حاشا لە كوشتنی ئافرەت بە ناحەق! ... دكتۆر مەلا مادح بەرزێوەیی

حاشا لە كوشتنی ئافرەت بە ناحەق! ...   دكتۆر مەلا مادح بەرزێوەیی
هەموو ساڵێك لە رۆژی 25/11 یادی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەكرێتەوەو قسەو باسی زۆریشی لەسەر دەكرێت، ئەمەش كارێكی باشە، ئەگەر مەبەست كاركردنی راست بێت بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیێك دژ بە هەموو كەسێك، ژن بێت، یان پیاو.

بەڵام ئەوەی نادروستە ئەوەیە كە كەسانێك بە ناشارەزایی، یان بۆ هەر مەبەستێك ئەم بابەتە بكەنە بیانوو بۆ هێرشكردە سەر ئایینی ئیسلامی پیرۆزو وای نیشان بدەن كە ئایینی ئیسلام بە جۆرێك بەرپرسیارە لەم گرفتە، جا بۆ لادانی ئەم تەمە و بۆ حاڵیبوون لە پایەی مرۆڤایەتی بەگشتی و پایەی ئافرەت بەتایبەتی لە ئیسلامدا، ئەم بابەتە دەخەینەڕوو:
لە سەرەتاوە ئایینی ئیسلام نەك تەنیا رۆژیك تەرخان دەكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بەڵكو هەموو رۆژانی ساڵ كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات، چونكە لە روانگەی ئیسلام ئافرەت دایك وداپیرە و ژن وخوشك وكچ ونەوەمانن، ئەگەر نیوەی كۆمەڵ بێت ئەوا دایكی نیوەكەی تریشە بە فەرمودەی پێغەمبەری سەروەرمان :(إنما النساء شقائق الرجال) / ئەبوداود ../

ئیسلام لە كاتێك ئەم دروشمەی بەرز كردەوە كە مرۆڤایەتی كەوتبووە بەر زبرترین ئاست لە رەفتار بەرامبەر ئافرەتان، هەر لە رۆژهەڵاتی ئاگرپەرستەوە بگرە كە نیكاحی مەحڕەمەكانیان لە لا دروست بوو، تا یونان و ڕۆمانەكان بگرە كە قسەوباسیان لە سەر هەندێ دەكرد، بەوەی داخۆ ئافرەت ئینسانە، یان دروستكراوێكی ترە؟! هەروەها تا دورگەی عەرەبستان كە ئافرەتیان لەلایان مایەی شەرەمەزاری و ڕیسوایی بوو، كە زیندبەچاڵیان دەكردن و هیچ مافێكان بۆ رەوا نەدەدیتن و پیاو بە دەیان ئافرەتی بەردەكەوت لەكاتی بەشكردنی میراتی باوكانیان.

لەناو ئەم بێسەروبەرییەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دنیای رۆشن كردەوەو ریزی شیاوی بۆ ئافرەت داناو مافەكانی بۆ مسۆگەر كرد، كە ئافرەتانی پێشوو خەونیشیان پێوە نەدەدیت. ئیسلام جاڕنامەی یەكسانی و دادپەروەری بڵاو كردەوە بۆ گشت جیهان كە رایگەیاند :[ َولَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ] /البقرە 228/واتا: ئافرەتان مافیان هەیە هەرەك چۆن ئەركیان لەسەرە بەچاكە. ئەوە یەكەم جار بوو ئافرەتان گوێیان لە هەبوونی ماف بێت بۆ خۆیان.
بەڵكو ئەندازەوئاستی چاكەی پیاوان لە دیدی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت)، بە ئەندازەی چاكەكردنیانە لەگەڵ ئافرەتان، (خيركم خيركم لَاهله، وأنا خيركم لَاهله)/الترمذي وابن ماجة/ چاكترینتان ئەو كەسەیە كە چاكتر بێت لەگەڵ ماڵ و خانەوادەی خۆی، منیش چاكترینتانم لەگەڵ ماڵ وخێزانم.
ئەگەر بە وردی سەیری بەرنامەی ئایین بكەین، بۆمان دەردەكەوێ كە ئایین بۆ ئەوە هاتووە بەرژەوەندی مرۆڤــ و ژینگەكەی بپارێزێت و خۆشی و بەختەوەری بۆ دابین بكات.
زانایانی بنەماكانی ئایین دەفەرموون شەریعەت بۆ ئەوە هاتووە كە پێنج شتی هەرە پڕبایەخ دابین بكات و بیانپارێزێت كە بریتین لە: (رۆح، ماڵ، نامووس، ئایین و عەقڵ)، گەورەترین بەرژەوەندی مرۆڤــیش پاراستی ژیانیەتی، كە بە ئاسوودەیی بژیێت و كەس دەست بۆ لەناوبردنی نەبات.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەكانی قورئانی پیرۆز، بۆمان دەردەكەوێت كە خودای دلۆڤان زۆر رێزی لە مرۆڤ ناوەو بە گەورەی بوونەوەرانی داناون و هەموو بوونەوەرێكی دیكەی بۆ ژێردەست كردوون. دەربارەی ئینسانیش فەرموویەتی: [ ولَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ ]/ الإسراء 70/ واتا: ئێمە بێ جیاوازی رێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە، بە نێرو مێیەوە. هەروەها لە فەرمایشتی پێغەمبەری رێزدارمان (دروودی خودای لەسەر بێت) هاتووە كە فەرمویەتی: (الإنسان بنیان الله، ملعون من هدمه)/ زەیعەلی لە فەرمایشتەكانی كەششاف دەریهێناوە/ واتا: مرۆڤ دروستكراوی خودایە، نەفەرت لەوەی كە دەیڕووخێنی ـ واتا دەیكوژێت ـ .

