چۆن بە یاسا رووبەڕووی ئەو كەسانە ببینەوە كە مێردمنداڵان بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێنن؟
October 29, 2015
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرۆكی تۆڕی بەرگری لە مافی منداڵانی كوردستان، (محەممەد مەجید رواندزی) سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر بە مافەكانی منداڵان كارێكی ئەوتۆی نەكردووە، بۆیە بە نیگەرانییەوە دەڵێت «لەم خولەی پەرلەمانیش بەڵێنەكانی پەرلەمانتارەكان بەرامبەر بە منداڵانی كوردستان راست دهرنهچوو، چونكە تائێستا منداڵانی ئەم وڵاتەی ئێمە بێ یاسان و هیچ یاسایەكی تایبەت بە مافەكانی منداڵان و پارێزگاریكردنیان بوونی نییە، كە دەڵێم بوونی نییە، مانای ئەوە نییە كە یاسا ئامادەنەكراوەو پێشكەش نەكراوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ یاسایەك پێشكەشی خولی ئەو كاتەی پەرلەمانی كوردستان كراو بەڵێن درا كاری لەسەر بكەن، كە تایبەت بوو بە پاراستنی منداڵانی كوردستان و چەندین جار پەرلەمان ئاگادار كرایەوە كە كار لەسەر ئەم یاسایە بكات، هەر گوتیان بەسەرچاو، بەڵام ئەم بەسەرچاوە رۆیشت و خولی تری پەرلەمانیشی بەسەرداهات و تا ساڵی ٢٠١٢بەردەوام بوو، بۆیە سەردانی پەرلەمانی كوردستانم كرد لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیان و هاوكارانی بەڕێز كە كاردەكەن بۆ خزمەتكردنی منداڵان و پرسیاری ئەوەمان لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كرد، كە بۆچی ئەو پڕۆژە یاسایەی ساڵی ٢٠٠٥ كاری لەسەر ناكەن و هەوڵ نادەن خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكەن؟ بەڵام سەیر لەوەدا بوو، كە ئەم ئەندام پەرلەمانانەی قسەمان لەگەڵ كردن، گوتیان هیچ یاسایەكی لەم جۆرەمان نەبینیوە و لە پەرلەمان بوونی نییە، با واز لەوە بێنین، دیسان یاسایەكی دیكە ئامادە كرا لەلایەن رێكخراوی یونسێف و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و بەهاوكاری رێكخراوەكانی منداڵان و یاساناسان و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرا، پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانەوە سەدان بەڵێنیان دا كە بە زووترین كات كاربكەن بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە بكرێت، بۆ ئەوەی لەپەرلەمانی كوردستان پەسند بكرێت، چونكە منداڵان زۆر پێویستیان بەم یاسایە هەیە، دوای دەیان جار سەردانیكردن بۆ پەرلەمانی كوردستان و دانیشتن لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان و فشار خستە سەریان بۆ ئەوەی ئەم یاسایە پەسندبكرێ، بەڵام بەداخەوە سەرجەم بەڵینەكان بوون بە درۆیەكی گەورە و بێ بەڵێنییەكی گەورە كە لە دوای خۆیدا بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی جێهێشت و بووە جێگەی پرسیار، واتە بەلای پەرلەمانەوە منداڵان ئەوەندە گرنگ نین بۆیە تا ئێستا پشتگوێیان خستوون و بچووكترین كار و مافی رەوای خۆیان كە دەبێت یاسایەكی تایبەتیان هەبێت، كاریان بۆ نەكردووە». محەممەد مەجید گوتیشی: «تا ئێستا منداڵ لە كۆمەڵگەی كوردی و ئەم وڵاتـەی ئێمە و لای پەرلەمان و بەرپرسانی باڵای حكومەت نەبۆتە خەمێكی گرنگ، تەنیا هۆكاریشی ئەوەیە كە منداڵان ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام بۆ خۆپیشاندان دەیانخەنە ریزی پێشەوە، هیوادارم لە خولەكانی دیكەی پەرلەمان كاربكەن بۆ خزمەتكردن و دەستەبەركردن و باشتركردنی رەوشی منداڵان لەم كوردستانە ئازیزەمان».
چالاكوان نیگار جەزا، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «پێویستە پەرلەمان كار بكات بۆ پاراستنی مافەكانی منداڵ، ئەویش رێگرتن لە كاركردنی منداڵ بە شێوەیەكی یاسایی و دابینكردنی بژێوی ژیان بو ئەو منداڵانەی كە ناچارن كاربكەن، هەروەها گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی كە دابڕاون لەخوێندن لەبەر هۆكاری نەبوونی دەرامەت و كارئاسانی بۆیان، ئاوڕدانەوە لەو منداڵانەی كە رۆژانە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن كەسوكاریان و دانانی یاسایەك بو سزادانی ئەوانەی توندوتیژی دەكەن بەرامبەر منداڵان، هەروەها كاركردن لەسەر ئەو منداڵانەی كە خاوەن بەهرەن و تائێستا بەهرەیان شاراوەتەوە وەك هونەر و وەرزش پێویستە لە ئەولەوییەتی كارەكانی پەرلەمان بێت».
