رۆڵی ئافرەتانی میدیاكار لەم دۆخە هەستیارەی كوردستاندا چییە؟
April 28, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەتا هێرۆ مەولوودی پەیامنیری كەناڵی ئاسمانیی كوردستان 24 باسی ئەوە دەكات، كە پیشەی میدیایی و كاری رۆژنامەوانی پیشەیەكی پیرۆزە و هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە تاوەكو ئێستاش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەتان بە گوێرەی پێویست لە بواری میدیایی كار ناكەن. راستە ئێستا لە ناو دەزگاكانی راگەیاندن رێژەی ژن كەمێك زیادی كردووە، بەڵام ئایا ئەم ژنانە چەند رۆژنامەنووسن و تا چەند بە دوای كاری پیشەیی رۆژنامەوانییەوە و تا چەند توانیویانە ببنە دەنگی كۆمەڵگە و تا چەند لە هەموو كایەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری رۆڵیان بینیوە؟ بەداخەوە رۆڵی كچان و ژنان لەو بوارانەدا زۆر بە كەمی دیارە، ئەوەش چەندین هۆكاری هەیە، یەكەم خودی كچان و ژنانن كە بەشێكن لە كۆمەڵگە، دووەم نەریتی نێرسالاری خودی كۆمەڵگەیە كە بەربەستیان بۆ دروست دەكات. ئەگەر سەیر بكەین و بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، دەبینین ئەو ژنە رۆژنامەوانانەش كە بوونەتە دەنگی كۆمەڵگەی خۆیان، زیاتر لە بواری كۆمەڵایەتی كاریان كردووە و زۆر بە دەگمەن خۆیان لە قەرەی سیاسەت داوە و زیاتر لە بواری رۆشنبیری و هونەری و كۆمەڵایەتی كاریلن كردووە. واتە تاكوو ئێستا -بە خۆشمەوە- ئێمەی ئافرەتانی میدیاكار نەمانتوانیوە لە بواری سیاسەت هەنگاوی بەرچاو بنێین. یەكێك لە هۆكارەكانیشی جگە لە تێڕوانینی كۆمەڵگە و دروستكردنی كۆسپەكان، ئەوەیە كە بە گوێرەی پێویست بە دوای زانیاری و خوێندنەوەی بابەتی سیاسی و بەدواداچوون لەو بوارەدا خۆمان ماندوو نەكردووە. لایەنێكی دیكەی گرینگیش لەم بارەیەوە، ئەوەیە كە زۆر جار بینراوە ئەگەر ژنێكی رۆژنامەوان كارامە و بەتواناش بووبێت، ئەوا لەو دەزگایەی كە كاری كردووە، ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخساندووە و نەك متمانەیان پێنەداوە، بگرە رێگریشیان لێكردووە، چونكە پیاوسالاری زاڵ بووە بە سەر بۆچوونیاندا و لەو بڕوایەدا بوون كە ئەوە تەنیا رۆژنامەوانی پیاوە دەتوانێ خۆی لە پرسە سیاسییەكان بدات. بۆیە پێویستە ئەو بیرۆكە نەشیاوە بگۆڕدرێ و پیاوانیش بۆ هاتنە پێشەوەی ژنان لەو بوارەدا یارمەتیدەر بن. بەتایبەتی لە باشووری كوردستان كە ئێستا دۆخێكی زۆر هەستیاری هەیە و لە ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەت نزیك دەبێتەوە.»
