وەگەڕخستنی نیوە زیندووەكەی كۆمەڵ لە ئەكتیڤكردنی كۆمەڵگەدا چ رۆڵێكی دەبێت؟
May 22, 2016
کۆمەڵایەتی
نەرمین عوسمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات كەوا لە پێناو بایەخدان بە بەشداری عەقڵی ئافرەت لە دروستكردن و بەشداریكردنی لە داڕشتنی سیاسەتی كۆمەڵگە، نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵێك واتا ساڵی 2015 بۆ برەودان بە تواناكانی كچان و بەشداری پێكردنیان لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی و سیاسی لە سەرووی هەموویانەوە ناوەندەكانی بڕیاردان و داڕشتنەوەی یاسا و بەرنامە بۆ خودی كچ تەرخان دەكات، گوتیشی: «دەكرێ لە هەرێمی كوردستانیش بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداریی فعلی ئافرەت لە بوارە جیا جیاكان ئەو ساڵە ببێتە هاندەرێك بۆ داماڵینی كۆمەڵگە لە سیاسەتی پیاوسالاری، بۆئەوەی ئافرەتانیش وەك تاكێكی یەكسانی كۆمەڵگە، گوتار و بڕیار و بۆچوونی خۆیانیان لەسەر مەسەلەكان هەبێت، ئەوەش بە چەند قۆناغێك دەستپێدەكات لەوانە بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندەواری كچان و ئافرەتان لە كاتێكدا رێژەی ئافرەتی نەخوێندەوار لە هی پیاو زیاترە، تەنانەت بەهۆی نەریتی كۆمەڵایەتی و ئامادەنەكردنی ژێرخانێك بۆ پەروەردە و فێركردنی كچ، كچان كەمتر خوێندن تەواو دەكەن، وێڕای زەمینەسازی بۆ هێنانە ناوەوەی ئافرەت بۆ ناوەندەكانی حوكمڕانی و دەسەڵات بە گشتی.»
ئەو خانمە سیاسەتكارە رایوایە «بەوپێیەی كۆمەڵگە لە ژن و پیاو پێكدێت ئەگەر ژن بەشداری نەبێت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە ئەوا كۆمەڵگەیەكی ناتەواو و ناتەندروست بەرهەم دێت، چونكە خوێندنەوەی ژن لە زۆر رووەوە لەگەڵ هی پیاو جیاوازە، بڕیارەكانی ئافرەت نەرمن و دوورە لە توندوتیژی نواندن، بۆ نموونە ئافرەت بەشێوەیەكی گشتی ئاشتیخوازە و رقی لە شەڕ و ئاژاوە نانەوەیە، سیاسەتكردن لای ئافرەت سیاسەتیكی رەق و وشك نییە، لەكاتێكدا وەك لە رابردوودا بینرا لە شەڕەكاندا ئافرەت و منداڵان بوونە قوربانی، ئافرەت خەمی منداڵ و هاوسەر و برایەكەیەتی، نایەوێ هیچیان لە دەستبدات و لە ئەنجامدا پەنا بۆ سولح و ئاشتی دەبات، جگە لەوەی یەكێك لە پێوەرە هەرە گرنگەكانی پێشكەوتن و دیموكراسی بەشداریكردی ژنە لە بوارە جیاجیاكان و بەبێ بەشداریكردنە دەوڵەتێكی دیموكراسی دروست نابێت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بەرقەرار نابێت، یەكسانبوونی هەلی بەشداریكردنی لەگەڵ پیاو بریتییە لە بوونی دەرفەتی یەكسان بۆ هەردوو رەگەز، لێرەوە لە پێناو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و پیشكەوتوو داواكارین لە بەشە بودجەی هەرێم بۆ ئەمساڵ بودجەیەكی كەم بۆ ئەم بابەتە تەرخان بكرێ».
