لاوان وقوتابیان بە كارنامەیەكی درەوشاوە و ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەرەو كوردستانی سەربەخۆ هەنگاو دەنێن
February 17, 2016
کۆمەڵایەتی
شوان محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، سەرەتا باسی نەخشەڕێگەیەك بۆ دامەزرانی دەوڵەت دەكات و دەڵێت: « بۆ قسەكردن لە سەر دەوڵەتی نەتەوەیی، یان دەوڵەتی كوردستان، سەرەتا دەبێت هەندێ خاڵی زۆر گرینگ لە بەر چاو بگرین، یەكەم: بە خاوەنی دەوڵەت بوون مافی هەر نەتەوەیەكە لە سەر زەوی. خاڵی دووەم نەخشەڕێگەیە بۆ گەیشتن بەم مافە دیارە و هەموو گەلانی دنیاش لە رێی نەخشەڕێگەی تایبەت بە خۆیان بەم مافەیان گەیشتوون. بۆ ئەمەش بێگومان پێویستە ژێرخانی ئابووریی سەربەخۆ درووست بكرێت و پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان رێڕەوی راستەقینەی خۆیان وەربگرن و كاری زیاتر بۆ درووستكردنی دۆستی ئابووری و بنیادنانی سیستەمێكی دیموكراسی بكرێت. لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستە گرینگی بە یەكڕیزی ناوماڵی كورد بدرێت و چینی گەنجان بایەخی زیاتریان پێبدرێت كە زامنی سەركەوتنی هەنگاوەكانن بۆ گەیشتن بە دەوڵەت، بەوەش مێژوویەكی گەش بۆ خۆمان دەنووسینەوە.»
لە لای خۆیەوە موحسین ئەرتیسی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا بە بۆنەی 18 شوبات و ساڵڕۆژی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوی یەكێتی لاوان و یەكێتی قوتابیان پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندامانی هەردوورێكخراوە دەكات و دەڵێت: «ەیوادارم لەم قۆناغە هەستیارەی كە گەلەكەمان تێدا تێدەپەڕێت، هەردوو رێكخراوی یەكێتی لاوان و یەكێتی قوتابیان ئەركی سەرشانی خۆیان بە باشترین شێوە بەجێ بگەیەنن.» وتیشی:
«یەكێتی لاوانی كوردستان لە مێژووە پڕسەروەرییەكەیدا زۆر قوناغی خۆش و ناخۆشی تێپەڕاندووە و هەمیشە هەوڵی داوە ببێتە پەناگەی لاوانی كوردستان و لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ بەپێی پێویستیی قۆناغە جیاجیاكان یەكێتی لاوانی كوردستان توانیویەتی ببێتە پردێك بۆ رەنگدانەوەی هزر و بیر و ئارەزووەكانی لاوانی كوردستان و قۆتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی سەركردە و پیرۆز بەرزڕاگرتنی هێما نیشتمانییەكان و لەسەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خاكی پیرۆزی كوردستان، ئەندامانی یەكێتی لاوان بە هەموو ئۆرگانەكانیەوە چەكیان هەڵگرتووە و بۆ پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلەكەمان لە سەنگەری پێشەوە بوون و شان بەشانی پێشمەرگە قارەمانەكان گیانیان لە سەردەستە، ئەمەش شتێكی تازە نییە بۆ خوێنگەرمانی ئەم رێكخراوە، ئەمە بۆتە هەوێنی پرۆگرامی كاركردنمان بە بەردەوامی و بە دەیان شەهیدمان پێشكەشی ئەم ئازادییەی كوردستان كردووە و شانازیشی پێوە دەكەین. بێجگە لە بواری خەباتی چەكداری، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەكان لە كوردستان و بڵاوبوونەوەی هزری كۆچكردن و لە نێوان لاوانی وڵاتەكەمان بەتایبەتی هەموو چین و توێژێك بە گشتی، ئێمە رانەوەستاوین لە كارەكانمان و زیاتریش چووینەتە مەیدان و لە هەموو ناوچەكان بە دەیان خول و قارەمانی ماراسۆن و سیناریۆ و ورك شۆپ و....تاد كراونەتەوە.
