هەڵەیەك خۆشەویستییەكی بێخەوش دەڕووخێنێ

هەڵەیەك خۆشەویستییەكی بێخەوش دەڕووخێنێ
خۆشەویستیی نێوان كچ و كوڕی كورد بە درێژایی مێژوو بێگەرد و پڕ لە قوربانیدان بووە، تا ئەم سەردەمەش زۆرێك لەو خۆشەویستییانە پابەندن بە یەكتری و وەفاداری و خاوەن بەڵێن بوون، مەرجی سەرەكیی خۆشەویستانە بۆ ئەوەی پێكەوە بناغەی ژیانێكی هاوبەشی خێزانی بونیاد بنێن، بەڵام هەندێ جاریش رووداوە سەیرەكان بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان هەبێ، ئەو دڵە بێگەردانە لە یەكتری دوور دەخاتەوە، ئافرەتێكیش كە نموونەی ئەو چارەنووسەی بەسەرداهاتووە، باسی ئەوە دەكات كە دوای بیستنی هەواڵێكی هەڵەو ناڕاست لە ركی خۆشەویستەكەی بەپەلە هاوسەرگیری كردووە و دوای ئەوەی بووە بە دایكی دوو منداڵ، راستییەكەی بۆ ئاشكرا بووە كە خۆشەویستەكەی گەورەترین قوربانی بۆ ئەو داوە، بەڵام خۆی گوتەنی لەگەڵ قەدەر هیچ ناكرێ و داوا لە هەموو ئافرەتێكیش دەكات كە بڕیاری بەپەلە نەدەن و یاری بە چارەنووسی خۆیان نەكەن. گوڵان: كۆمەڵایەتی چنوور ئافرەتێكی بەژن باریك و باڵابەرز و سەرنجڕاكێشە، ئەو كراسێكی مۆری پۆشیوەو بە چاوی پڕفرمێسكەوە بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات: «كاتی خۆی كوڕی دراوسێكەمان زۆر منی خۆش دەویست، منیش هەر گرنگیم پێ نەدەدا، تەنانەت سەیریم نەدەكرد، بەڵام دواتر ئەوەندە بەردەوام بوو، ئیتر وایكرد دڵی منی بردو بۆ ماوەی چوار ساڵ ئێمە خۆشەویستی یەكتر بووین، دواتر ماڵمان لەو گەڕەكە رۆیشت و ئیتر یەكترمان بزر كرد، بەڵام من هەر لەناخەوە خۆشم دەویست.

رۆژێك لە بازاڕ دایكم دایكی ئەو كوڕەی بینی، بە حوكمی ئەوەی دراوسێ بووین، دایكم لە منداڵەكانی پرسی و ئەویش گوتی: وەڵا كوڕەكەم ژنی هێناوەو كچەكەم شووی كردووە، ئیتر ئێمە نەمانپرسی كام كوڕی ژنی هێناوە، منیش بیرم هەرلای ئەو بوو، لەو كاتەوە دڵم سارد بووەوە، لەو رۆژەوە من بەردەوام كارم بووە گریان، بڕوام وابوو ئەو منی لەیاد كردووە، بۆیە بڕیارم دا لەمەو پاش هەر كەسێك بێـتەداوام، شووی پێبكەم و چیتر چاوەڕێی نەكەم. زۆری پێ نەچوو ئامۆزایەكی باوكم هاتە خوازبێنی من بۆ كوڕەكەی، منیش رازی بووم، دوای ئەوە شووم كرد، زۆر خۆشحاڵ بووم، هاوسەرەكەم پیاوێكی زۆر باشە و سوپاس بۆ خوای گەورە تا ئێستاش هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام نازانم بۆچی ئەو كوڕەی هاوسێمان لە خەیاڵم دەرنەدەچوو، تەنانەت نەشمدەزانی چۆنە، بەڵام من هەر خۆشم دەویست، چونكە خۆشەویستی ئێمە زۆر پاك بوو. ژیانمان تێپەڕی و من بووم بە دایكی دوو منداڵ، رۆژێكیان سەردانی ماڵی دایكم كردو دایكم گوتی: ئەرێ دەزانی ئەو دراوسێیەمان خزمی ماڵی فڵانە، ئیتر دڵم ترپەیەكی كردو هەر جارەو دەچووم بۆ ماڵی دایكم، لەو دراوسێیەمان نزیكتر دەبوومەوە، تا زۆر بووین بە هاوڕێ، رۆژێكیان باسمكرد كە جاران تا چەند ئەو كوڕەی خزمی ئەوانم خۆش ویستووە، ئەویش یەكسەر گوتی: ئەوە تۆ شێت بووی؟ دەزانی ئەو چەندە لەدوای تۆ گەڕاوە؟ تۆ هەموو ژیانی ئەوت تێكدا، منیش گوتم: من بۆچی؟ ئەی خۆی بۆ ژنی هێنا؟ كەچی گوتی: ژنی چی، ئەو تائێستاش ژنی نەهێناوەو هەر چاوەڕێی تۆ دەكات، تەنانەت برابچووكەكانی هەموو ژنیان هێناوە، ئەو هەر شێتی تۆیەو ئامادە نییە ژن بهێنێ. چۆن بوو وا لە یەكتر دابڕان؟ كە ئەوەم بیست وەك شێتم لێهات، هەموو بەسەرهاتی خۆمانم بۆ باس كرد و زۆر گریام.

