لە ئەنجامی بە خاوەندارێتی پیاو و بەشمەك بوونی ئافرەتێك تاوانێك دەكرێت
January 14, 2016
کۆمەڵایەتی
پاولۆ كۆیلۆ لە وتەیەكیدا سەبارەت بە خۆشەویستی دەڵێت ((خۆشەویستی بە تەنیا بەریەككەوتنی دوو كەسی بە ڕەگەز جیاواز نییە، بەڵكو لە باوەش گرتنی ئەندامەكانی یەكتریشە)) بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی نەریتپارێزی وەك كۆمەڵگەی كوردەواریدا، كاتێك هەندێك لە ژن و ومێردان ئەم باوەش بە یەكداكردنەیان لێ دەبێتە ڕۆتین و ئەركێكی پەتی خێزانداریی و ئەویش وەك ماشێنێك بە بێ شەوق و چێژی خۆشەویستی رۆحییەوە، ئیتر لێرەوە هەستە ڕۆحیەكەیان بۆ یەكتر تووشی داماویی و كڵۆڵی دێت، هەر ئەم كڵۆڵ بوونیەیە ڕەنگبێ وای لە ئافرەتێكی وەك (سای) كردبێت، لە دەرەوەی پێوەندی خێزانی بە دوای خۆشەویستی ڕۆحیدا بگەڕێت و بۆ باوەشێكی تر جەستەی خۆی ئامادە بكات، چونكە وا هەست دەكات وەك كچێك لە شووكردنیدا نیوە ونبووەكەی خۆی لەو پیاوەدا نەبینیوەتەوە كە بووەتە مێردی شەرعی خۆی، ئیتر ئەمەیە ئەو كێشەیەی كە لە زۆربەی كۆمەڵگە مرۆییەكاندا بە پێوەندی ناشەرعی دەژمێردرێت، لە هەندێ كۆمەڵگەشدا سزای یاسایی بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی فریودان و تاوان و توندوتیژی كەوتنەوە لە ناو ئەندامانی كۆمەڵگەدا لەو ڕووەوە ڕابگرن، گەورەترین كۆسپ بۆ كیژو كوڕێكیش كە یەكترییان بكەوێتە بەردڵی یەك ئەوەیە لە ڕووی جەستەیی و ڕۆحییەوە گەشەیان نەكردبێت، خۆ ئەگەر بە تەواوی گەشەیان نەكردبێت، ڕووی هەر یەكەیان بۆ چێژوەرگرتن لەوی تر وەردەگەڕێ و ڕەنگە پێ بە پێی ئاستی خۆپەرستی و خۆویستی لایەكیان جۆرێك لە ناجێگیری دروست بێت و باڵ بكێشێت بۆ ئەوەی جۆرێك لە هەستی قەرەبوو كردنەوە لە لای كەسێكی تر بدۆزێتەوە كە ئەم بە نیوە سروشتیەكەی خۆیی بزانێت و پێویستی بەو باوەش پێدا كردنەی بێت، زۆربەی جاریش لەبەر ئەوەی لەم كۆمەڵگە چەپێنراوانەدا خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز بە هەموو ئامڕازەكانی كە لە دەوروبەری مرۆڤدان، بە پەروەردەو ڕاگەیاندنیشەوە هەر لە مناڵییەوە لە مرۆڤی حەرام دەكەن، ئیتر بێ ویستانە ئەم هەوڵە بۆ باوەش پیاكردنی ئەو ڕەگەزەی بەرانبەر لە جیاتی خۆشەویستی ڕۆحییانە دەبێتە خۆشەویستیەكی جەستەییانە واتە ڕوانگەی سۆزداری مرۆڤ دەبێتە پلە دوو لە بری ئەوەی پلە یەك بێت، لێرەوە دراما تراژیدیەكان تۆمار دەكرێن، ڕووداوە ڕاستەقینەكەی درامای ئەمجارەش كە لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان وەرمگرتووە، بریتییە لە كوژرانی (سای) بە دەستی شووبراكەی خۆی و دواتر