سووكایەتی كردن بە پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان ئیدانە دەكرێ
December 18, 2016
کۆمەڵایەتی
قسەكانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان لەگەڵ كەناڵێكی عەرەبی، لە چەند رۆژی رابردوودا كاردانەوەی تووندی ناوخۆیی لە باشووری كوردستان لێكەوتەوە، دواتر وەزارەتی پێشمەرگەو فراكسیۆنی پارتی و رێكخراوی خێرخوازیی ئاشتیی نێودەوڵەتی سكاڵایان لەسەر تۆماركرد.
رۆژی 12-12-2016، هەریەك لە ئامینە زكری و دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتارانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، لەدادگای دهۆك سكاڵایان لەسەر (سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری سەربە بزووتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) تۆماركرد، هاوكات كەسوكاری شەهیدان گردبوونەوەیەكیان بۆ بەردەم دادگای دهۆك رێكخست و داوایان كرد ناوبراو دادگایی بكرێت. لە هەولێری پایتەختیش دەستەیەك پارێزەر بە ناوی (دەستەی پارێزەرانی خۆبەخش) كۆنگرەیەكی رۆژنامەییان رێكخست و رایانگەیاند «قسەكەی سروە عەبدولواحید دەچێتە قاڵبی ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە خێزانی شەهیدان». راشیانگەیاند بەپێی رێككارە یاساییەكان بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكەن و دەیخەنە بەردەم داواكاری گشتی.
تەوری كامل قادر هاوسەری شەهید حسێن عادل، وەك كەسێكی بنەماڵەی سەرفرازی شەهیدان دەڵێت: «پێشەكی سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دادەنوێنم، زۆر زۆر بەداخەوە بۆ ئەندام پەرلەمانێك كە بەو شێوەیە سووكایەتی بە شەهیدان و بنەماڵەكانیان دەكات. منداڵانی شەهید و كەسوكاری شەهیدان چاویان لەنوێنەرانی كورد بوو لە بەغدا، كەوا شتێكیان بۆ بكەن، چاویان لەوەبوو كەوا بیانگرنەباوەش و خەمەكانیان لەبیر ببەنەوە، بەڵام لەجیاتی ئەمە ئەندام پەرلەمان عێراق، هەستا بە بێڕێزیكردن بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و دڵخوشكردنی دوژمنانی كوردستان و ناحەزان، با لەجیاتی ئەم قسانەی سەردانی خێزانی شەهیدانی بكردبایەو قووتوویەك شیری بۆ منداڵە بێنازەكان هێنابا، ئەو منداڵانەی بێبەش بوون لەنازی باوكایەتی. هەزار سروەو هاوشێوەی سروە بەقوربانی تاكە پۆستاڵێكی شەهید بن كە رۆحی خۆی فیدا كرد بۆ ئەوەی خەڵك بە ئازادی بژین، بەداخەوە خەڵكی سلێمانی كە هێمای خۆشەویستیی وڵاتن و شەهیدێكی زۆریان بۆ رزگاری داوە، كەچی دەنگیان بە كەسێك دا، كە ئیهانەی خوێنی شەهیدەكان دەكات، بەڵام خەڵكی بەشەرەفی سلێمانی و هەموو شارەكانی كوردستان هەرگیز بێڕێزی بە خوێنی شەهیدان قبووڵ ناكەن. چونكە شەهیدان خۆیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان بەخت كردووە، كوردستانیش وڵاتی هەموو پیاو و ژن و منداڵێكی كوردە، بۆیە ئێمەش لەدوای شەهیدەكانمان پێشمەرگەئاسا درێژەپێدەری رێبازی شەهیدەكانمان دەبین و هیچ كات نابینە هۆی سەرشۆڕی و بەفیڕۆچوونی خوێنی ئازیزانمان. لێرەدا پەیامێك ئاراستەی گشت ئافرەتانی خاوەن شەهید دەكەم، كە هیچ كات ئەو جۆرە قسەو لێدوانانە نەبیتە هۆی سستی و لاوازییان، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبێت بە هێز و ورەیەكی بەرزترەوە درێژە بە ژیان و پارێزگاری لەخانەوادە و دەستكەوتەكانی شەهیدەكانمان بدەین، دواڕوژی ئەو جۆرە كەسانەو ناحەزانی گەلەكەشمان تەنیا ریسوابوونەو سەربەرزی هەر بۆ خانەوادەی شەهیدو پێشمەرگەكانی كوردستانە.»
