ڕوانینێك لە ژیانی ئێزیدییەكان دوای ساڵێك لە ژینۆساید كردنیان

ڕوانینێك لە ژیانی ئێزیدییەكان دوای ساڵێك لە ژینۆساید كردنیان
تەنیا تاوانی كوردانی ئێزیدی ئەوەیە كە پێڕەویی ئایینێكی ئاشتیخواز و دیرێن دەكەن، بەڵام لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعش كراونەتە ئامانجی لە ناوبردن و سڕینەوە. ساڵی ڕابردوو هێرش و پەلاماری دەوڵەتی ئیسلامی داعش بۆ سەر زێدی ئێزیدییەكان لە شەنگال، بووە هۆی دەرپەڕاندنی 350،000 ئێزیدی و هەڵاتنیان بەرەو ناوچە كوردییەكانی باكووری سووریا و توركیا و هەروەها پەرت و بڵاوبوونیان لە هەرێمی كوردستاندا.
مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، جیهان دەستی دایە ئاوڕدانەوە كاتێك بە هەزاران ئێزیدی بە بێ ئاو و خۆراك و پەناگە لە چیای شنگال گیریان خوارد. باوانەكان ناچار بوون بە دەستی خۆیان ئەو زەوییە ڕەقە هەڵكەنن بۆ ئەوەی منداڵەكانی خۆیانی تێدا بشارنەوە كە بە هۆی گەرما و برسێتییەوە گیانیان لەدەست دابوو. بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا جیهان سەرنجی لەسەر لادابێتن. مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوو، بەرنامەی خۆراكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە بودجەی تەرخانكراو بۆ ئاوارە سوورییەكان خەرج كراوە و چیتر ناتوانێت خۆراك بۆ 1.5 ملیۆن خەڵك دەستەبەر بكات. لە كانوونی دووەمدا، 11 منداڵ لە كامپێكی ئاوارەكان لە حەلەب لە سەرمادا ڕەق بوونەوە.
بە لای ئێزیدییەكانەوە ژیان بۆتە مۆتەكەیەك. دەكرێت خێزانە ئێزدییەكان بە ناوی ئاوارەی ناوخۆوە یان پەنابەر لای ڕێكخراوی UNHRC لە قەڵەم بدرێن، ئەویش بەندە بەوەی لە چ وڵاتێكدا وەك كەسانی بێ ماڵ و حاڵ دەگیرسێنەوە.
لە 25ی مانگی حوزەیراندا نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند نزیكەی 60 ملیۆن كەس لە جیهاندا ئاوارە بوون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆر گەورەیە. نزیكەی 30 ملیۆن لەو كەسە بێ ماڵ و حاڵانە منداڵن. لە مانگی تەمموزدا بە تەنیا 52 منداڵی ئاوارە بە هۆی گەرمای پڕۆكێنەرەوە لە عێراق مردن. تیرۆر و توندوتیژی ڕیێ خۆی كردۆتەوە و شوێنپێی خەڵكەكەی هەڵگرتووە بۆ نێو كامپەكان.
بە هەزاران منداڵی ئێزیدی هەن كە جیهان ناوەكانیان نازانێت. هەندێكیان كچن كە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە دەستبەسەركرابوون و توانییان هەڵبێن. میرزا ئیسماعیل لە ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێزیدی پێی وتم: كچانی ئێزیدی لە تەمەنی 8 ساڵیدا بەهۆی دەستدرێژی جەستەیی –اغتصاب- یەك لە دوای یەكی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە تا مردن خۆێنیان لەبەر ڕۆیشت.
ئیسماعیل دەڵێت: كاتێك كچانی قوربانیی ئەو دەستدرێژییانەی چەكدارانی داعش دووگیان دەبن، چەكدارەكان منداڵە ساواكان دەكوژن لەبەر ئەوەی تەنیا مناڵی موسڵمانیان دەوێت، نەك منداڵی كافر و بێ باوەڕ.
نزیكەی لە سەدا 70 ئەو خەڵكانەی لە كامپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان لە كامپەكانی ئاوارە ناوخۆییەكاندان منداڵ و دایكانیانن. ئەوان پێداویستییەكی بە پەلەیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە، لەوانە: خۆراك، جل و بەرگ و دەرمان.
