دایكێكی غەدر لێكراو بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە

دایكێكی غەدر لێكراو بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە
ئەگەر سەردانی هەر ماڵێك بكەین كە سەرپەرشتی خێزانەكە خانمێك بێت، بێگومان دەیان چیرۆكی تراژیدی و پڕ هەوراز و نشێوی ژیانی رابردووی لە هەگبەیدا شاردۆتەوە، زۆر بە دەگمەنیش رازی دەبێت، باسی ئەو نەهامەتییەی بۆ كەسێك بكات. لە كوردستانی بە دوژمن دەورەدراویش، جگە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كە سەرپەرشتی خێزان، یان ئەندامێكیان لە پێناوی وڵاتپارێزیدا گیانیان بەخت كردووە، سەدان خێزانی دیكەش هەن كە بە هۆكاری جیاواز هەموو ئەركی دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەیان لە ئەستۆی ئافرەتێكدایە كە لێوانلێوە لە ئاریشەكانی ژیانی رابردووی و لەوانەشە هەتا هەنووكەش هەست بە حەوانەوەیەك نەكات و بەردەوام رووبەڕووی كێشە و گرفتەكانی ژیانی رۆژانەی دەبێتەوە.


«ئێمە پێنج خوشك بووین، لەبەر ئەوەی دایكم كوڕی نەبوو، باوكم ژنی دووەمی هێنا و دواتر لە ماڵ دەری كرد و تاوەكو مردیش دایكم هەر بە تەنیا بوو. منیش حاڵم هیچ لە دایكم باشتر نەبووە و ئەوەی بەسەر ئەو هات، دەقاودەق خۆم تووشی بووم». ئەوە قسەی ئامینە فەرەج بوو. ئەو ئافرەتێكی باڵا مامناوەندی و سپی رەنگە و تەمەنی پێنج دەیەی تێپەڕاندووە. وەك خۆی باسیكرد، جیاوازی ژیانی رابردووی خۆی و دایكی تەنیا لەوەدایە كە ئەم دوای سێ كچ بووەتە دایكی كوڕێك، بەڵام ئەوەش نەبووەتە فریادڕەسی تا ئێستاش خۆی و كوڕە نەخۆشەكەی بەبێ ئومێدی لە بنمێچێكی تاریك و نوتەك ژیان بەسەر دەبەن. ئامینە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە:
«باوكم لە تەمەنی 15 ساڵی منی بە پارەیەكی زۆر فرۆشتە پیاوێكی ژندار كە 35 ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، بەو پارەیە باوكم ژنی دووەمی هێنا و دواتر دایكم و خۆشكەكانمی فڕێدایە سەر جادە. ئەو پیاوەش كە منی خواست، حەوت منداڵی هەبوو. من زۆر منداڵ بووم و هیچم نەدەزانی، لە ماڵە مێردیش وەكو خزمەتكار رەفتارم لەگەڵ دەكرا، تەنانەت ژووری نووستنیشم نەبوو، مێردەكەم لە ئاستی مندا ویژدانی مردبوو، بەڵام عیلاجم نەبوو، دایكم و خوشكەكانم ژیانێكی مەمرە و مەژییان هەبوو، بە خێر و سەدەقەی جیرانان بەڕێوەدەچوون، نەمدەتوانی لە مێردەكەم بتۆرم، نەمدەویست منیش ببمە بارگرانی بۆیان، بۆیە بەرگەی ئەو ژیانەم گرت. ساڵان هاتن و تێپەڕین، كاتێك دوو كچی دووانەم بوو، هەوێ و زڕمنداڵەكانم جەژنیان گرت و گوتیان وەكو دایكی هەر كچی دەبێت، ساڵ سووڕایەوە ئەمجارە كوڕێكم بوو، ئەو منداڵانە خەم رەوێنم بوون، بۆ من دایك و باوك و خوشك و برا بوون. رۆژێك هاوسەرەكەم نەخۆش بوو لە نەخۆشخانە خەوێندرا، كوڕەكەم كە ئەوكات تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بوو لە ماڵەوەم بەجێهێشت و چووم بۆ سەردانی مێردەكەم، بەڵام كە هاتمەوە هەر دوو كچەكەم بە دیار براكەیانەوە دەگریان، ئەویش لە هۆش خۆی چووبوو. ئەوكات زانیم زڕكوڕەكانم زۆر بێ ویژدانانە دەستی خۆیانیان وەشاندو كوڕەكەمیان لە سەربان فڕێدابووە خوارێ. لەگەڵ دراوسێكان بردمە نەخۆشخانە، گوتیان دەبێ فەوری نەشتەرگەری بۆ بكرێت، سەری تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە. دوای مانەوەمان لە نەخۆشخانە بە چەند كاتژمێرێك زڕكوڕەكەم هات و ئاو و دەرزییەكانیان لەسەر كوڕەكەم لابرد و گوتییە پزیشكەكان لەسەر مەسئولیاتی خۆمان دەیبەینەوە، بەو هۆیەوە، كوڕەكەم عەقڵی لە دەست دا، ئێستاش دوای مردنی باوكیان، كچەكانم خوێندنیان تەواو كرد و بوون بە فەرمانبەر و هەردووكیان مێردیان كردووە، خوایان لێ رازی بێ، زاواكانم زۆر باشن و ئاگایان لێمانە، بەڵام من و كوڕە خێر لەخۆ نەدیوەكەم بە تەنیا دەژین. ئەو ئێستا لە هەڕەتی لاویدایە و ناوێرێ بچێتە ناو خەڵك، منداڵی گەڕەك بە شێتە شێتە دوای دەكەون و ئازاری دەدەن، بۆخۆیشی باری دەروونی تەواو تێكچووە. چەندین جاریش لە نەخۆشخانەی دەروونی خەواندوومانە و ئێستا تەواو گۆشەگیر بووە. لە گەڵ ئەوەشدا لە میراتی مێردەكەم زۆر غەدریان لێكردین و هەتا خۆی مابوو هەموو ماڵ و موڵكی بە ناو زڕكوڕەكانم كردبوو. ئێمە تەنیا ئەم كەلاوەیەمان پێ برا، ماڵەكم دوو ژووری هەیە و ژوورێكم كردووە بە دووكان و چەندین ساڵە ئەوە تەنیا سەرچاوە داهاتمانە و لە گەڵ كاری خوای گەورەش هیچ ناكرێ و هەر شوكرانەی دەكەم»
Top