ئافرەتان بەشداری راپەڕینیان كرد بۆ ئەوەی خۆیان و پیاوانیش ئازاد بكەن
March 17, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەموو شۆڕشەكانی كورد لە دژی كۆیلایەتی و داگیركاری و ژێردەستەكردن بووە، بە درێژایی مێژووی داگیركاری خاكی كوردستانیش نەتەوەكەمان قوربانی داوە و ئافرەتانیش شان بە شانی پیاوان خەباتیان كردووە، زیندانی كراون و ئەشكەنجە دراون و توندوتیژییان بەرامبەر كراوە، تەنانەت ژمارەیەكی زۆریان گیانیان لەو پێناوەدا بەخت كردووە.» ئەوە دەستپێكی قسەكانی ئاواز محەمەد عەلی، بەرپرسی رێكخراوی ئامێز بۆ گەشەدان بە تواناكانی كچان بوو. ئەو خاتوونە كە هاوكات دامەزرێنەری -پەیمانگای میللیی ئامێز بۆ ئافرەتان لە هەڵەبجە- یە، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئافرەتان لە كاتی شۆڕشی شاخدا رۆڵی گرنگیان هەبووە و شان بە شانی پیاوان هەموو پێكەوە خەباتیان كردووە و بە راپەڕینیش هەوڵیان داوە دوژمنێك لە ناو ببەن، كە دوژمنی مرۆڤایەتی بوو»، گوتیشی: «گەرچی ئێستا وەك كورد لە باشووری كوردستان ئازادین و لەو دوژمنە ستەمكارەی بەعس رزگارمان بووە، بەڵام وەك ئافرەت ئازادییەكانی دەستەبەر نەكراون و بەداخەوە نەك پێگەی خۆیانیان پێ نەداون، بەڵكوو وەك كاڵا سەیر كراون و رۆژانەش توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێ، بۆیە زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتەی پیاو و كۆمەڵگە بەگشتی بەرامبەر بە ئافرەتان هەوڵی جددی و بێوچان بدەین.»
دكتۆر عومەر حەمەدئەمین نوورەدینی - دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان، كە ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی-یە لە بەشی دیپلۆماسیەت و پێوەندییەكانی نێودەوڵەتی وانە دەڵێتەوە، رایوایە «ئەو خەبات و بەشداری و قوربانییەی ئافرەتی كورد لە شۆڕش و راپەڕیندا هەر بۆ ئازادی پیاو نەبووە، بەڵكو بۆ ئازادی گەل بووە بە پیاو و ئافرەتەوە، وەك چۆن قوربانی پیاوی كورد لە شۆڕش و راپەڕیندا هەر بۆ خۆی نەبووە، بەڵكو بۆ گەلی كوردستان بووە، بەڵام رزگاربوونی گەل و نیشتمان لە دەسەڵاتی داگیركاری، مانای ئەوە نییە كە ئافرەتانی گەلەكەمان بە تەواوی و بە هەموو مافەكانیان شاد دەبنەوە. بۆیە لەو بوارەدا پیۆیستمان بە بەردەوامیی خەباتی مەدەنییانە و یاساییانە و دیموكراسییانە هەیە و بەو جۆرەش دەتوانین ژنی كورد لە ژێردەستەیی عەقڵییەتی پیاوسالاری و نەریتی چەقبەستووی كۆمەڵایەتی و هزر و باوەڕی كۆنەپەرستانە و پەت و زنجیری كۆنەخوازی رزگار بكەین. ئەمەش بە پلەی یەك دەبێت ئافرەتان خۆیان خەبات و كۆششی بۆ بكەن، لەم خەباتەشیاندا پشتیوانی پیاوانی پیشكەوتووخواز و بڕوادار بە مافە رەواكانی ئافرەتان زۆر گرنگ و كاریگەرە،چونكە بزاڤی فیمینیستی كوردستان ئەگەر بەو ئاراستەیەدا بڕوات كە پێیوابێت وەدیهاتنی مافی ژن لە رێگەی دژایەتیكردنی پیاوەوە دێتەدی، ئەوە بەهەڵەدا چووە و تووشی ئاستەنگی گەورە دەبیت، بۆیە رێگە دروستەكە ئەوەیە كە دەبێت رەوتی بە دەستووری و یاساییكردنی مافەكانی ئافرەتان بەردەوام بێت. هەروەها لە رێگەی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە نەوەی نوێ بە رەوایەتی ئەو مافانە گۆش بكرێن و هەڵمەتی هۆشیاریی كۆمەڵگە بەردەوام بێت، هاوكات خەباتی مەدەنی كە ئافرەتان خۆیان تیایدا هەڵسووڕاو و چالاك بن، زۆر گرنگ دەبێت. بۆیە پێویستە حاڵەتێكی وا بخوڵقێندرێت كە ببێتە هۆی دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان و رەخساندنی هەڵی یەكسان لەگەڵ پیاوان بۆ بەشدارییان لە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتووری و مەدەنییەكان و بەتایبەتیش بەشدارییان لە دەسەڵاتی سیاسیدا».