نەسرین حەسەن، بەڕێوەبەری وێب سایتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەبارەت بە هەمان پرسیار دەڵێت: «ئەگەر بێین باس لە راگەیاندن بكەین، دەبێ سەرەتا باس لە پیشەیی بوونی ئەو بوارە لە كوردستان بكەین، كە تا چەند توانیویەتی ئەركی خۆی لە گەیاندنی پەیامەكان بە كۆمەڵگە بە شێوەیەكی زانستییانە و بە رەچاوكردنی بنەما و پرەنسیپەكامی كاری راگەیاندن بەجێ بگەیەنێت و تاچەند بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكاندا دەكات و ئافرەتی راگەیەندكار چ رۆلێكی لەو بوارەدا هەیە؟» گوتیشی: «هەرچەندە ئەمڕۆ میدیای كوردی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لە ئاست پرسی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەتایبەتی بەرامبەر بە ئافرەت كەمتەرخەم بووە و وەكو پێویست گرنگی پێنەدراوە، بۆیە پێگەی ئافرەتی راگەیەندكاریش لە میدیای كوردیدا نەگەیشتۆتە ئاستێكی بەرچاو، تەنانەت ئەوەی ئەمڕۆ لە میدیای كوردستاندا دەبینرێت، رێژەی ئافرەت لە بواری راگەیاندن زۆر كەمە و ئەگەریش هەبێت زۆر بایەخ بە كاری ئافرەتی راگەیەندكار نادرێت، یان لە زۆربەی بوارە گرنگەكانی راگەیاندن ئافرەت رۆڵی تێدا نابینێت، واتە زمانی راگەیاندن لە كوردستاندا هزری پیاوانەی بە سەردا زاڵە و كەمتر نەرمونیانی تێدا بەدی دەكرێت، بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستادا كە ئاسەواری شەرێ داعش و قەیرانی دارایی و بارودۆخی سیاسی لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بە زەقی رەنگی داوەتەوە و كاریگەری نەرێنیشی لە سەر دەروونی خەڵك دروست كردووە. بۆیە بەرجەستەكردنی بەها پیرۆزەكان و كاركردن لە سەر ورەبەرزی و خۆڕاگری خەڵك لەو قۆناغەی ئێستادا پێویستییەكی هەنووكەیی و ئەركی سەرشانی هەمووانە. لەگەڵ ئەوەشدا بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم ئافرەتی میدیاكار لە كوردستاندا بە پێی ئەو ئەركەی پێی دراوە، بەڕێوەبەرایەتییەكی سەركەوتووانەی هەبووە و ئەوەش لە كارەكانی رەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە ئێمە لە وێب سایتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك كەناڵێكی سۆشیال میدیایی بەردەوام هەوڵمانداوە ورەبەرزی و گیانفیدایی و رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانمان بەرجەستە بكەین و تیشك بخەینە سەر پرسە چارەنووسساز و گرنگەكان كە تایبەتن بە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئافرەت بەتایبەتی، وێڕای دەرخستنی رۆڵی ئافرەتی كورد چ لە بەرەكانی شەڕ وەك پێشمەرگە چ لە دەرەوە وەك كارەكتەرێكی بەهێز لە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە، یان رۆڵی وەك دایك و هاوسەری پێشمەرگە، یان وەك ئافرەتێك كە ئەرك و بەرپرسیاریەتیمان هەیە لەو قۆناغەی ئێستادا بۆ ورەبەرزی خەڵك و خۆڕاگری و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستا، وێرای ئەوەش زیاتر هەوڵمانداوە گەشبینانە بڕوانینە بارودۆخی كوردستان، لەمەڕ پرسە كۆمەڵایەتییەكانیش ویستوومانە بەشێكی كاریگەر بین لە چارەسەركردنی ئاریشەكان، نەك دروستكردن، یان ورووژاندنی كێشەكان. هەروەها وێب سایتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك كەناڵێكی راگەیاندن كە ئافرەت بەڕێوەی دەبات، توانیویەتی سەركەوتووانە ئەركی میدیایی خۆی بە باشی بەڕێوە ببات و بە بەرجەستەكردنی بەها كۆمەڵایەتییەكان و لایەنی پەروەردە و توێژینەوەی زانستی سیمایەكی تەندروست و گەشبینانە بە راگەیاندن ببەخشێت و تا رادایەكی زۆریش دوور كەوتۆتەوە لە زمانی زبر و توندوتیژی، ئەمەش بە رای من زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئافرەت بەردەوام بە هۆی نەرمونیانی و ئەو تایبەتمەندییەی كە لە كەسایەتییەكەیدا هەیە، هەوڵ دەدەات بەها بەرز وجوانەكان لە كارەكانیدا بەرجەستە بكات ئەوەش بە روونی لە هەموو ئەو بوارانەی راگەیاندن كە ئافرەت كاری تێدا دەكات رەنگی داوەتەوە. بۆیە دەبێت راگەیاندنی كوردستان زیاتر بایەخ بە ئافرەتی راگەیاندكار بدات و دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بە پراكتیزەكردنی بۆچوون و بیروڕایەكانی بەشداری كاراتری لە راگەیاندنی كوردیدا هەبێت.»
نەسرین حەسەن لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان جەختی لەوە كردەوە كە «زۆر گرنگە هاوسەنگی لە ئەركی میدیایی دروست ببێت و پێكهاتەیەك لە هزر و بۆچوونی هەر دوو رەگەز بێتەبەرهەم، هەر بەو شێوازەش راگەیاندن سەركەوتووتر دەبێت.»
