ئافرەتان دەیانەوێ بە عەقڵییەتی خۆیان گوزارشت لەكێشەكانیان بكەن
December 12, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لە دەستپێكی راپۆرتەكەدا د. ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: «پێویستە ئێمەی مرۆڤ رێڕەوی كاركردنمان بە ئاراستەی هەقدا ببەین، لەكوێ هەق هەبوو، لەكوێ بێمافیمان بینی، لەوێ دەنگهەڵبڕین، بێئەوەی بەرژەوەندی خۆمان بپارێزین، واتە بەبێ جیاوازی، لەگەڵ ماف و دادپەروەری هەنگاو بنێین».
د. ئەشواق نیگەرانی خۆی لە جیاوازییەكانی رەگەزی دەردەبڕێت و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لەنێو كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریدا ئافرەتی زۆر بەتوانامان هەیە، كەچی مافیان پێشێل دەكرێت.» وەك نموونەیەكیش گوتی: «بەداخەوە لە خولی رابردوو بۆ پۆستی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ دوو كەس كە ئافرەتێك و پیاوێك بوون، یەك رێژەی یەكسانیان لەدەنگدان هەبوو، بەڵام پۆستەكە بە پیاوەكە درا، گوایە پیاوەكە لەئافرەتەكە هێزی زیاتری هەیە، زۆریش هەوڵماندا، سەری نەگرت. بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە پیاو پێش ئافرەت دەخات، لەهەمان كاتیشدا هەندێك ئافرەت هەن هاوشێوەی پیاوان بیردەكەنەوەو دەنگ بە ئافرەت نادەن و پشتگیری لەبۆچوونی پیاوەكان دەكەن، چونكە خۆیان بە پلە دوو دەبینن، بۆیە دژایەتی ئافرەتانی سەركەوتوو دەكەن.» گوتیشی: «من ئەوەندەی لەلایەن ئافرەتەوە دژایەتی كراوم، هێندە پیاو دژایەتی نەكردووم، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەوان بە عەقڵییەتی ژنانەی خۆیان بیرناكەنەوە، بەڵكو وەكو پاشكۆی پیاو ئافرەت دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێ گشتاندن بۆ هەموو ئافرەت و پیاوێك بكرێت، بەڵام لەناو پیاوان و لەناو ئافرەتانیش ئەوە هەیە كە حەز بە سەركەوتنی ئافرەت بەسەر پیاوان ناكەن، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ئافرەت لە بەڕێكردنی كارەكانی هەمیشە لە پیاو وردتر بووە، بەتایبەت لەو كارانەی كە پەیوەستن بە منداڵ و ئافرەت و خێزان بەگشتی.»
حەسەن قەرەداخی بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەهیدانی قڕگە، رایوایە «بەدرێژایی چاخەكان هەمیشە ئافرەت زیاتر لەپیاو بڕوای بەئازادی و كرانەوەی زیاتر بووە. هەمیشە ئاشتیخوازترو ژیاندۆستترو هەستیارتر بووە، هەر ئەوەش وایكردووە هەمیشە پیاوان شێتگیرانە عاشقی ژنان بن، چونكە لەڕاستیدا سروشتی ئافرەت لەچاو شەڕەنگێزی پیاو فریشتەیەكی راستەقینەیە، ئەگەر لەڕووی رەنگ و شێوەی جلوبەرگیشەوە سەیر بكەین، جلی ژنان رەنگاوڕەنگ و پڕژیانە، دەنگی ئافرەت ناسك و مۆسیقیدار و سروشتییە، سەرباری داگیركاری كەلتووری ئایینی و خێڵایەتی هەزاران ساڵە، ژنان لەچاو پیاواندا عاقڵتر لەژیان دەڕوانن و ئاشتیخوازترو ژیاندۆستترن. لەكۆمەڵگەی خۆشماندا ژنان هەمیشە كوژراون، نەك بكوژ، ئازادی لێزەوتكراون، نەك ئازادی زەوتكەر كەواتە هەر بەشێوەی مۆدێلی جلوبەرگیش بێ، ژنان زۆر پیش پیاوانن لە مەدەنییەتدا، ژنانی كورد لەگەشەكردنێكی بەردەوامدان بەرەو ئاشتكردنەوەی هەمووان لەگەڵ ژیاندا.
