ئافرەتێكی رزگاربوو لە نوگرە سەلمان: من لە دوو دۆزەخدا ژیاوم
November 14, 2016
کۆمەڵایەتی
پاكیزەكانی ئەنفال قوربانییانی دیرۆكی پڕ ئازاری كوردن
سەلوا و خانەوادەكەی وەك خێزانێكی گەرمیانی لە 14/4/1988 ئەنفال كران، ئەو تاوەكو 20/9ی هەمان ساڵ لە گرتووخانەی (نوگرەسەلمان) زیندانی بووە، دواتر بەر لێبووردنی گشتی كەوتووە، وەك خۆی باسی كرد، ئەوكات تەمەنی 16 ساڵان بووەو «كچان لەو تەمەنەدا هەمیشە ڕووبەڕووی پەلامار و دەستدرێژیی دڕندەكانی نوگرە سەلمان دەبوونەوە».
دەستپێكی ژیانێكی تراژیدی
سەلوا یەكێكە لەو ئافرەتەی چیرۆكی دەستدرێژییەكانی پیاوەكانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان، تائێستاش كاریگەری لەسەر باری دەروونی داناوە، ئەو گەرچی ساڵانێكە لەو ئازارە جەرگبڕە ڕزگاری بووە، بەڵام تائێستاش لە ناو هەنیسكی گریاندا باسی رۆژانی نەهامەتی خۆی و نەتەوەكەی دەكات. سەلوا دوای ئەوەی باسی خێزانەكەی خۆی و چۆنیەتی ژیانی كرد، گەیشتە باسی سەردەمی نەوجەوانی خۆی كە هاوكات بووە لەگەڵ ئەنفالی خانەوادەكەی، ئەو بە چاوێكی پڕ فرمێسكەوە بەمجۆرە باسی رابردووی خۆی كرد:
«كاتێك ئەمری دەستگیركردن هاتە ناوچەكەمان من لەژوورەوە خەریكی دەرس خوێندن بووم و خۆم بۆ تاقیكردنەوەكانی سەری ساڵ ئامادە دەكرد، كە پۆلی سێی ناوەندی بووم، شوێنی ڕاكردن و خۆحەشاردان نەبوو، كەسیش نەیدەزانی ئەمنەكانی بەعس نیازیان چییە، كاتێكم زانی هاتنە ژوورەوەو ئیتر من و دایك و باوكم بەر ئەو شاڵاوە كەوتین، خۆشبەختانە خوشك و براكانم لەماڵەوە نەبوون، ئێمەیان بردە دەرەوەی ماڵ، دواتر تەواوی ژن و پیاویان لە دوو ڕیزی جیادا ڕێكخست و یەك بە یەك بەجیا سواری پاسەكانیان كردین».
پاسەكانی وەزارەتی نەوت بۆ گواستنەوەی ئەنفالكراون
سەلوا وردەكارییەكانی چۆنیەتی گواستنەوەیان بەمجۆرە باسدەكات: «ئەمنێكی كڵاو سوور دەمانچەیەكی بەدەستەوە بوو، سەرپەرشتی پاسەكەی ئێمەی دەكرد، بەردەوام جنێوی سووكی پێ دەداین، لەپێشەوەی پاسەكان نووسرابوو (وەزارەتی نەوت)، بۆ ئەوەی هەركەسێ ئێمە لەو پاسەدا ببینێ، وابزانێ سەربە وەزارەتی نەوتین. پاسەكان كەوتنەڕێ، بەرەو ڕێگەی كەركووك لە تۆبزاوە لایانداو ناویان نووسین، كچ و كوڕەكانیان لەدایك و باوكان جیاكردەوە، بەشێكیان هێشتنەوە، بەشەكەی تریش سواری ئۆتۆمبیلەكان كراین كە نزیكەی 20 ئۆتۆمبیل دەبوو، بەدرێژای ئەو شەوە بە بەردەوامی بەڕێگەوە بووین، سەعات (9)ی بەیانی گەیشتینە شوێنێك كە پارچە ئاسنێك لە قەراغ شەقامەكە چەقێنرابوو لە سەری نووسرابوو (حدود بلدیة السعودیة ناحیة سلمان)، ئۆتۆمبیلەكان هەر دەڕۆیشتن لە دوورەوە قەڵایەكی گەورەمان بینی، لە هەر چوار لاوە پاسەوان و چاودێری هەبوو، لە دەرگای گەراجێكی تەلبەندكراو ئێمەیان بردە ژوورەوەی بەندیخانەكە، كە دواتر زانیمان ئەو شوێنە ناوی (نوگرەسەلمان)ـە»، ئەو عەرەبە دڕندانەی ناو نوگرەسەلمان لە هیچ تاوانێك سڵیان نەدەكردەوە، ئەو شوێنەیان كردبوو بە دۆزەخێك بۆ كوشتنی پیر و گەنجی كوردو ئەتكردنی كچان».