نووسەر و چاودێری سیاسی لوقمان بەرزنجی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەموو شتێك پانتایەكی سنوورداری هەیە لە قەوارەی باسكردن، تەنیا ئافرەت نەبێت كە بە جیهانیكی یەكجار بەهێزو و بەتوانا و جوان بێ سنوور پێناسە دەكرێن. دیارە ئەو چەند سیفەتە جوان و بەهادارانە لەو رەگەزە بەتەواوی دەرنەكەوت تا سەرهەڵدانی سەدەی بیست كە بە سەدەی كچانی خەباتكار پێناسە دەكرێ لەو سەدەیەدا سەدان ژنی پلەدار و هونەرمەند و ئەكتەرو دكتۆر و نووسەر و شاعیر و چالاكوانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمدار و بیرمەندی گەورە و دادوەرو و وەزیر و سەرۆك وەزیر و سەرۆك كۆمار و ...تاد، توانییان پێگەیەكی بەهێز بۆ خۆیان دابمەزرێنن لە كۆمەڵگەی خۆیان لە رۆژئاوا و ئەمریكا و یەكیەتی سۆڤیەت و كۆمەڵی وڵاتە سۆسیالزمەكان. لە كۆتایی سەدەی بیست هەر بە پشتیوانی و خەباتی ژنانی بەتوانا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانییان قەوارەی ئەو خەباتە فراوانتر بكەن و دەیان بڕیاری گرنگ لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتوەكان لە پێناو بەرژەوەندی ژن بە بڕیار و ئەنجام بگەیەنن، دیارە دوابڕیاریش ئەوە بوو كە نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاریدا ساڵی 2015 بكرێت بە ساڵی كچان لە جیهان . دەرچوونی ئەو بڕیارە هەرگیز وا ئاسان نەبووە، ئەگەر خەباتی بێ وچانی رێكخراوە نێوەدەوڵاتییەكانی ژنان و كچان خۆیان نەبوونایە بە پشتیوانی ئەو پیاوانەی هەمیشە باوەڕیان بەو حەقە هەبووە كە دەبێت رەگەزی مێنە هەیبێت و لەو مافەی خۆی بێبەش نەكرێت،
دیارە ئەو بڕیارەی نەتەوەیەكگرتوەكان بە دەستنیشانكردنی ساڵی 2015 بە ساڵی كچانی جیهان تەنیا ئاوڕدانەوەیەكی مرۆڤایەتی نییە . بەڵكو كۆمەڵێك ئەجندای گرنگی لە خۆیدا هەڵدەگرێت، لەوانەش بەشداریپێكردنی كچانی و ژنانی بەتوانا لە ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگە دەرگایەكی گەورە دەكاتەوە بەرەو پێشەوە بردنی وڵات لە رووی ئیداری و زیادكردنی بەرهەم و بەرز بوونەوەی كێرفی هوشیاری و كردنەوەی زۆرێك لەو گرێ كوێرانەی كە كۆمەڵگە لە بەرامبەر كچانی گەنج هەیانە و پەیوەندییەكی پتەو و لەسەر بنەمایەكی یاسایی و رۆشەنبیری لە نێوان چینە جیاجیاكانی كۆمەڵدا بنیات دەنرێت. گونجاندن و وەگەڕخستنی نیوە زیندووەكەی كۆمەڵ واتە كچان و ژنان لە ئەكتیڤكردنی كۆمەڵگە و تەقاندنەوەی تواناو هێزەكانیان رۆڵی سەرەكی دەبێت. كەواتە دەبێت ساڵی 2015 ساڵی پڕاكتیكردنی هێز و توانای كچان بێت لە هەموو بوارەكانی خێزانی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری و تەنانەت سیاسیش. ئێستا لە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا تا رادەیەكی زۆر كچان مایەی بایەخ پێدانێكی زۆرن لە هەموو بوارەكانی ژیان و رۆڵیان بەتەواوی ئەكتیڤ كراوە، ئەوەش وایكردووە كە باری ئابووری ئەو وڵاتانە بەردەوام لە گەشەكردندا بێت، چونكە لەو كۆمەڵگەیەنەدا هیچ رەگەزێك بە سڕكردوویی نەماوەتەوە، بەڵكو بۆتە بەشێك لە بەرهەم و گەشەكردنی خێزان و كۆمەڵگە،. بەڵام ڕەوشی كچان لە وڵاتانی جیهانی سێهەم تاكو ئێستا زۆرێك لەو دابونەرێتە كۆنانە هەر ماون لەگەل ئەوەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو جۆرە جموجۆڵێكی بۆ چاككردنی رەوشی ژنان لەو وڵاتانەدا بەخۆیەوە بینی، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو هەوڵانە نەگەیشتوونەتە ئاستی پێویست. راستیەك هەیە دەبێت هەموو نەتەوەیەك و كۆمەڵگەیەك بیزانێت ئەوەش ئەوەیە هەتا نیوەی ئافرەت وەك نیوە زیندووەكەی كۆمەڵ ئەكتیڤ نەكرێ و بەشداری ژیانی ئابوری و بووژانەوەو و سیاسەت و كاری ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی و فیكری و ئەدەبی و ژیانی پەرلەمانی پێنەكرێ، ئەو كۆمەڵگەیە هەر بە كۆمەڵگەیەكی دواكەووتوو و نەزان هەژمار دەكرێ، هەرچەندە ئەو وڵاتە لە رووی سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەند بێت، هەر بەو چاوە تەماشا دەكرێ كە مافی زۆرێكی گرنگ لەو وڵاتە پێشێلكراوە . هیوادارم بۆ ساڵی 2015 وەك ساڵی جیهانی كچان، حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان ئامادەبن و رۆڵێكی بەرچاویان بۆ ئەكتیڤكردنی كچان هەبێت».
