ئایپاد هەڕەشە لە داهاتووی منداڵان دەكات
November 28, 2016
کۆمەڵایەتی
«ئەو كەسانەی كڕیاری ئایپادن، زیاتر بۆ منداڵەكانیان دەیكڕن و بەشێكی كەمیان بۆ كاری بارزگانی، یان بۆ كاری تایبەتی خۆیان داوای دەكەن». ئەوە قسەی نیاز جەعفەر بوو. ئەو فرۆشیاری ئایپاد و لاپتۆپەو سەبارەت بە جۆر و ماركەكانی ئایپادیش دەڵێت: «زۆر جۆرمان هەیە، لەوانە، ئەپڵ، سامسۆنگ، گەورە و مینی واتا (بچووك) و هەروەها لە جۆری چینیمان هەیە و نرخەكەی هەرزانە، بەڵام لە رووی كوالیتەوە زۆر خراپەو یەكجار بەرببێتەوە، تێكدەچێت، نرخەكانی ئایپادە ماركەكان، بە قەبارە و مواسەفاتی دەگۆڕێ، تا هەزار دۆلار و بۆ سەرەوەش دەڕوات و هەریەكەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە».
سامان مولان دووكاندارێكی دیكەیەو ئەویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئێستا بازاڕی فرۆشتنی ئایپاد وەك جاران نییەو كز بووە، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ هاتنی چەندین جۆری مۆبایلی پێشكەوتوو كە زۆرترین مواسەفاتیان تێدایەو هەموو جۆرە بەرنامەیەك وەردەگرێت. گوتیشی: «ئەوانەی ئایپاد دەكڕن، بەشێكی زۆری بۆ منداڵەكانیانە و كۆمەڵێك یاری و بەرنامەی ئەتاری تێدەكەن، تاوەكو لە ماڵەوە پێی خەریك بن، بەتایبەت ئافرەتان زۆر لە پیاوەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی ئایپاد بۆ منداڵان بكڕن، هەتا خۆیانی پێ سەرقاڵ بكەن».
شیرین حەمە عەلی تەمەنی 41 ساڵەو فەرمانبەرە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئایپاد سەرئێشەی بۆ خێزانەكەی دروستكردووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من چوار منداڵم هەیەو تەنیا یەك ئایپادم بۆیان كڕیوە، ئەوانیش بەردەوام شەڕیانە لەسەری، تواناشم نییە بۆ هەموویان بكڕم، بۆیە هەر یەكەو كاتێكم بۆ دیاریكردوون بۆ ئەوەی هەموویان بتوانن یاری بكەن».
شەیما حوسێن ئافرەتێكی ماڵەوەیەو باسی ئەوە دەكات كە مندالێكی هەیەو نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، ئایپادێكی بۆ كڕیوەو بەردەوام خەریكی یاریكردنە، بەوەش ماندوبوون و هیلاكیی ئەركی بەخێوكردن و ئاگاداربوونی لەسەری كەم بۆتەوە، گوتیشی: «لەو كاتەوەی كە ئایپادم بۆ منداڵەكەم كڕیوە، دەتوانم زیاتر خەریكی كاری ناوماڵ بم، پێشتر وانەبوو دەبوایە هەموو كات چاودێری بكەم، راستە دەڵێن خراپە، بەڵام سوودیشی هەیە».
سەركەوت سەلیم خوێندڤانی زانكۆیە لەبەشی ئینگلیزی و ئاماژە بەوە دەكات كە ئامێرە سەردەمییەكان زۆر بەسوودن و بۆ قازانجی مرۆڤ دروستكراون، گوتیشی: «ئایپاد ئامێرێكی زۆر چاكە، من قوتابی زانكۆم و بەڕاستی زۆریش ئیشم پێی دەبێ، ئایپادێكم كڕیوە بە 500 دۆلار و چەندین قاموس و سیمینار و مەلزەمە و بابەتی تایبەتم تێدا داناوە كە پێویستم پێیە بۆ خوێندنەكەم و بەپێویستی دەزانم هەموو خوێندڤانێكی زانكۆش هەیبێت».
بەڵام هەورین موزەفەری تەمەن 16 ساڵان كە خوێندەڤانی قۆناغی ئامادەییە نایشارێتەوە كە ئایپادی تەنیا بۆ یاریكردن كڕیوەو گوتیشی: «نزیكەی 3000 یاری و بەرنامەی هەمەڕەنگم تێدا داناوە و رۆژانە كاتێكی زۆر خۆش بەسەر دەبەم، لە ژوورێكی بەتەنیا یاری دەكەم، لەبەر ئەوەی خوشك وبراكانم بە دەنگەكەی هەراسان دەبن».
