كچێك خۆی بە قوربانی دەستی دووبەرەكی دەزانێت

كچێك خۆی بە قوربانی دەستی دووبەرەكی دەزانێت
لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە كوردستانیشەوە، كە كۆمەڵگەیەكی زیاتر نەریتی و ئایینییە، فرەژنی، نەك حەرام و قەدەغە نەبووە، بگرە تا هەنووكەش رێژەیەكی بەرچاوی خێزانەكان گیرۆدەی كێشە و گرفتەكانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەن، كە منداڵەكانی زیاتر لە ئافرەتێك دەبنە بەرەبابێك. جگە لەوجۆرە فرەژنییە هاوكاتە، دووبەرەكی لە جۆری دیكەش هەیە، واتە دوای جیابوونەوە، دایك، یان باوك هاوسەرگیری دەكاتەوە، بەو جۆرە زڕدایك، زڕباب، زڕخوشك، زڕبرا، دروست دەبن. هەركام لەوانەش لە رەوتی ژیاندا كێشە و گرفتی خۆیان هەیە. كچێكی نەوجەوانیش كە باوكی ژنی دووەمی هێناوە، باسی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ گوڵان دەكات.




شەیما كچێكی تەمەن 19 ساڵان و قوتابی زانكۆی پزیشكییە و هەموو ئاواتەكانی ئەوەیە، بە سەركەوتوویی ئەو قۆناغەی ژیانی تێپەڕ بكات و ببێتە پزیشكی نموونە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و لە ژیانیدا تووشی گەلێك نەهامەتی بووەتەوە، كە بەمجۆرە باسی ئەو رۆژگارەی خۆی دەكات:
« هێشتا نەچووبوومە بەر خوێندن، جوان لە بیرمە هەموو رۆژێك بە ماچی دایك و باوكم لە خەو هەڵدەستام. بەردەوام لە باوەشی گەرمی دایك و باوكمدا هەستم بە خۆشەویستی و بەختەوەری دەكرد، باوكم دەیگوت: تاقانەكەم بە قەد هەر سێ كوڕەكەم خۆشەویستی، ئاخر من دوامنداڵی دایكم بووم. ژیانمان زۆر بە خۆشی دەگوزەراند، براكانم هەموو لە قوتابخانە بوون، هەر كامە لە رۆژانەی خۆیان شتیان بۆ دەكڕیم، براكانیشم هەمیشە مامەڵەیان لەگەڵ من باش بوو. باخچەی ساوایانم تەواو كرد، مانگێكی مابوو بچمە پۆلی یەكەمی سەرەتایی، باوكم جل و بەرگ و جانتا و پێڵاوی نوێی بۆ كڕیم، تەنانەت رەنگەكانیشی لە بیرم ماوە. زۆر دڵخۆش بووم بەوەی كە دەچمە قوتابخانە، دایكم مامۆستا بوو، زۆری بە باشی پەروەردە كردم. هەموو شتێك جوان بوو، بەڵام كەمتر باوكم دەهاتەوە بۆ ماڵ، هەر جارەو بیانوویەكی دەهێناوە، دەیگوت سەفەری دەرەوەم كردووە بۆ كاری بازرگانی، تا وای لێهات من چوومە قوتابخانە و باوكم هەر دیار نەبوو. چوار مانگ تێپەڕی، تەنیا بە تەلەفۆن هەواڵمانی دەپرسی. لە دووكانەكەی كە تایبەت بوو بە فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێل، برازایەكی خۆی دانابوو، ئەو ئامۆزایەم مانگانە پارەی بۆ ماڵەوە دەهێنا، دوای ماوەیەك بیستمان باوكم دووكانەكەی فرۆشتووە و خۆیشی دیار نییە، دایكم زۆر خەمی دەخوارد، دوای ماوەیەك بیستمان باوكم ژنە عەرەبێكی مارە كردووە و پێكەوە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژین. قۆناغی سەرەتاییم تەواو كرد و هەرگیز لەو ماوەیەدا باوكم نەبینی. هەستم دەكرد كچە هەتیوێكی بێ باوكم. رۆژ و شەو وێنەكانی باوكم دەهێنا و سەیرم دەكرد و دەگریام. شەوانە وێنەكەیم لە سەر دڵم دادەنا تا خەوم لێبكەوێت. دوای قۆناغی دواناوەندی، واتە دوای 12 ساڵ باوكم لە رێگەی فەیسبووكەوە خۆی ئاشكرا كرد، وێنەی كچ و كوڕەكەی دانابوو، ئینجا زانیم من خوشك و برایەكی دیكە و زڕدایكشم هەیە. باوكم بەردەوام داوای لێبوردنی لە دایكم دەكرد، دەیگوت چەند ساڵە لە زڕدایكم جیا بووەتەوە. منداڵەكانی هەر جارەو لای یەكێكیان بوون، بەڵام دڵی دایكم زۆر لە دڵی من خراپتر شكابوو. نازانم چۆن شێت نەبووم، تا ئێستاش كە بیر لە بێوەفایی و خەیانەتی باوكم و فیداكارییەكانیی دایكم دەكەمەوە، باری دەروونیم تێكدەچێت. باوكم چوار منداڵی لە كوردستان بێ باوك كرد، دوو منداڵیشی لە هەندەران بە جێ هێشت، هاتەوە، دوای 13 ساڵ هاتەوە بۆ ئەو ماڵەی كە هەموو هیواكانی منی تێدا كوشت. دوای 13 ساڵ دووری، كە من قوناغی یەكەمی پزیشكیم لە زانكۆ تەواو كردبوو. لەو ماوەیەدا ماڵی ئێمە چەند بێناز و بێباوك و خەمبار بووە، بە لامەوە گرینگ نییە، تەنیا سەرم لەوە سوڕ ماوە كە دایكم چۆن توانی ئەوەندە بەخشەندە بێت. نازانم چۆن توانی دوای 13 ساڵ دەرگای ماڵەوە بە رووی باوكمدا بكاتەوە؟
بڕوا بكەن هەست بە بەختەوەری ناكەم، ئێستا هەموو شەوێك بۆ ئەو كچە دەگریم كە بە بێ خواستی هەر دووكمان بووینەتە خوشك و ئەویش لە دیداری باوكی بێبەش كراوە. تەنیا من هەست بە ئازارەكانی ئەو كچە دەكەم. چونكە خۆم قوربانی ئەو ژیانەم كە باوكایەتی لە بیر پیاو دەباتەوە.
Top