نووسەر و روناكبیر محەمەد بێبەش لەدەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات «ئەگەر چاوێك بە سیستەمی سیاسی جیهاندا بگێڕین، دەبینین لەهەر وڵاتێك خانمان چالاكیی سیاسیان زۆر بێت، ئەوا ماف و ئازادییەكانیان زیاترە، لەهەر وڵاتێك ئەو مافەیان لێ زەوت كرابێ، بە پاساوی جۆراوجۆر، یاخود خانمان خۆیان هۆشیاری سیاسیان كەم بێت، ئەوا ماف و ئازادییەكانیان كەمبۆتەوە، هەروەك دەبینین لە وڵاتی ئێمەو ناوچەكە سیاسەتكردن یەك جەمسەرە، كەواتە دەسەڵاتیش بەهەمان شێوە تاك جەمسەرە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ خانمانی ئێمە لە رەوتی خەباتی رەگەزیی خۆیان دواكەوتوون، خانمان دەتوانن خۆیان هۆشیارتر و چالاكتر بكەن لە بواری سیاسی، تا بگەنە لوتكەكانی دەسەڵات و بڕیاردان، هەروەها ئەركی خانمی حزبی جیاوازە لە ئەركی پیاوێكی هەمان حزب، پیاوەكە تەنها كار بۆ چەسپاندن و فراوانكردنی حزبەكەی لە رووی ئایدیۆژییەوە لە دەرەوەی حزبەكەی دەكات، بەڵام خانمێكی حزبی دەبێ هەم لەناو خەڵكدا و هەم لەناو حزبەكەیدا خەبات بكات و كار بۆ بەدیهێنان و چاكسازی لە سیستەمی كۆمەڵایەتی و یەكسانی رەگەزی بكات.
رۆژنامەنووس و سەرنووسەری هەفتەنامەی كوردش گڵوب غازی حەسەن، دەڵێت: « كاتێك بمانەوێت باسی گەشەكردنی ئافرەت لە رووی فسیۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی بكەین، دەبێت باسی پێكهاتەی كۆمەل و كاریگەرییەكانی بەسەر تاك و خێزان بكەین. دەبێت باسی بەرهەمهێنان و كاریگەری ئابووری لەسەر كەسایەتی ئافرەت و كاردانەوە سایكۆلۆژیای ئەو بوونەوەرە كۆمەڵایەتییە بكەین. ئافرەت هێندەی بەخشندەیە، دەهێندەش كۆمەلێك نهێنی لەناخی خۆیدا وەشاردووە، نهێنییەكانی ئافرەت بوون، نهێنییەكانی ئەو هێزە گەورەیەی كە دەتوانێت گەورەترین و مەزنترین پیاوە دەسەڵاتدارەكانی دنیا رایی بكات، نهێنی و ئازایەتی لە رووبەڕوونەوەی خواستە پیسەكانی پیاو، هەروەها نهێنی تەسلیم بوون و تێكشكان و دەستەمۆ بوون. ئەمانە هەندێك لە نهێنییە جیاجیاكان و هەورەها گرنگەكانی ئافرەتن.
كاتێك بمانەوێت باسی ئافرەت بكەین، دەبێت لە بیری نەكەین ئافرەت خودانی هێزێكی رۆحی و جەستەییە، تەنیا لە كاتی تووڕەبوون و دڵنەوایی پیاو دەتوانێت هەستی پێبكات. بەڵام ئافرەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا وەك بوونەوەرێكی راتەكێنراو و تەنانەت هەندێكجار وەكو كەلوپەل سەیر دەكرێت و كۆیلەی باوكسالاری و پێكهاتەی نەریتی كۆمەڵایەتییە».