دەریا كەمال ئەندام بەش لە ناوەندی باڵای یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پاش پیرۆزباییكردن باسی ئەوە دەكات كە یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان رێكخراوێكی گشتگیرە و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی لەخۆگرتووە. وتیشی: «لە شەڕی تیرۆر چەند گەنجی خۆبەخش لە ریزەكانی لاوان پێوەندییان بە هێزەكانی پێشمەرگەوە كردووە و دژ بە تیرۆریستان جەنگاون. مایەی خۆشحاڵییە گەنجەكانمان ئینتیمایەكی بەرزیان بۆ نیشتمانی خۆیان هەیە. یەكێتی لاوانیش پیشەنگ بووە لە پەروەردەكردنی لاو لەسەر بیر و باوەڕێكی تەواو كوردستانی.»
رۆئیا محەمەد بەرپرسی قوتابیان و كارگێڕی رێكخراوی ناوچەی ئایندە، قسەكانی بەوە دەستپێدەكات: كە «هەرێمی كوردستان پێش پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش، لە هەموو بوارێكدا گەشەی كردبوو، گەنجیش لەو گەشەسەندنەدا جێپەنجەی دیار بووە، بەڵام لەگەڵ تێكچوونی بارودۆخی كوردستان و هێرشی كتوپڕی داعش و بە بەكارەێنانی تەكتیكی شێواندنی دەروونی لە لایەن نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكی، هاوكات بڕینی بودجە و مووچە لە لایەن بەغدا و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەر بۆ كوردستان، نەك هەر رەوتی گەشەسەندنی كوردستانی خاو كردەوە، بەڵكوو بارگرانی و قەیرانی زۆری بۆ هاووڵاتیان و حكومەتەكەیان دروستكرد، لەگەڵ ئەوەشدا گەنجانی كورد سەرەڕای قەیرانەكان و شەڕی داسەپاوی تیرۆر، وەك هەمیشە فیداكار و خۆبەخشانە لە مەیدانەكەدا مانەوە و ژمارەیەكی زۆر كەمیان مەیدانی خەبات و بەرگرییان چۆڵ كردووە و نیشتمانیان جێەێشتووە، یان كەوتوونەتە ژیر كاریگەری نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكی.» وتیشی:
«بەداخەوە نەیاری ناوخۆیی زۆرجار بۆ بەجێەێنانی مەرامە سیاسییەكانی خۆیان هەوڵی شووشتنەوەی مێشكی گەنجیان داوە، كە ئەوە گەورەترین تاوانی مێژووییە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا كە دەكرێ گەنجی ئێمە وەك گەنجینەیەك بن بۆ وڵات و پشتیوانی سەرۆك مسعود بارزانی بن، كە لە هەوڵی ئەوەدایە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە ئیرادەی گەلەكەی دەوڵەتی كوردستان دروست بكات.»
لەلای خۆیەوە زەڤەر بادی ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دوای پیرۆزباییكردن لەم یادە، گوتی:
«یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە مێژووی رابردوویدا رۆڵێكی بەرچاوی گێڕاوە، لەم سەردەمەشدا لە ئاست خواست و ویستی ئەم توێژەیە لە رووی زانست و خزمەتكردنیان بە گوێرەی پێداویستییەكانیان. لە هەمان كاتدا هەرێمەكەمان لە ساتەوەختێكی هەستیاردایە و قەیرانی ئابووری لە لایەك و شەڕی تیرۆریستانی داعش لەلایەكی دیكە و پرسی ریفراندۆم كە گرنكییەكی تایبەتی هەیە بۆ داەاتووی كوردستان، هەركامیان ئەركی زۆر قورس دەخاتە سەرشانمان و پێویستە یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە پەرەپێدان بە هەستی نەتەوەیی و شیكردنەوەی قەیرانەكانی ئەم زرووفە كاتییە كە یەخەی میللەتی ئێمەی گرتووە، رۆڵی زیاتر بگێڕێت، بێگومان چارەسەریشمان بە خوڕاگری زانیوە و پێویستە قوتابی چاوكراوەی ئەو ماڵ و ژینگویە بێت كە تێیدا چارونووسی میللوتوكومان دوستنیشان دوكرێت.» سوباروت بە كۆچ گەنجان و بەجێەێشتنی وڵاتیش وتی:
«راكردن لەو قەیران و تەنگانەیە كە رووی لە میللوتوكومان كردووە، كارێكی نەشیاوە. نابێت كاتێك قەیرانێكی كاتی دروستدەبێت، یان لە ناخۆشیدا وڵات بدەینە دەستی قەدەر، بە پێچەوانەوە چۆن لە رابردوودای پڕمەینەتمان وڵاتپارێز بووین و لە گەشەی كوردستان پشكدار بووین، دەبێت لە رۆژانی نەهامەتی زیاتر وڵاتپارێز بین و پشتیوانی سەرۆكی خۆمان و سیاسەتە نەتەوەییەكانی بین.»
