هاوسەرگیرییەك لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە

هاوسەرگیرییەك لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە
پیاوێكی كورد لە رێگەی ئینتەرنێتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی بیانی دەكات، گەرچی لەو هاوسەرگیرییە خۆی بە شكست خواردوو دەزانێت، بەڵام وای پێ باشە چۆنیەتی ئەو هاوسەرگیرییەو كۆمەڵێك نهێنی و ئەزموونی خۆی بۆ خوێنەران بخاتەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەردەم جەودەت پیاوێكی تەمەن (36)ساڵە و وەك خۆی باسیدەكات بە هۆی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ كچێكی بیانی ئاشنا بووە و دواتر هاوسەرگیرییان كردووە. چیرۆكی ئەو ژیانە هاوبەشەی بەمجۆرە بۆ گوڵان دەخاتەڕوو:
«لەكوردستان باری ئابووریم باش بوو، بەڵام باوەڕم بەدواڕۆژی خۆم لەم وڵاتە نەمابوو، هەرچەندە ماڵەوە لەگەڵ رۆیشتم نەبوون، بەڵام من مكوڕ بووم لەسەری، لە رێكخراوێكی بیانیش كاری وەرگێڕانم دەكرد، لەكارەكەم زۆر سەركەوتوو بووم، مووچەیەكی باشم هەبوو، بەڵام وەكو هەموو ئەو گەنجانەی كوردستانیش خولیای چوونە هەندەران بووم، لە زۆر لاوە هەوڵم دا، شكستم هێنا. دواتر لە ئینتەرنێت چاتم دەكرد، جارێك پێوەندیم لەگەڵ كچێك بەست، دواتر دەركەوت هاوڕێیەكی خۆم بووە، واتە كوڕ بوو، بە درۆ خۆی كردبوو بە كچ و گاڵتەی پێكردم. زۆر دڵم پێ سەخڵەت بوو، بەڵام كۆڵم نەدا، رۆژێك لەسەر چاتكردن بووم، كەسێك لە ئەمریكاوە داوای كرد قسەی لەگەڵ بكەم، ئەوكات من كامێرام نەبوو، باوەڕم نەكرد، داوام لێ كرد وێنەیەكی خۆی نیشان بدات، بەڕاستی كچێكی جوان بوو، بۆیە دەستمان كرد بە گفتوگۆكردن دەرباری ژیانی یەكتر، باسی كوردستانم بۆكرد، چەند وێنەیەكی جوانی سروشتی كوردستانم بۆ نارد، زۆر پێ ئاسوودە بوو، دوای ماوەیەك بەڵێنی دا سەردانی كوردستان بكات و ئەو ناوچانەش ببینێ، منیش رازی بووم، ئەو دایكی عەرەب و باوكی بەڕازیلی بوو، بەڵام كۆچیان بۆ ئەمریكا كردبوو، كەمێك عەرەبی مەغریبی دەزانی، بەڵام لێ حاڵی نەدەبووم، زیاتر بە ئینگلیزی قسەمان دەكرد. زۆری پێنەچوو هەردووكمان كەوتینە داوی عەشقەوە، ناوی هەنارس بوو، ئەوكات تەمەنی (20)ساڵ بوو، لەكارگەیەكی جلوبەرگ كاری دەكرد، لە خانووی تایبەتی خۆی دەژیا، من بە هەنار بانگم دەكرد، دوای ماوەیەك داوای هاوسەرگیریم لێ كرد، سەرەتا كەمێك بەلایەوە قورس بوو، دواتر بڕیاری دا هاوسەرگیری بكەین، هاتە توركیا و بەنیازبوو دوای چەند رۆژێك بێتە كوردستان و منیش پێشوازی لێ بكەم، كەچی تەقینەوەیەك لەشاری هەولێر روویدا، لەهاتنەكەی پەشیمان بووەوە، زۆر ترسابوو، بۆیە ناچار بووم من بچمە توركیا، یەكەم بینینمان زۆر سەیر بوو، باوەڕبكەن چەند چركەیەك بەپێكەنینەوە هەر سەیری یەكترمان كرد، دوایی بەخێرهاتنی یەكترمان