دایكی شەهیدێك بەسەرهاتێكی دەگمەن و تەژی لە هزری نەتەوەی دەگێڕێتەوە
December 17, 2015
کۆمەڵایەتی
بۆیە خوازیار بووین ئەم چیرۆكە هەژێنە و پڕ لە پەندە بخەینە بەردەستی خوێنەرانی گوڵان.
لە هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان بە دەگمەن بەفر دەبارێ، لێ لەم چەند رۆژەی دواییدا، ئێوارەیەك تروكە تروكە بەفر لە ئاسمانەوە بەسەر شەقامەكانی شاردا گلار دەبووەوە. عەرد تەڕ بوو، چی بەفر دەباری، بە هۆی تەڕبوونی زەوی دەبووە هەڵم و نە شەقام و نە رەسیفی سپیپۆش نەدەكرد. لە شێلوی ئەو بەفر و بارانەدا، لە بەردەم گەراجی نێودەوڵەتی هەولێر، ئافرەتێكی بەساڵاچوو دەستی هەڵبڕی. نەمزانی بۆ وا لە پڕ پێم لە سەر «ستۆپ» دانا.. راوەستام. داوای ناونیشانێكی كرد، یەك دوو ژمارە مۆبایل-یشی كە لە سەر پارچە كاخەزێك نووسرابوو، پێ پیشان دام. چەند جار تێلم كرد. وەڵام نەبوو. گوتم: دایكە سەركەوە، خوا گەورەیە، قابیلە، هەر دەیدۆزینەوە!
پیرەژنێكی روخسار نوورانی بوو. نازانم بۆچی، بەڵام لە چركەیەكدا هەستێكی دایكانەی لە لام درووست كرد. من لە مێژساڵە لە نازی دایك بێبەش بووم. مێرمنداڵ بووم، دایكم كۆچی دوایی كرد و لە بەردەست ئامۆژن گەورە ببووم. بۆیە زۆرم خەم خوارد و لە كانگای دڵەوە حەزم دەكرد، بە جگەرگۆشەكەی شادی بكەمەوە. مەبەستیشم پارە نەبوو. ئەو شەوە زۆر گەڕاین، نە بە ناونیشان و نە بە ژمارە مۆبایلەكان نەمانتوانی كوڕەكەی بدۆزینەوە. وەك باسی كرد، هاوسەرەكەی لە پێناوی خەباتی رزگاریخوازی كورد شەهید ببوو، واتە ئەو هاوسەری شەهیدێكی ئەو كوردستانە بوو، بۆیە نەدەكرا بەو نیوەشەوە حیسابی بۆ نەكەم. كاتێك سەر كەوت و سەری قسەكردنمان كردەوە، زۆر نهێنی ژیانی خۆی بۆم باسكرد.
ژنێكی نیشتمانپەروەر، ئاڵای كوردستانی لە سەر یەخەی هەڵواسیبوو، لە وڵاتێكیشەوە هاتبوو، كە دەسەڵاتەكەی نەك ئەو ئاڵایەیان قبووڵ نییە، بگرە ئەوانەشی بڕوایان پێی هەیە، بە توندی سزایان دەدەن.
چرچ و لۆچی روومەتی ئەو دایكە پیرە، خەم و پەژارەكانی ژیانی رابردووی بەرجەستە دەكرد، لەگەڵ هەموو ئازارەكانیشی زۆر بە ورە و خۆڕاگر بوو. دوای گەڕانێكی زۆر بە زمانێكی سادە و ساكار گوتی: «كوڕم هەولێر زۆر گۆڕاوە، پێش دە ساڵ هاتم سەردانێكی كوڕەكەم كرد، ئەم شارە وا جوان و رازاوە نەبوو، ئێستا زۆر گۆڕاوە. شەقامەكان ناناسمەوە.»
ئەو دایكە خۆنەویستە پەیتا پەیتا دەیگوت: «كوڕەكەم دڵنیام هەر لەم شارەیە، خەتای خۆم بوو، نەمویست بزانێ سەردانی دەكەم، ویستم هەتا لە دەرگەی ماڵەكەی دەدەم، ئاگای لەوە نەبێت كە دایكی سەردانی دەكات.» زۆرم قسە بۆ كرد تا رازیم كرد من بە كوڕی خۆی بزانێت و تا سبەی بە ماڵی خێزانیم قەناعەت بكات.
