ئافرەتان داوای كاری دیپلۆماسی و بەشداری لە دروستكرنی سیاسەتدا دەكەن
April 9, 2016
کۆمەڵایەتی
ئافرەتان لە پاش هەوڵێكی زۆر و خەباتێكی بەردەوام لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهاندا توانییان تا رادەیەكی بەرچاو مافەكانیان مسۆگەر بكەن و تەنانەت لە دروستكردنی سیاسەتیشدا بەشداری بكەن. ئەگەرچی لە كوردستانیش بەشداریی ئافرەت لە كاری سیاسی و ئەندامێتییان لە ئاستەكانی باڵای حزبیدا گەشەی كردووە، تەنانەت لە باشووری وڵات بەشدارییان لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا پەرەی سەندووە و گۆڕانێكی نەوعی بەدی دەكرێت، بەڵام تا ئێستا وەك ئافرەتێكی سەركردە باسیدەكات، وەفدەكانی كوردستان و شاندەكانی بیانی بەپێچەوانەی یەكدین و لە وەفدەكانی كوردستان بۆ دانوستان و كاری دیپلۆماسی بە دەگمەن ئافرەتێك دەبیندرێ، كەچی ئەو وەفدانەی دەرەوە كە سەردانی كوردستان دەكەن، ئەگەر سەرۆكی شاندەكەش ئافرەت نەبێت، ئەوا بە دەگمەن ئافرەتیان تیا نییە. ئەوەش لە حاڵێكدایە كە هاوكێشە سیاسییەكان پاڵ بە هەرێمی كوردستانەوە دەنێن هەتا بەرەو دەمەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاوی خێراتر هەڵبگرێ، بۆیە چاودێرانی سیاسی بە پێویستی دەزانن لە كوردستان زیاتر بنەماكانی دیموكراسی پەیڕەو بكرێن و رێگە بۆ ئافرەتانیش بكەنەوە بۆ ئەوەی پتر لە پرسە سیاسییەكان دەربكەون و تەنانەت لە دانوستاندنە چارەنووسسازەكاندا بەشدارییان پێبكرێت. واتە ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان بەشداریی ئافرەت لە ئاستی سەركردایەتی حزبەكان و تەنانەت لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا پەرەی سەندووە، بەڵام بۆچی ئافرەتان لە وەفدەكانی كوردستان بۆ دانوستاندن و كاری دیپلۆماسی بێبەش كراون؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا، ئەڤین هروری ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: « نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئافرەت توانیویەتی لە سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا جێگەی خۆی بكاتەوە و لە زۆربەی حزبەكانیش ئافرەتی خاوەن پلەی سەركردایەتی بوونیان هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە فاكتەرێك كە بڵێین ئافرەت گەیشتووەتە ئاستی یەكسانی و هاوشانی پیاوانە، بەتایبەت ئێمە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 25 ساڵە هەناسەی ئازادی دەكێشین و لە ئاستی نێودەوڵەتی بەرەوپێشچوونی زۆر بەرچاومان بووە، بەڵام لە سەردانی وەفدەكانمان و هاتنی وەفدەكانی بیانی دیاردەیەكی پێچەوانە هەیە، واتە لە وەفدەكانی كوردستان بۆ دانوستان و كاری دیپلۆماسی بە دەگمەن ئافرەتێك دەبینین، یان هەر نایبینین، بەڵام ئەو وەفدانەی دەرەوە كە دێن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر سەرۆكی شاندەكەش ئافرەت نەبێت، ئەوا بە دەگمەن ئافرەتیان تیا نییە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا وەك ئافرەتانی سەركردە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبێكی دەسەڵاتدارە، داوای ئەوەتان كردووە كە لە وەفدەكان بەشدار بكرێن؟ ئەڤین هروری گوتی: «ئێمە زۆر جار هەوڵمان داوە، بەتایبەتی لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا، بەڵام ئەنجامی بەرچاومان نەبووە، لە كاتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت كە زۆر دانوستاندن كرا لە نێوان حزبەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا یەك حزب ئافرەتی لە وەفدەكانیدا بەشدار كرد، لە وەفدەكانیش كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەردانی بەغدا دەكەن، ئافرەتان بەشدار نین، بەڵام ئەو ئافرەتانەی كە سەرۆكی فراكسیۆنن لە پەرلەمانی كوردستان ناتوانن پشتگوێیان بخەن، رەنگە ئەگەر رێگەیان هەبوایە ئەوانیشیان بەشدار نەدەكرد. ئێمە وەك ئافرەتانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان (گرووپی ئاشتی)مان دامەزراندووە، كە هەموو ئافرەتانی سەركردایەتی حزبەكان لە خۆ دەگرێت، تەنانەت ئەو ئافرەتە سەركردانەش كە سەر بە هیچ حزبێك نین، بەڵام لە ئاستی سەركردایەتین لەو گرووپە جێگەیان بۆ كراوەتەوە، ئەو گرووپەش ئامانجی ئەوەیە كە ئافرەتیش لە شاندەكانی دانوستاندن لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستانیش بەشدار بكرێن».