تا نزیكەی مەغریب لای دراوسێكەمان دانیشتم، دواتر چوومەوە ماڵی دایكم شیوم بۆ نەخورا، گوتم نەخۆشم. هەمان شەو دراوسێكەمان هات لەمنی پرسی و بە بن گوێمدا گوتی: وەرە بۆ ماڵی ئێمە، كەسی لێ نییە، ئیشم پێتە، ئیتر كە چووم ئەو كوڕەم بینی كە بۆ چەندین ساڵ ونم كردبوو، ئەویش نەیزانیبوو من شووم كردووە، خزمەكەشیان پێی نەوتبوو، كە چوومە ژوورەوە و بینیم هیچم بۆ نەكراو بە بێ ئیرادە دەستم لە ملی كرد، ئەویش منی لەباوەش گرت، تا كچەكەم لەدوام هات و لە حەوشەوە بانگمی كردو بانگمی كردو گوتی: دایە وەرە بابە ئیشی پێتە. خۆشەویستەكەم تووشی شۆك بوو، گوتی: ئەوە كێیە؟ گوتم كچمە. یەكسەر منی لەباوەشی فڕێ داو گوتی: چۆن ئەم شتەت كردووە؟ باسی خۆی كردو گوتی: من تا ئێستاش ژنم نەهێناوەو هەر چاوەڕێی تۆ دەكەم، ئەوە چەند ساڵە ژیانم بووە بە دۆزەخ و نەمدەزانی بۆ كوێ بارتان كردووە؟ ئەو چاوی پڕ بوو لە فرمێسك و منیش خۆم بە گەورەترین تاوانبار دەزانی. كچەكەم ناردەوە بۆ ماڵی دایكم گوتم بڵێ وا دێمەوە. بۆ نیو كاتژمێری دیكە لە تەنیشتی دانیشتم، دڵی خۆم بۆ ئەو باس كرد، ئەوەشم بۆ گێڕایەوە كە دایكی گوتوویوتی كوڕی ژنی هێناوە، ئەویش براگەورە بوو، وامزانیوە باسی ژنهێنانی ئەوی كردووە، بەڵام تازە هیچ نەدەكرا. دایكایەتی دوو منداڵ و پابەندبوون بەرامبەر بە هاوسەر وایكرد خوشەویستییەكی راستەقینەم بفەوتێنم، بۆیە هەردووكمان بڕیارمان دا ئەوە دوادیدار و دوافرمێسكمان بێت و هەر كەس دوای ژیانی خۆی بكەوێت، بەڵام من هەتا مردن هەست بە تاوان دەكەم».
Top