قوربانییەكی ئەوینداری بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە

قوربانییەكی ئەوینداری بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە
لە دێرزەمانەوە «خۆشەویستی» لە ناو زۆربەی كۆمەڵگەكان هێمای ئەویندارییەكی پاك و بێگەرد بووە، زۆربەی میللەتانی دنیاش چیرۆك و چەمە و هۆنراوەی زۆریان لەسەر عاشقانی وڵاتی خۆیان هەیە، كوردیش لەو بوارەدا بەشی خۆی هەیە و شیرین و فەرهاد، خەج و سیامەند، لاس و خەزاڵ و مەم و زین و ....تاد، نموونەی ئەو ئەویندارییە بێخەوشەن. بەڵام لەم سەردەمەدا ئەو چەمكانە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بەلاڕێدابردنی ئەو ئەویندارییە بێگەردانە چیرۆكی دڵتەزێن و چەندین قوربانی لێكەوتووەتەوە. یەكێك لەو قوربانییانەش بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەخاتەڕوو.

شەوبۆ ئافرەتێكی تەمەن 39 ساڵ و دایكی سێ منداڵە، بەڵام نە هاوسەری هەیە و نە دەتوانێ لە سۆزی منداڵانی چێژ وەربگرێ. ئەو خاتوونە لە گۆشەی ژوورێكی خانەی داڵدەدانی ئافرەتان، بە رۆژ و بە شەو بەردەوام بیر لە رابردووی خۆی دەكاتەوە و یادی منداڵەكانی چاو بە فرمێسكی دەكات.
شەوبۆ خۆی بە قوربانیی ئەویندارییەكی بێخەوش دەزانێت و سەرەڕای ئەوەی لە رابردووی خۆی پەشیمان نییە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر جارێكی دیكەش ژیانی بۆ رابردوو بگەڕێتەوە، ئەوا هەمان چارەنووسی هەڵدەبژارد. ئەو دایكە بە زمانێكی سادە و ساكار بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە و هیوا بەوەش دەخوازێ، خۆی گوتەنی پەیامێكی بۆ باوكان و ئەو خێزانانە هەبێت كە بە نەزانی و كاڵفامی چارەنووس و بەختی كیژی خۆیان رەش دەكەن.
«هێشتا منداڵ بووم و تازە خۆم ناسیبوو، كەچی داواكار و خوازبێنیكارم لە دەرگای ماڵیان دەدا و بە خزم و كەسوكار و بێگانەوە بەرۆكی باوكمیان دەگرت و داوای منیان بۆ كوڕی خۆیان دەكرد. كچێكی بەرچاو بووم. هەر لەبەر ئەوەش باوكم لە قۆناخی ناوەندی لە خوێندن بێبەشی كردم و منی كرد بە كچی ماڵەوە. ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ باوكی منداڵەكانم كە ئەو كات هاوگەڕەكی خۆمان بوو، نامەی دڵداریمان گۆڕییەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا هەرگیز پەنجەی دەستمان بەر یەك نەكەوت. ئەو خۆشەویستییەمان زۆر پاك و بێگرێ بوو. هەموو هیوایەتمان ئەوە بوو رۆژێك بە ئاسوودەیی لە ناو ماڵی خۆمان بژین. مامێكم و باوكم رێككەوتبوون لە سەر ئەوەی من لە كوڕە مامم مارە بكەن. چی خوازبێنیم بهاتبایە، باوكم دەیگوت: كچم مارەبڕی كوڕە مامیەتی. منیش كۆرە بام و كوڕە مامەكەم نەدیتبا، ئەوەندە رقم لێ بوو. ماڵی یاسین -ی باوكی منداڵانم چوار جار هاتنە خوازبێنیم، باوكم هەر رازی نەبوو. من و یاسین بەڵێنمان دابوو، یان بۆ گۆڕ بین، یان بۆ یەكتری، بەڵام تەمەنم تازە بووە 17 ساڵ، شەوێك مامم مەلای هێنا و پێشتر لەگەڵ باوكم قسەی خۆیان كردبوو كە ئەو شەوە من بۆ كوڕی مامم مارە بكەن. بەڵام من لە بەر چاوی مەلاكە قبووڵم نەكرد و هەڕەشەی خۆسووتاندنم كرد، مەلاش گوتی: ئەو مارەبڕینە گوناهە و من نایكەم، كاتێك مەلا رۆیشت باوكم و مامم هەموو قەلبیان شكاندم. باوكم داركارییەكی كردم هەرگیز ئازارەكەی فەرامۆش ناكەم. یاسین ئەو كات تەمەنی بیست ساڵ دەبوو. قوتابی زانكۆ بوو. كە زانی چیم بەسەرهاتووە، زۆر خەمی خوارد، ئیتر دوای چوار جار خوازبێنی نائومێد بوو لەوەی كە باوكم بەو هاوسەرگیرییە رازی بێت، بۆیە رۆژێك بڕیارمان دا هەڵبین و پێكەوە بچینە ئێران. بڕیارەكەمان جێبەجێ كرد و لە غەریبی سەختی و نەهامەتی زۆرمان بینی. بەڵام زۆر بەختەوەر بووین و ئەوینەكەمان هەتا دەهات پڕ لە خۆشەویستی و وەفاداری دەبوو. دوو كوڕ و كیژێك بەرهەمی ژیانی هاوبەشمان بوو. دوای 15 ساڵ باوكم و ماڵی خەزوورانم ئێمەیان دۆزییەوە و وەڵامیان نارد كە لێمان خۆش دەبن، ئێمەش فریومان خوارد و وتمان با بچینەوە وڵاتی خۆمان و لە غەریبی رزگارمان بێت، گەرچی منداڵەكان هەرسێكیان بە زمانی فارسی دەرسیان خوێندبوو، بەڵام ئەوانیش بەوە دڵخۆش بوون كە دەچینەوە ناو كەسوكاری خۆمان و ئیتر ماڵ و بنەمان كۆكردەوە و هاتینەوە، بەڵام یەك هەفتەی پێنەچوو، باوكم و برایەكم هاتنە ماڵمان و لەگەڵ مێردەكەم كردیانە دەمەقاڵێ و دوای سووكایەتی پێكردنێكی زۆر لە بەرچاوی خۆم مێردەكەمیان بە دەمانچە كوشت و سەرەڕای پاڕانەوەم تەقەیان لە منيش كرد و بە نیوەگیانی لە دەستیان هەڵهاتم و چوومە كوڵان و بە هاتوهاواری من خەڵكی گەڕەك لێم كۆبوونەوە و باوك و براكەم دەرچوون و منیش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە كرام. ئەو رۆژە هەر سێ منداڵەكەم لە ماڵی خەزوورم بوون، لەو كاتەوە تا ئێستا نەیانمبینیوە. ئەوە چەند ساڵە ماڵی باوكم ئەو دوژمندارییەیان بۆ خۆیان درووست كردووە، ماڵی خەزوورانیشم منداڵەكانیان بردووە و لە سۆزی دایكایەتی بێبەشیان كردووم. خوای گەورە لە گوناه و تاوانیان خۆش نەبێت وا منیان بەم رۆژە رەشە گەیاند. خۆ ئێمە تاوانمان نەبوو. مێردەكەم هەتا مارەی نەكردم بۆ یەكجاریش دەستی منی نەگرت. نازانم ئەو كەرامەت و پاكییە بۆچی ئەشێ سزاكەی مەرگ بێت؟ ئەوە كەی ویژدانە خۆشەویستی تاوان بێت و كوشتن ببێتە تۆمەت و سوڵحی لەسەر بكەن؟»
Top