پەیمان عزەددین پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «ئەگەر سەیری تێكڕای پارتە سیاسییەكان بكەین، دەبینین چ لە ناو خودی حزب و لایەنەكاندا و چ لە ناو ئەو وەفدانەی حكوومی كە پێشوازی دەكەن لە وەفدە بیانییەكان، یان سەردانی شوێنێك دەكەن، بەشداری ئافرەت لە ئاستی نەبووندایە، نەك كەم، ئەگەر پارتێكیش هەبێت كە ژنێك لە ئاستی باڵادا دابنێت، ئەوا تەنیا بۆ رووكەشی دەرەوەی پارتەكەیە و ئەوەی راستی بێت تاوەكو ئێستا لە هیچ دانوستانێك و لە هیچ سەردانێكی دیپلۆماسی ژنان جێگەیان نییە، ئەوەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بڕوا و قەناعەتی سەركردایەتی حزبەكان كە تا ئێستا نەیانتوانیوە قۆناغی پیاوانەی پارتەكانیان بەرەو یەكسانی رەگەزی تێبپەڕێنن، بۆیە پارتەكانمان بەگشتی بایەخیان بە توانا و رۆڵی ژنان لە ئاستی باڵا و كاری دیپلۆماسی و بەشدارییان لە وەفدەكاندا نەداوە و ژنان لە بنەوەی دیواخانەكانی حزبن».
رۆشنا مەگرون، چالاكی بواری مافی مرۆڤە و لە دەستپێكی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ستایلی زۆر شت گۆڕاوە، بەڵام هزر و هۆشمان نەگۆڕاوە، لەكاتێكدا وابەستەبوون بە هزری كۆن و نەریتسالاری هەمیشە هەڕەشە و كۆسپی گەورەی بۆ ئافرەت دروستكردووە بۆ ئەوەی نەتوانێ رۆڵی كارای لە كاروباری وڵاتەكەیدا هەبێت، بەڵام لەم سەردەمی ئینتەرنێت و جیهانگەراییەدا جیاوازە رەگەزییەكان زۆر كاڵ بووەتەوە، هەر دوو رەگەزیش خاوەن پەیام و ئامانجی خۆیانن، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد كە لە قۆناغی بونیاتنانەوەی كۆمەڵگەی خۆمانین، یەكێك لە پێوەرەكانی دەسەڵاتی دیموكراتی و پێشكەوتوویی هەر وڵاتێكیش بەشداریی ئافرەتی لە گشت جومگەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە لە وەفدەكانی كوردستانیش وەك وەفدەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو ئامادەیی و هزر و روانگەی ژنانی سەركردە و بەئەزموون بایەخی پێبدرێت و پشتگوێ نەخرێن».
عومەر شاوری ئەندامی دەستەی راوێژكاری حزبی زحمەتكێشانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە رۆژئاوای كوردستان ئافرەتان وەكو پیاوان لە هەموو كایە سیاسی و سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا بەشدارن و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و لە بەرگریكردن لە شاری كۆبانی شانبەشانی پیاوان دەجەنگن و لە وەفدەكانی دانوستاندەكانیشدا ئەمە رەنگیداوەتەوە، وەك ئەوەی لە فەرەنسا بینیمان ئافرەتێك سەركردایەتی وەفدی كوردانی خۆرئاوای كرد، بە هەمان شێوە لە باكووری كوردستانیش چەندین سەركردەی ئافرەتمان هەیە كە شانبەشانی سەركردە پیاوەكان لە كۆڕی خەبات و تێكۆشاندان و لە شاندەكانیش ئامادەبوونیان هەیە»، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش گوتی: «راستە ئافرەت لە سەركردایەتی حزب و پەرلەمان و حكومەت وجوودیان هەیە و تەنانەت ئافرەتی وەزیرمان هەیە، كەچی لە ناو شاندە دیپلۆماسییەكان و وەفدەكانی دانوستاندن نابیندرێن. ئەوەش پەیوەندی بە عەقڵییەتی پیاوانی حزبەكانەوە هەیە كە لەوانەیە بڕوایان بە لێهاتوویی ئافرەتان نییە بۆ ئەوەی لە پرسە چارەنووسسازەكان بەشداریان بكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشداریی ئافرەتانی سەركردە لە شاندەكانی دانوستاندن لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا بایەخی پێدراوە و ئەنجامی زۆر باشیشی هەبووە».
عومەر شاوری لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە ئافرەتانی كورد لە بواری دیپلۆماسیدا چەندین نموونەی سەركەوتوویان لە مێژوودا هەبووە، گوتیشی: «وەك كورد چەندین ئافرەتمان هەبووە كە پێشەوایەتییان كردووە و شارەزا بوون لە بواری سیاسی و گفتوگۆ و دانوستاندا، نموونەی زۆرمان هەیە وەك خاتوو خانزادی میری سۆران و حەفسەخانی نەقیب لە سلێمانی و عادیلەخانم لە هەڵەبجە و مەستوورە خانمی ئەردەڵان لە سنە، كەواتە ئەمە شتێكی نوێ نییە كە باسی لێوە دەكەین و ئافرەتی كورد لە دێزەمانەوە تا ئێستاش بەشداربووە لە سیاسیماندا و دەبێت لە كایە سیاسییەكاندا رۆڵیان بەرز بنرخێنین و و كۆسپیان بۆ دروست نەكەین».
لەلای خۆیەوە ئەڤین هروری چارەسەر لەوەدا دەبینێت كە «بنەماكانی دیموكراسییەت لە ناو كۆمەڵگەی ئێمەش بە جددی پەیڕەو بكرێت و هەموو ئەو پیاوانەی لە دەسەڵاتن بە ئەقڵییەتی نەهێشتنی جیاوازیی رەگەزی كاربكەن و بڕوایان بەوە هەبێت كە ئافرەت هاوشان و شەریكی ئەوانن و وەك چینێكی بێهێز سەیری ئافرەت نەكەن».