ئەو هەڕەشەی لەكوشتنی مرۆڤی موسڵمان ـ پیاو بێت، یان ژن ـ كراوە لە هیچ تاوانێكی تر نەكراوە، كە خودای مەزن فەرمویەتی: [ومَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ ولَعَنَهُ وأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا ] النساء/93 واتا: هەر كەسێك بەئەنقەست بڕوادارێك بكوژێت (بە حەلاڵی بزانێت) ئەوا تۆڵەی ئەو كەسە دۆزەخە، هەروەها خوا لێی تووڕە بووەو نەفرەتی لێ كردووەو سزایێكی گەورەو بێسنووری بۆ داناوە.
هەروەها پێغەمبەری ئازیزمان ـ دروودی خودای لێ بێت. دەفەرموێت: (لزوال الدنیا أهون علی الله -عز وجل- من سفك دم مسلم بغیر حق) واتا لەناوبردنی دنیا. بە هەموو مزگەوتەكانیەوە، تاواناكەی ناگاتە رشتنی خوێنی موسڵمانێك بە ناحەق.

ئەوجا لە ژێر رۆشنایی ئەم دەقە پیرۆزانە دەڵێين: ئەوانەی كاری تیرۆركردنی خەڵكی بێتاوان ئەنجام دەدەن، یان هیچ ئایینێكیان نییە، یان بە هەڵە لە ئایین تێگەیشتوون، بەتایبەت ئەوانەی ئافرەت تیرۆر دەكەن، چونكە ئەوەی باسمان كرد دەربارەی كوشتن بوو بەگشتی، بەڵام دەربارەی كوشتنی ئافرەتان، دەقی زیاتر هەیە لە سەر پاراستنی رۆحی ئافرەت و دووركەوتنەوە لە ئەزیەتدانیان، تەنانەت پێغەمبەری دلۆڤان ـ دروودی خوای لەسەر بێت ـ ئەوەندە باسی لە رێزگرتنی ئافرەت كردووە كە هەموو رێگایەكی تاوانی دژ بە ئافرەتانی داخستووە. وەك لە وتاری ماڵئاوایی لە فەریزەی حەجدا فەرمانی دا كە چاوتان لە ئافرەتان بێت، ئامۆژگاری یەكتر بكەن بە چاكەكردن لەگەڵیان و ستەمیان لێ نەكەن، هەروەها فەرمووی: (واستوصوا بالنساء خیرا)./ بوخاری و موسلیم/ تەنانەت لەكاتی جەنگ و ئاژاوەكاندا، ڕێگا نەدراوە بە كوشتنی ئافرەت ومنداڵ و بێتاوان. هەمیشە ئامۆژگاری پێغەمبەری دلۆڤان ـ دروودی خوای لەسەر بێت ـ بۆ هاوەڵانی ئەوە بووە: كە ئافرەت ومنداڵ بپارێزن ونەهێڵن كەس دەستیان بۆ ببات. لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە: [وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلا تَعْتَدُوا]،واتا: بجەنگن لە پێناوی رێبازی خودا لەگەڵ ئەوانەی دژتان دەجەنگن، نەكەن دەستدرێژی بكەن (دژی ژن ومنداڵ)، چونكە بەڕاستی خوا دەستدرێژیكەرانی خۆش ناوێت.

كاتێك كە پێغەمبەر ـ دروودی خوای لەسەر بێت ـ لەیەكێك لەجەنگەكاندا دیتی كە ئافرەتێك كوژراوە، غەمبار بوو، فەرمووی: ئەمە جەنگی نەكردووە، قەدەغەی كرد كە ئافرەت و منداڵ بكوژرێن. ئەم فەرمایشتە لە ( بوخاری و موسلیم )دا هەیە.
ئیمامی نەوەوی لە راڤەی موسلیم دا دەفەرموێ: (أجمع العلماء علی تحریم قتل النساء والصبیان، إذا لم یقاتلوا).واتا: زانایانی ئیسلام كۆدەنگن لەسەر حەڕامبوونی كوشتنی ژن ومنداڵان، كە بەشداریی جەنگ ناكەن.

ئەم دەقە پیرۆزانە زانایان وموسڵمانان بە تێكڕا كاریان پێ كردوون و بە كردار جێبەجێ كراون لەماوەی چواردە سەدە، نەك وەكو دروشمێك بەرز كرابنەوەو كاریان پێ نەكرابێ.
ئەوەی باسی لێ دەكەین جیاوازە لە سزادانی تاوانباران ـ پیاو بن یان ژن ـ چونكە ئەمە بابەتێكی ترە. ئاشكرایە كە تاوانبار ئەگەر تاوانێكی وابكات كە سزاكەی كوشتن بێت، ئەوا جیاوازی نێوان تاوانباری ژن و پیاو ناكرێت و هەردووكیان سزای خۆیان وەردەگرن. بەڵام قسەمان لە سەر تاوانی دەستدرێژكردنە بۆ رۆحی ئافرەتانی بێتاوان، كە خودای گەورە قەدەغەی كردووە. ئەوانەی ئەم كارە قێزەوەنە دەكەن، نامۆنە بە دین و بەهاكانی مرۆڤایەتی و ئیسلام حاشا لەو تاوانە دەكات.»

* ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لەوەزارەتی ئەوقاف
Top