شێرپەنجەی مەمك هەڕەشە لە ژیانی ئافرەتان دەكات
February 22, 2016
کۆمەڵایەتی
«ئەو رۆژەی دكتۆرەكەم پێی راگەیاندم گرێیەكی مەترسیدار لە سینگت پەیدا بووە، دنیا لەبەر چاوم تاریك بوو، هەستم كرد مردن لە تەنیشتمەوەیە و بۆ حاڵی منداڵە وردەكانم بە كۆڵ گریام، بەرچاوم ئەوەندە تاریك بوو، دەرگەی چوونە دەرەوەی نەخۆشخانەم بزر كرد». ئەوە قسەی جوان مەنسوور- ی تەمەن 39 ساڵان بوو. ئەو ئێستا ماوەی زیاتر لە ساڵێكە دەستی بە چارەسەری كردووە و وەك خۆی ئاماژەی پیدەكات باری تەندروستی زۆر جێگیرە، لە بارەی چارەسەری نەخۆشییەكەشی دەڵێت: «بەهۆی ئەوەی زوو هەستم بە نەخۆشییەكەم كرد و زووش دەستنیشانكرا، چارەسەری پێویستم وەرگرت و تائێستاش لەگەڵی بەردەوامم، چارەسەرەكەی باشترە، هەروەها لەبەرئەوەی دڵم بە ژیان خۆشە و هاوسەر و منداڵەكانم خۆشدەوێ، تا دوا نەفەسم لەگەڵ شێرپەنجە ململانێ دەكەم و دڵنیاشم بەسەریدا زاڵ دەبم».
گوڵاڵە پشدەری شارەزا لە بواری زانستی پزیشكی و سەرۆكی سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی لە تووشبووان بە شێرپەنجە لە کوردستان، رایوایە ها,وڵاتییان بیر لە تەندروستیی خۆیان ناكەنەوە، نەچوونیان بۆ لای پزیشك و گوێنەدان بە تەندروستییان، هۆكارە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دروست نەزاندرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا چەند كەس تووشی نەخۆشییەكە بووە، ئەویش بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی تایبەت بە ئاماری نەخۆشەكان. هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەشی بەمجۆرە دەستنیشان كرد: قەڵەوی، كەم جوولەیی، وەرزش نەكردن، كەم خواردنی سەوزە و میوە، جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحولییەكان، ئەمە جیا لەوەی توشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانی هەوكردنی جگەر جۆری بی و سی و ئایدز، وێڕای بۆماوەیی».
گوڵاڵە پشدەری باسی ئەوەشی كرد كە شێرپەنجەی مەمک لە وڵاتانی رۆژئاوا بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە و گوتیشی:» ئەم فاکتەرانە لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک رۆڵیان هەیە . ئەو ژنانەی کە هەرگیز دووگیان نەبوون و نەچوونەتە ناو پرۆسەی زاوزێ. یاخود شیری مەمکیان بە کۆرپەلە نەداوە. هەروەها ئەو ژنانەی پێش تەمەنی ١٢ ساڵی سووڕی مانگانەیان دەستی پێکردووە و دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی لە سووڕی مانگانە کەوتوون . یاخود حەبی بەرگری(The pil) بەکاردێنن، دوای وازهێنانیان لەوانەیە زووتر تووشی شێرپەنجەی مەمک بن. ئەو ژنانەی کە نەخۆشی mastopathie واتە کیس لەناو جۆگەلەی شیری مەمکیاندا هەبووە. ئەو ژنانەی کە ئەلکهول alcohol بەکار دێنن/ یان وازیان هێناوە یان جگەرەدەکێشن. ئەو ژنانەی کە بۆ ماوەی دوورودرێژ دەرمانی هۆرمۆن بەکاردێنن بۆ چارەسەرکردن، یان قەڵەون.
پشدەری گوتیشی : «ئەوانەش ئەگەری تووشبوونیان زۆر زیاترە لەوانەی کە لە سەرەوە باسمان کردن، ئەو ژنانەی کە پێشتر شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە یاخود پێشتر چارەسەر کراون بۆ هەندێک جۆر لە گرێی ئاسایی.هەروەها ئەو ژنانەی کە لە کەسوکاری نزیکیاندا وەک دایک و خوشک، شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە و یان ئەگەری گواستنەوەی بۆماوەییان هەیە.
