پزیشكانی كوردستان هێزی خۆیان بۆ خزمەتكردنی خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیدە سەربەرزەكان تەرخان دەكەن
April 19, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
جگە لەوەی لیژنەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێكهاتووە بۆ وەرنەگرتنی رسووماتی كەرتی تەندروستی لە پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان كە هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرە ئەهلی و حكوومییەكان دەگرێتەوە، لە كۆی 71 سەنتەری پزیشكی هەموویان رەزامەندییان پیشان داوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی و هاوكاری زیاتری نێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكانی كوردستان و بە میكانیزمێك بۆ باشتر گەیاندنی چارەسەری پزیشكی بۆ هاووڵاتیان و بەتایبەتی بۆ كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان خزمەتیان بكەن. ئێستا 21 سەنتەری تایبەت بە چاو هەر بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر كاری پزیشكی بۆ نەخۆشانی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهێدان دەكەن. هاوكات نرخی نۆرینگە، سۆنار، تاقیگە و نەخۆشخانە تایبەتەكانی پارێزگای هەولێر بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی بە رێژەی 30% كەم كراوەتەوە و جەختیش لەوە كراوە كە نابێت دابەزاندنی نرخەكان كاریگەری لەسەر جۆری خزمەتگوزارییەكان هەبێت. لە ئێستاشدا ژمارەیەك پزیشك بەو كارە پیرۆزە هەستاون و بە بێ بەرامبەر چارەسەری نەخۆشانی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان دەكەن.
د. كەژاڵ حەمید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان یەكێكە لەو پزیشكانەی كە بە هۆی رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە، بڕیاری داوە خزمەتگوزارییەكانی نۆرینگە تایبەتەكەی بۆ هاوسەر و دایكی پێشمەرگە و دایكی شەهیدان بكاتە خۆڕایی و هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «لە دوای هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی شنگال و دەوروبەری و ئاوارە بوونی خەڵكێكی زۆری ئەو دەڤەرە و هاتنیان بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئەو رووبەڕووبوونەوە دلێرانەی پێشمەرگەكانمان لە دژی ئەو هێزە دڕندەیە، كە زۆر بەداخەوە شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگەی لێكەوتەوە، بارودۆخێكی نالەبار لە كوردستان دروست بوو، هاوكات كۆمەڵێك گرفتی داراییش رووی تێكردین و لە لایەكی تریشەوە بابەتی بێ مووچەیی زۆربەی ئەوانەی لە بەرەی جەنگن، ئەركی هەموو تاكێكی نیشتمانپەروەری قورستر كردووە، بۆیە بە پێویستم زانی منیش بەشداری بكەم لەو ئان و ساتەدا، دەبووایە بە پێشمەرگە بڵێین ئێوە بە تەنیا نین، بۆیە بیرم كردەوە كە هیچ نەبێـت زانستی پزیشكی بخەمە خزمەتی كوردستان و پێشمەرگە بۆیە بڕیامدا كە دایك و خێزان و منداڵی شەهید و پێشمەرگە و خەڵكی هەژاریش بە خۆڕایی پشكنینیان بۆ ئەنجام بدەم و هەندێ نەشتەرگەری بچووك هەیە بە خۆڕایی بۆیان ئەنجام بدەم.»