ئەو شەوە تا نزیكەی بەرە بەیان خۆم و هاوسەرەكەم خەو نەچووە چاومان. ئەو خاتوونە بەڕێزە هەنبانەی نهێنییەكانی ژیانی تایبەتی خۆی بەمجۆرە بۆمان باس كرد:
« من كچێكی نەخوێندەواری لادێ بووم، مامۆستای گوندەكەمان كوڕێكی كەشخە و جوان بوو. هەموو خەڵكی گوندەكەمان رێزیان دەگرت. كەسێكی لەسەرخۆ و هێدی و زانا و زۆر بەڕێز بوو. زۆر كەس لە پیاوماقووڵانی گوندەگەمان هیوایان دەخواست خزمایەتی لەگەڵ بكەن. كەچی ئەو دڵی خۆی بە من دابوو. من ئاگام لەو سۆزە یەكلایەنە نەبوو. كانیاوی گوندەكەمان لە تەنیشت قوتابخانەكە بوو. هەموو بەرەبەیانییەك چەند جار دەچوومە سەر كانیاوەكە و گۆزەكانم بۆ مەڕوماڵت پڕ لە ئاو دەكرد. ئەوەی بیرم لێ نەدەكردەوە، ئەوە بوو كە ئەو مامۆستایە دڵی لە لای منی نەخوێندەوار بێ. كیژی كوێخای گوندەكەمان زۆر لە من جوانتر و باڵابەرزتر و چاوگەشتر بوو. ئەو قوتابی زانكۆ بوو. خەڵكی گوندەكەمان بە «خانم دكتۆر» بانگیان دەكرد، كەچی هەموو ئاواتی ئەوە بوو، ببێتە هاوسەری مامۆستای گوندەكەمان، بەڵام ئەو مامۆستایە هەر حیسابی بۆ نەدەكرد. رۆژێك كچێكی دەستەخوشكم كە كچی مەلای گوندەكەمان بوو، كاتی مەڕدۆشین لە شاخ پێی گوتم: «سارا مامۆستای گوند دەیەوێ بێتە خوازبێنیت». بێریڤان گوتی: «كچێ، خوا دەرگەی بەختی بۆت كردووەتەوە، یەك و دووی لێ مەكە و ناوی خوای لێ بێنە. منیش گوتم: «خوشكە چۆن شتی وا دەبێ؟ من نەخوێندەورام و ئەلف و بێ ناناسم، چۆن ئەومامۆستایە كچە پزیشكێك بە منی نەخوێندەوار دەگۆڕێتەوە؟»
قسەی بێریڤان راست دەرچوو، سەیرم دەكرد، مامۆستای گوند زۆر سەرنجی منی دەدا. ئەو كات مۆبایل و شتی وا نەبوو. ئەوین و خۆشەویستی تەنیا بە چاودا دیار بوو. كەس فێڵ و تەڵەكەی نەدەزانی. راستیەكەی منیش دڵم لای خۆم نەمابوو. مامۆستای گوند هەردەم لە ناو بیر و هۆشمدا بوو. خەڵكی ئەو كات زۆر شەرمن بوون. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستای گوندەكەمان رۆژێك لە ناكاو هاتە پێشم و گوتی: «سارا دەمەوێ بێمە خوازبێنیت، بە من رازی دەبی؟». نازانم بۆ دڵم وا داخورپا و لە شەرمان سوور هەڵگەرام. بەڵام ئەوەندەم غیرەت كرد و گوتم: «جا كچ هەیە بە پیاوی جوامێری وەك تۆ رازی نەبێ؟». ئەو شەوە تا سپێدەی بەیان خۆم سەرزەنشت كرد. وامدەزانی سنووری خۆم بەزاندووە. خۆم بە شەرمەزاری باوك و براكانم دەزانی. بەڵام هێندەی پێنەچووە مامۆستا و كەسوكاری هاتنە خوازبێنیم. خوای گەورە كارەكانی رێكخست و من چوومە ماڵی مێرد و ژیانێكی پڕ لە كامەرانی و بەختەوەریمان دەست پێكرد. كوێخای گوندەكە بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەوینداری ئێمەی دەكرد. مێردەكەمی بە گرتن دا. تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵی كە مێژووی خەباتی كورد بۆ قوتابییەكانی باس دەكات و هانیان دەدات، بیر لە سەربەخۆیی كوردستان بكەنەوە. چەند ساڵ هاوسەرەكەم لە گرتووخانە مایەوە. كوڕەكەم تەنیا لە پشت جامخانەی زیندانەوە دەیتوانی باوكی ببینێ. ساڵ هات و رۆیشت، كوڕەكەم تەمەنی گەیشتە 14 ساڵ ئینجا مێردەكەم ئازاد كرا. هێشتا چێژمان لە رزگاربوونەكەی نەبینیبوو، هاوسەركەم رۆیشتە شاخ و بوو بە پێشمەرگە، وەك فەرماندەیەكی نەبەرد لە شەڕێكدا شەهید بوو. كوڕە مێرمنداڵەكەم هەردەم پرسیاری باوكی دەكرد، ئەویش وەك باوكی عاشقی وڵاتەكەی بوو. بۆیە هەر زوو دایكە تەنیاكەی بە جێهێشت و بوو بە پێشمەرگە. ئەوەتا زیاتر لە بیست ساڵە تەنیا دوو جار كوڕەكەم بینیوە. دەساڵ پێش ئێستا سەردانم كرد، وتی: دایكە گیان سەنگەری پێشمەرگەبوونم ون نەكردووە، بەڵام ئەم كوردە بێ وڵاتە، پێویستی بە پێشمەرگەی نووسەریشە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدات نێوماڵی كورد یەك بخرێت و نەریتە سوواوەكان و كۆنەڕق و یەكتر بوغزاندن لە هزری سەركردایەتی كورد دوور بخاتەوە.
ئەو دایكە نموونەییە زۆر شتی باس كرد، دەیان جار فرمێسكی هەڵوەراند، خەمەكانی زۆر قووڵ بوون، شەو كۆتایی هات و لە سپێدەی رۆژی دواتردا پێكەوە گەشتەكەمان دەستپێكرد. شەو داهات و هەواڵمان بۆ هات و وتیان: سەردار تاقانەكەی دایە سارا لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا دوای نەبەردێكی جوامێرانە شەهید بووە. بە هەوڵێكی زۆر مەزاری سەردارمان دۆزییەوە. چووینە گۆڕستانی شەهیدان و دایە سارا گڵكۆی كوڕەكەی توند لە ئامێز گرت و لە بری گریان، بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: زۆر سوپاس تاقانەكەم كە منت شەرمەزاری بابت نەكرد...