ئافرەت لە كەرتی تەندروستیدا سەركەوتووترە لە پیاو لە بەر ئەوەی هیچ پیاوێك وەك ئافرەت ناتوانێ باری تەندروستیی منداڵەكەی بپارێزێ

ئافرەت لە كەرتی تەندروستیدا سەركەوتووترە لە پیاو لە بەر ئەوەی هیچ پیاوێك وەك ئافرەت ناتوانێ باری تەندروستیی منداڵەكەی بپارێزێ
گوڵان: كۆمەڵایەتی

«ئەندامانی خێزانەكەم كە نەخۆش دەكەون، یەكەم شت هانا بۆ من دەهێنن و داوای یارمەتیم لێدەكەن، تەنانەت هاوسەرەكەشم كە باری تەندروستی خراپ دەبێت راوێژم پێدەكات، من زۆر كەم منداڵەكان بۆ نەخۆشخانە و عیادەی ناو كۆڵانەكان دەبەم، چونكە لەناو سەلاجەكەمدا هەموو ئەو دەرمانانەم هەیە كە بۆ سەرئێشە و سەرمابوون و تا و كۆكە و هەڵامەت و ددان ئێشە بەكاردێت، سەرباری ئەوەی لە سەرما و گەرما دەیانپارێزم و لە وەرزی سەرما شەوانە دایاندەپۆشم، جگە لەوەش هەمیشە ئامۆژگاری ئەوەیان دەكەم كە ئاگاداری باری تەندروستی خۆیان بن»، ئەوە قسەی ئەسمەر رەسووڵ بوو. ئەو دایكی چوار منداڵە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «ئافرەتان ئەزموونی دایكایەتی و خەسڵەتی میهرەبانییان زۆرەو لە كەرتی تەندروستی باشتر لە پیاوان دەتوانن خزمەتی نەخۆش بكەن».
رۆڵی ئافرەت لە كاتی پەرستاریی نەخۆشدا زۆر لە پیاوان گرنگترە
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری نەخوشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران (د. شادان شێروان) ئەوەی بۆ گۆڤاری گوڵان خستەڕوو كە رۆڵی ئافرەت لە كاتی پەرستاریی نەخۆشدا زۆر لە پیاوان گرنگترە، چونكە ئافرەت زیاتر دەتوانێت لە كێشەكانی نەخۆش نزیك بێتەوە، گوتیشی: «من وەك ئافرەتێك كە بەڕێوەبەری ئەم نەخۆشخانەیەم ئەركم شانبەشانی پیاوەكان و بگرە زۆر قورستریشە، چونكە دەبێت بە هەستێكی دایكانە چاودێری نەخۆشەكانمان بكەین».
د. شادان جەختی لەوە كردەوە كە ئافرەت ئەگەر بتوانێت پۆستی وەك بەڕێوەبەری نەخۆشخانە وەربگرێت زۆر سەركەوتوو دەبێت، چونكە زۆربەی نەخۆشەكان منداڵ، یان ئافرەتن، بە سروشتیش ئافرت باشتر دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو چینەی كۆمەڵگە بكات و زیاتر لە نەخۆشەكان نزیك دەبێتەوە. ئەو پزیشكە بەڕێوەبەرە نموونەی بە خۆی هێناوە و گوتی: «من خۆم چونكە ئافرەتم، هەموو نەخۆشەكان متمانەم پێدەكەن، ئەمەش وادەكات بتوانم زیاتر بتوانم بچمە ناو ژیانی نەخۆشەكانەوە، زۆرتریش بتوانم بەسەر كێشەو گیروگرفتی نەخۆشخانەكەدا زاڵ بم». گوتیشی: «رۆژانە لە بەشە جیاجیاكانی نەخۆشخانەكەدا ئێمە بەرنامەیەكی وەهامان داناوە، كە هیچ كام لە نەخۆشەكان بێبەش نەبن، چونكە ئێمە وەك ئافرەت زیاتر لە كێشەی نەخۆش تێدەگەین، بۆ نموونە ئافرەتێك كە هەم دایكە و هەم پزیشكە، زۆر باشتر دەزانێت دایكێك كە منداڵەكەی نەخۆش بێت، چون مامەڵەی لەگەڵ بكات و زیاتریش چاودێری منداڵە نەخۆشەكەی دەكات».
