بەسەرهاتی بەنازی بێناز و شانازی كڵۆڵ

بەسەرهاتی بەنازی بێناز و شانازی كڵۆڵ
كچێك لەلایەن كوڕە ئامۆزایەكی خۆیەوە كوژرا». هەواڵی لەو جۆرە ئەگەرچی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا شتێكی نامۆ نییە و زۆر جار كوشتنی ئافرەتێك لەلایەن هاوسەر و باوك و برایەوە بەر گوێمان كەوتووە، بەڵام ئافرەتی بێدەرتان و لێقەوماویشمان هەبووە، كە لەلایەن خزمانی بەرەبابیەوە بە بیانووی نامووس كوژراوە. ئەو تاوانە نەگریسانە هیچ یاسا و شەرع و ئایینێك رێی پێنەداوە، كەچی هەندێك پیاوی نەریتپەرست و دەمارگرژ، بۆ كوشتنی ئافرەت بە بیانووی جۆراوجۆر سەركێشی دەكەن و سنووری یاسا و رێساكانیش دەبەزێنن. بەناز و شاناز دوو خوشكی خۆشی نەدیوی كوردن كە لە تەمەنی چوار و پێنج ساڵانەوە لە نازی دایك و باوك بێبەش دەبن. باوكیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەكوژرێ و دایكیان شوو دەكاتەوە، دواتر دەكەونە ژێردەستی مام و ئامۆژن و دوای گەیشتن بە تەمەنی گەنجی بەناز لەلایەن ئامۆزاكەی بە بیانووی نامووس دەكوژرێت، شانازیش لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەك لە پیاوێكی بە تەمەن مارە دەكەن . كەسوكاری ئەو دوو خوشكە لەو بارەیەوە زانیاری زیاتر بە خوێنەرانی گوڵان دەدەن.

نەجیبەی تەمەن تەمەن (51) ساڵ، پووری بەنازـە و دوای ماوەی ساڵێك لە كوشتنی ئەو كچە هێشتا رەشپۆشە. كاتێك باسی چۆنیەتی كوشتنی بەناز دەكات، خەمێكی قووڵ دایدەگرێ و لەگەڵ هەڵوەراندنی فرمێسكەكانیدا دەڵێت: «ئەو كچە هیچ تاوانێكی نەبوو، كوڕەكە بە زۆرەملێ دەستدرێژی كردبووە سەری، كوشتنەكەشی ناحەق بوو». وەك باسیكرد «شاناز و بەناز لە تەمەنی چوار و پێنج ساڵی بوون، باوكیان لەسەر هێنانی دەبەیەك نەوت لە بازگەیەكی رژێمی بەعسی فەوتاو، بە نەوتەكەی خۆی سووتێندراوە، دوای ماوەیەك لە نەخۆشخانە لە بەر سەختی برینەكەی گیانی لە دەستداوە. دایكیان لەبەر نەبوونی بژێوی ژیانی، هەر دوو كچەكەی رادەستی مامیان كردووە و خۆی شووی كردووەتەوە. شاناز و بەناز لەلای مامیان تاچەند بڵێی لە ژیانێكی ناخۆش و زەلیلی بوون، حەسرەتیان كراسێكی جوان بوو، ئامۆژنیان هەموو كاروباری ناو ماڵەوەی پێ دەكردن، بە پاساوی ئەوەی كچن، نەخراونەتە بەرخوێندن». نەجیبە بەمجۆرە باسی ژیانی ئەو دوو خوشكەی كرد: «هەندێ جار خۆم سەردانیانم دەكرد، ئامۆژگاری هەر دووكیانم دەكرد، بە ئامۆژنەكەشیانم دەگوت ئەو كچانە هەتیون، دەبێ نازیان هەڵبگری و بەجوانترین شێوە پەروەردەیان بكەی، چونكە ژیانیان لە ئەستۆی ئێوەیە. شاناز هەندێ جار سەردانی دەكردین، باسی لە خراپی مامەڵەكردنی ئامۆژنەكەیان دەكرد، گوایە زۆری ئازار دەدان، منیش دڵنەواییم دەكردن. مامیان لە بەرامبەر ژنەكەی هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، پێیوابوو ئەوە پەروەردەیە و دەبێ پابەندی بن. شاناز و بەناز لەگەڵ ئەوەی بێ دایك و باوك بوون، بەڵام لە ناخەوە خاوەن ئاكار و رەوشتی زۆرجوان بوون. خۆیان لە هەموو ناپاكییەك دەپاراست. كچە ئامۆزاكانیان ئیرەییان پێ دەبردن. جارێك بەناز لای من باسی ئەوەی كرد كە كوڕی خوشكی ئامۆژنەكەی دەیەوێ پێوەندی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتی كردووەتەوە، گوتی: بەردەوام سەردان دەكات و نیازی خراپی هەیە، ئەو كوڕە ناوی دانا بوو، كەسێكی سەرەڕۆ و بێ كەسایەتی بوو. كاری بێ سەروبەری