ئافرەتان چۆن لە رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی هزرو كەلتووری توندوتیژی دەڕوانن؟
January 9, 2017
کۆمەڵایەتی
سەرەتا د. ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: «توندوتیژی بە تەنیا كێشەی تاكێك نییە، هەتا تاكەكەسێك چارەسەری بكات، ئەوە كێشەیەكی گەورەی كۆمەڵگەیەو پێوەندی بە بەرنامەی حكومەت و میدیاكان و پەروەردەوەو رۆڵی پیاوانی ئایینی و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكانی بواری مافی ئافرەتەوە هەیە. راستە ئێمە وەكو ئافرەت داوا دەكەین مافەكانمان پێشێل نەكرێت، یان بەرەنگاری توندوتیژیی دژی ئافرەت بكرێت و رێگەی پێ نەدرێت، بەڵام ئەو خواست و داواكارییە داوایەكی ئینسانییەو ئافرەت و پیاو بە هاوكاری یەكتر دەتوانن بەسەر ئەو كێشەیەدا زاڵ بن. بۆیە ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانەی بۆ هوشیاریی ئافرەت رێكدەخرێن، پێویستە پیاوانیش تێیدا بەشدار بكرێن، یان كۆڕ و كۆبوونەوەی هاوشێوەیان بۆ رێكبخەن. هەروەها رۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر گرینگەو ئەوان دەبێت بەشێك لەوتارەكانیان بۆ ئەو پرسە گرینگە تەرخان بكەن، چونكە لەهیچ ئایینێكدا توندوتیژی دژی ئافرەت رێگەی پێنەدراوە.
كەژاڵ وەرمەزیار چالاكی بواری مافەكانی مرۆڤ و راهێنەر لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەخاتەڕوو: «سەرەڕای ئەوەی هەوڵێكی زۆر بۆ گۆڕانی ئەو راوبۆچوونە هەڵەیە دراوە كە كاریگەریی رۆڵی ئافرەت سنووردار دەكەن، بەڵام هێشتا ئاسان نییە لەكۆمەڵگەیەكی چەقبەستووی وەك كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو دابونەریتە چەسپاوانە بشكێندرێ كە زۆربەی پیاوان بەتایبەتی بەرامبەر بە رۆڵی ئافرەت هەیانە. واتە روانگەی زۆربەی پیاوان بەرامبەر بە بەشداریكردنی چالاكانەی ئافرەت لەبیناكردنی نیشتمان و ئاوەدانكردنەوە، چ بە قەڵەم و هزرو بیر، چ بە كارو چالاكییەكانی روانگەیەكی لاواز و نەرێنییەو ئەم بۆچوونەشیان بەداخەوە زۆریك لەتوێژەكانی كۆمەڵگەی گرتووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵێكی زۆر لەلایەن خاوەن بیرو رۆشنبیرانی پێگەیشتوو، یان چالاكانی تێگەیشتوو هەیەو دەخوازن كۆمەڵگە باوەڕی بە هێزو توانای ئافرەت هەبێت، بەكارهێنانی ئەو هێزەش بەسوودی كۆمەڵگە بەتاك و بەكۆیەوە دەزانن.» گوتیشی: «كۆمەڵگە گۆڕەپانی جەنگ نییە بۆ بەربەرەكانێكردن لەدژی ئافرەتان، بەڵكو مەیدانێكی كراوەیە بۆ هەر دوو رەگەز كە رۆڵی خۆیان بە شێوەیەكی هاوسەنگ ببینن و پێكەوە لە هەوڵ و تیكۆشاندا بن بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی شارستانیتر بونیاد بنێن.»
كەژاڵ وەرمزیار جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هۆكاری توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت لەهەر كۆمەڵگەیەكدا بەپلەی یەكەم بۆ سەرچاوەكانی تێگەیشتن و تێگەیاندن و ئاستی رۆشنبیریی كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە. بۆیە ئەگەر سەرچاوەكانی تێگەیشتن و تێگەیاندن روون نەبن، ئافرەت تەنانەت ناتوانێ بۆ پارێزگاری، یان دەستخستنی مافەكانی سوود لەیاساو شەریعەتی ئایینی وەربگرێت. واتە لێكدانەوەی بەهەڵە بۆ ئایەت و فەرموودەكان لەبەرژەوەندیی كومەڵگەی نێرینە (مجتمع ذكوري) بووە.»