شەمسەدین هەركی كارگێری مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «مێژووی خەباتی ٦٣ساڵە و بەردەوامی رێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە درەوشانەوەدایە و لە سەرەتای دامەزراندنی تا ئەو چڕكەساتە لە خەبات و تێكۆشانی بەردەوامدایە لە پێناو پێگەیاندنی لاوانی كوردستان لە گشت سێكتەرەكانی ژیانی (كۆمەلایەتی، رۆشنبیری، سیاسی و...تاد).
یەكێتی لاوان وەك پیشەی هەمیشەی لە گشت قۆناغەكاندا لە ریزی پێشەوەیە بۆ خەباتی مەدەنی لە ناو چینی لاواندا، بۆ ئەوەی ئایندیەكی گەش بۆ لاوانی كوردستان بە بێ جیاوازی لە هزر و بیری سیاسی و ئایینی لە كۆمەڵگەدا دابین بكات. یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان هاوتەریب لە گەڵ ئەو قوناغەی بە سەر ژیانی كورد و كوردستاندا هاتووە، و كاری بەرچاوی كردووە لە سەرەتای تەمەنیدا هاوشانی برا پێشمەرگەكان لە خەباتی شاخدا بووە، دواتر لە خەباتی شار هەر زوو توانی خۆی لە گەڵ ژینگەی كوردستان دوای راپەڕین بگونجێنێت و بێتە گۆڕەپانی خزمەتكردنی لاوانی كوردستان و تا ئەمڕۆ زۆر بە سەركەوتووانە قۆناغەكانی تێپەڕاندووە، بۆیە هەمیشە ئەم رێكخراوە بۆتە ماڵێك بۆ هەموو لاوانی كوردستان و یەكێك لەو هۆكارانەش كە بووەتە هۆی سەركەوتنی، ئەوە بووە كە هەمیشە لەخۆنوێكردنەوەدایە بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتری توانای لاوان لەخۆبگرێت و كادیری بەتوانا بۆ گۆڕەپانی كوردستان بەرەهم بێنێت. لە سێكتەری ئابووری كە ئێستا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە، یەكێتی لاوان تا ئاستێكی زۆر هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە، بۆ ئەوەی ژیانی لاوان بە هەر جۆرێك بێت، فەراهەم بكات، بۆ ئەوەی هاوشێوەی چینەكانی دیكەی كۆمەڵگە بژین. یەكێتی لاوان بۆ قوناغی ریفراندۆم خۆی ئامادەدەكات كە دەیەوێت لە درووستكردنی دەوڵەت سەروەریی مێژوویی خۆی زیاتر بكات و لەو پرۆرسەیەی لە پێش گەلی كوردستاندایە، بەشداری كارابێت».
