شـیـلان لەلایەن پورزاكەی دەستدرێژی دەكرێتە سەر

شـیـلان لەلایەن پورزاكەی دەستدرێژی دەكرێتە سەر
شیلان بە خەمباری لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەی سووتان راكشا بوو، سەیری دەوروبەری خۆی دەكرد، بۆنكڕوزی جەستەی رۆژەڕێیەك دەڕۆیی، كە لێی نزیك بوومەوە داچڵەكا و وەك خەتاباریك بە شەرمەوە چاوەكانی لە چاوانم دزییەوە، دوای سڵاو كردن وردە وردە شیلانم لە پرسیاران ئاڵاند.
وەك خۆی باسی كرد، ئەو كچی گەورەی دایك و باوكێكی خوێندەوار و رۆشنبیر بوو، كە باپیرەی دەمرێ داپیرەی تەنیا دەمێنێتەوە، چونكە تەواوی كچ و كوڕەكانی لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیاندا بوون، ئیدی شیلان لای داپیرەی دەمێنێتەوە و لە تەمەنی شەش ساڵی دەخرێتە بەر خوێندن، كە تەمەنی دەبێت بە 16 ساڵ كوڕە پوورەكەی لە هەندەران دەگەڕێتەوە و لای داپیرەی میوان دەبێت.
شیلان لە پڕمەی گریانیدا و بەدەم گریانەوە دەیگوت من بۆ مردن باشم، دوای كەمێك پشوودان بەسەرهاتی خۆی بەمجۆرە بۆ گوڵان گێڕایەوە: «دوای چەند رۆژێكی كەم بەیانییەك داپیرەم لەگەڵ ژنانی دراوسێ دەچێتە پرسەیەك، هێشتاكە من لە خەودا بووم، ئەو رۆژە دەوامی قوتابخانەم ئێواران بوو، دوای تەواو كردنی كارەكانی ناوماڵ چوومە گەرماو بۆ جل شووشتن، لەم كاتەدا پورزاكەم بە ئاگا دێت و بۆ دەست و چاو شووشتن هاتە گەرماوەكە، كە جەستەی نیوە رووتی منی بینی پەلاماری دام و دەستدرێژی كردە سەرم»، ئیدی گریان و كڕوزانەوە قسەكانی پێ بڕی، وەك شیلان باسی لێوە كرد، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورەیە دەرهەق بە شیلانی خاڵۆزای، كوڕە بە پەشۆكاوی ماڵی داپیرەی جێدەهێڵێت و دوای چەند رۆژێكی كەم دەگەڕێتەوە هەندەران، دوای گەڕانەوەی داپیرەی بۆ ماڵ، شیلان لە راستی رووداوەكە ئاگاداری دەكاتەوە داپیرەشی داوای لێدەكات ئەو نهێنییە بپارێزێت، چونكە گەر باوكی بەم كارەساتە بزانێ نەك كوڕە بەڵكو دایكەكەشی دەكوژێت كە خوشكی خۆیەتی، داپیرەی لەلایەن خۆیەوە تەلەفۆنی بۆ كچە هەندەرانییەكەی كرد كە دەكاتە دایكی كوڕە، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەیەكی گونجاو بەر لەوەی دایك و باوكی شیلان بە مەسەلەكە بزانن، بەڵام كوڕە حاشای لە كردنی ئەو كارە كرد، دایكی كوڕە زۆر هەوڵیدا شیلان بخوازێت و كۆتایی بە كێشەكە بهێنرێت، بەڵام ئەو نكۆڵی لە كردنی ئەو تاوانە كرد، دایك و داپیرەی كە لەو هەوڵە نائومێد بوون، رێككەوتن بە نهێنی و بە پارەیەكی زۆر راپۆرتێكی پزیشكی ساختە دروست بكەن بۆ دەرباز بوون، دواتر بە باوكی شیلانیان راگەیاند كە شیلان لە سەربان بەربۆتەوە و وایلێهاتووە
ئەو كارەساتە لای شیلان بوو بە گرێیەكی گەورەی دەروونی، سەرەڕای ئەوەش لە خوێندن دانەبڕا و دڵشكاوانە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی تەواو كرد.
