پێگەی سیاسیی ئافرەتان لە نێوان واقیع و خواستدا

پێگەی سیاسیی ئافرەتان  لە نێوان واقیع و خواستدا
کۆمەڵگەی کوردستان وەک یەکێک لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی هاوبەشی لەگەڵ هەموو کۆمەڵگە نەریتیەکانی تر هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا، ئەگەرچی بە شێوەیەکی هێواشیش بێت، بەڵام بزووتنەوە و رەوتە کۆمەڵایەتی و هەوڵە تاکە کەسییەکان دەیانەوێت بە ئاراستەی کرانەوە و باشترکردنی هەندێ واقیعی کۆمەڵایەتی بڕۆن، کە ئەویش مەحکوومە بە زۆر داب و نەریت و بۆ ماوەی هاوبەش، بەشێوەیەک هەر هەوڵێکی تازەگەری، بە بەردەوامی سنووردار دەکرێت و بوار نادرێت بە ئاسانی تێپەڕێت.

لە ئێستادا، لە نێوان ئەم دوو رەوتەدا، پێگەی ژن لە واقیعی سیاسی کوردستاندا لە شوێنێکی جێگیر نییە، لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوامدایە، لە نێوان هەوڵەکانی ژێردەست کردن و کەوی کردن لە لایەک و سەرکێشی و ئازادی و هەوڵی لێبڕاوانە بۆ خۆسەلماندن و زیاتر کاریگەری دروستکردن لە لایەکی ترەوە، لە پێشبڕکێدایە. ئەگەرچی ئەم پێگەیە لە ئێستادا لەو ئاستە نییە کە شوێن و ویستی ئافرەتان خۆیان و لایەنگرانیان بێت، بەڵام بەردەوامبوونی رەوتەکان بە گوڕ و تینی ئێستا ئەو ئومێدە دەدات کە لە ئایندەدا لە شوێنێکی باشتر بن.

ئەو رایەی کە دەڵێت: «حزبەکانی کوردستان کەمترین بەشداریی بە ژن دەکەن» بە بڕوای من رایەکی دروستە ئەگەرچی تاڵە، هەرچەندە رادەی ئەم بەشدارییە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر جیاوازە، بەڵام دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی پێگەی ئافرەت لە واقیعی سیاسیدا تەنیا پشت نەبەسترێت بەو بنەمایەی کە پێوەر لەسەر ژمارەی ئەو ئافرەتانە دەکات کە کاری حزبایەتی و سیاسەت دەکەن وەکو کادر و سەرکردە، یان ئەوانەی کە کاری پەرلەمانی و حکوومی دەکەن. بەڵکو دەکرێت هەڵسەنگاندنی پێگەی ژن، جگە لەوانەی کە باسکران، بە بەشداریشیان لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان و رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت هەموو ئەو هەوڵە تاکە کەسییانەش بپێورێت کە لە بواری رۆشنبیری ومیدیا و کایەکانی تری کاری کۆمەڵایەتی کاردەکەن.


ئەو حزب و رەوتە سیاسییانەی کە روو لە ئایندەن و مەبەستیان مانەوە و زامنکردنی پێگەی جەماوەرییە، ناکرێت خوێندنەوەی دروستتریان بۆ رۆڵ و کارایی ژن نەبێت لە کۆمەڵگە. بارەکە دەخوازێت کە حزبە سیاسییەکان کراوەتر بن لەگەڵ ئەدا و رۆڵی ئافرەت لە ریزەکانیان، هەروها داڕشتنەوەی روانین و ستراتیژ بۆ رۆڵی ژن لە ناو ریزەکانیان و کارکردنی شێلگیرانە بۆ دەربازبوون لە رۆڵپێدان بە ژن تەنیا بۆ رواڵەت و نمایش، بەڵکو راهاتن لەگەڵ فەرهەنگێک کە ژنان بتوانن لە شوێنەکانی بڕیار بن لە هەر ئاستێک، ئەویش بە متمانەکردن و هاندانی توانا راستەقینەکان، ئەو توانایانەی بە کار و داهێنانەکانیان دەتوانن نەوەک تەنیا رۆڵ لە سەرکەوتنی حزبەکان بگێڕن، بەڵکو ئاراستەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە بگۆڕن.
Top