شەهلا ساڵح وەك توێژەرێك ئاماژە بەوە دەكات كە «جیاوازیی ژن و پیاو لە رووی كۆمەڵایەتی و سروشتەوە لەكات و شوێنی جیاوازەوە راڤەو رامانی جۆراوجۆری لەسەر كراوە.» گوتیشی: «لە هەرێمی كوردستاندا كە باسی مافی ژنان دەكرێت، وا دەكەوێتە بەر زەینمان كە ئەم كارە زەبرێك لە رەگەزی پیاو دەدات، بەڵام بەپێچەوانەوە داواكردنی گەڕاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانی ژنان نەك نابێتە هۆی لەقكردنی پێگەو بەهای پیاو لە كۆمەڵگەدا، بەڵكو كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەوتوو بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ئەم ململانێیە وای كردووە تاكەكان بە هەردوو رەگەزیانەوە تووشی جۆرێك لە چەوساندنەوە ببن كە بەخاوەنبوونی رەگەزێك لە لایەن رەگەزەكەی تری لێبكەوێتەوە، بەڵام پشتبەستنی ژن بە عەقڵی پیاو پێش ئەوەی بابەتێكی رەگەزپەرستی بێت، بابەتێكی مرۆڤایەتییە، تاكەكان دەبێت سوود لەعەقڵ و ئەزموونی جیاوازی یەكتری وەرگرن، بەڵام تا ئەو جێگایەی كە كەس بە پلە دوو هەژمار نەكرێت. واتە جیاوازییە سروشتییەكانی ژن و پیاو نابێت ببێتە هۆی ژێردەستەیی و مافخواردن، بەڵكو ژن دەبێت بە عەقڵییەتێكی ژنانەوە بیربكاتەوەو كاربكات، چونكە سروشت لەخۆڕا دوو رەگەزی دروست نەكردووە، گەر مەبەستی ئەوە نەبووبێ كە پێمان بڵێت ژیان و پێشكەوتنی شارستانییەت تەنیا بەبوونی رەگەزێك بەردەوامی نابێت. بەڵام ئەمەش تاوان نییە كە ژن و پیاو بەیەكەوە كاربكەن و سوود لە عەقڵی یەكتر وەربگرن و پرس و راوێژ بەیەكتر بكەن. هەرچەندە كێشە لەم پرسەدا بەڕەمزی بوونی ژنانە لەناوەند و دەزگاكاندا، ژن بوونێكی راستەقینە و عەقڵییەتێكی ژنانەی نەبێت و بە بیركردنەوەیەكی ژنانەوە كارنەكات. ئەمە هەم زەرەر لە كۆمەڵگەو هەم لە پرۆسەی هاوبەشی هەردوو رەگەز و بەرەوپێشچوونی ژیان دەكات. لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا زۆربەی ژنەكان بەهۆی ئەوەی كە بە رێگایەكی شایستەوە پێگەو پلەوپایەكان وەرناگرن، ئەوا پلەی شیاویەتی ئەوان جێگای گومانە، چونكە بەداخەوە زۆ جار ئەكادیمی بوون و لێهاتوویی ژنان لەچاو پێوەری نزیكی لە دەسەڵات و باری دارایی و پلەبەندی خزمایەتی و حزبیی بەهای نییە، ئەمە یەكێكە لە زەبرە كوشندەكان كە لە گرینگی و بایەخی ژن كەم دەكاتەوە، چونكە لەبەرچاوی كۆمەڵگە بە لاوازو كەم توانا دەردەكەوێت. ژن، بوونێكی جوان و میهرەبانەی هەیەو خاوەن تێڕوانین و بیركردنەوەی جیاوازەو توانایەكی بەهێزی هەیە، بەگەڕخستنی ئەم جیاوازییە خزمەت بە هەمووان دەكات، ئیتر پێویست ناكات بە عەقڵییەتێكی پیاوسالارانەوە لەجەستەیەكی ژنانەوە كاربكات و خۆی بكات بە پاشكۆ. لەكاتێكدا توانای ئەوەی هەبێت كە وەك خۆی (ژن) بژێت، چ وەك تەنیا تاكێكی سەربەخۆ، یان بەهاوبەشی لەگەڵ پیاو.