شیلان گوتی: «بە درێژایی ماوەی خوێندن لە پەیمانگە زۆر لە كوڕەكان خۆیان لێم نزیك دەكردەو، بەڵام هەموویانم رەتكردەوە، چونكە كچێكی ئاسایی نەبووم، رۆژ لە دوای رۆژ داواكاریم زیاتر دەبوو منیش بێ بیركرنەوە رەتم دەكردنە، ئامادە بووم هەموو تەمەنم بە كچێنی بەڕێ بكەم بەم مەرجەی كەس بەم نهێنییە قێزەوەنەم نەزانێ، هاوڕەگەزەكانم كە خوازبێنییان دەهات یان داوای پەیوەندییان لێدەكرا لەلایەن رەگەزی بەرامبەرەوە، ئەوان بیریان لە بچووكترین شت دەكردەوە لە ماڵ و خشڵ و سەروەت و سامان و بڕوانامە، منیش پێچەوانەی ئەوان دەبووا لەم كاتەدا باس باسی راپۆرتە لەعنەتییەكەم بێت، لەم دواییەدا كوڕێكی پۆلیس هاتە داوام، تەنیا بڕوانامەی سەرەتایی هەبوو، ئەو دایك و باوكی خۆی نەمابوو، داپیرەم پێیگوتم لە كەلی شەیتان وەرە خوارێ و لەم كوڕە باشترمان دەست ناكەوێ، دواجار دایكم رازی كردم، بەر لە هەموو شتێك باوكم هەواڵی راپۆرتە پزیشكییەكەی پێدان و گوتی بە منداڵی لەسەربان بەربووەتەوە، ئەوانیش رۆیشتن و گوتیان بیری لێدەكەینەوە و وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام هەر ئەو رۆیشتنە بوو نەگەڕانەوە، دواجار كوڕێكی ناسیاوی خۆمان هاتە داوام، من زۆر پاڕامەوە كە چیدیكە بریندارم نەكەن و لەوە زیاتر ئازاری دەروونم نەدەن، بەڵام ئەوان گوتیان ئەوە خزمی خۆمانە و خزم گۆشتیشت بخوا ئێسقانت ناشكێنێ، وەلێ دیسان ئازارەكان دووبارە بوونەوە و برینەكانیش كولانەوە، لە بەرامبەردا كوڕە قەرداریشی كردینەوە و گوتی مادام كچەكەتان بە كار شوكردن نایەت بۆ خەڵك ماندوو دەكەن، ئەو شەوە خەو نەچووە چاوم راپۆرت بوو بە دێوەزمە و مۆتەكە، كە رۆژ بووەوە چوومە ناو گەرماوەكە و ئاگرم لە جەستە بێ نرخەكەی خۆم بەردا، لە پێناو كۆتایی هێنان بەم رۆمانە درۆ ئامێزە و ئەو نهێنییە خەفە كراوەی دەروونم كە نەدەبوو بیدركێنم».
سەبارەت بەم گرفتە شیرین عەبدولحەمید وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژە بەوە دەكات «دەستدرێژی سێكسی تەنیا پەلامارێکی جەستەیی نییە، بەڵکو جۆرێكە لە تیرۆری كەسایەتی، ھێرشکردنە بۆ سەر حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ کە کەسی قوربانی لە مافی خۆی بێبەش دەبێت بەپێی سەرژمێریەکان نزیکەی 75%ی حاڵەتەکان بە هۆی کەسوکاری پلەیەک ودووی قوربانیەكەوە یان لە لایەن تاکێکی ناسراوەوە روودەدات».
ئەو توێژەرە لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی خستە روو «لە یاسای ١١١ مادەی ٣٩٨ی یاسای عێراقی هاتووە( ئەگەر دەستدرێژیکار بەشێوەیەکی یاسایی لە گەڵ قوربانییەکە بچێتە ناو پرۆسەی هاسەرگیرییەوە، هەموو سزایەک لەسەری هەڵدەگیرێت) بەداخەوە لەم یاسایەدا هیچ حیسابێک بۆ هەستی قوربانییەكە نەکراوە، بەڵکو حەسانەی داوە بە تاوانبارەکە، ئەم یاسایە نەک هەر نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە کەم بکاتەوە، بەڵکو زۆرجار وەکو پلان بۆ ملکەچکردنی ئەو کچانەی کە ناڕازی بوون بە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک، لە لایەن کەسەکەوە هەوڵدراوە بە پەلاماری دەستدرێژی، کچەکە ناچار بە هاوسەرگیری بکەن، وەك ئاشكرایە و هەستی پێدەكرێت و دەبیندرێت پەردەی كچێنی وەکو نیشانەیەک بۆ پاکی و پاکیزەیی ژن نیشاندەدرێت، ئەو پەردەیە بە شەرەفی بنەماڵەكەی وابەستە كراوە و لە هەندێك كۆمەڵگەدا مان و نەمانی پەردەی كچێنی شەڕی ژیان و مەرگی لەسەر دەكرێت، زۆرجار کچ بەهۆی دەستدرێژی یان ڕووداوێک پەردەی كچێنی لە دەستدەدات، خێزانەکان ئەوەندەی خەمی ئەم دوو دڵۆپە خوێنەیانە كە لە جەستەی هاتۆتە خوار ئەوەندە خەمی تەندروستی و ئێش و ئازاری دەروونی و جەستەیی کچەکەیان نییە».
Top