رۆژان فارس كارگێڕی لقی سەرۆكایەتی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی یادی دامەزرانی رێكخراوەكەیان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی: «هەنگاونان بەرەو 18/2/2016بیرەوەری 63ساڵەی دامەزراندنی رۆژی قوتابیانی كوردستان و یەكەمین رێكخراوی بزووتنەوەی قوتابیانی كوردستان كە لەسەر دەستی بارزانی نەمر دامەزرا . ئاشكرایە ئافرەت هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتیدا رۆڵی هەبووە، بەتایبەتیش لە بواری یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكەم ئافرەتیش كە چووەتە ریزی یەكێتی قوتابیانی كوردستان شەهید لەیلا قاسم بوو كە لە سەردەمی رژێمی بەعس زۆر بە ئازایانە و چاونەترسانە دەستی كردووە بە خرمەتكردن لە بواری سیاسەت لە رێكخراوی قوتابیان تا دواساتەكانی تەمەنی بەردەوام بوو. بۆیە ئێمەش ئەم رێچكەیەمان بەرنەداوە و هەوڵمان داوە هەریەكەمان لە بواری خۆمانەوە خزمەتێكی بچووك بەو رێكخراوە و زانستی كۆمەڵگەی خۆمان بكەین . هەروەك دەزانین ئەم دۆخەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان تووشی بووە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەموو چین و توێژەكانی كوردستان و بەتایبەتی توێژی گەنجان و پرۆسەی خوێندنیش داناوە. ئێمەش وەك یەكێتی قوتابیان هەوڵمان داوە بە تەواوی رۆڵی خۆمان بگێڕین لە هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و هاندانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان، نەوەك ئەم دۆخە ببێتە هۆی وازەێنانیان لە خوێندن، لەو بوارەشدا كۆڕ و سمینار و وۆرك شۆپ و روونكردنەوەی زۆرمان گەیاندۆتە قۆتابیان كە بەهێز بن و بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بن، بۆ ئەوەی هەموومان بەیەكەوە بەرگری لە نیشتمانەكەمان بكەین.»
سەربەست سەفتی ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، كە قوتابیان بە «داینەمۆی رای گشتیی گەل» ناو دەبات و دەڵێت: «لە زانستی سیاسەتدا پێوەری رای گشتی كاریگەرترین چەكە بە دەست بزاوتی سیاسییەوە،. یەكێتی قوتابیانی كوردستان كە لە 18ی شوباتی ساڵی 1953 دامەزراوە بە پێی قۆناغەكان كاریگەری بەرچاوی خۆی هەبووە لەسەر رەوتە مێژووییەكان، بەڵام ئەمڕۆ ئەرك و بەرپرسیارێتی گۆڕاوە بە هۆی گۆڕانكاری لە رەوتی ژیان و بوونی دەیان پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كاریگەری رای گشتی كاریگەرتربووە.
یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەڵگری خەسڵەتی بیری نەتەوەییە و لەگەڵ ئەو رەوتە دەبێت خۆی بسازێنێ، بەتایبەتی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا كە كوردستان بە چەندین كێشەدا تێپەڕ دەبێت و جەنگی دژ بە تیرۆر و قەیرانی ئابووری و هەڕەشە ئابوورییەكانی بەغدا و ناڕەزایی خەڵك و پرسی سەربەخۆیی كێشەگەلێكن، دەبێت رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەم بارودۆخەدا رۆڵ بگێڕێت. بێگومان پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی و خۆڕاگری بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەمڕۆ، كاریگەرترین چەكە كە دەبێت قوتابیان بەگشتی لەبەرچاوی بگرن. چەندە حزبە سیاسییەكان لە یەكتری دوور بكەونەوە، دەبێت رێكخراوەكانی قوتابیان هەوڵی هاوسەنگیی سیاسی بدەن و رای گشتی بە ئاقارێكدا ببەن كە شیرازەی پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان رابگرن. جیا لەوە دەبێت یەكێتی قوتابیان هەوڵ بدات پرۆسەی خوێندن بە هاوكاری مامۆستایان بەردەوام بێت، چونكە ئەمەش یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكان. ئێمە لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەڵێن دەدەین كە چۆن لە رابردوو خۆمان كردووە بە قوربانی بیری نەتەوەیی و پرۆژەی سەربەخۆبوونی كورد، هەمیشە لەو سەنگەرەدا بەرگەی هەموو نەهامەتییەكان بگرین.»