د. كەژاڵ حەمید لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆمەڵێك پزیشكی دیكەش ئامادەییان دەربڕیوە كە ئەو بیرۆكەیەی جێبەجێ بكەن. «كاتێ ئەو بیرۆكەیەم لەگەڵ هاوڕێیانم لە كۆمەڵگەی پزیشكی باس كرد، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی سۆنار، هەروەها پشكنینی تاقیگەیی بۆ ئەوانەی باسمان كرد بە خۆڕایی و ئەوانیش بڕیاریان دا كە پشكنینەكان بە خۆڕایی بۆ كەسوكاری شەهید و پێشمەرگە و خەڵكی هەژاریش ئەنجام بدەن، هاوڕێیانی دەرمانخانەش بڕیاریان دا كە دەرمان بە نرخی كۆمپانیا بفرۆشنەوە ئەو كەسانەی ناویان هات. بڕیاردرا كە بەردەوام بین تا ئەو كاتەی بارودۆخەكە جێگیر و هێور دەبێتەوە.» گوتیشی: «ئەو بڕیارەی هەر چەند رۆژێك دوای داگیركردنی شنگاڵ دەستی پێكرد و ساڵێك زیاترە بەم شێوەیە بەردەوامین و سەدان نەخۆش لە عیادەكەی من پشكنینی بە خۆڕایی بۆ كراوە و سەدان نەشتەرگەری بچووكی بە خۆڕایی و چەندین نەشتەرگەری گەورە لە نەخۆشخانە تایبەتەكان ئەنجام دراون، بە بێ ئەوەی ئێمە وەك دكتۆر پارەیان لێ وەرگرین، تەنیا پارەی مانەوە و دەرمانی نەخۆشخانەیان دەدا، ئەویش بە داشكاندنی زۆرەوە، سەدان پشكنینی سۆنار و تاقیگەش بە خۆڕایی كران و داودەرمانێكی زۆر بە نرخی كۆمپانیا بە نەخۆشەكان دراون. ئەوەی كردوومانە منەت نییە بە سەر كەسەوە، چونكە ئەركێكی نیشتمانی و پیشەیی خۆمانە و ئەركێكی ئایینیشە كە لە باری ناهەمواردا هاوكاری خەڵك بكرێت، بۆیە هەتا باری ئەمن و ئاسایشی كوردستان ئاسایی دەبێتەوە پەنابەخوا لەو یارمەتیدانە بەردەوام دەبین. جگە لە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانیش ئەگەر كەسێك بێت و بڵێ توانای ماددیم نییە، ئێمە بە خۆڕایی پشكنینی بۆ ئەنجام دەدەین، ئەگەرچی نۆرینگەكان سەرچاوەی بژێوی دكتۆرن، بەڵام ئێمە پابەندین بە پەیامی مرۆیی و لەو كارەش بەردەوام دەبین. چاوەڕێی پاداشت و پێزانینیش لە كەس ناكەین، چونكە وەك ئاماژەم پێدا ئەوە ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانی و پیشەیی و نەتەوایەتی خۆمانە، نۆرینگەكەشم لە هەولێرە لە كۆمەڵگای نەوا، لە شەقامی شەست مەتری نزیك پردی ئیسكان. لە كۆتاییدا سوپاسی ورەی بەرزی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و سەری رێز دادەنوێنم بۆ ئەوانەی گیانی خۆیان بەخشی و داواكارم خوای گەورە بە بەهەشتیان شاد بكات و سەبووری بدات بە خانەوادە و كەسوكاریان و تەمەنی ئەوانەی لە سەنگەرن درێژ بێت و خوا بیانپارێزێت .»