خەڵكی لە نەخۆشی و برسێتی و سەرما چاك دەبێتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە لە تۆقین و تاسانی دەستدرێژی جەستەیی چاك بێتەوە. لە كامپەكاندا، ئافرەتەكان دەترسن لەوە بچنە نێو شار و شارۆچكەكانەوە. پیاوانی ئاسایی ئەو ئافرەتانە دەناسنەوە بە هۆی ئەوەی ڕۆخساریان خۆر بردوویەتی و بەهۆی جل وبەرگە پان و بەرینەكانیانەوە، لە تاكسی و شەقام و تەنانە لە دامەزراوە پەروەردەیی و پزیشكییەكانیشدا تەنگ بە ئافرەتان هەڵدەچنن. ئافرەتان لەوە لاوازتر و دەستەوەستان و هەژارتر و تاساوترن كە بتوانن ئەشكەنجەدەرەكان پەلكێشی دادپەروەری بكەن.
بەیان عەزیز مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین لە هەولێر كە لە سەنتەری كەركووك بۆ قوربانییەكانی ئەشكەنجە كار دەكات و بەم دواییە هاوكاری كردووە لە دیراسەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بارەی ڕووداوەكانی دەستدرێژی لە كامپەكاندا دەڵێت: تاوەكو ئافرەتان زیاتر لە كامپەكاندا بمێننەوە و چوونە قوتابخانە ڕەتبكەنەوە، پتر دەبنە قوربانیی توندوتیژی خێزانی.
زۆربەی ئافرەتە قوربانییەكان بە هۆی شەرمەزاری و شوورەیی و هەستكردن بە تاوان كە هاوشانە بە توندوتیژی دەستدرێژی جەستەییەوە، دووچاری ئیفلیجبوون هاتوون.
بەیان دەڵێت: ئەوان لەوە دەترسن شەرەفی خێزانەكەیان بخەنە مەترسییەوە. لە كامپەكاندا خێزانەكان كچە 13 ساڵانەكانیان بە شوو دەدەن، بۆ ئەوەی لە دەستدرێژی جەستەیی و برسێتی بیانپارێزن.
لە كامپی ئاوارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عەربەت، لە نزیك سلێمانی لە هەرێمی كورستانی نیمچە سەربەخۆدا، ئافرەتێكی ئێزیدی كچە نۆ مانگەكەی كە ناوی ئایلین ـە. باسی ئەوە دەكات كە لەو كاتەدا ئەم كچەی بووە كە خەریكی هەڵاتن بووە لە دەستی هێرشەكەی دەوڵەتی ئیسلامی. لەبەر ئەوەی هیچی نەدۆزیوەتەوە بۆ بڕینی ناوكی منداڵەكەی، بە بەردێكی تیژ ئەم كارەی كردووە.
تراژیدیاكەی ساڵی پاری ئێزیدییەكان ویژدانی جیهانی هەژاند. ڕاپۆرتێكی بی بی سی فارسی بڵاوكرایەوە لە بارەی منداڵێكی پەككەوتە كە لە چیای شنگال دۆزییانەوە، كە وا دیار بوو بەجێهێڵدرابێت.
بۆ نەخۆشخانەیەك گواسترایەوە كە ستافەكەی ناویان نەدەزانی، هەر كارێك لەدەستیان هات كردیان، بەڵام بێهوودە بوو. هیچ كەس نەیزانی چ ناوێك لەسەر گۆڕەكەی دابنێت. دوای ئەوەی وێنەی منداڵەكە لەسەر سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، باوكی بە هەناسەلێبڕاوی گەیشتە نەخۆشخانە، بەڵام دوای ئەوەی چەند سەعاتێك بوو كوڕە چوار ساڵانەكەی نێژرابوو، بەڵام دەركەوت ناوی كوڕەكە عەزیزـە، كە بە مانای ئازیز دێت.