كرد. دوای ماوەیەك و دوای قسەی زۆرمان، ئەو رازی بوو بە رێوڕەسمی ئایینی ئیسلام مارەبڕ بكرێ. دەیگوت: لای ئێمە پابەندبوون بە ژیان گرنگە نەوەك جیاوازی ئایین، لە شاری دیاربەكر چووینە لای مامۆستایەكی ئایینی مارەبڕیمان كرد، هەر لەوێش مانگی هەنگوینیمان كرد، دواتر گەڕامەوە هەولێر، ئەویش دەستی بە مامەڵەی راكێشانی من كرد، ئەوەی لام زۆر ناخۆش بوو، ئەوە بوو كە پەردەی كچێنی لەدەستدابوو، گوایە لەلای دكتۆر لای بردووە، بەڵام باوەڕم نەكرد، منیش گرنگ ئەوە بوو كوردستان بەجێ بهێڵم، بۆیە رەچاوی هیچم نەكرد، دوای شەش مانگ فیزەی ئەمریكام وەرگرت، چوومە ئەو وڵاتە، بەڕاستی وڵاتێكی زۆر خۆشە، لەوێ راستیت لێ دەبێتە خەون، بەڵام ژیان زۆر قورسە و فریای هیچ ناكەوی، رۆژانە پێویستە زیاتر لە دە كاتژمێر كاربكەی، بۆ ئەوەی بژی. خۆم لەسەر بەنزینخانەیەك كارم دەكردو هەردووكمان بە ئاسوودەیی دەژیان، بەڵام دواتر رووی راستەقینەی ژیانی هەردوولامان بەدیار كەوت، لەبەرئەوەی كەلتوورمان جیاواز بوو، نەدەگەیشتینە ئاستی یەكتر، ئەو مەی دەخواردەوە، بە سەرخۆشی دەگەڕایەوە، منیش ئێواران بەماندوویی دەگەڕامەوە، دەبوایە كاروباری ناوماڵیش من بیكەم، لەئەمریكا یاسایەك هەیە دەڵی: هەركەس خەرجی خۆی، بەڵام ژیانی هاوسەری بەیەكەوە، ژیانیش بەڕاستی لەوێ قورسە و ناتوانی بەتەنیا ژیانی ماڵ و منداڵ دابین بكەیت، منیش ئاگاداری چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكەی ئەو نەبووم و نەمدەزانی مووچەكەی چەندە، دیگوت: ئەوە زۆر شەخسییە، ئیتر ژیان بەوجۆرە مەحاڵ بوو، رۆژێك لەسەر درەنگ هاتنەوەی بۆ ماڵەوە بووە ناخۆشیمان و یەك زللەم لێدا، ئەویش پۆلیسی ئاگاداركردەوە، یەك مانگ دەستگیركرام، ئەوە لەو وڵاتە تاوانە، یاساش پشتی ئافرەت دەگرێ، بۆیە خۆزگەم دەخواست لە كوردستان بمردمایە، بەڵام ئەو دۆزەخەم بۆخۆم دروست نەكردبایە. كاتێك ئازاد كرام، گەڕامەوە ماڵەوە سەیردەكەم دوو هاوڕێی كوڕی لەوێ بوون، منیش لەگەڵ هەردوو كوڕەكە بەشەڕ هاتم، ئەوان هەڵاتن و هەڕەشەیان لێكردم، هەناریش هەڵات و ما ڵەوەی بەجێ هێشت، لەئەمەریكا یاسایەك هەیە، كەسێكی بیانی لە رێگای كچێكی ئەمەریكی هاتبێتە ئەو وڵاتە، ئەگەر ئازاری بدات و جیا ببێتەوە، دەبێ شەش ساڵ بگیرێ، یان سزای ماددی بە بڕی دوو دەفتەر (بیست هەزار دۆلار) دەدا، یان دەبێ ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێ، منیش بڕیاری گەڕانەوەم دا، ئەو بەسەرهاتەم وەكو خەون وایە، بەردەوام ئازارم دەدات. هەنار بەردەوام نامەی ئەلیكترۆنی بۆم دەنارد و داوای لێبووردنی دەكرد و دەیگوت، تۆم ماندوو كردووە و دەمەوێ قەرەبووی بكەمەوە، بەڵام من لە دوانامەكەمدا داوام لێ كرد، واز بهێنێ، چونكە كچێكی كورد بووەتە هاوسەرم هەموو ناخۆشییەكانی ژیانمی لەبیر بردووەتەوە.»
Top