دكتۆر عومەر لە كۆتایی قسەكانیدا پێداگری لە سەر ئەوە دەكات كە ئەو بیرۆكەیەی فۆكۆیاما-ی بیرمەند بۆ «مێینەكردنی سیاسەت» پێویستە پراكتیكی بكرێت و جێی دروشم و گوتاری بێ كردار بگرێتەوە.
ژیان عومەر ئەندامی پەرلەمان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە رۆڵی ئافرەتی كورد لە راپەڕین و شۆڕشەكاندا دەڵێت: «لە راستیدا ئافرەتی كورد نەك هەر بەشداری لە راپەڕین كردووە، بەڵكو هەر لە منداڵدانی دایكیدا پشكی شێری لە نەهامەتی و قوربانیدان بەركەوتووە. لە هەموو ئەو مەینەتییانەی كە بەر گەلەكەمان كەوتووە، ئافرەتان زیاتر تووشی سەدمە و بارگرانیی ئەركی ژیان بوون، نموونەی ئەو دایكانە كەم نین كە هاوسەریان لەدەست داوە و سەرپەرشتی خێزانەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە خەباتی شاخ و شار ئافرەتان بەشداری كارایان بووە، بەشداری سەرەكیی راپەڕینیش بوون، سوپاس بۆخوا دیكۆمێنتەكانمان ماوە، دەبێ سوپاسی تەكنەلۆجیا و راگەیاندن بكەین بە بینراو و بیستراو و نووسراوەوە كە رۆڵی ئافرەتیان لەو بوارەدا نیشان داوە».
ژیان عومەر لە درێژەی قسەكانیدا پرسیارێكی بۆ دروست دەبێت و دەپرسێت: «ئافرەت بەشداری كارای لە راپەڕیندا كرد، بەڵام ئایا راپەڕین چی بۆ ئافرەت كرد؟» لە وەڵامی پرسیارەكەشیدا دەڵێت: «بەداخەوە ئەو ئافرەتەی كە كۆیلایەتی پێ هەرس ناكرێت، یان بیەوێ خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و نەهێڵێت پیاو پشتی بێت، بایكۆت دەكرێت و دەبێ لە زیندانی چواردیواری ماڵی خۆی بێت.» گوتیشی: «هەموومان دەزانین ئافرەتانی بوێر و خاوەن هەڵوێست و چاونەترسی كوردستان چۆن لە هەڵمەتی راپەڕین بەشدار بوون، بەڵام دوای رزگاری و هەتا ئێستاش ئەوە هەر پیاوانن كە خۆیان بە خاوەنی هەموو بڕیارەكان دەزانن و ئافرەت پەراوێز دەخەن. بەداخەوە زۆر جار هەندێ ئافرەت خۆی كۆیلایەتی پێ قبووڵ دەكرێت و هەندێك پیاویش سوود لەوە وەردەگرن، بۆ نموونە ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان كە بەرهەمی راپەڕین و خوێنی هەزاران شەهیدە دیاردەی (فرەژنی)مان قەدەغە كرد، كەچی زۆر لە گەورە بەرپرسانی ئێمە ئەو یاسایە دەشكێنن و لە دەرەوەی هەرێم هاوسەرگیری دووەم دەكەن، ئەو ئافرەتەش كە بەوە رازی دەبێت، پێگەی ئافرەت لاواز دەكات و دەیشكێنێتەوە. بەداخەوە ژمارەی ئەوانەش كەم نین، بۆیە دەبینین زۆر جار ئافرەت هەیە خاوەنی پلەی