كچێكی ئێزیدی:داعش سڵی لە دڕندایەتی و دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەت نەدەكردەوە
December 3, 2015
کۆمەڵایەتی
پاش كۆنتڕۆڵكردنی شنگال لە سەرەتاكانی ئابی ساڵی رابردوو چەكدارانی داعش پیاوانی ئێزیدییان ناوچەكەیان كۆمەڵكوژ كرد و ئافرەتانیان كردە سەبایە و بە ئەمیرەكانی داعشیان دەبەخشین و دواتر بە چەكداری دیكەیان دەفرۆشتن. سەدان كچ و ژنی ئێزیدی ئەو بەسەرهاتە هاتنی داون پەنا بۆ خۆكوشتن بەرن.
مەروە-ی تەمەن 17 ساڵ یەكێكە لەو كچانەی كە باسی كوشتنی پیاوەكان و دۆخی ئافرەتان لە گرتووخانەی بادوش لە مووسڵ دەكات و دەڵێت: من باوكم و سێ برام و مامێكم لە بەر چاوی خۆم گوللە باران كران، چارەنووسی دایكم و دوو خوشكیشم نازانم چی بەسەرهاتووە، داعشەكان دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال و گوندەكانی هەموو ژن و منداڵەكانیان لە شنگال و دەوروبەری بۆ گرتووخانەی بادوش لە مووسڵ گواستەوە، لەوێ هەر كچێك كە ئامادە نەبوو سێكس لەگەڵ داعشەكان بكات، دەیانكوشتن. داعشەكان كچە تازەپێگەیشتووەكانیان جیا دەكردەوە و بە دیاری بۆ ئەمیرەكانی خۆیانیان دەبرد. ژمارەیكی زۆری ئافرەتانیان بۆ سووریا برد، ئەوەندە بەس بوو ئێزدییەك بڵێت نابم بە موسڵمان، داعشە سوورییەكان بە بەرچاوی هەموو دیلەكانەوە دەیانكوشتن، دەیان ئافرەتیان كوشت تەنیا لەبەر ئەوەی ملكەچ نەبوون و بە سێكسی داعشییەكان رازی نەبوون، ساڵی رابردوو لە مووسڵ منیان بە ئەمیرێكی داعش دا، ناوی ئەبوو ئەحمەد تكریتی بوو. ئەوكات من 16 ساڵم تەمەن بوو، تا سێ رۆژ دەست و پێمی بەستەوە و بە رۆژ و شەو لێی دەدام، زۆر جار لە ژێر دەستی ئەو دڕندەیە بوورامەوە. هەموو كچە گەنجەكانیان جیا كردەوە و داعشییەكان دەستیان بە كڕین و فرۆشتنی ئافرەتی ئێزیدی لە بازاڕی شارەكانی مووسڵ لە عێراق و رەقە لە سووریادا كرد. من دوو مانگ لە لای ئەبوو ئەحمەد تكریتی بووم، دواتر منی بە 1500 دۆلار بە دێوەزمەیەكی وەك خۆی فرۆشتەوە كە لە سووریا و لە مووسڵیش ژن و منداڵی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە دەیان ئافرەتی دەهێنا ماڵەوە و كە هەموویانی كڕیبوو، دواتر یەك بە یەكیان و بە نرخی زیاتر دەیانفرۆشتەوە. داعش ئایین و سێكسی تێكەڵ كردووە. رەبولعالەمین لێیان خۆش نابێت، ئەوانە بازرگانی بە نامووسی خەڵك دەكەن، ئەوانە دڕندەن نەك مرۆڤ. من ئامۆزایەكی خۆم لە ماڵێكی ئەو داعشانەدا بینی و سەرەتا بیرمان لەوە كردەوە كە خۆمان بكوژین، بەڵام دواتر بڕیارمان دا هەڵبێین، شەوێك پێكەوە دەرفەتمان بۆ هەڵكەوت پێكەوە هەڵاتین، نزیكەی شەش سەعات بە بیاباندا رۆیشتین، هەر خوا نەیویست بمرین، هەمووی مین بوو. نزیكەی بەرەبەیان پیكابێكمان بینی، سەرەتا وامان زانی داعشە، خۆمان شاردەوە، بەڵام دواتر چەند سەیارەی دیكەمان بینی، ئاڵای كوردستانیان لەسەر بوو، ئیتر خۆمان ئاشكرا كرد و ئەوان كە زانییان ئێمە هەڵاتووین زۆر رێزیان گرتین و بەپەلە ئێمەیان گواستەوە و ئێستا لەم ناوەندەدا زۆر بە رێزەوە چارەسەری دەروونی و پزیشكیمان بۆ دەكەن. ئێمە تەنیا بەوە دڵخۆشین كە سەرۆك بارزانی لە ناو شنگال ئێمەی لە یاد بوو، باسی ئێمەی كرد و وتی سەربەرز بكەنەوە. هیوادارم خوا ئەو سەرۆكەمان بپارێزێت تا هەموو دیلەكانی ئێزیدی رزگار بكات. من كیژی ئەو نەتەوەیەم كە سەرۆكی وڵاتەكەم پێی وتم: سەر بەرز بكەوە و بڵێ: «منم كیژی كوردان، هێمای شەرەف و بەرخۆدان». زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەین و هەزار سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆك و هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان كە بە قوربانیدان شنگالیان رزگار كرد.»
داعش لە گۆڤارەكەی «دابق»دا زۆر بێ شەرمانە باسی لە هێرشەكانی بۆ سەر شنگال لە سێی ئابی ساڵی رابردوو كردووە و بە فەرمی رێگەی بە كڕین و فرۆشتنی ئافرەتانی ئێزیدی وەكو «سەبایا» داوە.
بەپێی ئامارەكانی بەردەستی بنكەی رۆشنبیری و راگەیاندنی لالش و لێژنەی سەرژمێریكردنی ئەو ئافرەتانەیە كە دیلی داعشن زیاتر لە 4650 ژن و منداڵی ئێزیدی لە لایەن چەكدارانی خەلافەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادی رفێندراون.
داعش دەوڵەمەندترین گرووپی تیرۆریستی جیهانە كە جگە لەوەی دەستی بە سەر بەشێك لە بیرە نەوتییەكانی عێراق و سووریادا گرتووە، ملیۆنەها دۆلاریشی لە بانكەكانی مووسڵ سەلاحەدین و دیالە و ئەنبار دزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا كڕین و فرۆشتنی ئافرەتانی دیل و رفێندراو بووەتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ چەكدارەكانی. جگە لەوەش لە ئاداری 2013 فەتوای «جیهادی نیكاح»یان دەركرد بۆ ئەوەی لە چەند كاتژمێرێكدا چاوبرسییەكانی شەهوەتپەرست سێكس بكەن، هەر لەو بوارەشدا داعش بە فەرمی و لە بڵاوكراوەكانیدا رێگەی بە چەكدارانی داوە تەنانەت ئەو كچانەی كە زۆر منداڵن و تەمەنیان بۆ سێكس گونجاو نییە، سێكسیان لەگەڵ بكەن. بەڵام تەمەنی ئەو دڕندانە بەرەو كۆتایی دەچێت و دوای تاوانەكانی ئەم دواییەیان لە فەڕەنسای «فرەنسۆ و دانیال میتران»ی خۆشەویستی كوردان، فەڕەنسا و ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی زلهێزی جیهان زیاتر پشتیوانی پێشمەرگە دەكەن، كە لە بری هەموویان لە سەر زەوی هەوڵی راماڵینی داعش و داڕمانی خەلافەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی دەدەن.