هاوسەرگیریی زۆرەملێ جیابوونەوەی ناچاریشی لێدەكەوێتەوە

هاوسەرگیریی زۆرەملێ جیابوونەوەی ناچاریشی لێدەكەوێتەوە
زۆر جار باسی كاریگەرییە نەرێنییەكانی هاوسەرگیریی زۆرەملێ كراوە و بە شێوازی جۆراوجۆر و كەم تا زۆریش بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە هەوڵ دراوە، بەڵام هێشتا لە وڵاتانی نەریتسالاری بە كوردستانیشەوە ئەو دیاردەیە ئەگەر شتێكی باویش نەبێت، ئەوا قوربانییەكانی كەم نین. یەكێك لەو قوربانییانەش نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گوڵان ئاشكرا دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی
جیابوونەوەی هاوسەران گرفتێكی ئاڵۆز و مەترسیداری كۆمەڵایەتییە كە لە زۆربەی كۆمەڵگەكان بە رێژەی جیاواز بوونی هەیە، لەوەش مەترسیدارتر لە بەرامبەر هەڵكشانی رێژەی جیابوونەوە، كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیرییە. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەریی كوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری بەردەوام كەمی كردووە و تەڵاق و جیابوونەوەش لە هەڵكشاندا بووە، كۆمەڵناسان گرفتی ئابووری و قەیرانی كۆمەڵایەتی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هاوسەرگیری پێشوەختە بە هۆكاری سەرەكیی ئەم پرسە دادەنێن. گەرچی هەر یەك لەو هۆكارانە دەیان چیرۆكی تراژیدیای لە هەگبەدا هەڵگرتووە، بەڵام هاوسەرگیریی زۆرەملێ و پێشوەختە زۆرترین قوربانییەكانی لێكەوتووەتەوە.
نارین تەمەنی 32 ساڵە و ماوەی هەشت ساڵە لە هاوسەرە كۆنەكەی جیا بووەتەوە و ماوەی شەش مانگە ژیانێكی دیكەی هاوبەشی دروست كردووە. ئەو خۆی و هاوسەرە كۆنەكەشی بە قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ دەزانێت و سەرەڕای ئەوەی تەڵاق دراوە، گلەیی لە هاوسەری رابردووی نییە، بەڵام بەردەوام ماڵە خەزوورانی تۆمەتبار دەكات، بەوەی كە ژیانیان لێ تێكداوە و گەمەییان بە چارەنووسی كوڕی خۆیشیان كردووە. خۆی گوتەنی: «تەڵاقدانی كچی خەڵك بە بێ تاوان و سەربڕینی وەك یەك وایە و گەورەترین تاوانە». ئەگەرچی نارین لە ژیانی نوێی رازییە، بەڵام رابردووی هەوراز و نشیوی زۆری بووە و پێیوایە ستەمی زۆری لێكراوە. ئەمەش دەقی قسەكانیەتی كە بە راشكاوی نهێنییەكانی ژیانی رابردووی بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«لە گەڕەكی خۆمان دراوسێی بەرامبەری ماڵەكەمان پێنج كچ و دوو كوڕیان هەبوو، یەكێك لە كوڕەكانیان لە هەندەران گیرسابووەوە و ئەوەی دیكەشیان بە كەسابەتەوە سەرقاڵ بوو. بنەماڵەیەكی خەڵكی دەوروبەری هەولێر بوون، زیانیان بۆ كەس نەبوو. بەتایبەتی كوڕەكەیان زۆر بە حەیا و نەجیب بوو. نەك دڵی من، بەڵكوو دڵی هەموو كچی گەڕەك و خزم و كەسی بردبوو، لە بەختی رەشم ئەو كوڕە دڵی خۆی دا بە من و بۆ ماوەی دوو ساڵ بە نهێنی پێوەندیمان هەبوو، بەڵام زۆر وریا بووین و هەرگیز نەمانهێشت كەس دركی پێ بكات. پێوندییەكەشمان تەنیا نامە گۆڕینەوە، بوو. ئەوەش یەكەم نامەیەتی كە تا ئێستاش هەڵم گرتووە. (خاتوو نارین .. سڵاو. من گەنجێك نیم بتوانم كچێك فریو بدەم، بۆیە بە بێ موجامەلە هەم جوانی و هەم رەفتارت دڵی بردووم. تەنیا و تەنیا دەمەوێ بزانم ئایا من بە شایانی ئەوە دەزانێت كە ژیانی هاوسەری و هاوبەش پێكەوە بنیاد بنێین و بە بەختەوەری بژین، یان نا؟ هەر ئەوەندە و بەس. لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم. رێباز ). رێباز هەرگیز درۆی لەگەڵم نەكرد. ئەو تەنیا عەیبی گەورەی ئەوە بوو كە لە بەرامبەر باوكیدا خاوەن هیچ ئیرادەیەك نەبوو. هێشتا تەمەنی 19 ساڵ بوو، باوكی بە زۆر خوشكەزایەكی خۆی بۆ مارە كرد، ئەو كات من تەمەنم 17 ساڵ بوو، ئەویش تازە خوێندنی دواناوەندی تەواو كردبوو، سەرقاڵی كەسابەت و كارگەی درووستكردنی تانكەر و كارگەی بلۆكیان هەبوو. باری داراییان زۆر باش بوو. خۆی و باوكی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆیان هەبوو. رێباز بۆ یەكەمجار لە بەرامبەر باوكی راوەستا و پێی وت: باوكە من كچی پوورم خۆش ناوێت، زۆر تكا و رجای لێكردبوو، بەڵام باوكی لە سەر قسەی خۆی سوور بوو، وتبووی: چۆن دەتوانی قسەی باوكت بشكێنی؟ باوكی نەخۆشی دڵی هەبوو، بۆیە رێباز بە بڕیاری باوكی رازی بوو. بەڵام كە ژنی هێنا هێشتا ساڵی بەسەردا نەهاتەوە ژنەكەی هەردوو گورچیلەی راوەستا و كۆچی دوایی كرد. لە ماوەی ئەو یەك ساڵەدا كاری هەردووكمان گریان بوو. من نەمدەتوانی دوای رێباز دڵ بە كەسی تر خۆش بكەم. لە كۆچی دوایی ژنەكەی ساڵێك تێپەڕی و دوو ساڵ بوو بە تەواوی لە یەك دابڕابووین، لە پڕ شەوێك ماڵی باوكی رێباز هاتە ماڵمان و لەگەڵ باوكم قسەی خۆیان كرد. دیارە رێباز زۆر لە دایكی پاڕابووەوە بۆ ئەوەی باوكی رازی بكات بەوەی بێتە خوازبێنی من. ئەوە شەوە كە میوانەكان رۆیشتن، باوكم دایكمی راسپاردبوو بۆ ئەوەی رای من وەربگرێت، من تووشی شۆك بووم. هەموو شتێك بە خێر و خۆشی بەڕێوەچوو. تەنانەت ماڵی پووری رێباز واتە دایك و باوكی هاوسەری كۆچكردوویشی لە شەكراوخواردنمان بەشدارییان كرد. منیش خوێندنم تەواو كرد و رێباز رازی نەبوو، خوێندی زانكۆ دەستپێبكەم، پێكەوە ژیانێكی زۆر خۆشمان هەبوو. بەڵام دوای چوار ساڵ نەبووین بە خاوەن منداڵ، ئیتر خەسوو و خەزوورم بە بەردەوامی ژیانیان لێ كردبووین بە دۆزەخ و باوكی رێباز ئەوەندەی فشار بۆ هێنا هەتا رازی كرد ژنێكی دیكە بهێنێت، منیش ناچار بووم قبووڵی بكەم، چونكە دكتور پێی وتین منداڵدانم منداڵ راناگرێت. بەڵام ئەو جارەش باوكی دیسان بە زۆرەملێ و بەخواستی خۆی كچێكی خزمی خۆی بۆ هێنا، بە بێ ئەوەی پشكنین بكەن، سێ ساڵ لەسەر یەك سێ منداڵیان بوو، هەر سێكیشیان تالاسیمی بوون و تا ئێستاش مانگانە دەبێت خوێنیان تێبكەن. باوكی رێباز دوو جار بە زۆرەملێ و بە خواستی خۆی ژنی بۆ كوڕەكەی هێنا و ژیانی من رێبازی تێكدا، هەوێم و دشەكانم و خەسووشم تەنگیان پێ هەڵچنیم و بەردەوام دەیانگوت: دوعای تۆ بەختی رێبازی رەش كردووە. ئەوەندەیان شەڕ پێ فرۆشتم ژیانمیان كردبوو بە دۆزەخ، تا وای لێهات، باوكم تەداخولی كرد و وتی: ماڵی خراپ بۆ خاوەنەكەی، خۆ كۆیلەم پێ نەداون. ئیتر ئەوە ماوەی هەشت ساڵە لە رێباز جیا بوومەتەوە و ئێستا زانكۆم تەواو كردووە و فەرمانبەرم، ماوەی شەش مانگیشە شووم كردووەتەوە و هاوسەرەكەم كەسێكی زۆر تێگەیشتووە و زۆریش رێزم دەگرێت. ئەو بەوەش رازی بوو كە من ناتوانم ببم بە داێك، كەچی لە ئێستادت دووگیانم. دكتۆریش دوای سۆنەر لە تەندروستی خۆم و كۆرپەلەكەم دڵنیای كردمەوە. هەموومان تووشی شۆك بووین، یەك هەفتەیە لە ماڵی باوكم شاییە. خوای گەورە منداڵێكی پێبەخشیوین و چاوەڕوانی لەدایكبوونی دەكەین.
Top