نەسرین حەسەن، بەڕێوەبەری وێبسایتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «سەرەتا دەمەوێت بەو پرسیارە دەست پێبكەم، كە بۆچی ئافرەت لە هەندێ كۆمەڵگەدا ناتوانێت لەبڕیاردان، یان لە راپەڕاندنی كارەكاندا پشت بە خۆی ببەستێت؟ وەك خاڵی یەكەم بۆ ئەو بابەتە، ئەوەیە كە چەمكی ئافرەتبوون لە هەركۆمەڵگەیەكدا تێروانین و مانای تایبەت و جیاوازی هەیە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی كۆمەڵگە كە چۆن سەیری ئافرەت دەكات، واتە لەهەر كۆمەڵگەیەك بیروبۆچوون و فەرهەنگە جیاوازەكان كاریگەرییان لەسەر تێڕوانینی مرۆڤ هەیە. بۆ نموونە لەكۆمەڵگەی پیاوسالاردا تاكی كۆمەڵگە لەژێر فەرهەنگێكدا پەروەردە دەكرێت كە ئافرەت بوونەوەرەێكی جیایە لەپیاوو بە دڵنیاییەوە بەربەستێكی زۆریشی لە تێپەڕاندنی كارەكانیدا بۆ دروست دەبێت، ئەو بۆچوونەش كاریگەری لە سەر هەموو لایەنەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئافرەت دەبێت، كەواتا فەرهەنگ و چۆنیەتی بیركردنەوەی كۆمەڵگە دەبنە هۆكارێك لە بەردەم بڕیاردانی ئافرەت لە تێپەڕاندنی كارەكاندا، بۆیە كاتێك باس لە عەقڵییەتی ئافرەت و پیاو دەكرێت، راستە هیچ جیاوازییەك لە توانای عەقڵیی ئافرەت و پیاودا نییەو هەردووكیان وەكو یەك لەدایك دەبن، ئەوە فەرهەنگ و كەلتووری كۆمەڵگەیە كە پەروەردەكردنی تاكەكان بە ئاراستەیەكی باش و خراپدا دەبات، یان چۆن بڕیار لە سەر توانا و لێهاتوویی تاكەكان دەدات. هەر بۆیە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كە تاوەكو ئێستاش دەسەڵات، دەسەڵاتێكی پیاوسالارییە، ئەوە بۆتە ئامرازێك بۆ قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن پیاوانەوە لەخاڵی بڕیاردان و ئەوەش رۆڵی سلبی هەیە لە بەرەوپێشچوونی ئافرەت لە كایەكانی ژیاندا. خاڵی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئافرەت كە نەیتوانیوە ئەو بڕواو متمانەیە لای خۆی دروست بكات، بۆ ئەوەی پشت بە هێز و توانا و لێهاتوویی خۆی ببەستێت، كەواتە دنیای ئافرەت بەپێی قۆناغەكانی ژیان و كارلێكردنی كۆمەڵگە بەسەر بیرو بۆچوون و عەقڵییەتیدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بە دڵنیاییەوە ئەو ئافرەتانەی لە ژیاندا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، ئەو ئافرەتانەن كە پشتیان بە هێز و تواناو و لێهاتوویی خۆیان بەستووەو بەئیرادەیەكی بەرزەوە رووبەڕووی هەموو ئەو بەربەستانە بوونەتەوە كە رێگری لە بەرەوپێشچوونیان كردووە.
د.ئازاد عوسمان، مامۆستایە لە كۆلێجی یاساو زانستە سیاسییەكان و رایوایە: «مرۆڤ، پیاو بێت، یان ژن، وا چاكە بە دیدێكی مرۆڤپەروەرانە سەیری كەسەكان و دۆزەكان بكات. هەروەها لە هەڵسەنگاندنی تاكی كۆمەڵگە پێویستە تەنیا پێوەرە دروستەكانی كردارو رەفتارو توانا فكرییەكان لەبەرچاو بگیرێت.» سەبارەت بە پرسەكانی ئافرەتانیش كە پەیوەستن بە ماف و بەرژەوەندی ئەوانەوە، گوتی: «ئافرەت وەك هەر خاوەن پرسێكی تایبەت بەخۆی لەپێشترە بۆ لێدوان و دەربڕینی نیازەكان و لە بڕیاردان لەسەر رێكارو شێوازی كۆشش و پلاندانان و كاركردن لە پێناوی دەستەبەركردنی ئامانجە رەواكان.»