گوزەران لە گرتووخانەی كوردكوژاندا
سەلوا فرمێسكەكانی سەر گۆنای دەسڕێتەوە، ئاهێكی قووڵ هەڵدەكێشێ و دیسان لەناو پڕمەی گریاندا باسی دابڕانی خێزانە كوردەكان و برسیەتی و كوشتنیان دەكات، ئەو دڵی پڕە لە نەفرەت و هیوا دەخوازێ بەدەستی خۆی تۆڵەی خۆی و كەسوكاری و كوردانی بێتاوانی بە ناحەق كوژراوی ئەو گرتووخانەیە بكاتەوە، دەستەكانی دەلەرزان و تووڕەیی و قارێكی قووڵ بە روخساریەوە دیار بوو. دوای هەندێك ئۆقرەگرتن و ئارامبوونەوە بەمجۆرە درێژەی بە گێڕانەی بەسەرهاتی خۆی دا:
«لە نوگرەسەلمان هەموو رۆژێك ڕیزیان دەكردین، جەللادێكیان بە كێبڵ لە خەڵكەكەی دەدا بەپیاو و ئافرەتەوە، ئەم زیندانە دوو نهۆم بوو، بریتی بوو لە 32 هۆڵ، بە شێوەی چوارگۆشەی بەرامبەر بە یەك بوون، گۆڕەپانێكی گەورە لە ناوەڕاستیدا بوو، دەیان كۆڵەكەی ئاسن دانرابوون بۆ هەڵواسین و ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان، هەموو ڕۆژێك بەیانی یەك سەمون و ئێوارە یەك سەمون بۆ یەك زیندانی لەگەڵ نەختێك ئاو، زۆرجار ئەو ئاوە ئەوەندە پیس و تاڵ بووـ كە بۆ خواردنەوە شیاو نەبوو، بەڵام زیندانییەكان لە ناچاری دەیانخواردەوە. پیاو و ژنی پیر شەو تا بەیانی بۆ كچ و كوڕەكانیان دەگریان كە لە تۆپزاوە جیاكرابوونەوەو كەس هیچی لەبارەوە نەدەزانین، شەوان چەند كەسێك دووپشك پێوەی دەدا و دەیكوشت، لەو كاتانەدا نەخۆشی كولێرا لەناو منداڵان و پیرەكان بڵاوبووە، منداڵەكان هەندێكیان كۆرپە بوون، هەندێكی تریان لەوێ لەدایكببوون، لەبەر ئەوەی دایكی ئەو منداڵانە هیچ خواردنێكی وایان نەبوو بیخۆن، مەمكیان وشك ببوو، ئەو كۆرپەو منداڵانەش بەدەم برسێتی و ئازاری نەخۆشییەوە گیانیان دەسپاردو لەدەرەوەی زیندان تەرمەكانیان لە چاڵێكی لمی نیو مەتری دەشاردەوە، شەو سەگەكان تەرمەكانیان دەردهێناو دەیانخواردن، ڕۆژی وابوو زیاتر لە (15) كەس لە خەڵكی هەڵەبجەو گەرمیان لەوێ دەمردن».
تاوان لە نوگرەسەلمان سنووری نییە
سەلوا كاتێك دەیەوێ باسی تاوانەكانی دەستدرێژی سێكسی لە گرتووخانەكەدا بكات، نایشارێتەوە كە خۆیشی یەكێك لەو قوربانییانە بووە، ئەو بە رق و كینەی تێكەڵ بە فرمێسكەوە بەمجۆرە ئەو نهێنییەی بۆ گوڵان دەخاتە ڕوو:
«لەو دۆزەخەدا هەموو تاوانێك دەكرا، ناوبەناو جەللادێك دەهات یەكێك لەپیاوەكانی دەبردە دەرەوە تێروپڕیان لێ دەداو دەیانهێنایەوە شوێنەكەی خۆی نیوە گیانیان دەكرد، زۆر جار هەر بە هۆی ئەو لێدانەوە دەمردن، نیوە شەویش كچانی عازەب و ئافرەتە گەنجەكانیان دەبرد، تا بەرەبەیان نەیاندەهێناوە، بەرپرسی زیندانەكە ناوی حەجاج بوو، پیاوێكی باڵابەرزی چاوڕەش و ترسناك بوو، سۆپەرێكی سووری هەبوو، ئەو جەللادە چێژی لە كوشتن و ئەشكەنجەدان و ئیهانەكردنی زیندانییەكان دەبینی، بە بەردەوامی خەریكی بەدڕەوشتی بوو، زۆربەی كچان و ئافرەتانی زیندانی نوگرەسەلمان بەدەستی حەجاج و شەمخی ئەتك كران، شەمخی پیاوێكی ئەسمەری باڵامامناوەند بوو، ئەو لەبەر دەستی حەجاج بوو، وەك خزمەتكاری وابوو، لەكارە بەدڕەوشتییەكان یارمەتیدەری حەجاج بوو، شەوێك منی بردە ژوورێكەوەو دواتر حەجاج بە سەرخۆشی هاتە ژوورەكە و پەلاماری دام، كاتێك خۆم بەدەستەوە نەدا، بە بۆكس و شەق هەموو لەشمی شكاند، هاوارام بۆ خوا برد، بەڵام ئەو بەدڕەوشتە خوانەناسە بەزەیی نەبوو، وەك وەحشی تێم بەربوو، ئەوەندەشی لێدام تا بوورامەوە، بۆ سبەینەكەی منیان بردەوە بۆ ژوورەكەی خۆمان، كەس بڕوای نەدەكرد زیندوو بمێنم، ئەوكات تەمەنم 16 ساڵان بوو، كچان لەو تەمەنەدا هەمیشە ڕووبەڕووی پەلامار و دەستدرێژیی دڕندەكانی نوگرەسەلمان دەبوونەوە».
