گێچەڵكردن بە منداڵان نەوەیەكی مردوو بەرهەم دەهێنێت

گێچەڵكردن بە منداڵان نەوەیەكی مردوو بەرهەم دەهێنێت
هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر هەر بوونەوەرێك دوورە لە بەهاكانی مرۆڤایەتی و لە ئاستی دەوڵەتانی جیهاندا دەستدرێژیكردن بە تاوانی گەورە دادەنرێت و سزای قورسی هەیە، بەتایبەتی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان كە كاریگەرییەكی ترسناكی لە سەر كەسایەتی و داهاتووی منداڵەكە دەبێت. رێكخراوە جیهانییەكانی پاراستنی مافەكانی منداڵ، دەستدرێژی بۆ سەر منداڵ بە «قوربانی بێدەنگ» ناو دەبەن. دیاردەی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان، جگە لە رووخاندی كەسایەتی و ئاڵۆزكردنی باری دەروونیی منداڵەكە، دایكان و باوكانیش تووشی شۆك و خەمۆكی و لەوانەیە تووشی نەخۆشی دەروونیشیان بكات. ماددەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە دەستدرێژیكردنە سەر منداڵ، ئەو ماددەیە سزای هەتاهەتایی و تەنانەت لەسێدارەدان لەخۆدەگرێ. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان شرۆڤەی زیاتری ئەو بابەتە دەكەن.

شیوەن شێرزاد چالاكێكی بواری كۆمەڵایەتییە و سەبارەت بە ناوەڕۆكی تەوەری ئەم راپۆرتەی گوڵان، لە سەرەتای قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئاسایشییەكان، رەوشی كۆمەڵایەتییان ناهەموار كردووە. بۆیە رۆژانە گوێبیستی پەلامارە سێكسییەكانی سەر كچان دەبین»، گوتیشی: «ئەگەرچی بوون بە دایك و باوك خەڵاتێكی جوانە، بەڵام بەجێگەیاندنی ئەركی گەورەكردن و پێگەیاندنی منداڵان لەم بارودۆخەدا زۆر قورسە، دایكان و باوكان ناتوانن بە تەنیا بەم ئەركەیان هەڵسن. پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت كە تاك لە چۆنیەتی خاوەندارێتی ماددی و هزری لە ماف و ئەركەكان بەپێی بەها سەردەمییەكان هۆشیار بكرێتەوە.»
شیوەن شێرزاد رایوایە: « نەبوونی سزای توند و سستی لە جێبەجێكردنی یاساكان وایانكردووە حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر رەگەزی مێیینە، بەتایبەتی منداڵانی كچ لە زیادبووندا بێت، وەكو ئەوەی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیبینین و دەیبیستین.» گوتیشی: «دایكان تاكو منداڵەكانیان لە خوێندنگە دەگەڕێنەوە نیگەرانن، بەهۆی نەبوونی ئەندامانی ئاسایش لەنێو خوێندنگەكان و لە نزیك خوێندنگەكان، هەروەها نەبوونی هۆی گواستنەوەی تایبەت بۆ خوێندكاران و وانەی تایبەت لەسەر چۆنیەتی خۆپاراستن بەتایبەتی بۆ كچان كە هۆكاری سەرەكین بۆ روودانی ئەم حاڵەتانە. هەروەها بڵاوكردنەوەی بێ كۆنتڕۆڵی زنجیرە دراما بیانییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكی لادانی پێوندییە كۆمەڵایەتییەكانن. كێشەیەكی دیكەی كۆمەڵگە بە مەدەنی نەبوونە، واتە لەلایەك ئەقڵییەتی خێڵەكی، لەلایەكی دیكەوە پەرەسەندنی خێرای بەكاربردنی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووی گەیاندن، تاكی دووچاری ئاڵۆزی لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیدا كردووە. لە یەك كاتدا چەندین جۆرە كەلتوور تێكەڵ بە یەك بوون، بەبێ ئەوەی تاك توانای لێكدانەوەی زانستییانەی هەبێت بۆ تێگەیشتن لەم كەلتوورە جیاوازانە. بە واتایەكی دیكە ئەقڵییەتی تاك و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سەردەم بە هاوتەریبی یەكتر پێش نەكەوتوون، تاكی ئێمە لە كارەكتەری تەكنۆلۆژیای نوێی گەیاندنی سەردەم تێنەگەیشتووە، ئەمەش دەرگای لە بەردەم گەلێك كێشەی كۆمەڵاتیدا كردۆتەوە.»