سەرۆكی سەنتەری پەنا سەبارەت بە باری دەروونی تووشبووان هێما بۆ ئەوە دەكات كەوا بەهۆی نەبوونی زانیاری یان هەبوونی زانیاری هەڵە، تووشبوو پێیوایە تووشبوون بە شێرپەنجە واتە کۆتایی ژیان و مەرگ. خۆشبەختانە وانییە. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە تا رادەیەک کەمتر دەبێتەوە بە رێگەی هەڵبژاردنی ژیانێکی تەندروست، گوتیشی: «مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشانی شێرپەنجە ئاسان نییە، چونکە ئەم نەخۆشییە نەك تەنیا گۆڕانکاری جەستەیی، بەڵکو دەروونی و کۆمەڵایەتیشی پێوەیە. چونكە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە تووشبوو بە شێرپەنجە هەیەتی، کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی کۆمەڵایەتیشی و تووشبوو دەکەوێتە ناو بارودۆخێکی دژوار. هۆشیاری تەندروستی و زانیاری لە بارەی شێرپەنجە زۆر لە ئاریشەکان چارەسەر دەکات، چونکە بە رێگەی هۆشیاری و زانیاری لەسەر نەخۆشییەکە دەتوانن تا رادەیەک خۆیان رێبەر و پزیشکی خۆیان بن. بە دەوڵەمەندبوونی ئاستی زانیاری و پەیبردن بە گۆڕانکارییەکان و بەدواداچوون و چارەسەری بە کاتی خۆی واتە زاڵبوونە بە سەر شێرپەنجەدا. خۆشبەختانە٨٠%ی تووشبووان بە رێگەی چارەسەری پێویست و رێکوپێک شانسی مانەوەیان لە ژیاندا زیاترە و ماوەی پێنچ ساڵە تەنیا ٢٠% لە تووشبووان درباز نابن لە نەخۆشی شێرپەنجە و لە ماوەیەکی دوور یان نزیک کۆچ دەکەن. بۆیە بە پێویستی دەزانین کە خانمان بە تایبەت گەنجەکان ئاگادار بکەینەوە كە پشکنینی مانگانەی مەمکیان بكەن، هەروەها خانمانی دوای تەمەنی ٥٠ ساڵ بەردەوام هەر دوو ساڵ جارێک وێنەی مەمک بە تیشک بگرن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەگەری هەبوونی شێرپەنجە».
پشدەری ئەوەشی خستەڕوو كە ٧٠%ی رێژەی تووشبووان بە شێرپەنجەی مەمک لە نێوان ئافرەتانی تەمەن سەرووی ٥٠ ساڵ پێش دێت. شێرپەنجەی مەمک لە نێوان ئافرەتانی ژێر تەمەن ٣٠ ساڵی زیاتر هۆکاری بۆماوەییە و رێژەی ٥%ـە. شێرپەنجەی مەمک پیاوانیش دەگرێتەوه ١% کە هۆکارەکەی زیاتر بۆ ماوەییە، رێژەی ئافرەتانی تووشبوو لە وڵاتانی ئەوروپادا ریژەکەی ١/٨ واتە لە هەر هەشت ئافرەتدا، ئافرەتێک تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت.
نەخۆش له دوای تووشبوون بە شێرپەنجە و چارەسەرییەکەی لە وانەیە زۆر کێشەی بە دوادا بێت وەکو:
• ماندووبوون هەروەها بێ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەک
• ئازار بە تایبەت ئازاری ئێسکەکان، جمگەکان
• گۆڕان لە پێست و قژ.
• گۆڕانی باری دەروونی، وەک: واهیمە، ترس و گومان و بێباوەڕی بەخۆ و بە جەستە.
• گومان لە داهاتوودا کە نەخۆشییەکە بگەڕێتەوە واتە Angst.
• گۆڕانی مامەڵەی دەوروبەر بۆ نموونە بە چاوی بەزەیی سەیرکردن و مامەڵەکردن لە جیاتی رێزلێنان وەک کەسێکی ئاسایی.
• گۆڕان لە کاروبار و چالاکی رۆژانەدا
• گۆڕان لە هەست و پێویستی کردەوەی سێکسیدا/لاوازبوون
• گۆڕان لە ئەنجامی کار و پیشەدا.
• گۆڕان لە توانینی راگرتنی پەیام و زانیاری نوێ لە هزردا، بیر و بیرکردنەوە لاوازتر، یان لەسەرخۆتر دەبێت.
د. سەنا رەشید محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و نەزۆكی،بەپێویستی دەزانێت تاك هەر گۆڕانكارییەكی بچووك كە هەستیی پێدەكات، بە هەند وەری بگرێ و سەردانی پزیشك بكات. وتیشی: «زۆرجار شێرپەنجەی مەمك راستەوخۆ بۆ جگەر دەپەڕێتەوە، بۆیە چەندی زوو نەخۆشییەكە دەستنیشان بكرێت، ئەوەندە ئەگەری چاكبوونەوەی زیاتر دەكات.» ئەوەشی روونكردەوە كە مەرج نییە ئەو گۆڕانكارییانەی لە مەمك روودەدەن، هەمووجار شێرپەنجە بێت، بەڵكو زێدەگۆشتە، یان قونێری مەمكە، یان هەوكردنی شانەكانی مەمكە، یانیش لووی چەورییە.
د. سەنا رێكارەكانی خۆپارێزی بۆ دووربوون لەم نەخۆشییە بەمجۆرە دەخاتەڕوو:-
- شیرپێدانی سروشتی .
- كەمكردنەوەی خواردنی چەوری.
- خۆپاراستن لە قەڵەوی.
- زۆر خواردنی خۆراكی ریشاڵی.
- خواردنی سەوزە و میوە بە پەلكەوە.
- پشكنینی خۆیی مەمكەكان .
