لە پشت هەر پیاوێكی مەزن ئافرەتێك هەیە

لە پشت هەر پیاوێكی مەزن  ئافرەتێك هەیە
لەگەڵ دەستپێكی سەرهەڵدانی مرۆڤ، ئافرەت لە رێكخستنی خێزان و دروستكردنی پیاوی مەزن رۆڵی گرنگی هەبووە، سەبر و ئارامی و بەخشندەیی ئافرەتیش وایكردووە ژیان بەردەوام بووە، تەنانەت گەورەیی پێگەی ئافرەت لە ناو كۆمەڵگەدا هاوكێشەیەكی دروست كردووە، كە كوڕان تا نەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری بە پیاو حیساب ناكرێن، پیاوانی زگورتی و بێ هاوسەریش بەتایبەتی لەكۆمەڵگەی كوردیدا پێگەیەكی لاوازی كۆمەڵایەتییان هەیە. بۆ نموونە: بە هۆی نەریتی كۆمەڵایەتی ئەگەر پیاوێك زگورتی بێت، ئافرەت لەسەردانە خێزانییەكانیش ناتوانێ سەردانی بكات. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر ئەو پرسە شەن و كەو دەكەن.

نووسەری رووسی سۆخۆملینسكی دەڵێت: «لە پەروەردەكردنی خۆشەویستیدا، ژن رۆڵی سەرەكی دەبینێت، چونكە ژن هەر دایكی منداڵ نییە، پیاویش پەروەردە دەكات»، هەروەها دەڵێت: «ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە، پیاوی ئازا و بەهێز و دڵسۆز دەخوڵقێنێت و پیاو لە ژنی رۆح دەوڵەمەندەوە، فێر دەبێت، قەدری جوانی بگرێت».
شیرین ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بە حوكمی ئەوەی هاوسەرگیری سوننەتی ژیانە و واجبێكی شەرعییە، كوڕان و كچان كە دەگەنە تەمەنی باڵغبوون بیر لەپێكهێنانی ژیانی هاوسەری دەكەنەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو پرۆسەیەوە بگەنە لوتكەی كامڵبوون بە تەواوی ماناكانیەوە، بەڵام لێرە و لەوێ دەبینین هەندێك لە پیاوان بە تەنیا ژیان بەسەر دەبەن، دیارە ئەوە زیاتر پەیوەندی بە روانگەی خۆیانەوە هەیە كە چۆن لە ژیان دەڕوانن، بەڵام هەندێك هۆكاری دیكەشی هەیە، لەوانە: هۆكاری دەروونی، ئابووری، جەستەیی و...تاد، بەڵام زۆرینەی ئەو پیاوانەش حەز بەو ژیانە تەنیاییە ناكەن، بەدڵنیاییەوە ئەوانیش حەز بەوە دەكەن خێزان و منداڵیان هەبێت، چونكە یەكێك لە پرەنسیپە گرنگەكانی ژیان دروستكردنی ژیانی هاوبەشە، دروستكردنی ئەو ژیانە هاوبەشەش ئارامی و ئاسوودەیی و ئاشتەوایی بەم دوو مرۆڤە دەبەخشێت و خێزانێكی دروست پێكدەهێنن، مرۆڤیش كە نەتوانێ ناو ماڵی خۆی رێك بخات، چۆن دەتوانێ ماڵی دراوسێكەی رێكبخات، چۆن دەتوانێ ئامۆژگاری كەسانی دی بكات؟
شیرین ئامێدی لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە ئافرەت رۆڵی سەرەكیی لە هەموو كایەكانی ژیاندا هەیە، سەبارەت بە ژیانی خۆیشی گوتی: «ئەگەرچی من لە پێگەیاندنی هاوسەرەكەم رۆڵی وام نەبووە، بەپێچەوانەوە ئەو هەموو ئاسانكارییەكی بۆ گەشەكردنی من كردووە، بەڵام ئەوە دەگمەنە و لە ئاستی گشتیدا سەلمێندراوە كە پیاو بە تەنیا كامڵ نییە و هەر پیاوێكی كامڵیش ئافرەتێكی بە توانای لەپشتە».
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر رێزان ئەحمەد لە كۆلێژی پەروەردە بەشی پەروەردەیی و دەروونی، رایوایە «بەشێوەیەكی گشتی ئەو پیاوانەی كە دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەری گۆڕانكاری جۆراوجۆر بەسەر ژیانی رۆژانەیاندا دێت، نموونەی پلەوپایەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری، گۆڕانكارییە ئەرێنییەكانی پیاو لە دوای پرۆسەی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئاستی رۆشنبیری و توانا و لێهاتوویی هاوسەرەكەی، وتەیەكیش هەیە دەڵێت: (لەدوای هەر پیاوێكی مەزن ئافرەتێكی مەزن هەیە)، لەسەرووی هەموو ئەوانەوە بە هاوسەربوون هۆكارێكە بۆ دروستبوونی سەقامگیری دەروونی، ئەوانەی چوونەتە ناو ئەو پرۆسەیە لە رووی دەروونییەوە تا ئاستێك سەقامگیرن، پێچەوانەی ئەوانەی كە نەچوونەتە ناو ئەو پرۆسەیە ئەوان هەمیشە بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن هاوسەرگیری بكەن و كێ بكەنە هاوبەشی ژیانیان، بەڵام پیاوی خاوەن هاوسەر لەم رووەوە باری دەروونی جێگیرە و لەبری ئەوە بیر لە شتی دیكە دەكاتەوە، لەو حاڵەتەدا ئیمتیازات و پێشكەوتنی زیاتر دەبێت، تەنانەت لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە زۆر لە پیاوانی بێ هاوسەر جیاوازترن»، گوتیشی: «ئێمە كۆمەڵێك دابونەریتی كۆمەڵایەتیمان هەیە، ئەگەر پیاوێك زگورتی بێت و بە تەنیا بژی، ئافرەت لەسەردانە خێزانییەكانیش ناتوانێ بچێتە ماڵەكەی، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە هاوسەریشی هەبێت، بەڵام هاوسەرەكەی لەماڵ نەبێت، بەهەمان شێوەیە، چونكە كۆمەڵگەكەمان ئەوەی قبوڵ نییە، بۆیە لە هەموو حاڵەتەكاندا كە پیاو دەچێتە ناو پرۆسەی بەهاوسەربوون، سنوورێك بۆ هەڵسوكەوتەكانی خۆی دادەنێت».
