزان، بۆیە كاركردنی ئافرەت دەتوانێت هاوسەنگییەك دروست بكات.»
نەرمین حازم ئافرەتێكی خاوەن بڕوانامەیە و دایكی سێ منداڵە، ئەو لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «غەدرە رێگری لە كاركردنی ئافرەت بكرێت، ئێمەی ئافرەت ئەگەر كارمان هەبێت و خاوەن مووچە و داهاتی خۆمان بین، هەر ئەوە لە توندوتیژی خێزانی و چاولەدەست بوونی باوك و برا و هاوسەر رزگارمان دەكات.» نەرمین خۆی بە ئافرەتێكی «مەغدوور» دەزانێت و دەڵێت: «تەمەنێك سەرقاڵی خوێندن بووم، دوای ماندووبوونێكی زۆر دامەزرام و وەك فەرمانبەر مووچەیەكم وەردەگرت، دەمتوانی پێداویستییەكانی خۆمی پێ دابین بكەم و چاوم لە دەستی كەس نەبێت، بەڵام كاتێك هاوسەرەكەم هاتە داوام گوتی: دەبێ دەوام بەجێ بهێڵیت، ئەو دەوڵەمەندبوو، لەگەڵ ئەوەش من باوەڕم وابوو ژن دەبێ داهاتێكی هەبێت، بەڵام هەر رازی نەبوو. منیش بەو مەرجە دەستبەرداری كارەكەم بووم كە مانگانە مووچەیەكی هاوشێوەی مووچەكەم بۆ ببڕێتەوە، دوای سێ ساڵ هاوسەرەكەم دوچاری زەرەر بوو، هاتەوە سەرساجی عەلی، لەگەڵ ئەوەش ماڵی خەزوورم ناهێڵن بگەڕێمەوە بۆ دەوام، دەڵێن ژن بۆ خزمەت و مەتبەخ باشە، چۆن دەبێ ژن مەعاشخۆر بێ، ئەركی لەسەر پیاوە، بۆیە دەوامەكەشم لە دەست چوو.»
لەگەڵ ئەوەی كە بەشێك لە پیاوان رێگرن لەبەردەم كاركردنی هاوسەر و كچی خۆیان، بەڵام ئەو پیاوانەش كە رای پێچەوانەیان هەیە، كەم نین. ئەوەتا سەردار محیەدین كە تەمەنی 31 ساڵەو پاسەوانی دارستانە، دەڵێت:
هاوسەرەكەم وەك فرۆشیاری جلوبەرگی ئافرەتان كاردەكات، منیش هەمیشە پشتیوانیم كردووە، مووچەكەی من كەمە و ناتوانم بەتەواوی بژێوی ماڵەوە دابین بكەم، سەرەتا ماڵی باوكم لەدڵیان ناخۆش بوو بووكەكەیان كار بكات، منیش گوتم: كێ مووچەیەكم بۆ دابین بكات، رێگە بەكاركردنی هاوسەرەكەم نادەم، كەس ئامادە نەبوو، هیچیش عەیب نییە ژن و پیاو پێكەوە كار بكەن، ئەو رۆژانەش كە من لە ماڵەوەم زۆربەی كارەكانی ماڵەوە ئەنجام دەدەم و زۆر لە یەكتری رازین و لە خوا بەزیاد بێ لە هیچ كەممان نییە.»
ئالان فارس كۆمەڵناسەو رێگرییەكانی خێزان لە كاركردنی ئافرەتان بۆ «زاڵبوونی دابونەریتی كۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە «لەو وڵاتانەی یاساو پیشەسازی لە لوتكەدایە، دەسەڵاتی ژنو پیاو بەیەكسانی رەچاوی تواناكانیان دەكرێ، بۆیە ئافرەتانیش بەشێكن لەهێزی كاری وڵات و كەسێك رێگر نییە لەبەر دەمیان بۆ كاركردن، بەڵام لەكۆمەڵگەی كشتوكاڵیدا باوكسالاریو یاسای دابونەریت زاڵە لەسەر خێزان و جێگەی یاساكانی مەدەنیو مرۆڤایەتی گرتۆتەوە، ئەوانە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم كاركردنی ئافرەت و تێڕوانینی وەها لای پیاوەكان دروست كردووە، كە چوونە دەرەوەی ئافرەت مانای دەست واڵابوونی ئافرەتەو ناتوانێ خۆی بپارێزێ، بەتایبەتی لەدەستدرێژییەكانی پیاوان، بەڵام لەكوردستان كاركردنی ئافرەت بە بەراورد لەگەڵ 30 ساڵ بەر لەئێستا گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە و ئافرەتان شانازی بەوەدەكەن دەتوانن ببنە خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ، پیاویش بە زۆری رێگرییان ڵی ناكەن.»
چیمەن عەلی چالاكی بواری مافی مرۆڤە و سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی: «كاتێ باسی بەها و ماف و ئەكەكانی مرۆڤ دەكەین، ئەوا هەردوو رەگەز دەگرێتەوە و دەبێت لە هەموو ئەوانەدا جیاوازی رەگەزی بەلاوە بنرێت، بەتایبەتی كاركردن و بوون بە خاوەن داهات كە مافێكی سەرەتایی هەر مرۆڤێكە. ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا بێكاربوونی ئافرەت جۆرێكە لە عەیبە، نەك كاركردنی، ئەو جۆرە رێگرییانە تەنیا لە وڵاتانی دواكەوتوودا وەك نەریتێك ماوەتەوە، بە پێچەوانەوە كاركردنی ئافرەت خێزانێكی بەختەوەرتر و خوشگوزەرانتر دروست دەكات، بۆیە پێویستە لە بری رێگریكردن لە كاركردنی ئافرەتان، هەولێ بەرپەرچدانەوەی ئەو دابونەریتە نێرسالارییە بدرێت، كە لەبەردەم نەهێشتنی جیاوازیی رەگەزیدا لەمپەری گەورە دروست دەكات.