ئەو میدیاكارە باسی ئەوەشی كرد كە ئەگەر سەیری ئابووریی كوردستان لە دە ساڵی رابردوو بكەین، دەبینرێت بزاڤێكی فرە و هەتا گۆڕانكارییەكی گەورەش لەمەڕ كەسایەتی ئافرەت لە ژێر كاریگەری بە جووڵە كەوتنی بازاڕ و پێویستی دەستی كار و كرانەوەی كۆمەڵایەتی لە ئەنجامی باڵابوونی پێویستی ئابووری و ژیان، دەرفەتێكی نوێ لە كۆمەڵگە هاتۆتە ئاراوە، ئافرەت دەبێت، لەماڵ دەركەوێت و لە شوێنە گشتییەكان كار بكات. كەواتە بزاڤی ئابووری كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری لە ژیانی ئافرەت و كەسایەتی ئافرەت دروست كردووە. ناكرێت ئەمە یەكلایەنە سەیر بكەین، بەڵام دەكرێت ئەمە بە سەرەتایەكی نوێ لە كەسایەتی ئافرەت و دواڕۆژی ئافرەت لە كورستانی باشوور دابنرێت. گوتیشی: «لە پەروەردە هیچ جیاوازییەك لە نێوان منداڵی كوڕ و كچ نییە، بۆیە دەكرێت منداڵی كچ هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە وەكو بوونەوەرێكی سەرەكی و وەبەرهێن و بڕیاردەر سەیر بكرێت، دەبێت نیشان نەدرێت كە ئەو كچە بۆیە دەبێت هەمیشە لە پەنا و پەسێوان دەركەوێت، لە ژووری قوتابخانە پلەی دوو بێت، لە گەشتوگوزار و دەرچوون بۆ ناو كۆمەلگە هەمیشە وەكو كەسێكی سەركوتكراوی دەمكوتكراو مامەلەی لەگەڵ بكرێت. بەڵكو دەبێت لە وەرزش و هونەر و بواری رۆشنبیری بەشدار بێت. منداڵ وەكو جان جاك رۆسۆ دەڵێت: پێویستە لە باوەشی سروشت پەروەردە بكرێت، هەموو ئەو ئافرەتانەی بە سروشتی و لە نێو خێزانێكی كراوە و یەكسان گەشە دەكەن، ئافرەتێكی خاوەن ئیرادە و بەهێز دەبن. ئەو ئافرەتانەی لە دیوەخان و لە نێو كۆڕی پیاوان بەشدارن، خودانی كەسایەتییەكی بەهێز و كاریگەرترین لەوانەی دیوارێكی بەرز و پۆلاینیان لە نێوان پیاو وئافرەت بۆ دروست كراوە. دیارە ئەمە لە منداڵیش هەمان رۆل دەگێڕێت. لە وڵاتێكی وەكو ئەمەریكا منداڵی كچ هەمان ماف و زەمینەی بۆ خولقێندراوە كە منداڵێكی كوڕ هەیەتی. زەمینەكە هەرچیەك بێت، واتە دەرفەتێكی یەكسان بۆ گەشەكردنی دەروونی و رۆشنبیری سێكسی و فسیۆلۆژی بۆ هەردوو رەگەز خولقێندراوە. ئەمە وایكردووە ئافرەت لە رووی كەسایەتی بەهێز و كاریگەرتر بێت لە وەبەرهێنان و گەشەپێدان و سەركردایەتی كردنی كۆمەڵ. بۆیە زۆر گرینگە لە منداڵییەوە بایەخ بە دروستكردنی زەمینەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەردوو رەگەز بدرێت. ئەم سەرەتایە دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی ئافرەت ببێتە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز و بڕیار دەر.
فاتیح رەئووف ئەحمەد،- ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، سەرەتا رەخنە لەوە دەگرێت كە «لە هەرێمی كوردستاندا بە پێی پێویست رۆڵ بە ئافرەت نەدراوە و تواناكانیان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا قەتیس كردوون، هەروەها لەسەر میلاكی حزبەكان دەستنیشان كراون، نەك پشت بە تواناو لێهاتووییان بەسترابێت، واتە هێندەی بیر لە بەرژەوەندی حزبەكە دەكەنەوە، نیو هێندە بیر لە بەرژەوندیی ئافرەت و مافەكانی ناكەنەوە ..لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی ئافرەتان لەلایەن حزبەكانەوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و هەندێك جار لەپێناو بەرژەوەندی پیاوسالاری بەكار دەخرێن و ئەرك وماف و داواكارییەكانی خۆیان لەبیر دەبەنەوە». گوتیشی: «رێژەیەكی دیاریكراوی ئافرەتی بەتوانامان هەیە كە كارامەن و لە هەوڵی بەرەوپێش بردنی ئافرەتانیشن، بەڵام رێژەیان كەمە و ناتوانن ببنە فشارێك تا رۆڵیان لە ناوەندەكانی بڕیاردا پێبدرێت، پەراوێزخستنیشیان غەدرێكە لە پێگە و رۆڵی ئافرەتان كراوە، ناكرێت رۆڵ و گرنگی و تواناكانی ئافرەتان فەرامۆش بكەین، بەتایبەتی ئافرەتان ئەگەر لە بواری بەڕێوەبردن و ئیدارەدا رۆڵیان پێ بدرێت، بەدڵنیایەوە زۆر سەركەوتوو دەبن و فاكتەرێكی بەهێزن بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و گەندەڵی لە ناوەندەكانی دەسەڵاتدا، هیوادارم سەرجەم ئافرەتان بتوانن لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا خۆیان رێكبخەنەوەو بتوانن ببنە دەنگی راستەقینەی ئافرەتان و چیتر نەبنە رۆبۆتێكی ئالی و لە پێناو بەرژەوەندی پیاوان بەكاربهێندرێن.