رۆژنامەنووس هۆشمەند چەكوانی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «من هەمیشە گوتوومە (مرۆڤبوون بەر لە رەگەز بوون) واتا با ئێمە مرۆڤەكە ببینین، ئینجا پێوەری نێر و مێ بێنینە سەرخوانی قسەكردن، ئاخر ئەم دووانەیەی پێیان دەگوترێت نێر و مێ، دووانەێكی تەواو گونجاون بۆ یەكتری و تەواوكاری یەكترین، زۆر بەدڵنیاییەوە یەكێك لە جوانترین نەخشەكانی خودا خوڵقاندنی ئەم دووانەیە. دەشێ لەبەشێك لە بەشەكانی ژیان ئەم دووانە بەبێ یەكتر هەڵبكەن، بەڵام بۆ قۆناغی دوور و درێژ دووربوون لەیەكتری مەحاڵە. بۆیە بەدیدی من هیچ یەكێك لەم دووانە كامڵ و تەواو نابن تا ئەوكاتەی بەیەك نەگەن، ئاخر نە نێر بە تەنیا و نە مێ بە تەنیا ناتوانن وەچەو منداڵ بخەنەوە، ئیدی هەر ئەمەشە وایكردووە كە لەنێو نەتەوەكانی دنیاداو لەسەرتاسەری گەردووندا لەنێو مرۆڤ و تەنانەت بوونەوەرەكانی دیكەشدا فۆرمی جیاجیای پێكەوەژیانی ئەم دووانەیە هەیە»، گوتیشی: «هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ تەواوكاری یەكترن، بەڵام لەهەمان كاتدا ناكرێت رۆڵی ژنێكی ژیر و زانا لە دروستكردنی خێزان و پیاوێكی كامڵ و نەوەیەكی تەندروستدا لەبیر بكرێت. ئاخر هەر ئەو كچ یان ژنەیە كە دەبێتە هاوسەر و دایك و دواتریش یەكەم مامۆستا و ئامۆژگار دەبێت بۆ منداڵەكان».
ئەندازیار ئەمجەد قەرەداغی، لە دەستپێكی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە «لە ئێستای كوردستاندا پێوەندی خێزانی و روانینمان بۆ رۆڵی ئافرەتان لە كۆمەڵگەدا چووەتە قۆناغێكی دیكەوە، ئەو بیرە تەسكەی كە جاران بەرامبەر بە ئافرەتان هەبوو، ئێستا زۆر گۆڕاوە، لەو گۆڕانەش خودی ئافرەت رۆڵی هەبووە و توانیویەتی بیسەلمێنێت كە شانبەشانی پیاو دەتوانێ كەسێكی بەرهەمهێن بێت، لەوەش زیاتر هەر ئافرەتە كۆڵەگەی پەیوەندییەكانی نێو خێزانە، وێڕای ئەرك و ماندووبوونەكانی خۆی، بەردەوام سۆز و خۆشەویستییەكی زیاتر بە هاوسەر و سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی دەبەخشێت، من بەشبەحاڵی خۆم لە ژیانی رۆژانەمدا لە هاوسەرەكەم ئەوە بەدی دەكەم، هەرچەندە هاوسەرەكەم وەكو من ماندووە بە راپەڕاندنی كارەكانی لە دەرەوەی ماڵ، بەڵام لە ماڵەوەش توانیویەتی ئەو بۆشاییەی كە لەئەنجامی پاڵەپەستۆی كار و هیلاكی مێشك دروست دەبێت، بە زیادەوە پڕ بكاتەوە، ئەوەش هێزێكی خواییە كە پیاو ناتوانێت ئەنجامی بدات.
راگەیاندنكار و چالاكی بواری ئافرەتان كەتان خادیمی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە هەموو بیرمەندان رایانوایە ئافرەت یەكەم دینەمۆی پەروەردەیە، گوتیشی: «ئەمە بەو مانایە نییە كە پیاو بەرپرس نییە، یان تەنها ژن تەنها كاری پەروەردەیە، بەڵكو ئەوە دەگەیەنێت كە ژن لە پڕۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەی منداڵدا توانا و كاریگەری لە پیاو زۆرترە و تەنانەت پیاویش پەروەردە دەكات، مامۆستا هەژار موكریانی لەچێشتی مجێوردا بەرامبەر بە سوپاسی بۆ هاوسەرەكەی دەڵێت: خۆزگە لەبری ئەوەی پەیكەر بۆ پیاوە گەورەكان درووست بكرایە، پەیكەر بۆ فرمێسكەكانی ژن و خوشكەكانیان دروست دەكرا، چونكە ئەوە ئەوانن لەپشت سەركەوتنەكانی پیاوانەوەن، بۆیە هەمیشە دەبێت كۆمەڵگە رێز لە گەورەیی ژن بگرێت، ژنیش خۆی ئەم گەورەییەی خۆی بپارێزێت، دیارە بەپێی سەردەم و رۆژگارەكان بــەرپـــرســـیــاریـــەتییەكەش دەگۆڕدرێت.»
Top