چارەسەری دوژمنداری لە نێوان سوڵحی عەشایری و یاسادا

چارەسەری دوژمنداری لە نێوان سوڵحی عەشایری و یاسادا
كێشەی خوێنداری و حاڵەتەكانی دوژمنداری و تەنانەت بە دیاردەبوونی تۆڵەسەندنەوە، لە زۆربەی وڵاتانی دواكەوتووی جێهان رەگ و ریشەیەكی قووڵی هەیە و تا هەنوكەش شتێكی بەرچاوە، كۆمەڵگەی كوردیش بەدەر نییە لەو پەتا نەگریسە و ئەگەرچی بەگشتی دیاردەكە رووی لە كەمی كردووە و ئێستا بووەتە حاڵەت، بەڵام كەم و زۆر هێشتا هەیە و بنبڕ نەكراوە. زۆرێك لە خاوەنەكانی ئەو جۆرە كێشانەش ئاماژە بەوە دەكەن كە هەندێك لە دوژمندارەكان بە سوڵحی یاسایی و عەشایریش واز ناهێنن و دوای سوڵحیش هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، بەرپرسێكی كۆمەڵایەتیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ئەنجامی رۆتیناتی دادگاكان خەڵك پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەكتەبی كۆمەڵاتی دەبەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان را و سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

«ئێمە لەگەڵ بنەماڵەیەك ماوەی شەشە ساڵ بوو كێشەی خوێنداریمان هەبوو، بەڵام دوای هەوڵ و كۆششی پیاوماقووڵان و مامۆستا و مەلا و ریشسپی لەگەڵ یەكتر دانیشتین، سەرەتا ئامادە نەبووین كێشەكەمان بەرینە داگا، چونكە دادگا كاری رۆتینی زۆری تێدایە، دەبێ ماوەی چەند ساڵێك چاوەڕێ بكەین، بۆیە ویستمان كێشەكەمان بە سوڵحی عەشایری چارەسەر بكەین، كە كەسانی ریشسپی و خاوەن ئەزموون بەشداری تێدا دەكەن، دواتر نیمچە ئاشتبوونەوەیەك و ئارامكردنەوەی دەروونی هەردوولای لێكەوتەوە». ئەوە قسەی قادر مەحموودی تەمەن 45 ساڵ بوو. ئەو یەكێكە لەو دەیان كەسەی كە كێشەی خوێندارییان هەیە و لەبارەی كێشەكەی خۆیشی زیاتر دەڵێت: «ئەنجامی هەموو سوڵحێكی عەشایری، دانی بڕێك پارەیە لە بەرامبەر خوێن و كێشەكە یەكسەر چارەسەر دەكرێت، دادگا گەرەنتی سەرهەڵدانەوەی كێشەكە ناكات، دواتر بكوژەكە لە گرتووخانە ئازاد بكرێ، لەلایەن خاوەن ماڵەكە دەكوژرێتەوە، بۆیە سوڵحی عەشایری باشترە لە یاسا و دادگا، ئێمەش كێشەكەمان بەسەركەوتوویی كۆتایی پێهات».
كاوە ئومێد تەمەنی 30 ساڵەو مامۆستای بنەڕەتییە و ئاماژە بەوە دەكات كە كەسێك لە بنەماڵەكەیان بەهۆی كێشەیەكەوە هەڵساوە بە كوشتنی كەسێك ودواتر دەستگیر كراوە و لەلایەن دادگاوە «15 ساڵ زیندانی» بۆ بڕایەوە، دواتر ئازاد كرا و دوای ئازادكردنیشی كوشتیانەوە، گوتیشی: «ئێمە سوڵحی عەشایریشمان كردبوو، بەپێی یاسای عەشایری دادگا هەر كەسێك حوكمی خۆی وەرگرت، نابێ بكوژرێتەوە، بەڵام ئەوان ئەو كارەیان ئەنجامدا و بۆ شوێنێكی دوور رایانكرد، ئێستا داوای سوڵح دەكەنەوە، بەڵام كەسوكای منیش جگە لە تۆڵەسەندنەوە بەهیچ شتێكی تر رازی نین». ئەو مامۆستایە گوتیشی: «كێشەی دوژمنداری زۆر ناخۆشە، بەردەوام گومان لەخۆت دەكەی، چونكە لە كۆمەڵگەی عەشایری یاسا و دادگا هیچ حسابێكی بۆ ناكرێت، تەنانەت فەرموودەكان و دەقی قورئانیش هەستی تۆڵەسەندنەوە سارد ناكاتەوە و كاریگەرییان نییە، كوشتنی مرۆڤێك سانا نییە، بەڵام غەدر لەلایەن كەسێكەوە قبووڵ ناكرێ، جگە لەوەش چاودێری خەڵك و عەشیرەت زیاتر هاندەرە بۆ ئەنجامدانی تۆڵەسەندنەوە، ئەگەر نەیكەی بە كەسێكی ترسنۆكت دەزانن و بە چاوێكی سووك سەیرت دەكەن».
رەشید عەبدوڵڵای تەمەن 33 ساڵ كرێكارە و سەبارەت بە هەمان كێشە دەڵێت: «كێشەی خوێنداری ئەنجامەكەی ماڵوێرانی و ئاشتبوونەوەیە، چەندین كەس بەهۆی ئەو كێشەیەوە دەبنە قوربانی، ئینجا هۆش و خەیاڵیان دەجووڵێ و داوای سوڵح دەكەن». گوتیشی: «ئێمە ماوەی 10 ساڵ كێشەی خوێنداریمان هەبوو، ئەوان لایەنگری حزبێك بوون لەسەر داوای حزبەكە بۆ سوڵحكردن هاتنە پێشەوە، سەرەنجام كێشەكە بە سوڵحی عەشایری چارەسەر كراو لە بڕی خوێن پێنج دەفتەر (50 هەزار) دۆلارمان بە خاوەن خوێنەكە دا، واتە حزبیش بۆتە ئامرازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێنداری». ئەو رایوایە «كێشەی خوێنداری لەم رۆژگارەدا نەماوە، بەڵام بە جۆرێكی تر سەری هەڵداوەتەوە، بۆ نموونە كەسێك بە رووداوی ئۆتۆمبێڵ كوژراوە، بنەماڵەكەی بیری تۆڵەسەندنەوە ناكاتەوە، تەنیا بە پارە رازی دەبێت».