فەرهاد چۆمانی رۆژنامەنووس و مامۆستای قۆناخی بنەڕەتییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی یاسادان بۆ كەمكردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی یاسای ژمارە (8)ی لە ساڵی 2011 دەركردووە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەك بەو ناوە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان بوونی هەیە و ئەنجومەنی خانمان و چەندین رێكخراومان بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و گێچەڵی سێكسی هەیە، بەڵام ئێستاش لەسەر شەقام و كۆڵانەكان كچانی مێرمنداڵ دەبینین كە سواڵ دەكەن. زۆربەی ئەو منداڵە كچانەی كاری دەستگێڕی و سواڵ دەكەن لەلایەن شۆفێر و كوڕە گەنجەكان و زۆرجار لەلایەن خودی ماڵەكانەوە رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە، هەندێ جار گێچەڵی سێكسی بۆ ناو پەروەردە و قوتابخانەكانیش دەگوازرێتەوە، بەداخەوە ئەم رووداوانە لەلایەن قوتابی بۆ قوتابی و تەنانەت مامۆستا بۆ قوتابیش رووی داوە. كچانی خوار تەمەنی 10 ساڵ كە تووشی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە و لەلایەن پیاوانەوە پەلامار دەدرێن، لە حاڵەتێكی وادا ناتوانن، یان ئەوەندە هۆشیارییان نییە كە پەنا بۆ شكاتكردن ببەن، هۆكارەكەشی زیاتر ترسە لە خێزان و دەوروبەر و كۆمەڵگەكەی.».
چالاكی مافی مرۆڤ كەژاڵ هۆرمزیار، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەمتەرخەم نەبووە لە گرنگیدان بە منداڵان و پاراستنیان و پرسی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان بە یەكێك لەو پرسە گرنگانە دادەنرێت كە لە نێو ئەجندای چالاكیی بواری مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاواییشدا جێگەی خۆی كردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لایەنە پێوەندیدارەكان سەبارت بەم پرسە كەمتەرخەمییان كردووە، تەنانەت زۆر جار بوونی ئەم حاڵەتانە رەددەكەنەوە و ئاماری ورد و دروستی ئەم بابەتە لە نێو داتا و زانیارییەكانی حكومەتدا دەست ناكەوێت، چونكە پێیانوایە دەركەوتنی تاوانی لەمجۆرە لەناو كۆمەڵگەدا دەبێتە هۆی هەژاندنی رای گشتی.»
لە لای خۆیەوە د. شەونم بەرزنجی پسپۆڕی دەروونی بەمجۆرە باسی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵ دەكات و دەڵێت: «بەداخەوە ئەوە نە لە كۆمەڵگەی خۆمان و نە لە كۆمەڵگەكانی دیكە دیاردەیەكی نامۆ نییە و كەسانێك هەن بۆ تێركردنی حەزەكانیان پەنا دەبەنە بەر تاوانی پەلاماردانی منداڵ، كە یان زمانی هەڕەشە، یان زمانی پیاهەڵدان بەكاردێنن و هەركاتێ گەیشتنە مەرامە قێزەوەنەكانیان رەنگە زمانێكیتر بەكاربێنن. گەلێ هۆكاریش هەن هاندەری ئەم بارەن و گرنگترینیان كەسێتی ئەو تاكەیە كە ئەم تاوانە دەكات و بوونی بارێكی نەخۆشی (پیدۆفیلیا)یە، واتا ئارەزووی سێكسی لەگەڵ منداڵ. تاكی دەستدرێژكەر زۆرجار لە منداڵیدا لە رووی جەستەیی، یان سۆزداری بە خراپی رەفتاری لەگەڵدا كراوە. بەپێی توێژینەوەكەی گریگۆری دیكسۆن 49%ی ئەو كەسانە بە جۆرێك دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر، لە منداڵیدا گرفتی پشتگوێخستنیان هەبووە.