پێشمەرگەو كچە شەهید ئارەزوو قەدری شەهاب، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «من وەكو كچە شەهیدێك ماوەی پێنچ ساڵە چەكی شەرەفم لەشان كردووە، لەفەرماندەی زێرەڤانی لەچەندین ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان بەشداریم كردووە، بەشبەحاڵی خۆم بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و ئیدانەكردن ئامادەم سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆماربكەم و بچمە بەردەم دادگا، ئەوان بێئاگان لەوەی سووكایەتیكردن بە خانەوادەی شەهیدان هێڵی سوورەو كەس بۆی نییە ئەو كارە بكات. ئێمە ساڵانێكە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان پۆل پۆل شەهید بەم نیشتمانە دەبەخشین.»
لەلای خۆیەوە د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەمجۆرە راوسەرنجی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو: «لە ئێستادا كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیارو سەختدا تێدەپەرێت، لەهەموو كات زیاتر پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە لە هەلومەرجەكە بڕوانن، ئەمەش بۆ ئەوانەی كە بەرپرسیاریەتی سیاسییان لەئەستۆیە چەندبار دەبێتەوە. جێگای داخە (سروە عەبدولواحید) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە بە دەنگی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هاونیشتمانییانی كوردستان بەم دامەزراوە گرینگە گەیشتووە، بەشێوەیەكی نابەرپرسانە لەكەناڵێكی عەرەبییەوە وێڕای ئەوەی بێڕێزی بەپێشمەرگە كردووەو تاوانباری كردوون بەپێشێلكردنی مافی عەرەب، بێڕێزییەكی بێسنووری بەخێزان و كەسوكاری شەهیدان كردووە، وەك هەوڵێك بۆ لەشكۆدانی شكۆمەندییەكانی نەتەوە، چونكە كەسوكاری شەهیدانی كوردستان هێمای قوربانیدان و شكۆی نەتەوەن. وەك دەزانین بە هۆی جەنگی تیرۆریستانی داعش و ئەو ژمارە زۆرەی شەهیدان كە لەم جەنگەدا گیانی پیرۆزی خۆیان بەكوردستان بەخشی، ئافرەتان لە هەر توێژێك زیاتر دووچاری نەهامەتی بوونەتەوە، سەرەڕای خەمی قورس و ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان ئەركێكی قورسیان كەوتۆتە ئەستۆو بە سەربەرزییەوە رووبەڕووی نەهامەتییەكانی ژیان بوونەتەوە، چونكە یەك لەخاسییەتە هەرە دیارەكانی خێزانی شەهیدانی كوردستان بەدرێژایی مێژوو سەربەرزییان بووە لە رادەستنەبوونیان بەنەهامەتییەكانی ژیان، كە هەموو كات خانەوادەی شەهید باشترین قوتابخانە بوون بۆ پێگەیاندنی كەسایەتییە سەركەوتووەكان، ئەمەش روونەو پێویستیمان بە نموونە هێنانەوە نییە. ئەم لێدوانەی سروە عەبدولواحید، جگە لەوەی كە هەڵەیەكی كەسیی كوشندەیە، بەڵام ئەو كەسایەتییەكی گشتییەو نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەك بە ناوی گۆڕان دەكات، لێرەدا هەڵوێستی ئەم پەرلەمانتارە گۆڕانیش تووشی بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی دەكاتەوەو بێدەنگبوون لەگوتارێكی لەم شێوەیەی هەڵسووڕاو و دەمڕاستێكیان، ئەگەر گوتاری راستەوخۆی بزووتنەوەكەش نەبێت، كە من لێرەدا گومانم هەیە، چونكە ئەگەر لەقەوارەی گوتاری سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە بڕوانین، دەبینین بریتییە لەگوتارێكی حزبی، نەك نەتەوەیی و نیشتمانی.
