هاوسەر و هەست و سۆزی خۆشەویستی

هاوسەر و هەست و سۆزی خۆشەویستی
دەگوترێ خۆشەویستی و هەست و سۆزی نێوان دوو هاوسەر ئەنجامەكەی ژیانێكی بێ كێشەیە، لە كاتێكدا كاڵبوونەوەی خۆشەویستی لە رووی دەروونی و رۆحییەوە بۆشاییەك لای هاوسەرەكان دروست دەكات، ئافرەتانیش پێیانوایە پیاوان له رووی هەستەوه سارد و سڕن و ناتوانن هەستەكانیان بۆ هاوسەریان دەرببڕن، شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەكەن كەوا هەندێكجار بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە پەنا بۆ ناپاكی هاوسەری دەبردرێت، یانیش ژیانیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێدێت.

«پێش هاوسەرگیری كۆمەڵێ خەون و خۆزگەی جوانم بۆ هاوسەرەكەم لە هەگبەدابوو، لە سەرەتای هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەشمان، هاوسەرەكەمم زۆر زۆر خۆشدەویست، حەزم دەكرد هەرگیز لێم دوور نەبێت، هەمیشە بایەخم بە جوانی خۆم دەدا و شێوازی جل لەبەركردنیشم بە دڵی ئەو و بۆ خاتری ئەو بوو. ئێواران هەتا دەگەڕایەوە زۆر بێتاقەت دەبووم و نەدەسرەوتم». ئەوە قسەی چراخان كەمال بوو، ئەو ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ و دایكی دوو منداڵە و باسی ئەوە دەكات كە ھاوسەرەكەی هیچ كاردانەوەیەكی لە بەرامبەر هەست و سۆزی ئەودا نەبووە، ھەر لەو بارەیە دەڵێت: «مێردەكەم هەرگیز گرنگی بە من و ماڵ و منداڵ نەدەدا، لەبەر ئەوەی هەستی خۆشەویستی و سۆزداری و ئەمەكداری لە وجودیدا نەبوو، لە هەمان كاتیشدا هەستی لێپرسراوێتیشی زۆر لاواز بوو، بەمجۆرە ساڵان هات و تێپەڕی، ئێستاش وەكو گوڵێكی سیس و ژاكاو رەنگ زەرد و ماندوو لە تەنیاییدا خەریكە تووشی خەمۆكی و كەئابە دەبم.» توێژەری دەروونی عومەر هەڵەبجەیی لە سەرەتای قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «زۆرێك لە پیاوان، له كاتی پێوەندی لەگەڵ هاوسەرانی خۆیاندا دووچاری بەدحاڵیبوون و كێشەو گرفت دەبن»، سەبارەت بە هۆكارەكەشی دەڵێت: «ژنان فرەتر له سەر بنچینەی دڵ و هەست و سۆز ڕەفتار دەكەن و پیاوان لە سەر بنەڕەتی عەقڵ و مەنتیق. لەبەر ئەوە بۆ هەردوو ڕەگەز بە ڕواڵەت سەخت و دژوارە لە یەكتری تێبگەن».
جەوهەریترین كار ئەوەیە ھاوسەران بەتاسەوە گوێ لە یەكتر بگرن
ئەو دەروونناسە رایوایە «زۆرێك لە پیاوان هەست دەكەن بە درێژایی ڕۆژگار ژنەكانیان لە ماڵەوە قاچیان خستۆتە سەر قاچ و ساتی چێژدار دەگوزەرێنن و هیچ كێشەیەكیان نییە، لە كاتێكدا كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە دەبنە هۆی نائاسوودە كردن و بێزاركردنیان، بەراییترین میكانیزمێك كە دەبێتە سەرچاوەی سەرەكی بۆ ئازاردانی ژن و بە تەنیا مانەوەی لە ماڵەوە و نەبوونی هاودەمێكە لەگەڵیدا، بەتایبەت مێردەكەی. بۆیە واچاكە پیاوان كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە ناوچاویان گرژ و مۆن نەكەن و بێزاری پیشان نەدەن، بەڵكو سەبارەت بە كاری ڕۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ خێزانی خۆیان بكەن، تەنانەت هاوكاریشیان بكەن، چونكە ژنان چەندە له ڕووی دەروونیەوە خاڵی ببنەوە ئەوەندە ئارام دەبن، هەروەها جەوهەریترین كار كە پیاوان دەتوانن بۆ خێزانەكانیان ئەنجام بدەن، بەتاسەوە گوێگرتنە لێیان.» گوتیشی: «دڵنیا بن هەمیشە بۆڵەبۆڵكردنی ژنان ناڕازی بوون نییە له هاوسەرەكانیان، بەڵكو زۆرجار به ناڕاستەوخۆ له ئەنجامی دەربڕینی پرتەوبۆڵەوە دەیانەوێت پەیامێك به مێردەكەیان بگەیەنن، ئەویش ئەوەیە دركیان پێ بكەن. رەنگە ژن بە ڕواڵەت گلەیی و گازندە لە بێ دركی مێردەكەی نەكات، بەڵام ڕۆژێك هەستی ڕاستەقینەی دەڕژێنێتە دەرەوە و ئاژاوەیەكی چاوەڕواننەكراو ڕوودەدات. بۆ قەرەبووكردنەوە و هێوركردنەوەی دۆخەكە پێش ئەوەی دەمەقاڵەی تیادا دروست بێت، بە خێرایی بە ژنەكەت بڵێ: هیچ كات من ناتوانم چاكەی ئەو هەمووە زەحمەتەی تۆ بدەمەوە، هەروەها وەسفی سەلیقه و جوانی ڕووخساری بكە، چونكە ژنان بوونەوەرێكن بۆ ئەوەی له ژنێكی دیكە جوانتر و بەسەلیقەتر بێنە پێش چاو، هەموو كارێكی دژوارو سەخت ئەنجام دەدەن.»
لەم سەردەمەدا زیاتر گرنگی بە ڕووخسار دەدرێت، نەوەك ناوەڕۆك
هەندێك لە ژنان كە لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن، كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، سەرقاڵی ئەنجامدانی كاری ماڵەوە دەبن، هەندێك جار زیاد لە پێویست كاریان لە ماڵەوە هەیە، لە هەمانكاتدا ماندوێتی و شەكەتیش لە دەرەوەی ماڵ، هۆكارێكە بۆ ئەوەی نەتوانن گرنگیەكی ئەوتۆ بدەن بە ڕووخسار و ڕواڵەتی خۆیان، هەروەها لەوانەیە نەتوانن بە ڕوویەكی گەشی جوان و هەڵسوكەوتێكی پڕ لە ڕێزەوە پێشوازی بكەن لە گەڕانەوەی هاوسەرەكانیان، بەڵام پیاوانی هەستدار و ڕۆشنبیر ڕەچاوی ئەم حاڵەتانەی ژنان دەكەن و دركیان پێدەكەن، هیچكات لەو سۆنگەی بیروبۆچوونەوە لە ژنەكانیان ناڕوانن لەم بابەتەدا، هەرچەندە چاوپۆشینی پیاوان لەو حاڵەتانەدا، نابێت ببێتە هۆكارێك كە ژنان گرنگی بە ڕووخساریان نەدەن. خانمی بەڕێز تۆ چۆن چاوەڕێ دەكەیت مێردەكەت سۆز و خۆشەویستیت پێ ببەخشێت، ئەویش هەمان چاوەڕوانی لە تۆ هەیە. لەم سەردەمەدا زیاتر گرنگی بە ڕووخسار دەدرێت، نەوەك ناوەڕۆك، بۆیە هەمیشە پێویستە ژنان لە ترۆپكی خۆڕازاندنەوە و گرنگیدان بن بە سیمایان. چونكە پیاو لە كاتی ڕۆیشتنە دەرەوە، چەندەها كچ و ژنی جوان و ڕازاوە دەبینێت كە لە لوتكەی جوانی و جەمالییەتان، بۆیە پێی خۆشە ژنەكەی لە ئاستی ئەواندا بێت.»ئەگەر دەتەوێت ژیانێكی هاوسەرێتی تاموچێژدار بونیاد بنێت، لە هەنگاوی یەكەمدا ڕیز و ئیحترامی خۆت ڕابگرە و گرنگی بدە بە ڕووخسار و ڕواڵەتت، هەروەها هەوڵ بدە مێردەكەت لە ماڵەوە بێت، یاخود لە ماڵەوە نەبێت، گرنگی بە جەستە و ڕووخسارت بدەیت. زۆرێك لە شارەزایان دەڵێن: «زۆربەی ژنان لە دوای لەدایكبوونی منداڵی یەكەمیان ژنبوونی خۆیان فەرامۆش دەكەن». بۆیە گەر دەتەوێت منداڵگەلێكی باش و ژیانێكی سەركەوتووت هەبێت، لەسەرووی كاری دایكایەتی، هاوسەرێكی بەرپرسیاریش بە بۆ مێردەكەت.»