ئەو دەروونناسە جەختی لەوە كردەوە كە «قوربانییەكە لە نێوان دوو فشاری بەردەوامدا ژیان دەباتە سەر، لەلایەك فشاری ترس لە باوان گەر بەم كارە بزانن و لە لایەكی ترەوە ترس لە دەستدرێژیكار كە بەردەوام هەڕەشەی لێدەكات، بۆیە جگە لەوەی هەست بە سووكایەتی پێكردن دەكات، دوور نییە تاكێكی دوورەپەرێزی لێدەربچێ و تووشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و زەبری دەروونی ببێت». رێكارەكانی رێگری لەو تاوانەشی بەمجۆرە دەستنیشان كرد: «پێویستە دایك و بابەكان ئەوەندە سۆز و خۆشەویستی و متمانە بە منداڵەكانیان بدەن، تاكو لە هەر رووداوێك لە ژیانیاندا ئاگاداریان بكەنەوە. و دەبێ دایك هێندە لە كچەكەیەوە نزیك بێت وەكو هاوڕێیەك رەفتاری لەگەڵدا بكات.هەروەها پێویستە باوان بزانن چۆن رەفتار لەگەڵ منداڵەكەیان بكەن كە بۆتە قوربانی، لە كاتی وادا نابێت باوان بە هیچ شێوەیەك سەرزەنشتی منداڵەكەیان بكەن و دەبێت هەوڵ بدەن رووداوەكەی لەسەر ئاسان بكەن، نەك ئالۆزتری بكەن. هەروەها پێویستە سەردانی پزیشكی دەروونی و جەستەیی پێبكەن. دەبێت بە نەرمی نواندن هۆشیاربكرێتەوە سەبارەت بە ترسناكی و ئاكامەكانی ئەو كارە، تاوەكو دووبارەی نەكاتەوە. قوربانیی دەستدرێژیی سێكسی نابێت وەكو تاوانبارێك سەیر بكرێت كە دەبێ سزا بدرێت، بەڵكو قوربانییەكە پێویستی بە چاودێری و یارمەتی و دڵنەوایی زیاتر هەیە. دەبێت یارمەتی بدرێت بۆ ئەوەی باوەڕی بەخۆی بۆ بگەڕێتەوە.
شیوەن شێرزاد وەك وەك چارەسەر و رێكارەكانی نەهێشتنی ئەو جۆرە تاوانە و بۆ پارێزگاریكردن و پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست و بوێر بە پێویستی دەزانێت، «پەرلەمان یاسای توند دەربكات بۆ پاراستنی رەگەزی مێیینە لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە و توندوتیژییەی كە هەیە، هەروەها دەزگای راپەڕێنەریش جددی بێت لە جێبەجێكردنی یاساكانی لەمجۆرە. بۆ ئەمەش دەبێ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەتی رێكخراوەكانی ژنان، مافپەروەران و میدیاكاران ببنە هۆكاری گوشار لەسەر هەر دوو دەزگای یاسادانان و راپەڕاندن بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردە ترسناكانە. پێویستە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەنێو خەڵك و لە رێی هوشیاركردنەوەی تاك كار بۆ چارەسەری ئەم پرسانە بكەن، نەك تەنیا كۆبوونەوە لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان و باسكردنی كێشەكە بۆ كەسانی ئامادەبووی كۆڕ و سمینارەكان، ئەوە نیشانەی دووركەوتنەوەیە لە خەڵك و رواڵەتە نێگەتیفەكان بنبڕ ناكات.»
Top