لە لای خۆیەوە سیما ئابخەزر رایوایە كە «رۆڵی ژنان لە راگەیاندنی هەرێمی كوردستاندا لە ئاستی رۆڵی گشتیی كاری میدیاییدا نییە.» هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە «هەر تی ڤی و رادیۆ و گۆڤار و رۆژنامەیەك بەپێی ستراتیژ و پلان و بەرنامەكانی خۆی و حزبەكەی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارەی كوردستاندا دەكات، ئەوەش شتێكی مەترسیدارە كە لەم دەرفەتەی بۆ كورد هەڵكەوتووە، میدیایەكی پەرتەوازە و ناكۆكمان هەبێت.»
نەریمان خەسرەو دەرچووی بەشی راگەیاندنە و رایوایە «نەك هەر ئافرەت، پیاوانیش وەكو پێویست نەیانتوانیوە رۆڵی گونجاویان لەم دۆخەدا هەبێت كە كورد و كوردستان جگە لە تووشكردنی بە قەیرانی دارایی، شەڕی تیرورستانی داعشیش بەرۆكی گۆتووە.» گوتیشی: «ئەگەر باس لە رۆڵی ئافرەت، یان پیاوی نێو راگەیاندن بكەین لەم دۆخەی شەڕ و لە رووماڵكردن، یان كاركردنی لە بواری هەواڵ و راپۆرت و كاری مەیدانیدا، ئەوا بێگومان كەموكوڕییان زۆرە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە تا ئێستا هەوڵ نەدراوە وەكو پێویست و بە شێوەی ئەكادیمی رۆژنامەنووسان بە چەكی زانیاریی تایبەت بەم دۆخە و ئامادەكردنی پەیامنێری جەنگ پڕچەك بكرێن، ئەوەشی هەیە زیاتر حەز و خولیای تاكی میدیاكارە و نەبووتە خەمی دەزگا، یان سەندیكا، یان حكومەت لە رێگەی وەزارەتە پێوەندیدارەكانەوە، بۆیە هەڵەی زۆریشیان بەسەردا تێدەپەرێت و لەوانەیە هەندێك جار بە بێ مەبەست و بە هۆی نەزانین، هەواڵەكانیان زانیاری بە دوژمن و نەیاری ئەم كوردستان بدات.»
هاوژین عومەر، كە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەدەب و رۆژنامەگەری، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە «میدیای كوردی لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی ئەماتۆرییانەی ناپیشەگەر لەدایك بووە، بۆیە بەدەست كۆمەڵێك قەیران و كێشەوە دەناڵێنێ، بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی كێشەی بونیەوین، زۆربەڕوونی لە مەسەلەكانی تێگەیشتن لە وەزیفەی رۆژنامەنووس لە كۆمەڵگە، و پەیڕەوكردنی بنەما ئیتیكییەكانی پیشەی راگەیاندن، و ئەدای دەزگا رۆژنامەنووسییەكان بەرامبەر بە پرسە جیاجیاكانی كۆمەڵگە دەبیندرێت، هەر بۆیە بەشێك لە فاكتەرەكانی كەمیی ژمارەی خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرانی ئافرەت بۆ ئەو كێشانە دەگەڕێتەوە، لە هەمان كاتدا فاكتەرە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەت رێگریكردن لە ژنان لە مومارەسەكردنی كاری ئیعلامی و نەزرەی نادروستی كۆمەڵگە بەرامبەر ئەو ژنانەی لەو بوارە كاردەكەن هۆكاری بنەڕەتی ئەو حالەتەن». گوتیشی «زۆرینەی كۆمەڵگەیەك كە لای ئاسایی نەبێ ژن وەك هەر قوتابییەك زانستییانە لە بەشە جیاجیاكانی رۆژنامەگەری لە پەیمانگە و كۆلیژەكان رۆژنامەگەری بخوێنێ، حەتمەن رێگری دەكات لە پڕاكتیزەكردنی ئەم پیشەیە لەلایەن مێینەكانی».
هاوژین هۆكارێكی دیكەی ئەو حاڵەتەی بۆ شێوەی بیركردنەوەی دەزگا رۆژنامەوانییەكان بەتایبەتی بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئەو دەزگایانە گەڕاندەوە كە «ئافرەت وەك دیكۆر و جوانكاری دەزگاكانیان بەكاردەخەن، بێئەوەی ڕێگەبدەن پشكداری جەوهەرییان لە بەڕێوەبردنی ئەو دەزگایانە هەبێ، یان تەیار و ئامادەیان بكەن تا لە داهاتوودا رۆڵی كەسی یەكەم لە دەزگاكان بگێڕن. گوتیشی: «بەشێك لە فاكتەرەكانی ئەم حاڵەتە بۆ خودی ئافرەتان دەگەڕێتەوە، چونكە بەشێكی زۆریان هەوڵی خۆتەیاركردن و قووڵكردنەوەی تواناكانیان نادەن و وەك میوان لەو دەزگایانە هەڵسوكەوت دەكەن».