ئەو خاتوونە چالاك و راهێنەرە رایوایە «لە مێژوویەكی دوورودرێژدا رەگەزی نێر لەناخی خۆیدا پەرەی بە توندوتیژی دژی ژنان داوەو ژنی كردووەتە كۆیلەی دەستی پیاو و لەم نێوانەدا لێدان بووتەوە ئامرازیك بۆ گوێڕایەڵكردن و تەربییەتی ژن، تەنانەت خەتەنەكردن و كەمئەندامكردنی كچ و زۆر جاریش كوشتنی لەسەر نامووس كراوەتە دابونەریتێكی باو، لەگەڵ پەرەگرتنی كەلتوورو شارستانییەتیش، بەرە بەرە توندوتیژی نادیارو كەمڕەنگ بووەتەوە، واتە توندوتیژی بنبڕنەكراوە، بەڵكو جێی خوی بە توندوتیژی نادیارو شاراوە داوە.» وەك چارەسەریش ئاماژەی بەوە كرد كە جگە لەپلانی حكومەت و بەرنامەی میدیاكان و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان، ئیرادەی خودی ئافرەتان بۆ خەبات لەپێناوی مافە رەواكانیان رۆڵی كاریگەری دەبێت. گوتیشی: «ئافرەت بەمتمانەكردن بەخودی خۆی و رێزگرتن لەئیرادەی خۆی و هەوڵدانی بۆ خۆپێگەیاندن، دەبێتە هۆی ئەوەی ئازادو بەتواناتر بێت لەهەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و هەستكردنی بەتواناكانی و لەسەر كەسانی دیكەش كاریگەری ئەرێنی دەبێت. بەڵام ئەگەر ئافرەت لەبواری زانستی و رۆشنبیری لاواز بوو، ئەوا دەبێتە قوربانیی ئەو روانگەیە كە دەڵێت: ژنان زیرەكییان كەمترە لەپیاوان، هەر ئەوەشە لە زۆرینەی مافەكان بێبەشیان دەكات.
خوێندنی زانستی تازەش ئاشكرای كردووە كە مرۆڤ لەژیانیدا پێویستی بە زیرەكی و سۆزداری و عەقڵ و ئیرادە هەیەو كەمبوونی هێزی جەستەیی ئافرەت بەرامبەر بەپیاو پێوندی بەهێزی تێگەیشتن و تێگەیاندنەوە نییە.»
سنەوبەر سابیر رەشید ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ئەگەرچی لە وڵاتانی روژئاواش توندوتیژی دژ بە ئافرەت و منداڵ بە ئاستێك بوونی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی رێژەی هزرو كەلتووری ئەو توندوتیژییانە لەوڵاتانی روژهەڵاتی ناوین زیاترەو لەكۆمەڵگەیەكیش بۆ ئەوی دیكە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و بەپێی عورف و یاسا دەگۆڕدرێت»، ئەوەشی خستەڕوو كە «لە راپۆرت و بڵاوكراوەكانی ساڵانەی UN و رێكخراوە جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤ (لێدان، ئەشكەنجەدان، بەزور كارپێكردن، فروشتن و بازرگانی پێكردن و دەستدرێژی سێكسی و چەندین جۆری دیكەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ریزبەند دەكرێن، كە ئەوەش مەترسییەكی گەورەیەو كۆی ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. گوتیشی: «زۆر بەداخەوە لەكوردستانیش ئەم دیاردەیە هەیەو لەگەڵ ئەوەی هەوڵی جددی دراوە لەلایەن رێكخراوەكانی خانمان و ئافرەتان و ژنان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی و رێكخراوەكانی مەدەنی، بەڵام هێشتا چارەسەرەكان بەپێی پێویست و خواست نین. ئەو دیاردە مەترسیدارو هاوردەكراوەی توندوتیژی دژی ئافرتان پێشتر بە كۆمەڵگەی كوردی نامۆ بووەو بە درێژایی مێژوو ئافرەتی كورد بەردەوام رێزدار و رێزلێگیراو بووە. گەڕانەوەی ئەو بەها مرۆڤایەتییانەش پێویستی بەكاری بەپەلەو هاوكات پلانی درێژخایەن هەیە، كە هاوكاری و هەماهەنگیی سەرجەم دامودەزگاكانی ئیداری و رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و میدیاكان و مامۆستایانی ئایینی لە بونیادنانی پەروەردەیەكی زانستی و كۆمەڵگەیەكی پابەند بە بەهاكانی مرۆڤایەتی رۆڵی كاریگەریان دەبێت. واتە پێویستە ئەوە وەك ئەركێكی جەماوەری و گشتی سەیر بكرێ و هەمووان هاوكاربن لەدانانی نەخشەڕێگە و رێگای چارەسەری گونجاو، هەموو لایەنە سیاسی و رۆشنبیری و مەعریفییەكان پێكەوە بەشدار بن لەم ئامانجە گرنگەو كاری زۆر جددی بۆ بكەن. چونكە وەك هەمووان دەزانین، هەر نەخۆشییەك دوای دەستنیشانكردنی، رێنمایی و چارەسەرو چاودێری پێویستەو بەپێچەوانەوە ئەوا تەشەنە دەكات، هزری توندوتیژی و كەلتووری توندڕۆییش مەترسیدارترین نەخۆشییەو ئەگەر بەپەلە چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا وەك پەتایەك بەكۆمەڵگەدا بڵاو دەبیتەوە. جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشی كردنیشە كە لەكوردستان ساڵانێكە هەوڵی باشتركردنی بارودۆخ و دۆزی ئافرەتان دەدرێت و هەوڵێكی بەردەوامیش هەیە بۆ ئەوەی كەیسی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە كەم بكرێتەوە.»