لەلای خۆیەوە ئاواز حەمید ئەفەندی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە رای من ئەوەی بۆ وڵات و نیشتمان لەهەموو شتێك گرینگترە، ئەوەیە كە پێش ئەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن پێویستە لێكۆڵینەوە لەو كەسانە بكرێ، بۆ دڵنیابوون لەدڵسۆزی و نیشتمانپەروەرییان، هەروەها ئاستی پێویست لە رۆشنبیری و لەپێگەیشتووییان لەهەموو پێوەرەكان، ئەگەرنا دەبنە مایەی شەرمەزاری بۆ خۆیان و میللەت و حزبەكەیان، ئینجا لە هەر رەگەز، یان پێگەیەكی كۆمەڵایەتی بن. جێگەی داخە ئەگەر نوێنەری میللەت خیانەت لەگەل و نیشتمان بكات، ئاخۆ دەبێت چارەنووسی ئەو میللەتە چی بێت و كێ دەبێت بەرپرسیاری سەرەكیی ئەو تاوانە گەورەیە بێت؟ وەڵامەكەی بۆ هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر بەجێدەهێڵم.»
ئامینە زكری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەدەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «جێگەی داخە كە هاونیشتمانییەك و هاونەتەوەیەك، لەهەمووی خراپتر كە هاوڕەگەزە، ئەمڕۆ بێت و بێڕێزی بەشەهیدان و كەسوكاریان بكات، ئەو شەهیدانەی گیانی خۆیان بە كوردستان بەخشی، بۆ ئەوەی كەرامەت و نامووس و شەرەفی خەڵكی كوردستان بپارێزن، دایك و باوكی شەهیدان رۆڵەكەیان بۆ ئەوە بە كوشت نەداوە، تاوەكو كەسانێك بێڕێزی بەرامبەر بە دایك و خوشكیان بكەن، ئەوە ئەوپەڕی نادادپەروەری و هەستنەكردنە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خاكی كوردستان و پیرۆزیی شەهیدان.» گوتیشی: «ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لەبری ئەوەی لە بەغدا داكۆكی لەمافەكانی گەلی كورد بكات و شەڕ بۆ دەرماڵە و مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بكات، بەداخەوە سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی نیشتمان دەكات، لە رابردوودا گۆڕان دەیگوت پێشمەرگە لەمحافلی نێودەوڵەتیدا ترسنۆكە، جارێكی دی دەیگوت پێشمەرگە میلیشیایە، تەنانەت گۆڕان داوای كرد كە پێشمەرگە لە كەركووك دەربچێت و عەرەبی سوننەو شیعە بێنە ناو كەركووك، ئەمجارەشیان بێحورمەتیكردن بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان جێگەی داخ و كەسەرە، زمان لە ئاست ئەم سووكایەتی پێكردنە ناتوانێ بەهیچ وشەیەك گوزارشت لەدۆخی دایك و خوشك و هاوسەرو منداڵی شەهیدان بكات، تاكی كورد بەهەموو تەمەنی قەرزداریانە و ناتوانێ قەرەبووی ئێش و ئازاریان بكاتەوە. لە پێناو پاراستنی كەرامەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، من و كاك دڵشاد شەعبان ئەندام پەرلەمانی كوردستان كە كوڕی شەهیدێكی ئەم كوردستانەیە، داوای یاساییمان لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان تۆماركرد .
سیروان رەسول بەرپرسی ناوەندی لاوانی دیانا، دژی قسەكانی پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت: «ئەوپەڕی شەرمەزارییە كە كەسێك سووكایەتی بەخانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان بكات، چونكە كەسوكاری شەهیدان گیانی ئازیزترین كەسیان بەخشییە خاك و وڵات، بەڵام كەسە بچووكەكان هەوڵدەدەن بەهەر جۆرێك ناویان بكەوێتە ناو ناوان، ئەوجا چاك و خراپ بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە.» گوتیشی: «پێشمەرگە سیمبولی هەموو دنیایەو لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات. ئەوەتا وەزیری بەرگری وڵاتێكی زلهێزی دنیا میدالیای سەربەرزی و ئازایەتی شەڕەف دەبەخشێتە پێشمەرگە، كەچی پەرلەمانتارێكی سەر بە گۆڕان سووكایەتی بەهێزی پێشمەرگەو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكات. خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە هێڵی سوورن، بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە بدرێتە دادگاو سزا بدرێت و ناسنامەی كوردیی لێ وەربگیرێتەوە. دەبێت قەرەبووی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بكرێتەوەو داوای لێبووردن بكات و بڵێت من بە بچووكی و نەزانینی خۆم كردم، ئێوە بە گەورەیی و سەربەرزی و خۆڕاگریتانەوە لێم ببورن .»