سۆزان جەمال چالاكی بواری مافی ئافرەتانە و سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، ڕۆژنامەنووسێكی زۆری رەگەزی مێینە دەركەوتوون، گوتیشی: «بەرلە ساڵانی نەوەدەكان بیرم دێت چەند ئافرەتێك رۆژنامەنووس بوون كە بە پەنجەكانی دەست دەژمێردران. ئەو كاتە، زیاتر لە ئێستا كاری رۆژنامەنووسی قورستر بوو، هەموو كارەكان بە ماندووبونی جەستە و فكر بوو، وەك ئیستا نەدەكرا لە ڕێگەی مۆبایل و ئیمێل و فەیسبووكەوە پێوەندی بكەی و پرسیارەكان بنێری و كۆنتاكت وا ئاسان نەبوو، جگە لەوەی وەزعەكانیش قورستر بوون.»
رۆژنامەنووس ژیلا كەریمی، قسەكانی بەوە دەست پێدەكات كە «ئافرەت بەگشتی سروشتی خۆی بەو شێوەیە كە وردترە لە كارەكان، نەك تەنیا لە كاری راگەیاندن، بەڵكو بەرپرسایەتی هەر كارێك هەڵگرێت، ئەوە زۆر بە پوختی و وردی ئەنجامی دەدات». وتیشی: «سەرەڕای جێنەكەوتنی بواری راگەیاندن بۆ كاركردنی ئافرەت و رەشبینیی كۆمەڵگە بۆ ئەو كارە بەرامبەر رەگەزی مێینە، رۆژ لە دوای رۆژ رادەی بەشداریی ئافرەتان لەو بەشە زیاد دەكات و تیاشیدا سەركەوتوون».
ئەو خاتوونە رۆژنامەنووسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كۆمەڵگەی كوردی بە شێوەیەكی كەلتووری كارەكانی بەسەر دوو رەگەزدا دابەشكردووە و هەندێ كار تایبەت بە رەگەزی نێرینە دەزانن و ئەو باوەڕە هەیە كە ئافرەت ناتوانێت ئەو كارە بكات، بەڵام ئافرەتی كورد بە هەڵبژاردنی ئەو بوارە لە لایەك بەرگری لە كەسایەتی خۆی دەكات و بە كۆمەڵگە دەڵێت: لە هەر شوێنێك بێت، دەتوانێت خۆی بپارێزێت و ئیتر پێویست ناكات، باوك، یان برای ئاگاداری بێت، یان لە هەندێ شوێن دوورەپەرێز بێت. لە لایەیكیتر دژی جیاوازی رەگەزی دەوەستێتەوە و كارێكی پیاوانە هەڵدەبژێرێت كە كارێكی مەیدانی و پڕچالاكییە و زۆر بە متمانەوە ئەو كارە دەكات و هەوڵ دەدات سەركەوتووتر بێت لە رەگەزی بەرامبەری و خۆی بسەلمێنێت بۆ ئەوەی بڵێت كۆمەڵگە بە هەڵە بڕیاری داوە. وتیشی: «كاری راگەیاندن كارێكی مەیدانی و پڕچالاكییە، بەڵام ئافرەتانی كورد لەو بوارەدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە و سەلماندوویانە كە ئیتر سەردەم، سەردەمی چاخی سەرهەڵدانی كشتوكاڵ نییە و كاری ئەم سەردەمە بیركردنەوەیە و پێوەر، هێزی مێشك و توانای راپەڕاندنی كارەكانە، نەك بنەمای رەگەزی. واتە ئەگەر كۆمەڵگە دەرفەت بدات، ئافرەت نەك لە پیاو كەمتر نییە، بەڵكو لە زۆر بواردا سەركەوتووتر و كارامەتریشە لە پیاو.» گوتیشی: «ئەم بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەرێت، رەچەڵەك و رەگەز نابێت ببێتە پێوەر و پێویستە هەموو هاونیشتمانییەك و بەتایبەتی میدیاكاران پاڵپشت و پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە بن كە بە خوێن و گیانی پاكیان ئەم خاكە پیرۆزەیان پاراستووە.»