نەریمان ئەحمەد پسپۆڕ لە بواری كۆمەڵناسی دەڵێت «چەمكی لێكتێنەگەیشتن یان دروستبوونی كێشەیەك لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگە بە شتێكی ئاسایی هەژماردەكرێ، بەڵام لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵی و خێڵەكیدا چەمكی مەعریفی و عەقڵانییەت باڵادەست نییە، بۆیە یاسای خێڵەكی و عەشایری جێگەی دادگای گرتۆتەوە، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ دروستبوونی یەكتر كوشتن و سەرهەڵدانی بیری تۆڵەسەندنەوە». ئەو كۆمەڵناسە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو دیاردەیە لە كۆمەڵگە كشتوكاڵییەكاندا زۆرترەو شارنشینەكان كەمتر باوەڕیان بە چەمكی تۆڵەسەندنەوە هەیە، گوتیشی «كۆمەڵگەی شارنشین فەرمی و یاسایین و دەیانەوێ لە رێگەی دادگاوە چارەسەری كێشەكانیان بكەن، بەڵام لە گوند رێگەی تۆڵەسەندنەوە و كوشتن بە نیشانەی ئازایەتی و هێز و بازوو دەزانن، عەقڵیەتی بیركردنەوە لەكۆمەڵگە كشتوكاڵییەكان سەبارەت بە یاسا عەقڵیەتێكی چەقبەستووە، بۆچارەسەركردنی كێشەی خوێنداری پیاوانی بەساڵاچوو، ریشسپی و سەرۆك هۆز رۆڵی دادوەر دەگێڕن، ئەنجامی سوڵحەكەش بە پارە یاخود بە ژن و موڵك كۆتایی پێدێت، بنەماڵەی بكوژەكەش مەرجە ناوچەكە بەجێبهێڵن». ئەو كۆمەڵناسە «وشیاری كۆمەڵگە و پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و بیركردنەوەی تاكەكان بە شێوەیەكی كۆمەڵناسییانە» بە رێكارگەلێك دەزانێت كە یاسای خێڵەكی لەباردەبات و دەمارگیری خێڵەكی كەم دەكاتەوە. خوێندەواریشی بە «مینبەرێك بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو دیاردەیە ناوبرد».
بەختیار جاسم، وەك یاساناسێك سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەر كەسێك هەڵبستێ بە كاری تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر كێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بە تاوانبار دادەندرێ، یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە، چونكە لە هەر كۆمەڵگەیەك، تەنیا كاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە كۆمەڵگەیەكی جەنگەڵی و یەكتر كوشتن و خەڵك ناتوانێ ژیان بەرێتە سەر»، ئەو پارێزەرە گوتیشی: «یاسا گوێ لەو كەسانە ناگرێ كە هەڵدەستن بە كاری تۆڵەسەندنەوە و دوژمنداری، پێویستە كێشەكە لەدادگا چارەسەربكرێت، حكومەت خۆی مافی ئەو كەسە دەستێنێ و ئەوكات دوژمنداری دروست نابێ». ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111)ـی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت كاری تۆڵەسەندنەوە بە تاوان دادەندرێ و سزاكەشی قورسە، بۆیە پێویستە خەڵك بۆ سەندنەوەی مافەكەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەك تۆڵەسەندنەوە، هەروەها سوڵحی عەشایری بەشێكە لەچارەسەری كێشەكە، بەڵام یاسا دانی پێدا نانێت».
لەلای خۆیەوە مەلا عەزیز محەممەد ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كێشەی خوێندارییانەی بۆ لای ئەوان براون، زیاتر لەسەر «زەوی و شەرەف و پارە» بووە، جەختی لەوەش كردەوە كە ئێستا كێشەكان بەرەو كەمبوونەوە دەچن و گوتی «ئێمە بەدیلی یاسا نین، پەیوەندیمان بە دامودەزگای حكومییەوە نییە، بەڵام كە هەردوو خاوەن كێشەكە سەردانمان دەكەن، لەسەر داوای خۆیان كێشەكانیان چارەسەر دەكەین، لەو سوڵحەدا لێژنەیەك لەچەند كەسێك لە ئێمە و كەسوكاری ئەوان دروستدەكەین، بەچەند دانیشتنێك كێشەكە چارەسەر دەكەین، بۆ دڵنیایی هەردوولاش كۆنووسێك ئامادە دەكەین و ئیمزای لەسەردەكەن، كە جارێكی تر كێشەكە دروست ناكەنەوە»، گوتیشی: «تا ئێستا دەیان كێشەی خوێنداریمان چارەسەر كردووەو سەری هەڵنەداوەتەوە، لە لێژنەكەمان چەندین پیاوی ریشسپی و ئایینی و كەسایەتی حزبی تێدایە، ئێمە دەست ناخەینە ناو كاروباری دادگا، بەڵام لەبەر بوونی رۆتینیاتی كاری دادگا، خەڵكی خاوەن كێشە ناچارن پەنابەرنەبەر بەشی كۆمەڵایەتی حزبەكان، یان پیاوانی ئایینی تا كێشەكانیان بۆ چارەسەربكەن».
Top