ڕاپۆرتە 8500 وشەییەكەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی كە لە مانگی ئابدا بڵاوكرایەوە، تەنیا كورتترین پوختەی لە بارەی ئەو ئێش و ئازارانەوە لە خۆگرتووە كە كورد و ئێزیدی و مەسیحی و ئاشووری و عەرەبە موسڵمانەكان و ئەوانی دیكە چەشتوویانە. بەپێی زەینەب بانگورا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ توندوتیژی سێكسی لە كاتی شەڕدا، بەم دواییە ئافرەتێك بە زیندوویی سووتێندرا لەبەر ئەوەی ڕازی نەبوو حەز و ئارەزوویی جەستەیی سادیانەیان تێر بكات.
هەرچەندە ڕاپۆرتەكەی مانگی ئاب جەختی لە سەر هەوڵە مەبەستدارەكانی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە كردەوە بۆ سڕینەوەی ئێزدییەكان، بەڵام بەرپرسەكانی UNHRC تەنیا ئەوەیان ڕاگەیاند كە دەوڵەتی ئیسلامی ڕەنگە جینۆسایدی ئەنجام دابێت.
لە هەمان كاتدا دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوامە لە ئیعدامكردنی خێرای پیاوانی مەسیحی و ئێزیدی و ئەوانەی ڕازی نەبوون ببنە موسڵمان. ئەوان بەردەوام جوانیی كچە بەندكراوەكان هەڵدەسەنگێنن بۆ ئەوەی بڕیار بدەن ئایا وەك دیاری بیانبەخشن، یان لە مەزادێكدا بە شەڕكەرەكانی دیكەی بفرۆشن.
لە كاتێكدا ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە ژمارەیەكی زیاتر خەڵك بەدەست تاسان و برسێتی و سەرما و نەخۆشییەوە دەناڵێنن. یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان باس لەوە دەكەن هەر كاتێك پێویست بكات تاوانی مەترسیداری دژ بە مرۆڤایەتی و ڕاگواستنی بەربڵاو و تاوانی شەڕ ڕابگیرێت، ئەوا ئەركی ئەخلاقی و سیاسی دەكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەستێوەردانی بە كۆمەڵ بكەن لە پێناو ئامانجە مرۆییەكاندا.
لە ئێستادا دەستێوەردانێكی سنووردار لەلایەن ئەمەریكاوە دەكرێت. كەنەدا بەشدارە، بەڵام تەنیا بەكارهێنانی چەك نابێتە هۆی لە ناوچوونی دەوڵەتی ئیسلامی.
ISRA AID كە ڕێكخراوێكی ئیسڕائیلییە بۆ هاوكاری مرۆیی نێودەوڵەتی لە زستاندا لە عێراق بوو، بۆ دەستەبەركردنی بەتانی و خۆراك و جل و بەرگ بۆ ئێزیدی و مەسیحییەكان، ئەوان بەردەوامن لە قبووڵكردنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ كڕینی دۆشەك و بەتانی و شیری وشك و دانانی تەوالێت بۆ قوربانییەكانی دەستی دەوڵەتی ئیسلامی
هەروەها ڕێكخراوی منداڵپارێزی و قەندیل و خاچی سووری ئەوروپی و كۆمیتەی ڕزگاری نێودەوڵەتی هەموو ئەمانە ڕێكخراوی ئەوروپی ناحكوومین كە كاری مرۆیی لە دەرەوە دەكەن.
دەبێت كاری زیاتر بكرێت بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەو و تەشەنەكردنی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و ئایدیولۆژیا هاوشێوەكانی لە شوێنەكانی دیكە، بەڵام لە ئێستادا دەبێت رێگری بكرێت لە كوشتنی بە كۆمەڵ و بێ ماڵ و حاڵ كردنی خەڵك، ئەوەش پێویستی بە دەستێوەردانی سەربازی هەیە، هاوكات پێویستە ئاوڕدانەوەی زیاتر لە ڕەوشی نەخۆش و برسی و خەڵكە ئاوارە تاسێنراوەكان لە ڕێی كۆمەكەوە بكرێت.
نووسینی: ئاڤا هوما
سەرچاوە رۆژنامەی جیرۆسەلیم پۆست
Top