نووسەرو رۆژنامەنووس گوڵستان وەلییە، بەمجۆرە شرۆڤەی پرسەكە دەكات: «یەكێك لەو كێشە هەرە گەورانەی هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، پرسی توندوتیژی دژ بە ژنانەو ئەم پرسە بووەتە هۆی هاتنەئارای بزوتنەوەگەلی جۆرواجۆر بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و چەسپاندنی یاسا و رێسای تایبەت بە مافی ژن. بێگومان توندوتیژی دژ بە ژنان لەجیهاندا پەرەی سەندووەو بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەر سێ ژن لەجیهاندا، یەك ژن بە درێژایی ژیانی رووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە. ئەم دیاردەیە لە باشووری كوردستانیش سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەكی زۆری رێكخراوی تایبەت بە كاروباری ژنان هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە. هۆكاری سەرەكیی توندوتیژی دژ بە ژنان دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری خێڵەكی و نزمیی ئاستی هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگەو كاریگەرییەكانی بەهەڵە خوێندنەوەی ئایینی سەبارەت بە مافەكانی ژن و بەهێزبوونی بیروهزری پیاوسالارانە، هاوكات ئاستی توندوتیژی لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكیتر جیاوازە. بۆ نموونە توندوتیژی لەوڵاتانی رۆژئاواش كە لەئاستێكی بەرزی كەلتووریدان بەدی دەكرێت، بەڵام جیاوازییەكەی لەوەدایە لەوێ یاسا حاكمە و ئەو كەسەی توندوتیژی ئەنجام دەدات رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، بەڵام لەكۆمەڵگە دواكەوتووەكان یاساكان لەسەر بنەمایەك دامەزراون كە لە زۆر بواردا دژی مافە رەواكانی ژنانە. بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە پێویستە حزبە سیاسییەكانی كوردستان كە خۆیان بە لایەنگری یەكسانیی ژن و پیاو دەزانن، لەو بوارەدا هەڵوێستی روونیان هەبێ و لەهەوڵی كەمكردنەوە و بنبڕكردنی ئەم دیاردەیەدا بن. هەروەها ئەركی سەرەكیی میدیاكانە كە بە رێگەی جۆرواجۆر و بە پێی پلانی زانستی و سەردەمییانە لەسەر هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە كاربكەن. بەداخەوە زۆربەی كاناڵەكانی راگەیاندن لەلایەن پیاوانەوە مۆنۆپۆلیزە كراون و بەئەقڵییەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەچن، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری رووماڵی كەناڵەكانی میدیای كوردی لەسەر ژن و پرسی جێندەریی، وێنەیەكی كرچ و كاڵەو وەكوو پێویست نییە.
فایزە سەلیم، ئەندامی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی ناوچەی شۆڕشی پارتی دیموكراتی كوردستانەو هاوكات سەرپەرشتی (گرووپی كارڤین بۆ پشتیوانی پێشمەرگە)یە كە لەهەموو بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان بەدروستكردن و گەیاندنی خواردەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە پشتیوانیی بەرچاویان لەو هێزە نەتەوەییە قارەمانە كردووە. ئەو رۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی وڵات و وڵاتپارێزیدا زۆر بەرز دەنرخێنێت و سەربارەت بە تەوەری راپۆرتەكەش دەڵێت: «چۆن پێشمەرگە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی بە سەربەرزی و سەركەوتوویی بردەوە، ئاوهاش پێویستە هەموو تاكێكی كورد دژایەتی ئیرهابی فیكری و توندوتیژی خێزانی بكات.» گوتیشی: «گەشەكردنی هزرو كەلتووری توندوتیژی لەناو جڤاكی ئێمەدا شتێكی نامۆیەو كورد لە كۆنەوە لە توندڕۆیی و سستەمكاری بەرامبەر بە ئافرەت بەتایبەتی زۆر دوور بووە.