ناكرێ پیاوان ئەرك و ماندووبوونی هاوسەرەكانیان فەرامۆش بكەن و دڵنەواییان نەكان
ئەندازیار نیگار جەزا رایوایە «هاوسەرگیری گرێبەستی ژیانكردنە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و هەبوونی هەستی خوشەویستی راستەقینە و قوربانیدان لەگەڵ ئەو كەسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات. دەشڵێ: «بە داخەوە زۆربەی هاوسەرگیرییەكانی ئێستا لەسەر بنەما رۆحییەكان بنیاد نانرێن، یان بەرژەوەندی ماددییە، یان هاوسەرگیرییەكە بە رۆتین و بەسەربردنی رۆژگارە، بۆیە جیابوونەوە و ناپاكی لێدەكەویتەوە، لە كاتێكدا بە دایكبوون و دایكایەتی مانایەكی زۆر گەورەی هەیە و با ئاسانی پێناسە ناكرێ، دایك نیشتمان و هۆكاری مانەوەی مرۆڤایەتییە، بەلای منەوە دایكایەتی بریتییە لە بەخشینی سۆز و قوربانیدان و بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵی تەندروست، هەموو ئەوانە بەرهەمی ماندووبوونی دایكە، لەبەر ئەوە ناكرێ پیاوان ئەرك و ماندووبوونی هاوسەرەكانیان فەرامۆش بكەن و دڵنەواییان نەكەن، تەنانەت ئەگەر بە كردەوەش هێز و گوڕ و تین بە ژن نادەن، با هەوڵ بدەن بە قسە هەستی خۆیانیان بۆ دەرببڕن، ئەوكات ئافرەت ماندوێتی دەحەسێتەوە و عەشق و خۆشەویستی نێوانیشیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە و رۆژ لە دوای رۆژیش زیاد دەكات.
حەزەكانی ھاوسەران بەر لە بە یەك گەیشتنیان لە لوتكەدان
راگەیاندنكار هۆشمەند چەكوانی باسی ئەوە دەكات كە خۆشەویستی كەم نابێتەوە، بەڵكو ئەوە پێوەندی بە حەز و خواستی مرۆڤەكانەوە هەیە، حەزەكانی ھاوسەران بەر لە بە یەك گەیشتن لە لوتكەدان و گەرموگوڕن، بەڵام دوای بە یەك گەیشتن ئەو حەز و خواستانە لە برسیەتییەكی بێ ئەندازەوە، دەگەن بە تێربوون لە كەسی بەرامبەر، بۆیە لەو كاتەدا هەست بەوە دەكرێت لە رووكەشدا ساردییەك هەیە، بەڵام ئەو ساردییە مانای كەمبوونەوەی خۆشەویستی نێوانیان نییە، بەڵكو ئەو ساردییە ئاماژەیە بۆ تێربوونی خواستە سێكسی و رۆحییەكان، هەر ئەو تێربوونەشە مرۆڤەكان، یان باشترە بڵێم هاوسەرەكان هەست بە وەڕەزبوون و بۆشاییەك دەكەن و دەیانەوێت بە دوای شتێكی تازەدا بگەڕێن، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەكان لەوكاتەدا دەگەڕێت بە دوای شوێن و كەسێكی تردا كە ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ بكاتەوە، هەڵبەت لە كۆمەڵگەكانی لەمەڕ خۆماندا زۆرتر ئەوە بەرچاو دەكەوێت كە پرۆسەی هاوسەرگیری بەم فۆرم و شێوەیەی لای ئێمەیە، چونكە لەو پرۆسەیەی ئێمەدا ئەگەر مردن و جیابوونەوە نەیێتە رێی هاوسەرەكان، ئەوا بۆ هەموو تەمەنیان بە یەكەوە دەبن، ئەوەش جۆرێك لە كپبوونەوە دێنێتە ئاراوە.
رەنگە ئەوە باشترین نموونە بێت، بۆ ئەوەی كە دەگوترێت ئەوە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی نییە، بەڵكو تێربوونە لە خواست و حەزە سێكسییەكان بە پلە یەك، چونكە لەكاتی هاتنە پێشەوەی خۆشی و ناخۆشی و پێداویستی تری ژیان، ئەوا هاوسەرەكان یەكەمین كەسن كە بە هانای یەكترەوە دەچن و لە كاتە پێویستەكاندا ئەوپەڕی خۆشەویستی و پەرۆشی بەرامبەر یەكتری دەردەبڕن.»
Top