حزبی و حكوومییە و لە پێناو بەرژەوەندییەكی لاوەكی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی هاسەردار دەكات، كە خۆی و ژنەكەی دیكەشی دەكات بە كۆیلە و جگە لەوەش هیچ مانایەكی دیكەی نییە»، ئەوەشی بۆ بەبیرهاتنەوە باسكرد كە «سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی 13 پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كرد هیچ ئافرەتێك هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێك نەكات كە هاوسەری هەبێت، گوتیشی: «دیارە دەبێ ئەو هەڵوێستە جوانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرز بنرخێنین كە سەرەڕای ئەو هەموو ئەرك و ماندووبوونەی مافە رەواكانی ئێمەی ئافرەتی لە بیرە و پشتیوانیی لێدەكات».
رۆژنامەنووس و توێژەری كۆمەڵایەتی لەتیف حوسین، كە بەشداربوویەكی دیكەی ئەم راپۆرتەیە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە پێش راپەڕین و لە سەردەمی بەعسی رووخاودا، ژن و پیاو وەك یەك ژێردەستە و چەوساوەی دەستی بەعسی بوون. بەعسییە فاشییەكان جیاوازییان نەدەكرد و پێكەوە ژن و پیاو و كچ و كوڕی كوردیان قەتڵوعام دەكرد، هەر بۆیە كە راپەڕینیش كرا، خەڵك بە ژن و پیاوەوە لەو دەسەڵاتە ستەمكارە راپەڕین، بۆ ئەوەی لە ژێردەستی و چەوسانەوەو زوڵم و زۆری بەعس رزگاریان ببێت، لە راپەڕینیشدا جیاوازی نەبوو هەر دوورەگەز بۆ ئەوە خەباتیان كرد كە پێكەوە ژیانێكی شایستە بۆ خۆیان فەراهەم بكەن.» گوتیشی: «ئەگەرچی ژنان توانییان بەشداری كارایان هەبێت لە خەباتی شاخ و دواتریش لە راپەڕیندا رۆڵی كاریگەریان شان بەشانی پیاوان هەبوو، بەڵام هێشتا ئامانجەكانی خۆیان لە ئامانجەكانی دیكە جیا نەكردۆتەوە و تا ئێستاش هەوڵی جددی بۆ دەدەن، بەتایبەتی هەوڵدان بۆ باشتركردنی پێگەی ژنان لە كایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و دەستەبەركردنی ئەو یاسایانەی پێوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو كلتوورەی كە پێیوایە ژنان كۆیلە و خزمەتكارن و پیاوانیش سەردەستە و خزمەت پێكراو. بەگشتی من پێموانییە بەشداری ژنان لە راپەڕیندا بۆ ئەوە بووبێت پیاو رزگاری بێت و ژنانیش بە كۆیلەیی بمێننەوە، چونكە وەك ئاماژەم پێكرد ئامانجی خەڵكی كوردستان بە ژن و بە پیاوەوە ئەوە نەبووە، ئەوان پێكەوە شۆڕشیان كرد و پێكەوە راپەڕینیان كرد، چونكە كۆیلایەتی و ژێردەستەییان رەتكردەوە.