بەڵام تێكەڵبوونی بە سیستم و كەلتووری تەواو عەشایریی عەرەبی تووشی ئەو توندوتیژییانی كردووە كە تا ئێستاش دەبیستین بەداخەوە رۆژانە ئافرەتی كورد رووبەڕووی توندوتیژی جۆراوجۆر دەبێتەوە. نەهێشتنی ئەو دیاردە هاوردەكراوەیەش پێویستی بە شۆڕشێكی فكری و جڤاكی و مەدەنی هەیە، كە پێویستەو ئەركە لەسەر هەموو لایەك بە ناوەندە حكوومی و ناحكوومییەكانەوە كە لەو شۆڕشەدا رۆڵی جددی بگێڕن.»
دیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر، سەبارەت بە هەمان پرس ئاماژە بەوە دەكات كە: «بەر لەوەی باس لەگەشەی هزرو كەلتووری توندوتیژی دژی ئافرەتان بكرێت، پێویستە هەڵوەستە لەسەر دەستەواژەی توندوتیژی بكەین كە لە دێرزەمانەوە هەبووە، دەبێت ئەوەش بزانین كە هەر ئازاردانێك لە رووی جەستەیی، یان دەروونی، یان شكاندنی كەرامەت و سووكایەتی پێكردن، یان هەڕەشەكردن و فشارخستنەسەر، یان بێبەشكردن لە ئازادییەكان، جا چ لەچوارچێوەی ژیانی گشتی بێت، یاخود تایبەتی، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە. گەشەندنی ئەو هزرەش چەند هۆكارێكی هەیە، یەكێك لەو هۆكارانە خودی ئافرەت خۆیەتی كە رازی و ملكەچ بووە بەرامبەر هەر توندوتیژییەك و مامەڵەیەكی ناتەندروست بەرامبەر بە ژیان و مافەكانی، كە زۆرجار بێدەنگ بووە لە زەوتكردنی مافەكانی و رێزنەگرتنی ماف و ئەركەكانی.
هەروەها كەمیی هوشیاری و ئاستی رۆشنبیری بەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ دەوروبەرو نەسەپاندنی بوونی خۆی لەنێو كۆمەڵگەو بەرامبەر بە لایەنی بەرامبەری كە پیاوە، هۆكارێكی پێشێلكردنی مافەكانی بووە. هۆكاری دیكە پەروەردەكردنی ناتەندروستە كە وای كردووە تاك باوەڕ و متمانەی بە خۆی نەبێت، یان خاوەن كەسایەتی و هێز و توانای خۆی نەبێت، بەتایبەت ئافرەت كە وایان بەسەردا سەپاندووە بۆ هەر بڕیاردانێك بگەڕێتەوە بۆ لای پیاو، هۆكاری ئابووریش هۆكارێكی دیكەی پەرەسەندنی فكرو هزری توندوتیژییە، ئەمەش بەوەی زۆربەی ئافرەتان خاوەن داهات و ئابوورییەكی سەربەخۆی خۆیان نین، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی لایەنی بەرامبەر هەلەكە بقۆزێتەوە و وەك چەكێك بەرامبەری بەكار بهێنێت و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام بدات.» سەبارەت بە چارەسەریش گوتی: «بۆ ریشەكێشكردن و رزگاربوون لەدیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پێویستیمان بە كاتێكی زۆر و هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو دیاردەیە لەكۆنەوە بووەو بەرفراوانتریش بووە، بۆیە پێویستی بە چەند هەنگاوێك هەیە بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر ئەو دیاردەیەدا، لەوانە: پەرەپێدانی هۆشیاری كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگەو شارەزابوونی ئافرەت بە هەموو ئەرك و مافەكانی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و داكۆكیكردن لەهەر زەبرێك كە بەرامبەری ئەنجام دەدەرێت. ئەوەش لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندنەوە دەكرێت بە دابەزاندنی چەند فیلمێكی پەروەردەیی و رۆشنبیری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن و پێدانی رێنمایی بە هەر دوو لایەنی ئافرەت و پیاو رۆڵی بەرچاو ببینن، پێویستە ئەوەش سانسۆری هەبێت و لە رێگای كەسانی پسپۆڕ لە بواری كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و دەروونی بەدواداچوونی بۆ بكرێت .