دەكرد. لەبەر ئەوەی بەناز جوانتر بوو لە شاناز، مرخی خۆی لێدابوو، دەیویست دەستی ناپاكی لێ بوەشێنێ. بۆیە بەناز دەترسا، بەڵام لە ترسی ئامۆژنی قسەی نەدەكرد، چونكە كوڕی خوشكی بوو. شاناز ئاگاداری ئەوە بوو، هەموو رووداوەكانی لام باس دەكرد، گوتی: دانا وازی نەهێنا، بۆیە بەناز ناچار بوو لای مامی سكاڵا بكات، بەڵام ئەو بەتوندی رەتی كردەوە، گوتی: «دانا كەسێكی باشە و خۆی سروشتی بەم شێوەیە. ئەوەی دەیناسێ، دەزانێ نییەتی پاكە». ئامۆژنەكەشی كە ئەوەی بیست، گوتی: بەناز ئەوە كوڕی خوشكمە، بوختانی پێ نەكەی، مافی هەیە بەردەوام سەردانمان بكات، ئەو كوڕێكی دەوڵەمەندە و پێویستی بەتۆ نییە، ئەوە دواجارە ئەو جۆرە قسانە دەكەی، بەڵام بەناز بەردەوام لە دڵەڕاوكێ بوو. رۆژێك ماڵی مامی بەناز بەسەردانێك دەچنە ماڵی خزمێكیان، دانا ئەوە بە دەرفەت دەزانێ، بەناز لەگەڵ كچە مامەكەی لە ماڵەوە دەبن، دانا داوای پەیوەندی خۆشەویستی لێ دەكات، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە، گوایە ئەو لە ژێردەستی ماڵی مامی ئەمانەتە، نابێ خیانەتیان لێ بكات، بۆیە دانا پەلاماری دەدا و دەست دەكا بەماچكردن و سەردەكێشی بۆ شتی تر لە ئەنجامدا كچێنی لەدەست دەدات، داناش رادەكات، كچە مامەكەشی ئاگاداری ئەوە دەبێ، بەڵام لەبەر سەركێشی دانا ناتوانێ هیچ بكات، دەبێتە شاهێد لەسەر ئەو رووداوە، بەناز تا دوو رۆژ لەبارێكی دەروونی خراپ دەژی، خواردنی بۆ ناخورێ، نازانێ چۆن ئەو رووداوە بۆ مامی ئاشكرا بكات. مامی هەست بە خراپیی باری دەروونی بەناز دەكات و پرسیاری لێ دەكات، ئەویش دوای ماوەیەك بە راشكاوی چۆنیەتی دەستدرێژی دانای بۆ باس دەكات و دەڵێت كچەكەشی شاهێدە، دواتر دەبێتە كێشەیەكی گەورە و ماڵی دانا رایانگەیاند بەناز كاری خراپی لەگەڵ دانا كردووە، بە خواستی خۆی بووە، بۆ داپۆشینی ئەو تاوانە بڕیاردەدەن بەناز لەو كوڕە مارەبڕ بكەن، بەڵام بەناز رەتیدەكاتەوە، مامی دەڵێ تۆ ئابرووت بردین، بەنیازی چیت؟ بەناز داوای تۆڵەكردنەوەی ئەو تاوانەی لە مامی كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی دانا كوڕی خوشكی هاوسەرەكەی بوو، دەترسا و ئەو پێشنیارەی بە توندی رەتكردەوە، هەڕەشەی كوشتنیشی كرد. بەناز پێیوابوو دانا كەسێكی ناپاكە و كچایەتی لێ سەندووە و تاوانی بەرامبەر ئەنجام داوە، بۆیە ناتوانێ ژیانی هاوسەری لەگەڵ درووست بكات، ماڵی داناش ئامادەبوون بەو پێشنیارە و هەموو شتێ بۆ بەناز بكەن. بۆیە مامەكانی كۆبوونەوە، لە ژێرفشار و هەڕەشەدا بەناز ناچار بوو پەنا بۆ ماڵی كەسایەتیەكی خاوەن عەشیرەتێكی گەورە بەرێ، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لەناوخەڵك بەڵێنیان لە سەرۆك عەشیرەتەكە وەرگرت، كە ژیانی بەناز پارێزراو بێ، بەڵام دوای دوو رۆژ لە گەڕانەوەی بە پاساوی كڕینەوەی شەرەف بەدەستی كوڕەمامێكی بە چەك كوژرا. ئامۆزاكەشی لە ترسی یاسا بۆ شوێنێكی نادیار رای كرد. دواتر دانا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا. ماڵی مامی بەناز لە بەرامبەر ئەوە داوای پێنج دەفتەر دۆلار دەكەن، ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن، بەنازی بێتاوان ئارەوزوەكانی دەباتە ژێرگل، لە ترسی دووبارەبونەوەی ئەو رووداوەش شاناز لە بەرامبەر بڕە پارەیەك بە پیاوێكی بەتەمەن دەدەن، كوڕە مامەكانیشی بە خوێنی بەناز و شیربایی شاناز خانوو دەكڕن».
Top