ژیانی دوای رزگاربوون لە نوگرە سەلمان
سەلوا دەستەكانی بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوە و دەڵێت: «خوای گەورە ئەو زاڵمانە بێنامووس بكات وا یارییان بە نامووسی خەڵك كرد»، فرمێسك مەجالی نادات زیاتر قسە بكات، ناچارمان كرد قومە ئاوێك بخواتەوە، بەڵام دووبارە بە قسەی پچڕپچڕی تێكەڵ بە گریان درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: «بە ڕزگاربوونم لەو دۆزەخە دڵخۆش نیم، خۆزگە دەخوازم لەوێ بمردمایەو ڕزگارم نەبووایە، بەهۆی لەدەستدانی كچێنیم تووشی دڵتەنگی و خەمۆكی و دەیان نەخۆشی دەروونی بووم، بۆیە نەمتوانی درێژە بەخوێندنەكەشم بدەم، دوای ساڵانێكی كەم باوكیشم لەدەستدا و تەواوی خوشك و براكانیشم چوونە سەر ماڵ و ژیانی تایبەتی خۆیان، من و دایكم ماینەوە بە ژیانێكی مەمرە و مەژی ئەو رۆژانەمان تێپەڕاند، هەرچەندە لەكاتی خۆیدا ئافرەتێكی جوان و بەرچاو بووم، بەڵام هیچ پیاوێك ئامادە نەبوو خوازبێنیم بكات، هەمیشە پەنجەیان بۆ رادەكێشام و دەیانگوت ئەوە كچ نییە و ژنە، بۆ یەكەمجار كە خوازبێنیم هات، پیاوێكی تەمەن 40 ساڵی كەمئەقڵ بوو، سەرەتا گاڵتەم بەو كارە هات، بەڵام دایكم كردی بە دادو فیغان و گریان، گوتی: من دەمرم و تۆش لەبرسا دەمری، چونكە خوشك و برا بەخێوت ناكەن، هەر هیچ نەبێت ئەو پیاوە خانووی خۆی هەیە، ئەوە بوو بەنادڵی ئەو زەواجەم كردو بێ ویستی خۆم كەوتمە دۆزەخێكی نەبڕاوە، دیسان دایك و خزم و كەس زۆریان لێكردم و گوتیان با دوو منداڵت هەبێت و ماندوو بوونت بەخەسار نەچێت، ماوەی 12_ 13 ساڵە لەگەڵ ئەو پیاوە دەژیم، تەنیا دوو كچی جوانم هەیە، بەڵام ئەو پیاوە عەقڵی بەتەواوی شێواوە، ناتوانێ كار بكات، شەو تابەیانی جنێو و قسەی ناشیرین بە من و بەو كچانە دەدات، دەرمانەكانی ناخوات، نانیش ناخوات، رۆژ تا ئێوارە تەنیا چا و جگەرە دەخوات، هەرچەندە مانگانە 150 هەزاری مووچە هەیە، بەڵام ئەویش بە هۆی ئەو قەیرانەوە بڕاوە، ئیتر خەرج و مەسرەف گرانە و بەخێر و سەدەقەی دراوسێكان نەبێت، بەڕێوەناچین، لەڕاستیدا من لە دوو دۆزەخدا ژیاوم، ئێستاش تەنیا ئەو دوو كچە جوانەم تاكە هیوا و سەبووری ژیانی بەهەدەر چووی منن».