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی ژیانی تەندروستی پرۆژەیەكی گەورەی خێرخوازی رادەگەێنێت بۆ چارەسەری نەخۆشانی ئاوارە و كەمدەرامەت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێشمەرگە و خانەوادەی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكان، لەمبارەیەوە قاسم عەزیز سەرۆكی رێكخراوی ژیانی تەندروستی بە گوڵانی راگەیاند: كەوا بۆ یەكەمجار لە سەر ئاستی باشووری كوردستان رێكخراوەكەیان پرۆژەی «پزیشكی ساڵی» وەك بیرۆكە راگەیاندووە و دواتر بیرۆكەكەی خستە بواری جێبەجێكردن بە گفتوگۆكردن لەگەل چەند رێكخراوێكی نێودەولەتی و دەزگای حكوومی و كەسایەتی ئەكادیمی و زانستی بۆ دانانی پێوەرەكانی هەڵبژاردنی پزیشكانی پێشەنگ و پزیشكی ساڵ، بە ئامانجی هاندانی پزیشكان لەسەر كاری خۆبەخشی و خزمەتی گشتی و پابەندبوون بە ئەركی مرۆڤایەتی خۆیان و دەرخستن و ناساندنی پزیشكانی داهێنەر و خاوەن هەڵوێست و مرۆڤدۆست تا ببنە نموونە و پێشەنگ بۆ كۆمەڵگە بەگشتی و پزیشكانی هاوپیشەیان بەتایبەتی. گوتیشی: «لە هەریەك لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك ) لێژنەی تایبەت هەڵبژیردران بۆ چاودێریكردنی كاری پزیشكان و هەڵبژاردنی چاكترینیان بە كۆدەنگی و بەپێی پێوەرەكان، بۆ پێوەرەكانیش زۆربەی لایەنەكان جەخت لەسەر لایەنی مرۆیی و خۆبەخشی و داهێنان و زۆریی سوودمەندان لە خزمەتگوزارییەكانیان و گرنگیدان بە لایەنی هۆشیاری تەندروستی هاووڵاتیان دەكەنەوە بۆ ئاشكراكردنی ناوی پزیشكی ساڵ و پێشەنگ، ئێستا وێرای بوونی پێشبڕكێی زانستی و مرۆیی لە نێو پزیشكان لەسەر كاری خێرخوازی و مرۆیی و داهێنان، پزیشكانی دەرچوو، بەتایبەت پزیشكی ساڵ بەهاوكاری و سەرپەرشتی رێكخراوی ژیانی تەندروستی لە رێگای كردنەوەی ئۆفیسی تایبەت پرۆژەیەكی گەورەی خێرخۆازی رادەگەیێنن بۆ چارەسەری نەخۆشانی ئاوارەو كەمدەرامەت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێشمەرگە و خانەوادەی پێشمەرگە كە بەم زووانە پرۆژەكە رادەگەێندرێت و لە رێگای ئۆفیسێك و بڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەكی پێوەندیكردن پێشوازی لە نەخۆشەكان دەكرێت و چارەسەرییەكان نەشتەرگەری گەورە و بچووك دەگرێتەوە. هەروەها ئەوانەی كە لە ناوخۆ چارەسەر نەكرێن، یان پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات رەوانەی دەرەوەیان دەكەین.»
لەلای خۆیەوە د. هەست كەریم سكرتێر و گوتەبێژی سەندیكای پزیشكانی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد كە وەكو سەندیكا پێش ئەم بارودۆخەش لە رووی تەندروستییەوە لە دامەزراوە حكوومی و نەخۆشخانەكانەوە هاوكاری كەسوكاری پێشمەرگە و شەهیدانیان كردووە، گوتیشی: «دوای هەڵگیرسانی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە كوردستان، وەكو سەندیكا لە بەیاننامەیەكدا داوامان كرد، هاوكاری پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەكانیان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بكرێت، بە خۆشحاڵییەوە نزیكەی 80%ی پزیشكان لە كلینیكە تایبەتەكانیان بە بێ بەرامبەر خزمەت نەخۆشانی كەسوكاری پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانیان كردووە، هاوكات وەكو ئەنجومەنی باڵای سەندیكا لقەكانی سەندیكامان سەرپشك كرد لە دابەزاندنی نرخی نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەكان، خۆشبەختانە پزیشكەكانمان هەریەك لەلایەن خۆیانەوە هەستیان بەو بەرپرسیارێتیە كرد و بە ئەركێكی نەتەوەیی خۆیانیان زانیوە و لەسەر نۆرینگەكانی خۆیانیان نووسیوە، جگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر سەرجەم نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی ئاگادار كردۆتەوە لەوەی كەسوكاری پێشمەرگە و شەهیدە سەربەرزەكان هەم لە رووی دانانی كاتی نەشتەرگەری و هەم لە رووی تێچووی نەشتەرگەرییەكە ببەخشرێن، واتا نەشتەرگەرییان بەبێ دواخستن بۆ ئەنجام دەدرێت.