قاسم جەوهەری سەوزەفرۆش بە پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكان دەڵێت: «ئامێرە تازەكان بەتایبەت ئەوانەی بۆ منداڵان دروستكراون، زۆربەیان زیانبەخشن و منداڵان هێڕ دەكات، هەر چەندە منداڵەكانم رۆژانە داوای ئایپاد دەكەن كە لەماڵە خزمان و برادەران دەبینن و هەیانە ئەتاری پێدەكەن، بەڵام پێمگوتوون قەت بۆتان ناكڕم، لەبەر ئەوەی لە دكتۆر و پسپۆڕان گوێم لێبووە، دەڵێن خراپە، باوەڕبكە مەسەلەكە رەزیلی و پارە نییە، لە خوا بەزیاد بێ، هەمە، بەڵام قەناعەتم پێی نییە و نایكڕم».
لوئەی نەجمەدین مامۆستای ئامادەییەو ئەویش هێما بۆ ئەوە دەكات كە زۆربەی جار كە سەردانی خزم و ناسیاوێكی كردووە، منداڵەكانیان ئایپادیان هەبووە، ئەوەش وایكردووە كچەكەی «بە گریانەوە» داوای بكات. گوتیشی: «ناچار بەم بێ مووچەیی و قەیرانە ئابوورییەشەوە، كاتێ مووچەم وەرگرت، یەكەم جار چووم ئایپادێكم بۆ كچەكەم كڕی و100 یاریم تێدا داناو لە گریان و هەرای رزگارم بوو، هەرچەندە دەڵێن خراپە بۆ لایەنی دەروونی و تەندروستی، بەڵام چی بكەم ئەوە واقیعێكە ئەمڕۆ لەگەڵی دەژین».
هێمن رەفیق توێژەری كۆمەڵایەتییەو سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە ئامێرە ئەلكترۆنییەكان وەكو دیاردەیەكی جیهانی رۆژانە بەكارهێنەرانی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵی زیاتر خوازیاری ئەو ئامێرانەن و تەنانەت زۆر جار گەیشتۆتە دۆخی ئالوودەبوون. گوتیشی: «بەكارهینانی هەموو ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بە هۆشیارییەوە جوانە، بەڵام گەر هۆشیاری لەگەڵ نەبوو، بە زیانی تەندروستی و كەسیەتی دەشكێتەوە بەسەر بەكارهێنەرانیدا. بەكارهێنانی ئایپادیش بۆ منداڵان زیان و سوودیشی هەیە. ئەو كاتە زیانی هەیە كە بەبێ چاودێری پەروەردەیی بێت و یارییەكان ترسناك و شەڕانگێزی بن، ئەو كاتە كەسایەتی منداڵ پڕدەكات لە توندوتیژی و كاریگەری لەسەر رەفتاری دەبێت، ئەو كاتەش سوودی دەبێت كە بیر و هزری منداڵ فراوان بكات و گەشە بە بواری زانستی بدات لە رووی فێربوونی زمان و بینینی فیلمی پەروەردەیی و یاری منداڵانە كە هەموویان سوودی خۆیان هەیە».
لەلای خۆیەوە د. ساكار عەزیز پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو هێمای بۆ ئەوە كرد كە «بەكارهێنانی ئامێرەكانی وەك كۆمپیوتەر و مۆبایل و بەتایبەت ئایپاد بۆ ماوەی دوو تا چوار كاتژمێری لەسەر یەك كاریگەری راستەوخۆی لەسەر تۆرەكانی چاو دەبێت و ماسوولكەكانی چاو هیلاك دەكات، لەبەر ئەوەی تیشك و رووناكییەكەی زۆرو نزیكە و راستەخۆ بەرچاو دەكەوێت و بە تێپەڕبوونی كات تووشی كزی و لاوازی دەكات لە بینین و لەدواڕۆژدا گرفتی دووربینی دەبێت، بۆیە پێویستە چاویلكەی تایبەت بەكار بێنن، كە رێگری دەكات لەبەركەوتنی تیشك بەچاو، بەمەش پارێزراو دەبێت». گوتیشی: «بەپێی دوایین توێژینەوەكان دەركەوتووە ئامێرە شاشەییەكان مرۆڤ تووشی لەبیرچوونەوە دەكات و توانای لەبەركردنی شتەكانی لاواز دەكات. »