هەڵاتنی تۆمەتبار بەرەو هەندەران، بێگومان ئەمە یەكەمین دراماو دوایەمینیش نابێت لە كۆمەڵگەیەكدا كە پڕیەتی لە شكستی خۆشەویستی نێوان ئەو ژن و مێردانەی تەنیا بۆ پڕكردنەوەو دامركانەوەی چێژێكی ساتەوەختی چوونەتە ناو قەفەزی زێڕینەوە، ئەو ژن و مێردانەی ئەو سۆزە سپیەیان سووك كردووە و لە هەست كردن بە تەنیاییدا ناتوانن هاوسەنگیەك لە نێوان هەستەكانی خۆیان دابنێن، بۆیە جار هەیە بۆ پڕكردنەوەی دەفری خاڵیی خۆشەویستی خۆیان لە بێزاریدا بیر لە كەسێك زیاتر دەكەنەوە و وا دەزانن دەفرەكەیان بۆ پڕ دەبێت لە خۆشنوودی، لە كاتێكدا كە بە هۆش دێنەوە تەماشا دەكەن هەر ڕێكنەخستنی ئەم چێژەیە ماڵوێرانیان دەكات و خوێنیان دەخاتە كاسەی كەسانێكی نەریتپارێزو خۆ بە پارێزەری شەرەف و كەرامەتەوە، ئافرەتێك پێی وا بێت بە بەخشینی جەستەی خۆی خۆشەویستی دەست بكەوێت و پیاویش پێی وا بێت بە دەسبەسەراگرتنی ئەندامەكانی مێینەوە عەشقی ئافرەتەكە دەبێت..
بە پێی وتەو لێدوانی شایەتحاڵەكان، (سای) شووی بە پیاوێك كردووە كە هەم خزمی یەكتر بوون و هەم لە مناڵییەوە هۆگرو متوی یەكتر بوون، كەچی ئەم لێكنزیكی و متوبوون و هۆگرییە هەرگیز نەیتوانیوە لە ناو سنووری هاوسەرایەتیدا گەشە بە خۆشەویستی نێوانیان بدات، چ بە حوكمی هاوخوێنی خزمایەتییان و چ بە حوكمی ئەوەش لە مناڵیەوە سای خۆشەویست بووە بە لایەوە، بۆیە وای زانیوە ئەگەر زۆرترین كەڕەت ژنەكەی بخاتە پێخەفەوە چیتر واز لەو ڕەفتارەی دێنێت كە چاو بۆ پیاوی تر بگێڕێت، بێئاگا لەوەی كێشەی ئەم خێزانە زیاتر ڕۆحی بووە، نەك جەستەیی، ئەم كێشەیەشە وا دەكات هەموو لێكنزیكبوونەوەیەكی زیاتری جەستەیی وای لێبكات لە ڕووی ڕۆحییەوە لە مێردەكەی دوورتری بخاتەوە، وەك شایەتحاڵەكان دەیڵێن و باسی لێ دەكەن كە سای زۆر جوان بووەو لەبەرچاوانی پیاوان نێچیرێكی دەستەمۆ بووە كە لە هەوڵی ڕاویدا بوون، ئەمەش جۆرێك لە هەستی خۆپەرستی لە ناخی سای ڕواندبێت، چونكە هەرچی هاتووە قسەی باق و بریقی بۆكردووەو لە پێناوی دامركانەوەیەكی خۆیداو دواتر پشتی تێكردوە، هەر بۆیە دوای ئەم هەموو ئاشكرابوون و تەنانەت گیرانی سای لە لایەن پۆلیسەوە لە شوێنێكی گەشتیاری و لەگەڵ پیاوێكی غەوارەشدا ئەم هەر دەسبەرداری نەبووە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم مێردەی زۆر منەتی بە كەرامەت و كبریائی خۆی نەبووە، بەڵكو وەك زیندەوەرێكی كۆیلەو موڵكێكی خۆشەویست لە ژنەكەی خۆی ڕوانیوە، یان وەك پایسكیلێك ئەگەر كەسێكیش لێی بدزێت و سوڕێكی پێ لێبدات و دواتر دەتوانێت بە دەستی بێنێتەوە، بۆیە هەردەم ئەو ڕەفتارو كردەوانەی