ئەو پزیشكە لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە نەخۆشخانەكەیان لەچەندین بەش پێكهاتووە و تەنیا لە بەشی راوێژكاری منداڵان رۆژانە سەد تا دووسەد نەخۆش دەبینن. ئەوەشی خستەڕوو كە نەخۆشخانەكەیان یەكێكە لەو نەخۆشخانەیانەی كە لە یەكەم رۆژی دامەزرانەوە بەڕێوەبەرەكەی ئافرەت بووە، سەبارەت بە خۆیش گوتی: «كار و بەرپرسیارێتی بێ كێشە نابێت، هەرچەندە گرفتیشمان بووبێت، توانیومانە زۆر بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكەین و هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكەین كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئافرەتیش وەك پیاو دەتوانێت ببێتە بەڕێوەبەر و سەرجەم پۆستە كارگێڕییە جیاوازەكان وەربگرێت، دەشتوانم بڵێم لە كاری بەڕێوەبەرێتیدا هیچ جیاوازییەك لە نێوان ژن و پیاودا نابینم». جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو نەخوشخانەی لەدایكبوون و منداڵان زۆر لەئافرەتەكان كە لە پۆستیەكانی تەندروستیدان سەركەوتووبوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئافرەت زۆر بە كارامەیی دەتوانێت كارەكەی بكات. باسی لەوەشكرد كە بەهۆی ئەوەی كە شاری سۆران و ناوچەكانی دەوروپشتن روو لەو نەخۆشخانەیە دەكەن، رێژەی نەخۆشەكانیان زۆرە و پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لەسەرە، بەڵام هەرچۆنێك بێت بە دروستی مامەڵ لەگەڵ نەخۆشەكانیان دەكەن. گوتیشی: «زۆر لەو ئافرەتانەی كە لە كەرتی تەندروستیدان، زۆر سەركەوتوون و ئافرەتمان هەیە ئیشی دە پیاو دەكات، هێندە توانای هەیە».
زەینەب ئەركەوازی لێپرسراوی رێكخراوی راگەیاندن و رووناكبیری ژنان لە خانەقین، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە لە زۆربەی كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ئافرەت هەمیشە پەراوێز خراوە و زیاتر پیاو بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی حكوومی چانسی هەیە، هۆكاری ئەوەشی بۆ «بیركرنەوەی سەقەتی كۆمەڵگە» گەڕاندەوە كە ئافرەت بە كەم توانا و لاواز دەبینن. گوتیشی: «بوونی ئافرەت لەناو نەخۆشخانەكاندا زۆر پێویستە، چونكە ئافرەت هەستی دایكایەتی هەیە و درككردن و تەحەمول و سۆزیشی لە پیاو زیاترە، ئەو خەسڵەتانە جگە لە چارەسەری نەخۆش لە بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی نەخۆشخانەشدا رۆڵی بەرچاوی دەبێت».
زەینەب پێشنیاری كرد «حزبەكان بە هیچ شێوەیەك دەست ناخەنە نێو كەرتی تەندروستی و لە بری ئەوە هەوڵ بدەن كچان زیاتر روو لە خوێندنی پزیشكی و پەرستاری بكەن، چونكە سۆز و هەستی دایكانەی ئافرەتان لە چارەسەری نەخۆشەكان كاریگەری زۆر زیاتری لە پیاوان هەیە، گوتیشی: «دەبێ زیاتر جەخت لەسەر رۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارێكدا بكرێتەوە، چونكە ئافرەت هیچی لە پیاو كەمتر نییە و ئێستا دەبێ رەچاوی ئەوە بكرێت كە ئافرەت لە سەنگەری بەرگریدا لەجەنگدایە و شانبەشانی پیاوان چەكی شەرەفی هەڵگرتووە».
لەلای خۆیەوە سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان (سۆزان عارف)، هێمای بۆ ئەوە كرد كە دەركەوتنی تواناكانی ئافرەتان یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە ئەمڕۆ هەستی پێدەكرێت، گوتیشی: «لە رووی بەڕێوەبردنەوە ئافرەتان زۆرتر سەركەوتوون، چونكە ئەوان هەمیشە زیاتر بەدواداچوون بۆ هەموو گرفت و كێشەكان دەكەن، نەخۆشخانەش پێویستیی بە ئافرەتی زۆرتر هەیە، لەبەر ئەوەی ئافرەت زۆرتر لە كێشەكانی نەخۆش دەگات، بەشی هەرە زۆری ئەو كەسانەش كە روودەكەنە نەخۆشخانەكان ئافرەت و منداڵ بەساڵاچوون، كە بێگومان ئافرەت باشتر لە پیاو لەگەڵ ئەو توێژانەدا دەتوانێت مامەڵە بكات، بە تایبەتی لەگەڵ ئافرەتانی نەخۆش، چونكە وەك خۆی ئافرەتە و لە یەكتری تێدەگەن، هەروەها ئافرەت باشتر مامەڵە لەگەڵ منداڵی نەخۆش دەكات، چونكە دایكە و هەست بە سۆزی دایكایەتی دەكات، هەر كەسێكیش كە روودەكاتە نەخۆشخانە پێویستی بە سۆزێكی دایكانە هەیە».
سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان جەختی لەوە كردەوە كە «لە كۆمەڵگە نەریتسالارییەكان هەمیشە ئافرەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ناتوانن لە كاری بەڕێوەبەری، یان سەرپەرشتیكردندا سەركەوتوو بن، ئەمەش گرفتی سەرەكیی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دواكەوتنیشیان بە هۆی ئەوەیە سوود لە تواناكانی ئافرەت وەك نیوەی كۆمەڵگە وەرناگرن».
Top