- بە بەردەوامی وەرزشكردن .
- كەم بە كارهێنانی حەبی مەنع.
- بایەخدان بە خواردنەوەی چای سەوز.
گوتیشی: ملی منداڵدان زۆرترین نەخۆشی رووبەڕووی دەبێتەوە، چونكە ئەو بەشە نزیكە لە دەرەوە و پاڵپەستۆی دەرەوە كاریگەری خراپی لەسەر دروست دەكات، هەروەها لەكاتی جووتبووندا فشار بەر ئەو جێگەیە دەكەوێت، تەنانەت لەكاتی پشكنینی پزیشكی و منداڵبووندا دەستی ئێمەی پزیشكان بەر ئەو جێگەیە دەكەوێت، بەهۆی ئەو هۆكارانە میكرۆب و هەوكردنی لەو بەشەدا زوو پەیدا دەبێت و ئەگەر زوو ئەو هەوكردنە دەستنیشان و چارەسەر نەكرێ دەبێتە شێرپەنجە و ئەوكات چارەسەركردنی ئاسان نابێت.
شێرپەنجەی مەمك 430 ساڵ پێش زایین دۆزراوەتەوە و رێژەی 35،8%ی ئەو شێرپەنجانە پێكدێنێت كە تووشی ئافرەتان دەبێت، دووەم جۆری شێرپەنجەیە لە دوای شێرپەنجەی سییەكانەوە دێت، كە زۆرجار دەبێتە هۆكاری مردن، بەپیی ئامار ی تەندروستی جیهانی رێژەكە لە هەڵكشاندایە و تەنیا لە ساڵی رابردوو زیاتر لە 14 ملیۆن حالەت تۆماركراوە، بەهۆی زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و بوونی چارەسەری باش لە ساڵی 1990 ەوە رێژەی مردن كەمبووەتەوە.
ساڵانە نزیکەی ٦،٧ ملیۆن کەس لە جیهاندا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە گیان لەدەست دەدەن، بەڵام لە هەمان كاتدا پسپۆڕان ئومێدیان زۆرە كە بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیای پزیشكی و زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی ببێتە هۆی كەمكردنەوەی رێژەی مردن بە نەخۆشییەكە، توێژەرانی زانكۆی شاهانەی لەندەن لە راپۆرتێكی نوێدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە پێشبینی دەكەن لە چەند دەیەی داهاتوودا زۆربەی جۆرەكانی شێرپەنجە چارەسەری بنبڕیان بۆ بدۆزرێتەوە و رایانگەیاندووە ئەگەر داهێنانە تەكنەلۆژییەكانی بواری چارەسەری پزیشكی بەم ئاستەی ئەمڕۆ لەگەشەكردن بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی 2050 رێگە لە مردن بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە زۆربەی تەمەنەكاندا بگیرێت.
دكتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات كەوا رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە ستانداردی جیهانی لاینەداوە و بەپێچەوانەوە رێژەكە لێرە زۆر كەمترە، دەتوانم بڵێم لە هەر 100 هەزار كەس كەمترە لە 100 كەس تووشی دەبن، لە وڵاتانی دیكە رێژەكەی بۆ هەر 100 هەزار كەس 150 كەسە، هەرچەندە بۆ 2015 ئامارێكی ورد لەبەردەست نییە، بەڵام رێژەكە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2014 جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، ئاماری تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ساڵی 2014 كە دانیشتووی هەرێمی كوردستانن 558 حالەت بووە، لە كۆی 588 كەسەكەش، 552یان مردوون كێ 336 كەسیان نێر بووە، پلانی وەزارەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە یەكەم هەنگاو كاردەكەین بۆ باشتركردنی سەنتەرەكانی چارەسەری، ئەگەرچی بەهۆی قەیرانی دارایی كێشەیەكی گەورە هەیە و رەنگە نەتوانین پلانەكانمان بە تەواوی جێبەجێ بكەین، هەروەها پلانی دروستكردنی سەنتەری چارەسەركردن بە تیشكمان هەیە كە رەزامەندیشی وەرگیراوە، بەڵام وەكو گوتم بارودۆخی دارایی لە بەڕێوەچوونی كارەكان گرفتی دروستكردووە، جگە لە چالاككردنەوەی ئەنجومەنی شێرپەنجە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و زیاتر گرنگی بە لایەنی هۆشیاری تاك دەدات، چونكە زۆرترین هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە درەنگ دەستنیشانكردنیەتی، ئەوەش بۆ ناهۆشیاری تەندروستی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە، ئەگەر خەڵك هۆشیار بێت، كار لەسەر خۆپاراستن دەكات پێش چارەسەركردن، هەروەها هۆشیار كردنەوەی ژنان لە زوو زوو پشكنینی مەمك لە دەزگا تەندروستییەكان و بنكە تەندروستییەكان و نەخۆشخانەكان لەگەڵ سەنتەری تایبەتی پشكنین و چارەسەری شێرپەنجەی مەمك، چونكە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لە مێینەدا شێرپەنجەی مەمكە.