ژنەكەی فەرامۆش كردووە و پێی وابووە هەر دەتوانێت بە ناوجێی بە حیسابی خۆی بیخاتەوە سەر ڕێی ڕاست و خێزانەكەی لە داڕووخان دەپارێزێت، هەموو ئامانجیشی لەگەڵ ژنەكەی خۆیدا دامركانەوەی حەزی جەستەیی خۆی بووە بە پلەی یەكەم/ نەك پڕكردنەوەی هەستە ڕۆحەكییەكانی نێوان هەردووكیان، ژن و مێرد بە ناوجێی نابنە هاوبەش و هاوڕێی یەكتر بەڵكو گرنگیدان بە هەموو هەست و ئاوات و خەونەكانی یەكترو، بە هەموو ئەو شت و بابەتانەی ئەگەر جیاوازیش بن، نەبوونی هاوڕێیەتیە لە نێوان ژن و مێردا كە ئافرەتان تووشی ساردی و پیاوان تووشی پەككەوتن و زوو فڕێدان و خێرا بەتاڵ بوونەوە دەكەن، نەبوونی خۆشەویستی ڕۆحیە كە دەیانكاتە ئەو دوو ئامێرەی لە ناو جێگەدا یەكتر بگەوزێنن تەنیا بۆ بەجێگەیاندنی ئەركێكی فەرزبوو لەسەریان و بەس، گرفتی گەورەش لە كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەوەیە پیاوێك هەردەم بیەوێت بەهێز بێت بەسەر ژنەكەیداو هەموو شتێكی ژنەكەی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، ئەوەندە دەزانیت ئەم پێوەندییەی نێوانیان بووەتە پێوەندی خاوەنداری كردنی پیاو و بەشمەك بوونی ئافرەت، ئەگەر بە شمەك بوونی ئافرەت نەبێت بەلای پیاوەوە بۆچی پیاوێك ئامادەیە پارە بداتە ئافرەتی لەشفرۆش لە پێناوی دامركانەوەیەكی خۆیدا لە كاتێكدا خاوێنترین و جوانترین ئافرەت ژنێتی، بۆچی بە دوای پێخەفی تردا دەگەڕێت لە كاتێكدا ئاسوودەترین پێخەف پێخەفەكەی ژن و مێردایەتییە، بۆچی ئەو وزەو توانا هزری و هەستەكی و جەستەیی و مادییەی كە لە ئافرەتی تردا ئامادەیە سەرفی بكات لە ژنەكەی خۆیدا سەرفی ناكات و وەك هاوبەشی ڕاستەقینەو خۆشەویستی خۆی ژیانێكی جوانتر بۆ خۆیان پێكناهێنێت، زۆربەی پیاوان ئەم گەمەی باڵ باڵێن و چاو چاوێنەیان پێ ئاساییەو شانازیشی پێوە دەكەن و ڕەنگە خەڵكانێك هەبن وەك پاڵەوانێك ناوزەدی بكەن.
لە كاتێكدا ئافرەتێك حاڵەتێكی وەك حاڵەتە لادەرەكەی پیاوی لێ ئاشكرا بێت بە قوربانی گووللەیەكی بكەن و رۆحی لێ زەوت بكەن، وەك چۆن سای لە ئاكامدا بە دەستی شووبراكەی ڕۆحی لێ زەفت دەكرێت و لە خەڵتانی خوێندا دەگەوزێنرێت..
ئەم ڕووداوە ڕاستەقینەیەی لەم ڕۆژانەدا لە ئافرەتێكی تردا ریسی بۆ بە خووری كرایەوە ئەوەمان پێ دەڵێت كە پێویستە ژن و مێردەكان بەرلەوەی خاوەندارێتی لەسەر یەكتر بكەن هاوڕێی خۆشەویستی یەكتر بن، دواجار وتەیەكی مایزیل هس هەیە دەڵێت: تەنیا هەستی ئاسوودەییە لە نێوان دوو كەسی خۆشەویستا تینوییەتی سێكسی دەشكێنێت نەك سێكس كردنە پەتییەكە، گونجانی تەواویش خۆشەویستی دروستی دەكات نەك سێكس كردنییەتی..