ئافرەتێك لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە خزمەتی پێشمەرگە دەكات
May 15, 2016
کۆمەڵایەتی
بە بارەتەقای تەمەنی سەد ساڵەی سایكس پیكۆ، بە هەموو شێوەیەك غەدر لە كورد كراوە و بە درێژایی ئەو سەدەیە تووشی كارەسات و كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردن بووە، كوردیش لە بەرانبەر زەوتكردنی مافەكانیدا دەستەوسان نەبووە، شۆڕش و خەباتی كردووە و لە شەڕی خۆهێشتنەوەدا سەركەوتوو بووە، گەلێك نەبەردی سەرفرازانەشی لە مێژووی خۆیدا تۆمار كردووە، ئافرەتی كوردیش لەو سەروەرییەدا پشكی شێری بەردەكەوێت. یەكێك لەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە خزمەتی پێشمەرگە دەكات و لە دوای هەڵتۆقینی دڕندەكانی داعش و پەلاماردانی خاكی پیرۆزی كوردستان، هەتا هەنوكە بە دابینكردنی خواردەمەنی بەتام و وزەبەخش، خۆبەخشانە خزمەتی پێشمەرگە دەكات. لە ئێستادا فایزە سەلیم لە بەرەكانی شەڕی دژی تاریكدڵانی تیرۆریستی داعش-دا ناوێكی ئاشنایە و گوڵان بە پێویستی زانی ئەو خاتوونە وڵاتپارێزە بەسەر بكاتەوە و كار و ئامانج و خەونەكانی بخاتەڕوو.
ئەگەرچی قەدەری بێ بەزەیی و دەستی چەپەڵی ئەنفالكەران وایكردووە پتر جلوبەرگێكی سەرتاپێ رەش لەبەر دەكات، بەڵام دڵە سپییە رەنگ بەفرینەكەی بەردەوام هیوای پێدەبەخشێت و برینی قووڵی خەمی سێ كوڕە مامی ئەنفالكراوی ماڵباتەكەی و گشت ئەنفالكراوانی گەرمیان و بارزان بە خزمەتكردنی پێشمەرگە سارێژ دەكات.
فایزە سەلیم ساڵی 1969 لە گوندی سەرگەلی لە دایك بووە و ئێستا دایكی نۆ منداڵە و وەك خۆی باسیكرد لە تەمەنی نەوجەوانییەوە خزمەتی هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە. ئەو خاتوونە نیشتمانپەروەرە بەمجۆرە باسی رابردووی سەرفرازانەی خۆی دەكات:
"من هەر لە منداڵییەوە شەیدای پێشمەرگە بووم و هاوكارییانم كردووە و لە ساڵی 1986 تا 1988 رۆژانە 500 تا 1000 نانم بۆ پێشمەرگەكان دەكرد. پاشان ئاوارەی توركیا و ئێران بووین و لە ساڵی 1991 و لەكاتی ڕاپەرێنە مەزنەكەی باشووری كوردستان گەڕاینەوە بۆ زێدی خۆمان و هەتا ئێستاش لە دهۆكی دەلال نیشتەجێین. هەر لەگەڵ گەڕانەوەمان خۆم دەستك بە كاری حزبی كردووە و هەتا ئێستاش شەرەفمەندم كە ئەندامی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانم، ئەو یەكێتییەی كە بە فەرمانی باوكی رۆحی و نەتەوەییمان مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، بۆ ئەوەی ئافرەتانی كوردیش وەك پیاوان تێكەڵی سیاسەت و كاری حزبی ببن و هاوكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی خۆیان و نەتەوەكەیان خەبات بكەن. لە دەستپێكی شەڕی تیرۆریستانی داعش خۆم و چەند هەڤاڵم بەردەوام خزمەتی ئاوارەكانمان كردووە، لە 3/8/2014 ـەوە هەتا ئێستا لە زۆربەی بەرەكانی شەڕ هەر لە كەركووكەوە تا شنگال 84 جار سەردانی پێشمەرگەمان كردووە و بە كاروان خورادەمەنیمان بۆ بردوون. "
فايزە هەر سەبارەت بە خزمەتكردنی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا، باسی ئەوە دەكات كە "جگە لە خەڵكی خێرخواز هیچ كەسایەتییكی حزبی و حكوومی هاوكاری نەكردووین، بەڵام وەك تەقدیرنامە و پشتیوانی مەعنەوی هەندێك لە بەرپرسانی پارتی و فەرماندەكانی پێشمەرگە رێزیان گرتووین." گوتیشی: "ئێمە چەند هەڤاڵی ئافرەتین كە خۆبەخشانە سەرقاڵی چێشتلێنان و ئامادەكردنی خواردەمەنین بۆ برا پێشمەرگەكانمان لە بەرەكانی شەڕ، هەروەها چوار ئۆتۆمبێل بۆ هەڵگرتنی نەفەرات و شەش پیكاب بۆ گواستنەوەی خواردەمەنییەكان هاوكاریمان دەكەن كە شۆفیرەكانیان هەموویان بە بێ بەرامبەر و خۆبەخشانە هاوكارمانن، جگە لەوانەش مەزاری پیرۆزی شەهیدان سەر دەكەینەوە، كە هەموو نەتەوەكەمان قەرزباری خوێنی گەشی ئەوانن. "
فایزە لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە "ئافرەتی كورد وەك باوك و برا و هاسەر و كوڕەكانیان دەتوانن دەست بدەنە چەك و و پارێزگاری لە خاك و نامووس و كەرامەتی نەتەوەییمان بكەن." گوتیشی: "ئێمەی ئافرەتانیش هەموومان ئامادەین وەك برا پێشمەرگەكانمان شەڕ بكەین، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان پێشەوەی سەنگەرەكانیان پتەو كردووە و پێویستیان بە ئێمە نییە، بۆیە ئێمەش دەبێت بە شێوەیەكی دیكە خزمەتیان بكەین و رێزیان بگرین، هیواداریشم بەو خواردنەی كە بۆیان دابین دەكەین، توانیبێتمان ئەركی سەر شانمان جێبەجێ بكەین.