یاساناس حاجی عزەددین، هێما بۆ ئەوە دەكات كە پڕۆژەیاسایەك لەلایەن رێكخراوەكانی تایبەت بە منداڵان لە هەرسێ پاریزگاكەی هەرێم ئامادە كرابوو، دواتر لە رێگەی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران لە دوای كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو رێكخراوانە ئاراستەی پەرلەمان كرا، وەك پڕۆژەیاسایەك بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدرێت، پڕۆژەكە سەرجەم مافە بنەڕەتییەكانی منداڵان لەخۆ دەگرێت، بەتایبەتی ئەوەی لە رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان هاتووە و تایبەتمەندی منداڵی كوردی لەبەرچاو گرتووە، هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێكردنی یاسای كار و یاسای نەوجوانان كردۆتەوە، بەتایبەت ئەو بڕگە و ماددانەی پێوەندی بە مافەكانی منداڵ هەیە».
بڕوا موحسین مامۆستای بنەڕەتی لەقوتابخانەی خاڵوان، بە پێویستی دەزانێت، حكومەت رێگری لەكاركردنی منداڵان بكات و دەرماڵەی منداڵان زیاد بكات، ئەو كەسانەی كەمدەرامەتن لەڕووی مادییەوە یارمەتی بدرێن بو ئەوەی منداڵەكانیان بە شێوەیەكی تەندروست و رێكوپێك پەروردە بكەن، پێویسە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە منداڵان جێبەجێ بكەن، ئەو نەوجەوانانەی كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییە رێگە نەدرێ هاوسەرگیری بكەن، چونكە كێشەی سەرەكی گەنجەكانە و لەئێستادا واخەریكە دەبێتە دیاردە، هەروەها پێویستە هەوڵبدرێت دەوامی قوتابخانەكان زیاد بكرێت و سەرجەم پێداویستییەكانی خوێندن دابین بكرێت، بێ هیج كەموكوڕییەك بەخواردنیشەوە، هەوڵبدرێت وانەكانیان زیاتر بەشێوەی پراكتیكی بێت و بیمەی تەندروستی بۆ منداڵ دابینبكرێت، هەروەها دەكرێ منداڵ سندوقێكی پاشەكەوتكردنی بۆ دروست بكرێت و حكومەت مانگانە پارەی بۆ دابنێت، بۆ ئەوەی كە گەیشتە تەمەنی 18 ساڵی بتوانێ سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرێت. پێش ئەوانەش پێویستە ئەو بڕیار و یاسایانەی تایبەتن بە ژیانی منداڵ پێویستە خودی منداڵی لێ هۆشیار بكرێتەوە، ئەگەر هاتوو خێزانێك منداڵەكەی بەجوانی پێ بەخێو نەكرا، پێویستە حكومەت ئەو منداڵەی لێ بسێنێتەوە خۆی بەخێوی بكات، نەك خەڵكێك بۆ مەرامی تایبەت بەكاریان بێنن.»
لە كۆتاییدا ماوە بگوترێ: به مهبهستی رێگریكردن له بهشداریكردنی منداڵان له گردبوونهوه و خۆپیشاندانهكاندا، لیژنهی كاروباری كۆمهڵایهتی و منداڵ و خێزان له پهرلهمانی كوردستان، له رێگهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانهوه یاداشتێكى ئاراستهی لایهنه پێوهندیدارهكان كرد.
رۆژی 2015/10/19، لیژنهی كاروباری كۆمهڵایهتی و منداڵ و خێزان له پهرلهمانی كوردستان، بهسهرپهرشتیی گهشه دارا سهرۆكی لیژنه و ئامادهبوونی جێگری سهرۆكی لیژنه و ئهندامانی و راوێژكاری لیژنهكه كۆبۆوه. له تهوهری یهكهمی كۆبونهوهكهدا، بڕگه و مادده گشتییهكانی پڕۆژه یاسای دهستهبهری كۆمهڵایهتی تاوتوێ كراو بڕیاریشه دواكۆبوونهوه بۆ پێداچوونهوهی كۆتایی به پڕۆژهكه لهلایهن لیژنهكهوه بكرێت. تهوهری دووهمی كۆبونهوهكهش بریتی بوو له تاوتوێكردنی یاداشتێك سهبارهت به رێگریكردن لهو منداڵانهی كه بهشداری له گردبوونهوه و خۆپیشاندانهكان دهكهن له ههرێمی كوردستاندا، بهو پێیهی كه دهبێ رهچاوی یاسا و رێسا و پرهنسیپهكانی مافهكانی مرۆڤ و رێككهوتنامه نێودهوڵهتییهكانی تایبهت به پاراستنی مافهكانی منداڵ بكرێت بهوهی كه بهشداری له خۆپیشاندانهكاندا نهكهن.